٣\١٠\٢٠٢٠
بۆچی زەوی بە
پێشمەرگەی دێرین نادەن؟

ئهحمهد رهجهب
بمرێ گەندەڵی.
کاتێک بووین بە پێشمەرگە تەمەنی لاویی و ژن و منداڵ و ھەموو خۆشییەکانی
ژیانمان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی سەر بڵند بین و سەر بۆ حزبی بەعسی عەرەبی
دوژمن شۆرنەکەین و قەت رۆژێک لە رۆژان بیرمان لەوە نەکردبوو لە پاش
روخانی رژێمی عێراقی خوێنمژ ببینە مۆتەکە بە سەر خەڵکەوە چونکە
تیکۆشانەکەمان لە پێناو ئازادی و سەربەستی و خۆشی ئەوان بوو.
لە ٥/١٠/٢٠٠٧ دا لە وتاریکدا بەناونیشانی تەلاقم کەوتبێ ئەحمەد رەجەب
زەوی وەرگرتووە بۆیە بێدەنگە : رۆژانە ناوی پێشمەرگە دەبیسترێت و،
زۆربەی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و ئەو کەسانەی لە پێناو ئاواتە
پیرۆزەکانی گەلدا تێکۆشاون باسی پێشمەرگە و رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی
ئەکەن و بە چاوی رێزو شانازییەوە دەرواننە ئەو مێژووە پر سەروەرییە
ئەمە لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە ھەندێ لە بەرپرسانی خاوەن دەسەلاتی
کوردستان پێشمەرگەیان کردووەتە وێردی سەر زبانیان و، لە بەشەکانی
راگەیاندن ئەوە وادەرئەخەن کە (ھەموو) داخوازییەکانی پێشمەرگەیان دابین
کردووەو، ھیچی تر نەماوە بۆیان بکەن و ھەموو کارێکی خراپ ئەنجام ئەدەن
بۆ چەواشەکردنی جەماوەری گەل و بۆ داپۆشینی تاوان و گەندەڵییەکانیان.
خەڵک سوێند بە تەلاق بخۆن یان نەخۆن من تا ئێستا (یەک بست زەوی) یم
وەرنەگرتووەو، ھیچ کاتێکیش بێدەنگ نەبووم و، لە زۆر بواردا باسم
لێکردووەو، ھەمیشە وتوومە ناسیاوەکانم (ھەقیان) ە باوەرم پێناکەن و،
روو بە روو پێم ئەڵێن : ئەگەر بە (تۆ) زەوی نەدرابێت ئەی بە کێی دراوەو
یان بە کێی ئەدەن؟ ولامدانەوەی ئەو بەرێزانە ئاسان نییەو، بگرە زۆر
سەختەو، ئەبێت بڵێم : راستە زەوی بە بەشێک پێشمەرگە دراوەو، ئەوەش مافی
خۆیانە بەڵام پێشمەرگەیەکی زۆر بێبەشکراون.
ئەوانەی ئەمرۆ خۆیان کردووە بە خاوەنی کوردستان دیکتاتۆر ئاسا رەفتار
ئەکەن و خۆیان زاڵ کردووە بوونەتە مۆتەکە بە سەر دڵ و جەستەی گەڵ و
بنەماڵەکان لە سلێمانی ھەموو گردەکانیان داگیرکردووەو لە ھەولێریش
شاخەکان و بەوەش نەوەستاون کام زەوی باشە قۆرخیان کردووەو، بە چەپ و
راست زەوی بە سەر کورو براو ئامۆزاو خزم و دەستوپەیوەندو
زورناژەنەکانیان دابەش ئەکەن و بەفیزو لوتبەرزی خۆیان بە پێشمەرگە
ناوزەد ئەکەن و لە بیریان چووەتەوە ھەزاران پێشمەرگە ھەیە لەوان
زیاتریان بۆ ئازادی و بەختەوەری خەڵک کردووە.
من لێرەدا ناچارم بە راشکاوەیی ئاماژە بەو کەسانە بدەم کە لە ریزی حزبی
بەعسی عەرەبی خۆێنمژ کاریان کردووە وەک سیخور، راپۆرت نووس، جاش و
موستەشارو کارمەندی پایە بەرزی دامودەزگاکانی رژێمی دیکتاتۆری گۆر بە
گۆرو کە لە ئەمرۆشدا ھەر ئەوان لە ریزی پێشەوەن و، بوونەتە خاوەن ماف
لە زەوی وەرگرتن.
نازانم تاکەی بێدەنگ بین ، تاکەی مافمان زەوت بکرێت، تاکەی مافمان
بدرێت بە کەسانی تر، تاکەی بەرپرسانی کوردستان خۆیان بە پێشمەرگە بزانن
و مافی پێشمەرگە پێشێل بکەن و، بۆ خۆیان و کەسوکارو خزم و
دەستوپەیوەندەکانیان ھەموو شتێک دابین بکەن و، وەک بڵێت کوردستان
تەنھاو تەنھا ولاتی ئەوانەو، دەبێت ھەموو (خەیرو بەرکەتی) ھەر بۆ ئەوان
بێت، تا کەی رووی دێزی گەندەڵی ریسوا نەکەین، تاکەی رێزی جاش ئەگرن و،
پێشمەرگە فەرامۆش ئەکەن؟ تاکەی رێز لە راپۆرت نووسەکانی رژێمی بەعسی
فاشی و پێشمەرگە بکوژەکان ئەگرن؟
پێویستە بپرسین : چۆن چۆنی بەرپرسەکانی کوردستان دەوڵەمەند بوون؟،
ئەوانیش وەک ئێمە پێشمەرگە بوون؟! چۆن چۆنی خانووی سێ و چوار قات و
ئەپارتمانی بەرزو باڵەخانەی بڵند دروست ئەکەن؟ وادیارە بەشەو دولار
ئەنێژن وبەیانی لە شەفەقدا بەروبوومەکەی کۆ ئەکەنەوە ، ئەگەر وا نەبێت
چۆن بەرپرسێک خانووی مۆدیرن بایی نیو ملیۆن دۆلار بگرە زیاتر دروست
ئەکات ، تاکەی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان پارەی کوردستان ئەدزن و
گیرفانەکانیان پر ئەکەن و، تاکەی ناتوانن موچەی شەھیدان و فەرمانبەرو
مامۆستایان و پێشمەرگەو زیندانی سیاسی دابین بکەن؟
جێی داخەو لە سایەی بەرپرسانی کوردستان پێشمەرگەی دێرین کراوە بە دوو
بەش، بەشێکیان بێبەشن و، ئەو بەشەکەی تریان شانسی ھەیەو لە جیاتی یەک
پارچە زەوی، دوو پارچە زەوی وەرئەگرێت، پارچەیەکیان لە ھەولێری پایتەخت
و ئەوی تریان لە سلیمانی و، مەبەست لەم بازرگانییە دیارە بۆ دەستەمۆ
کردننیانە و، لە رێی ئەوانەوە دزی و فزی وگەندەلییەکانی ئەپاریزن و
پەردەپۆشیان ئەکەن و ئەیشارنەوە و، بەو کارە پر لە شەرمەزاریانە خەڵک
فێری گەندەڵی و دزی و پاراستنی بتەکان ئەکەن و، بە ھۆی دزی و گیرفان
پرکردن ھیچ بەرپرسێک سکالاو داوای خەڵک و پێشمەرگە ناخۆینیتەوە.
لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین : ئەری بتەکانی دەسەڵات تا دوێنی ھیچتان
نەبوو لە ئێستادا کوردستانتان دابەشکردووەو بوونە بە خاوەنی و، ئایا
بیر لەوانە ناکەنەوە کە پێشمەرگە بوون وخوێنیان بەخشیوەو ئەگەر لە ئێوە
زیاتریان نەکردبی بێشک لە ئیوە کەمتریان نەکردووەو، بۆ زانینتان ھەموو
ھاوڵاتییەک مافی پارچە زەوییەکی ھەیە.
ساڵانە بە ھۆی تەمەن و رووداوی ترو مردن ژمارەی پێشمەرگەی دێرین کەم
ئەکات و ، وا دیارە حکومەت زۆر زیرەکەو بە تەمایە کەس نەمێنێت ئەو کات
زەوی بە سەریاندا دابەش ئەکات!؟
٢\١٠\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|