٢٨\٩\٢٠١٨
بۆچی پێویستە
بەشداریی نەکەین لەم گاڵتەجاڕییەی
کە ناویان ناوە
ھەڵبژاردن بۆ بە ناو پەرلەمانی کوردستان.

عامر سابیر
قسەی تەواوی بەشداربووانی ئەم گاڵتەجاڕییە، بریتییە لەخۆ بەراوردکردن
بەیەکتر و ھەڵدانەوەی تاوان و تاڵانی یەکتر، کە ھەر یەکەیان بە
وردودرشتەوە خاوەنی مێژوویەکی ڕەش و لیستێکی دووروودرێژی ھەیە لە
دڕندەیی و تاڵانچێتی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان.
قسەی ھیچ کام لە بەشدارانی ئەم گاڵتەجاڕییە، لەسەر ئەو مەسەلانە نییە
کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی
کوردستانەوە ھەیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ڕێژەی ڕاستەقینەی
بەشداران لە دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق کە لە ١٢/٠٥/٢٠١٨ بەرپاکرا،
تەنھا ١٩.٣٢٪ی دانیشتوان بەشداربوون.
ئێستاش لە کوردستاندا ئەم دز و بێدەربەست و ئینسانکوژانەی کوردایەتی و
ئیسلامی، کە لەسەر بورکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتی چینی کرێکار و خەڵکی
زەحمەتکێشی کوردستان وەستاون، دەنگی ناڕەزایەتی و ئاپۆرەی بایکۆت لە
ئاستێکی زۆر بەرزدایە.
بەداخەوە کە ھیشتا ھەندێ لە خەڵکی زەحمەتکێش و ھەندێ لە کرێکارانی
ساویلکە و بێ مووچە، باوەڕیان وایە کە پێویستە بەشداری ئەم گاڵتە
جاڕییە بکرێ بەومەرجەی کە دەنگ بە پارتی و یەکێتیی نەدرێ. بەڵام لە
ڕاستیدا بەشداریکردن بە ھەر شێوازێک و چوون بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان،
بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئێستادایە و ئامانجی سەرەکی
ئەوان بەدیئەھێنێ.
ئەو بۆچوونە زۆر نادروستە کە پێی وایە لە ڕێگەی گاڵتەجاڕی لەم جۆرەوە
دەسەڵاتی میلیشیای و ملھوڕانەی پارتی و یەکێتیی کەم ئەبێتەوە. ئەم
بۆچوونە بەرھەمی ناھوشیاری و خۆشخەیاڵی و ساویلکەیییە و ھیچی لێ سەوز
نابێت.
بۆیە پێویستە لە ڕۆژی یەکشەمە ٣٠\٩\٢٠١٨دا
بایکۆتی ئەم گاڵتەجاڕییە بکەین و بە ھیچ شێوەیەک بەشدار نەبین و وەک
ناڕازایەتییەکی بەرجەستەتر پێویستە ئەو ڕۆژە لە ماڵەوە بین و نەیەینە
دەرەوە.
پێویستە ئەم بایکۆتە بکەینە یەکێک لە ھەنگاوە سەرەتاکانی خەبات و
ھەوڵمان بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی ملھوڕ و چاوچنۆکی بۆرژوازی لە کوردستان.
٢٧\٩\٢٠١٨
ماڵپهڕی عامر سابیر
|