په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٤

بۆچوونێکی سەرەتایی لەسەر پرۆژەیەکی نوێ
بزووتنەوەی مافە مرۆییە جیهانییەکان.


جەمال کۆشش      


ئەم نووسینە هەوڵدەدات، سیما بە دیاردەیەکی نەخەمڵاو بدات، کە لەلایەن چەند هەڵسوڕاوێکەوە، گفتوگۆی دەربارە دەکرێت. پێشتریش ئەم پرۆژەیە بۆ چەند کەسایەتی جۆراوجۆر لە بوارەکانی کۆمەڵگادا، وەک پرۆژەیەک نێردراوە.


لە پێشدا هەوڵدەدەم کورتەی مەبەست لە پرۆژەکە بۆ خوێنەران ڕوون بکەمەوە، دواتر بەکورتی هەندێک لە بۆچوونی هەڵسوراوان وە هەر لەو نێوبەندەدا، بۆ چوونی هەندێک لەو کەسانەی کە پرۆژەکەمان بۆ ناردوون دەخەمە ڕوو، لە ئاکامیشدا، هیوای دروستبوونی جەدەلێکی بونیادی لەگەڵ هاوڕێیانێک دەخوازم کە بیانەوێت ئەم پرۆژەیە بە ئاکامێکی دیارکراو بگات.


کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمڕۆ، هەلومەرجێکی ئایدیالی بۆ پەیدابوونی هاوڵاتی سەرزەمینی پێکهێناوە، ئەو پێشکەوتنە ئابووری و سیاسی و کلتوورییانەی کە لەماوەی ٢٠ سالی ڕابردوودا بەدەستهاتوون،بە تایبەت ڕێنسانسی بواری تەکنەلۆژیاو کۆمنیوکاسیۆن وپەیوەندیگرتن، دەرفەتێکی نایابی خوڵقاندووە بۆ پەیدابوونی نەوەیەکی نوێی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە ئاسۆ و چاوەڕوانییەکانی لە چوارچیوەی ئێستای سیستەمی ئابووری و سیاسی و مۆراڵ و نۆرمە نەریتییەکان و تابۆ کۆمەڵایەتیەکان ومافەکاندا نایەتەوە. هەوڵە تاکی و یاخیبوونە کۆمەڵایەتیەکان وشۆڕشەکانی دونیای عەرەب مانایەکی زیندوو بەکرۆکی ئەم لێکدانەوانە دەبەخشن.


لە ئاسۆی خەڵکیدا، دامەزراوە باوەکانی بواری مافی مرۆڤ، بەرەو کشانەوە وخۆپارێزی وبەتاڵبوونەوە دەڕۆن. بە شێوەیەکی گشتی دیدگایەکی میانگیری و ڕاهاتوو، زاڵە بەسەر پراتیک و سیاسەت وکارو کەمپینەکانیاندا. وە ئاسۆی لیبرالێزمی نوێ بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دەسازێنن . نەک وەک داکۆیکاری حەشیمەتێکی مافخوراو دەرکەون. سەرەڕای نزیک بە تەمەنی زیاتر لە ٦ دەیە ، هێشتا نەک کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە مافە جهیانییە سەرەتاییەکانی ژیانی تەندروست، خوێندنی خۆڕایی، ئازادی دەربڕین،...دابین نەکراوە، بەڵکە ئاگا بە خودی بەندو مافەفەکانیان نین و تەنانەت وەک خەونی بەدینەهاتوو چاوی لێدەکەن.


بۆ هەر دیاردە و یاسا و بوونێکی دی، مرۆڤ و مرۆڤایەتی، هەقانییەت و ڕەوایەتی خۆی دەستەبەر دەکات. ئەم بزوتنەوەیە دەیەوێت، هەموو کار وئاکارو چالاکیە هەمەلایەنەکانی بەو پێودانگانە کە چەندە لە بەرژەوەندیی مرۆڤ دایە بپێوێ. ئەم بزوتنەوەیە، گوشار دەخاتە، سەر دەسەڵاتی سیاسی،سەر لایەن و کەسایەتیە کۆنەزەرفاتیڤ ونۆرمە کۆمەڵایەتی وبایەخە کلتووری وفەرهەنگییەکان کە ناتەبان بە گەشەو بە تێکدانی ئارامی ژیانی مرۆڤ.


ئەم بزوتنەوەیە هەوڵدەدات، نەوەیەکی نوێ، لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نوێیی سیاسیدا بە دەستکەوتە زانستی و بەمۆراڵە مرۆییەکان وبە نۆرمە پێشکەوتووەکان و بەفەرهەنگێکی ڕۆشنبیرییەوە بەرهەمبهێنێ. بزووتنەوەی کۆکەرەوە وهارمۆنییەتی هاوبەندی هەموو ئەو کەسانە بێت کە بۆ ئەم ئامانجانە تێدەکۆشن و خۆیشی شوێنی نماکردن وهەڵدانی ئەم توانایانە بێت.


بۆچوونەکان لەسەر ئەم پرۆژەیە:


هەندێک لە کۆمۆنیستەکان پێیانوایە ئەم هەوڵە، هەمان ڕەخنەی بۆرژوای لیبرالە لە کۆمەلگا کۆنەزەرفاتیفەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە بنەڕەتدا، جێگرتنەوەی ڕەخنەی سۆشیالیستانەی چینی کرێکارە لە سیستەمی سەرمایەداری. وە هیومانیستیکی ئایدیالیستە لە بەرگێکی ڕادیکالدا. وە ئەمەش دەبێتە ڕێکخراوەیەکی تری کۆمەڵگای مەدەنی باوی ناوچەکە لە مڕۆدا.


هەندێکی دی لە هەمان کۆمۆنیستەکان، پێیان خراپ نییە وبەرگریکردن لە مرۆڤ کارێکی باشە بەڵام پرسیاری ئەوەی چەند پەیوەندە بە خەباتی کرێکارانەوە و بە شۆڕشی سۆشیالیستیەوە، نادیارە لەم پرۆژەیەدا.


هاوڕێیانێکی دی پرۆژەکە، تەنها لەکاری هۆشیارانەدا بەرتەسکدەکەنەوە، نموونەیەک کە بەرجەستە بێت، دەڵێن، دەبێت مام حاجی کە دەچێت بۆ نوێژ لە رێگادا پێنەنێت بە بۆقەکەدا، ئەویش گیاندارێکە ، مافی ژیانی هەیە. ئێمە پێویستە ئەو تاکانە دروستبکەین کە کۆمەڵگای مرۆیی دروستدەکەن. ستالین لەسەر ناهۆشیاری خەڵک و حیزب، توانای قڕکردن وداپلۆسینی گەورەی پەیداکرد.


هاوڕێیانێکی دی، بە پێویستی دەزانێت، ئەم هەوڵە بکرێتە پرۆژەی یەکدەستکردنی تەواوی ئازادیخوازان وکەسانێک کە لانی کەمی پرۆژەکەیان پێقەبووڵە. سەراسەری بێت ودامەزراوەیەکی بەهیزی گوشار خستنە سەر دەسەڵات و تەواوی کۆنەپەرستان بێت.


کەسانێکی دی هەن کە پێیان وایە ئەم پرۆژەیە تەنها توانای پراکتیزەکردنی لە ئاستی بچووک و لۆکاڵییدا هەیە.قسەیەکی کۆنی ئابووری هەیە، دەڵێت، تا گەورەتر بێت، پەککەوتەترە، بۆیە وا باشترە تەنها لەلۆکاڵدا و بە ئامادەییەکی باشترەوە بچینە پای ئەم پرۆژەیە.


کەسانێکی تر هەن بەشداری و بۆچوونە جیاوازەکانی تر و خەڵکی تر لە نوسەران، پارێزەران، ژنان، بەپێشمەرجی پێشفەچوونی خودی ئەم ئایدیا ولێکدانەوانە دەزانن.


هەن ئەم پرۆژەیە بە دەروازەیەکی گرنگ دەزانن ، بەڵام لیاقەی ئەم کەسانە بۆ ئەم پرۆژەیە کارا نازانن و توانای فکری وپۆتانسیالی ئەم ناوەندە دەرەقەتی ئەم بارەی نییە.


هەن پێیان وایە ئەم هەوڵە بێسەمەرە بۆ کارکردن لە ناوەوە، سەرەڕای دووری لەیەکتری و کەمی دەرامەت و نەبوونی سەرچاوەی ئابووری بۆ هەڵسوڕان و کار و چالاکیەکانی...


هەن چاوەڕێ دەکەن.. بزانن چی شتێک بەسەر ئەم پرۆژە و کار و بەستەرانەدا دێتن.. هێشتا زووە بۆ هەڵوێست وەرگرتن..


لەسەر ئەو بۆچوونانەی سەرەوە، تێبینی و ڕوونکردنەوەی خۆمان هەن.. بەڵام با سەرەتا لەسەر خودی پرۆژەکە نووسین و ئامادەیی ئێوەی ئازیز بخوێنینەوە.
 

١٨\٢\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک