١٨\٩\٢٠١٣
بۆچی پێویستە
دەنگدانەکان بایکۆت بکەین؟
ھەژێن
دێمۆکراسی چ بەواتا کلاسیکەکەی و چ بەواتای ئازادی تاک لە سایەی
سەروەریی چینایەتیدا، تەنیا درۆیەکی پیرۆزکراوە و بەس، چونکە دێمۆکراسی
بەواتای خۆبەڕێوەبەرایەتی گەل، جەماوەر، ھەموو تاکەکانی کۆمەڵ، تەنیا
ڕاستەوخۆ دەتوانێت بوونی ھەبێت و ناڕاستەوخۆکردنی و ئاوەژووکردنەوەی بە
نوێنەرایەتی دەستەبژێرێکی ڕامیار و ئەکادێمی و سەرمایەدار، تەنیا
دیکتاتۆری کەمینەی سەروەر دەستەبەردەکات!
لەبەرئەوە ھەڵبژاردن بۆ دەنگدەر، جۆرە قومارێکە و تێیدا دەنگدەر ھەر
چوار ساڵ جارێک، مافی ڕاکێشانی کارتێکی ھەر دوو دیو وەکیەکی ھەیە، بۆ
ئەوەی ڕامیارێک [دەسەڵاتخوازێک] بکاتە سەروەری خۆی، بەختی بردنەوەی ئەو
قومارە لە بەختی بردنەوەی یاری بەخت (لۆتۆری) کە لە چەند ملیۆندا یەکە،
کەمتر و لاوازترە، بەڵام بۆ دەنگپێدراو میکانیزمی مسۆگەرکردنی
بەدەستھێنانی کورسی پارلەمان [دیواخانی مشەخۆران] و دەسەڵات و
مشەخۆرییە.
ئەوی خوازیاری دێمۆکراسییە، پێویستە ئەرک و خەباتی وەرگێڕانەوەی
دێمۆکراسی لنگەوقوچکراو بۆ سەر لاقەکانی لە ئەستۆبگرێت و ھەوڵی
پیادەکردن و بە کولتوورکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ لە شوێنی کار و ژیان،
لە ھەموو بوارەکانی ڕێکخستن و بەرێوەبردن و بەرھەمھێنان و دابەشکردن و
بڕیارداندا بدات، بەواتایەکی دیکە خەبات بۆ بەدیھێنان و جێکەوتەبوونی
دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ (بەڕێوەبەرایەتی گەلیی) وەک کولتوورێک، بکات.
ئەگەر خۆمان لە گێڵی بدەین و نادەربەستانە بڕوا بەخۆمان بھێنین، کە
ھەڵبژێردراوانی پارلەمانتار خزمەتکاری کۆمەڵگەن و بۆ ئەو مەبەستە خۆیان
کاندیدکردووە و دەکەن، ئەوا پێویستە ئەوە لەبەرچاوبگرین، کە خزمەتکردن
کار و چالاکییەکی کۆمەڵایەتیی بێپاداشت [بێبەرامبەر]ە و واتای کاری
خۆبەخشانەی تاک بۆ ھاوەڵ و ھاوکاران و کۆمەڵگە دەگەیێنێت و لەو بارەدا
دەبێت پارلەمانتاران وەک خۆکاندیدکەران بۆ خزمەتی کۆمەڵگە بەبێ مووچە
وەک کاری خۆبەخش و خۆکۆمەکی، دەستبەکارببن. ئەگەر وەک ھەر کارێکی
ئاسایی کۆمەڵایەتیش بۆی دەستبەکاردەبن، ئەوا ھیچ کات نابێت پاداشتی
وەھا کارێک لە کارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە زیاتر بێت . بەڵام ئایا ھیچ
پارتێک، ھیچ کاندیدێک، ھیچ ڕامکارێک، ھیچ دەسەڵاتدارێک، ئامادەیە
خۆبەخشانە و بەبێ پاداشت و مووچەی پاشایانە و خانەنشینی، مشە کار بۆ
کۆمەڵگە بکات، یا ئایا ھیچ یەک لەوانەی کە پاگەندەی خزمەتکردنی کۆمەڵگە
دەکەن، ئامادەن [بە مووچەشەوە] یەک خولەک [نەک چوار ساڵ] کرێکاری
شارەوانی بن و کۆڵان و شەقام و باخچە و ئاوەڕۆکانی گوند و شار
خاوێنبکەنەوە، ئایا ئامادەن لە فێرگە و نەخۆشخانە و نشینگەی پیرساڵان و
باخچەی ساوایان و کەمئەندامان و لێقەوماواندا خاوێنکردنەوە و سەرپەرشتی
و ئاشپەزیی بکەن ؟ ئیدی مەبەستییان لە خزمەتکردن چییە و بۆچی دەبێت
چەنەبازیی و باوێشکدانی ئەوان لە پارلەماندا دوو ملیۆن دینار مووچە و
خانەنشینیی ھەتاھەتایی بێت؟
ھەڵبەتە ئەمە دیوێکی پرسەکەیە و ئەوانەی کە ئەمڕۆکە بە ھەندێ وردەگیریی
دەسەڵاتخوازانەوە بایکۆتی خۆھەڵبژاردن و دەنگدان دەکەن و ئەگەر
بوارییان ھەبووایە و سنگەکوتانیان بۆ دەکرد، ھیچ کات پورتوبۆڵەیان لە
ناپاکیی ھەڵبژاردنەکان، نایانخاتە ڕیزی ناڕازییانی شۆڕشگێڕەوە، ئەوان
ڕەخنەیان لە دەسەڵاتی سەرووخەڵکی نییە، بەڵکو خۆیان بە شیاوترین
دیکتاتۆر بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگە دەبینن. لەبەرئەوە پێویستە ڕیز و
شێوازی بایکۆتی خۆمان لە بۆڵەبۆڵی دەسەڵاتخوازانەی ئەوان جیابکەینەوە!
ھەرچەندە لە سایەی سەروەریی ھەندێک بەسەر ھەندێکی دیکەدا، ماف و ئازادی
و سەربەخۆیی و یەکسانی و دادپەروەریی پووچترین و کەوڵکراوترین و
دێوجامەترین واژەن، بەڵام ئەگەر لەوە بگوزەرێین و بە گریمانە وەریبگرین،
کە دەنگدان و ھەڵبژاردنی مشەخۆران و سەروەران مافی تاک بێت، ئەوا بە
ھەمان لۆجیک پێویستە بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنیش، مافی ڕەوا و
بێچەندوچوونی تاک ھەر کۆمەڵگەیەک بێت!
ھەر بەپێی ئازادی ڕواڵەتییانەی دەنگدان و ھەڵبژاردن و ئەوەی کە بەپێی
ھەژماری دانیشتووان، سندووقەکانی دەنگدان دیاریدەکرێن و ھەژماری
نوێنەران [پارلەمانتاران] دیاریدەکرێت، ئەوا ھەروا کە دەنگدەران مافی
ئەوەیان ھەیە، کۆمەڵێک دەسەڵاتخواز و مشەخۆر بخەنە سەر کورسییەکانی
پارلەمان، ھەرواش دەنگنەدەران مافی ئەوەیان ھەیە، ئەو کورسییانەی، کە
بە ھەژماری دەنگی ئەوانەوە پەیوەستن و دەنگیان پێنەدراوە، بە خاڵی
بھێڵنەوە و بۆشایی لە دەسەڵاتی سەرووخەڵکیدا دروستبکەن ! ئایا
دێمۆکراسی پارلەمانی لە لانکەیەوە تا دوا وڵاتی پارلەمانیکراو، بواری
پەیڕەوکردنی مافی دەنگنەدەران دەدات؟ ئەگەر وەڵامی لایەنگرانی
دێمۆکراسی پارلەمانی ئەوەیە، کە ھەر کەس بەشدارینەکات و ئەو ھەلە
لەدەستبدات و مافی بڕیاردانی نییە، ئەوا ئەو وەڵامە ئەوە دەسەلمێنێت،
کە دێمۆکراسی پارلەمانی لە باشترین باردا پووچترین خەونی مرۆڤی
ناھوشیارە و لە خراپترین باریشدا ئامرازی بەدەسەڵاتگەییشتنی کۆمەڵێک [دەستەبژێری
ڕامیار] مشەخۆر و دەسەڵاتخوازە و مافی دەنگدان، ھەمان ڕۆڵی ئێسقانێکی
ڕوتاوەی ھەیە، کە قەسابێک فڕێیدەدداتە بەردەم سەگێک بۆ پاسەوانیکردنی
خۆی!
تا ئێرە، نە سیستەمی سەروەریی و مشەخۆریی دەستەبژێری ڕامیار دەتوانێت
دێمۆکراسی [فەرمانڕەوایەتی گەل] بێت و نە دەنگدان؛ ماف و ئازادییە و نە
پارلەمانتاران؛ خزمەتکاری کۆمەڵگەن و نە ھەموو تاکەکان؛ دەنگنەدەران لە
بەرامبەر دەنگدەران یەکسانن و نە دەنگدەران؛ کار و فەرمانڕەوایەتی پاش
ھەڵبژاردن دیاریدەکەن!
سەرەنجام نە دێمۆکراسی پارلەمانی ئەوەیە، کە تاکی ژێردەست و بێبەش
خەونی پێوەدەبینێت و نە مافی دەنگدانیش دەستکەوتی مێژوویی چەوساوانە و
نە دروشمی مافی دەنگدان بۆ ھەمووان لە ھیچ سەردەمێکدا شۆڕشگێڕانە بووە
! چونکە لە کاتێکدا کە دەنگدانی گشتی لێدانبووە لە شان و شکۆی ئاخاکان
و بەگەکان و خانزادەکان، ھاوکاتیش ئامرازێک بووە بۆ سەرکەوتنی بۆرجوا
شارییەکان بەرەو دەسەڵات و بەرتەییی [ﺇمتیاز] بووە بۆ دەستەبژێرە
ڕامیارەکان و لەو نێوەشدا ڕۆڵی تاکی جوتیار و کرێکار و زەحمەتکێش؛ ڕۆڵی
مێگەل بووە بۆ ڕەوایەتییدان بە شوانەیی ڕامیارەکان و ھیچی دیکە !
بەداخەوە لەنێو بزاڤی سۆشیالیستییدا، وردەبۆرجوازی خۆشباوەڕ بە
دێمۆکراسی پارلەمانی، لە پاش تێکشکانی ڕاپەڕینی پاریس [کۆمونە] و
لەباربردنی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ەوە، توانیوویەتی ھەژموونی
ئایدیۆلۆجی خۆی لەسەر وێرانەی تێکشکانی بەرەی شۆڕش دابنێت و پووچگەرایی
"مافی دەنگدانی گشتی" لە سایەی دێمۆکراسی پارلەمانیدا، بە دەستکەوتی
مێژوویی ھەژماربکات! بەبۆچوونی من، کاتی ئەوە ھاتووە، کە ئەو
پووچگەراییە بخرێتە خانەی تەرسەقولی ڕامیارییەوە و ڕادیکاڵانە وەڵامی
پاگەندەکەرانی بدرێتەوە.
ئەی چارە، ئایا بایکۆت بە تەنیا دەتوانێت چارەسەربێت ؟ ئایا ھەموو
بایکۆتکردنەکان ھاوئامانج و ھاوڕەوت و ھاوئاراستەن؟
وەک دەزانین، لە سیستەمی ھەڵبژاردنی نوێنەرایەتییدا، ئەوەی کە بە "دێمۆکراسی"
ناسێنراوە، سەرەتا دەنگدان و ھەڵبژرادنیش وەک خۆھەڵبژرادن، پابەندی
بوونی پێگەی باڵای ئابووریی و کۆمەڵایەتی و بڕێکی دیاریکراو سامان و
سەرمایە بووە، ھەروەک چۆن ئەمڕۆکە خۆھەڵبژاردن بۆ ھەمووان لەبار و
بواردراو نییە، ھەرواش جاران، دەنگدان و ھەڵبژاردن، تەنیا مافی
کەمایەتی خۆشگوزەران و ساماندار و سەرمایەداربووە.
ھەروا کە دەنگدان و دیاریکردنی سەروەرێک بەھۆی نەبوونی ھوشیاریی
شۆڕشگێڕانەوە لەلایەن بندەستانی کۆمەڵگەوە وەک مافێک وێناکراوە و
چەندین دەھە و تەنانەت سەدەش تێکۆشانی بۆ کراوە و سەرەنجامیش ئەو
گاڵتەجاڕییەی بەرھەمھێناوە، کە ئەمڕۆکە کۆیلانی سەرمایەداری بۆ
بەدەسەڵاتگەیاندنی سەروەرانیان سنگی یەکدی ھەڵدەدڕن، ھەرواش بایکۆتی
ناھوشیارانە ناتوانێت ھەنگاوێک بەرەو پێشەوەمان بەرێت، چونکە بە
یاساکانی سەروەریی ڕامیاران و سەرمایەداران، کورسییە دەنگپێنەدراوەکانی
پارلەمان، بەسەر براوەکانی گاڵتەجاریی نوێنەرایەتییدا دابەشدەکرێن.
لەبەرئەوە تەنیا بایکۆتکردنی ئازادیخوازانە تەنیا بە ئەڵتەرناتیڤەوە
دەتوانێت گۆڕان دروستبکات و پایەکانی سیستەمی سەرکوت و نایەکسانی و
نادادوەریی مۆلەقبکات!
لەبەر ڕۆشنایی ئەو وانە مێژووییانەدا، کە بەرەنجامی خەبات و پێکدادانی
چەند سەدەی ژێردەستان و سەروەران بوون ، ئەوڕۆکە بایکۆتکردنیش جۆر و
ئامانجی جیاوازی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکانی لەخۆگرتووە؛ بۆ
نموونە چەپ بە گلەییکردن لە مەرجەکانی خۆکاندیدکردن، بۆ قۆستنەوەی
دەنگی ناڕەزایەتی تاکە دەنگنەدەرەکان، دروشمی بایکۆتکردن بەرزدەکاتەوە،
زۆرێک لە ناڕازییانی نائومێد وەک نادەربەستییەک بایکۆتی دەنگدان دەکەن،
لە بەرامبەر دوو دەستەی یەکەم و دووەمدا، دەستەیەک لە ناڕازییانی
ھوشیار و ئازادیخواز، ئامانجدارانە و بە ئەڵتەرناتیڤەوە بایکۆتی
دەنگدان دەکەن؛ دەنگدان ڕەتدەکەنەوە، لەبەرئەوەی کە ھیچ ناگۆرێت، نەک
لەبەرئەوەی کە خۆیان کاندیدناکەن یا بواری بەشداری کایەی پارلەمانیان
پێنادرێت، کە ئەوڕۆکە چەپ بە ھەموو جۆر و ناو و پاگەندەکانییەوە، گلەیی
لە جۆری کاندیدکردن و جۆری ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و جۆری بەشداریکردنی
دەسەڵات ھەیە، نەک لە خودی گاڵتەجاڕییەکە، کە ھەڵبژاردنی خراپە لە
خراپتر!
ئەوەی ئەوڕۆکە لە ھەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، ھەرسێ دەستەکەی لە
ھەناوی خۆیدا پەروەراندووە و ھەر یەکە لە ڕوانگەی خۆیەوە خەریکە
ھەڵوێستگیریی دەکات؛ ناسیونالیستانی ناڕازی، تەنیا گرفتیان لە بەرامبەر
دەسەڵاتداران و ھەڵبژرادنەکاندا ئەوەیە، کە گەندەڵن و بواری ئەوان لە
سەروەربووندا نەدراوە و پارتە زلھێزەکان، دەسەڵات و پارلەمانیان
قۆرخکردووە و ئەڵتەرناتیڤیان نوێنەرایەتی نیئۆلیبرالیزمە لە ھەرێمی
کوردستاندا، کە لە باشترین باردا دەیانەوێت دێمۆکراسی پارلەمانی لە
ھەرێمی کوردستاندا بگەیێنە ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا.
لەبەرامبەر ئەوانیشدا چەپ و باڵەکانی لەسەر بنەمای ھەمان وردەگیریی
ناسیونالیستەکان لە گەندەڵیی و قۆرخکردنی دەسەڵات و پارتە زلھێزەکان،
لەو بڕوایەدان لە ھەڵبژرادنی [خۆیان واتەنی "عادیلانە"]دا ئەوان
باشترین ئەڵتەرناتیڤ دەبن بۆ سەروەران و لە سایەی سەروەریی ئەواندا
کۆیلەکانی کۆمەڵگە شاد و خۆشگوزەران دەبن و تەنیا دروشمێک کە چەپ لە
دروشم و گلەیی ناسیونالیستەکان جیادەکاتەوە، دروشمی تەرسەقوڵاوی "جیایی
ئایین لە دەوڵەت"ە [کاتێکی دیکە بە وردی دەگەڕێمەوە سەر ئەو
پووچگەراییە ئایدیۆلۆجییە]، کە بێجگە لە کاوێژککردنەوەی ئایدیۆلۆجیی و
دروسکردنی خۆشباوەڕیی لەتوانادابوونی (جیایی دەوڵەت لە ئایین) و
نیشاندانی فریوکارانەی، ئەوەی کە گوایە ئەو دوو دوومەڵەی مێژووی
مرۆڤایەتی [ئایین و دەوڵەت] لەتەک یەکدیدا ناکۆکن، ھیچی دیکەیان
نەخستووەتە سەر پاگەندەی ناسیونالیستەکان و ھیچ جیاوازییەکان لەمەڕ
چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و بنەمای ئابووریی و پەیوەندییەکانی
بەرھەمھێنان و دابەشکردن و بەرێوەبردن و ژیان و تەنانەت ئازادی تاکیش
نییە!
بەبۆچوونی من، بایکۆتی ئازادیخوازانە لە ڕوانگەی ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی
سەرووخەڵکییەوە، ناتوانێت ھەڵمەتێکی چەند ڕۆژەیی پێش دەنگدانەکان بێت و
بەبێ ڕەتکردنەوەی سیستەمە چینایەتییەکە وەک گشتێک و میکانیزمەکانی و
پایە سەرخانییەکانی کە پیرۆزیی ئایین و دوڵەت و دێمۆکراسی پارلەمانی و
پایە ئابوورییەکانی؛ خاوەندارێتی تایبەت و کاریکرێگرتە، بایکۆتکردن
ناتوانێت ھەنگاوێک کۆمەڵگە بەرەوپێشەوە بەرێت و خۆھوشیاریی تاک بۆ
بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، لە ڕەوتی خەباتی شۆڕشگێڕانەی
ڕێکخراو و سەربەخۆدا سەرھەڵدەدات. ھەروەھا کار و خەبات و چالاکی
سۆشیالیستە ئازادیخوازەکان بۆ بایکۆتکردن و ڕەتکردنەوەی دێمۆکراسی
پارلەمانی لە یەکەم ڕۆژی پاش بردنەوە و سەروەربوونی کۆمەڵێکی دیکە لە
مشەخۆرانی ڕامیار تا دەگاتە ڕۆژی پێش خولی داھاتووی ھەڵبژاردن،
دەستپێدەکات و ڕەتکردنە و بایکۆتکردنی ملدان بە سەروەریی چینایەتیی،
تەنیا دەربڕین و ناڕەزایەتی زارەکی و دەنگنەدان نییە، بەڵکو یاخیبوونە
لە سەراپای کۆیلەبوونمان؛ ھەر لە جۆری خواردن و پۆشاک و نیشتەجێبوون و
کارکردن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و گوفتار و ڕەفتار و کولتوورمان تا
دەگاتە بەرھەمھێنان و دابەشکردن و بەڕێوەبردن، دەگرێتەوە و بەبێ
ھەنگاونانی کردەیی لە ھەموو بوارە ھونەریی و کولتووریی و ئابووریی و
کۆمەڵایەتییەکان و پێشنیارکردن و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤی سەربەخۆ و
ئازادیخوازانە لەو بوارانەدا، پاگەندەی بایکۆتکردن دەچێتە خانەی
فرەبڵێیی بێکردەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەنەبازیی ڕامیاران بۆ
خۆناساندن وەک سەروەری باش!
لەبەرئەوە، پێویستە سۆشیالیستە ئازادیخوازەکان بە پێشنیارکردن و
جێخستنی دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ، [کە ھەر لە کۆنەوە ئەڵتەرناتیڤی چەوساوان
بووە لە بەرامبەر دێمۆکراسی داراکان (دێمۆکراسی پارلەمانی)دا] ھەر ڕۆژە
و لە نێوەندی ژیان و کار و خەباتی ڕۆژانەدا لە کۆڕ و کۆمەڵە
کۆمەڵایەتییەکانیاندا لە گوند و گەڕەک و کارخانە و فێرگە و فەرمانگە و
شارەکاندا، ھەنگاو بە ھەنگاو پیادەبکەن، بەوەی بۆ چارەسەری پرسە
کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانیان لە شوێنی کار و ژیانیاندا کۆبوونەوەی
گشتی ڕێکبخەن و ڕێکخراوەی سەربەخۆ پێکبھێنن و دەست بۆ پرۆژەی ھەرەوەزیی
کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەرن و گروپ و ڕێکخراوە خۆجێی و جەماوەرییە
سەربەخۆکانی خۆیان دوور لە ھەژموون و پیلانی پارت و فەرمانڕەوایان
پێکبھێنن و کەرتە کشتوکاڵیی و پیشەسازییەکان، زەوی بە زەوی و کارگە بە
کارگە لە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بستێننەوە و بەکردەوە و لە
کەتواری ژیانی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتییدا پێویستنەبوون و زیانبخشبوونی
دەسەڵات و فەرمانڕەوایی سەرووخەڵکی و دێمۆکراسی پارلەمانی و گاڵتەجاڕیی
ھەڵبژاردنی سەروەر و مشەخۆری باش، بخەنەڕوو و بیسەلمێنن!
بەکورتی بایکۆتکردن بە مەبەستی پاگەندەی ڕامیاریی و قۆستنەوەی
ھەلپەرستانەی ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر پارتەکان و دەسەڵاتداران
نییە، بەڵکو بریتییە لە کاری بەردەوام و ڕاستەخۆ لەسەر ڕای گشتی بە
ئامانجی گێڕانەوەی متمانەی تاک بە ھێز و توانای خۆی و کارایی یەکگرتنی
ئەو ھێز و توانایە. بایکۆتکردن تەنیا کاری چەند ڕۆژێک نییە، بەڵکو
کولتوورییکردنەوەی متمانەی کۆمەڵایەتی تاکە بەخۆی و یەکێتی چینایەتی و
ھێزی ئازادیخوازانەی خۆی و ھاودەردەکانی، پرۆسێسێکی درێژخایەنی چەند
ساڵەیە، کە لە دوای ھەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات و لە ھەڵمەتی
ھەڵبژاردنەکاندا بە ھەڵمەتێکی دژەتەوژم، سەنگەربەندیی کۆمەڵایەتی
ژێردەستان بەڕووی دەسەڵاتی ڕامیاریی و ھەوڵی دەسەڵاتخوازانەی
ڕامیارەکاراندا ھەڵدەخرێنێت و یەکدەخات. لەبەرئەوە بۆ بەئامانجگەییشتنی
وەھا کار و چالاکییەک، پێویستە لە خۆمانەوە، لە نێوەندی پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانمانەوە، لە شوێنی کار و خوێندن و ژیانمانەوە، لە خەبات
و ناڕەزایەتی ھەر ڕۆژەمانەوە، لە دەرکەوتنی ھەر ساتەی ڕووی ڕاستەقینەی
درۆی پارلەمانتارەکانەوە، لە پیادەرکردنی ھەر ڕۆژەی یاسا دژە
جەماوەرییەکانەوە، ھەنگاوی ئامانجدارانە بۆ ھەڵخرانی ھێزی دژەتەوژم بۆ
نۆرەی داھاتووی ھەڵبژاردنەکان بنێین و ھەر ساتە و لە ھەموو بوارێکی
کۆمەڵایەتییدا، دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ (خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی
/ ڕێکخستنی کاروبارەکانی ژیانمان بەخۆمان و
لەنێو خۆمان و لەلایەن خۆمانەوە) پیادەبکەین و بیکەینە بەردی بناخەی
کولتووری ھەرەوەزیی کۆمەڵایەتیی، بەمەبەستی بەرەنگاریی و ڕێگرییکردن لە
تەشەنەی ڕامیاری [وەک نەخۆشییەکی ھاوچەرخی کۆمەڵایەتی] لە پەیوەندی و
ژیانی کۆمەڵایەتییدا، بیکەینە بناخەی ڕێکخستنی ھەموو پەیوەندییە
تاکەکەسیی و کۆمەڵییەکانمان، بەواتایەکی دیکە کۆمەڵایەتییکردنەوەی
ھەموو ئەو پرسانەی، کە لەلایەن پارتەکان و دەسەڵاتدارانەوە بە
پلانڕێژیی نێوەندە جیھانییەکانی نیئۆلیبرالیزمەوە، ڕامیاریی کراون و
دەکرێن و دەخرێنە دەستی کەمینەیەکی سەرووخەڵکییەوە.
١١\٩\٢٠١٣
ماڵپهڕی ههژێن
|