په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٤

    بۆ دایکم.

ئه‌فسانه‌ سروش

لە ناو تەواوی ژنیەتیمدا
منداڵ منداڵ دەبمەوە
بۆ گەیشتن بە ئامێزی پڕ پڕ
لە دایکایەتیت،
که ‌بۆ من دایکە.
بۆ ناو ئەو دەستانەی
کە بە رۆژ
جلی کچۆڵەیەکی منداڵییت پێ دەشوتن و
بە شەویش بۆی بە تەقەڵەکانی جلی بووکێنییدا دەهاتیەوە
منداڵ منداڵ دەبمەوە،
بۆ بوومەلەرزەکانی ناو دڵی لەرزۆکت
لە ترسی
لاواندنەوەی کچە پێنەگەیشتوەکەت،
لە دنیای میهرەبانی جەلادەکان.
بۆ بۆنکردنی گەڵای ئەو گوڵانەی منیان مراند و
بە گەردەنی ژیانی تۆدا گەڵا گەڵا هەڵواسران
منداڵ منداڵ دەبمەوە دایکە
بۆ ناو ئامێزی دایکایەتیت،
که‌ بۆم دایکە،
خەتا لە تۆ نییە نا کە زەوی
خوڵ ده‌خوا
نادادپەروەرانە ئاو دەخوا و هەورەکان لەوێ باران نابارێنن
کە تێیدا وشکەساڵییە.
نا خەتا لە تۆ نییە دایکە من دەزانم خەتا لە تۆ نییە،
کە منیش کچم و
بە کچیی هاتم،
به‌س به‌جێت هێشتم.
 

ماڵپەڕی ئەفسانە سروش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک