په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

بۆچوونی ئه‌مه‌ریکییه‌کان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد و داخستنی ده‌ته‌په.

 

فه‌لات شاده‌نووش

 

دوای بڕیاری دادگای ده‌ستووری تورکیا ده‌رباره‌ی داخستنی ده‌ته‌په‌ رۆژنامه‌نووس و پسپۆرانی کورد و تورک بۆچوونی خۆیان ده‌ربری، پێم باش بوو ڵیکۆڵێنه‌وه‌ له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی پسپۆرانی ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجام بده‌م.

 

پڕۆفیسۆری ئەمریكی  هێنری  باركێی  شارەزا لە دەزگای فكری كارنێیج ئیندونمێنت.

 

راستە هەندێ لە قسەكانی دەتەپە هانی خەڵك دەدات، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێ بە دەیان ساڵ مرۆڤی بێ تاوان له‌ تورکیا بێ سەروشوێن كران، باشە ئەوە خراپترە یان قسەكانی دەتەپە؟!!!

 

لەبەر ئەو هەموو زوڵم و زۆریەی كە لە كورد كراوە دەبوایە رێگە بە دەتەپە بدرابایە كە هەندێك قسە بكات، چونكە لایەنگرانی دەتەپە داوایان لێ دەكرد كە دەتەپە ئەو مەسەلانە بوروژێنێت.

 

ئەگەر دەتەپە بیگوتبایە دەمانەوێت پەكەكە خەڵك بكوژێت، ئەوكاتە من قبوڵم بوو دەتەپە دابخرێت، به‌ڵام ده‌ته‌په‌ هیچ کاتێک ئه‌و قسه‌یه‌ نه‌کرد. یەكێك لە هۆكارەكانی داخستی دەتەپە ئەوە  بوو كە گوایە لەیلا زانا ئەندامی دەتەپەیە، بەڵام ئەوە راست نییە،هۆكارێكی دیكە ئەوەبوو كە ئەندامێكی دەتەپە نامەیەكی بە زمانی كوردی رەوانەی ئەردۆغان كردووە، باشە ئەندامێكی جەهەپە زۆر شۆڤێنیانە قسەی كرد، بۆچی سكاڵایەك بۆ داخستی جەهەپە تۆمار نەكرا؟!!

 

ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێ:

 

ئەگەر  پڕۆسەی كرانەوەی دیموكراتی كۆتایی پێ بێت ئەوا جارێكی دیكە توندوتیژی پەرە دەسێنێت و پەیوەندیەكانی نێوان توركیا و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان  تێكدەچێت، دەسەڵاتی هه‌رێمی کوردستان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا دەتوانێ سودێكی زۆر بە توركیا بگەیەنێت، بە پێچەوانەی لێدوانەكانی جەهەپە و مەهەپە دەسەڵاتی هه‌رێمی کوردستان  دەتوانێت ئاسانكارییەكی زۆر بۆ كوردانی توركیا بكات و سەقامگیری لە هه‌رێمی کوردستان بەدیبهێنێت.

 

هەمیشە توركەكان دەڵێن: جگە لە تورك هیچ كەسێك دۆستی تورك نییە. كوردەكانیش دەڵێن: دۆستی كوردان تەنیا شاخەكانن.

 

پێموایە لەسەردەمی ئێستادا گۆڕان بەسەر ئەو دوو قسەیەدا هات، ئیدی تەنیا تورك دۆستی كوردانە و هەردوولاش پێویستیان بەیەكتر هەیە، توركیا وڵاتێكی پێشكەوتووە و  بەشێكی پەیمانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپایە، بۆیە بۆ سەركەوتنی دەسەڵاتی هه‌رێمی کوردستان پێویستە پڕۆسەی كرانەوەی دیموكراتی لە توركیا سەركەوێت.

 

جۆشوا واڵكەر پسپۆڕی ئەمریكی لە ئەكادیمیای ترانس ئەتڵانتیك.

 

لە توركیادا هەموو پارتە كوردییەكان داخران بەڕاستی ئەمە بێ بەختییەكی زۆر گەورەیە ،داخستنی دەتەپە لە كاتێكی زۆر خراپدا بوو، چونكە زیانێكی گەورەی لە پڕۆسەی كرانەوەی دیموكراتیدا، دەتەپە تاكە پارتی سیاسی بوو كە لە چارەسەری كێشەی كوردا بە موخاتب وەربگیرێت. بە داخستنی دەتەپە ئیدی هیچ لایەنێك نەما كە حكومەت لەگەڵیدا باسی چارەسەری كێشەكە بكات.

 

بە بڕیاری دادگای دەستوری توركیا كێشەی نوێنەرایەتی كوردان هاتە ئاراوە، راستە ئاكەپە دەنگێكی باشی لە ناوچە كورد نشینەكان هێنا، بەڵام بۆ نوێنەرایەتی كردنی كوردان پێویستی بە پارتێكی وەك دەتەپە هەبوو.

 

سۆنەر چەغبتای پسپۆڕی توركیا لە ئەنستیتوتی واشنتۆن.

 

پێویستە لە جیاتی دەتەپە پارتێكی نوێ دابمەزرێت كە  بنەماكەی لەسەر چارەسەری سیاسی بێت.

 

دەتەپە لە دوو بەش پێكدەهات، بەشێك بۆ چارەسەری كێشەكان رێگای سیاسی بەكار دەهێنا، بەشەكەی دیكەش لەو بڕوایەدابوو بۆ چارەسەری كێشەكان جگە لە رێگای سیاسی پێویستە رێگای توندوتیژی بەكاربهێنرێت.

 

لە پارتە نوێیەكەدا كە لە جیاتی دەتەپە دادەمەزرێت، ئەوە گرنگە كە كام بەشە  كاریگەرتر دەبێت.

 

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە بۆ یەكەمجار لە كۆڵانەكانی توركیا لە نێوان كورد و توركەكاندا توندوتیژی روودەدات و بۆیەش بەردەوام بوونی پڕۆسەی كرانەوەی دیموكراتی كارێكی ئەستەمە.