په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠١٣

بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کورد لە مێژوو ناترسن.

هەندرێن حەمەدەمین   


هەژاری مللەتی کورد لە بارەی مێژوو لە ئاستێکە تا ئەمڕۆ پێویستمان بە سەرچاوە عەرەبی و تورکی و فارسی و روسی و ئینگلیزی و ئەلمانی و فەڕەنسی و تاد. هەیە، نەوەک نەتواندراوە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و گەڕان بەدوایدا بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستیانە بکەین تەنانەت تا ئێستا نەتواندراوە تەواوی ئەو سەرچاوە بێگانانە بکرێن بە کوردی بۆ ئەوەی خوێنەری کورد بتوانی بە ئاسانی لێی تێبگا، لە کاتێک پێویست بوو کە دەزگای تایبەت بە کۆکردنەوە و توێژینەوە و چاپ و بڵاوکردنەوە ئەوەندە زۆر بوایە کە زۆر بە سانایی هەموو تاکێکی کورد نەوەک هەر بە کتێب بەلکو لە رێگای ئەنتێرنێت بە دوای هەر سەردەمێکی مێژووی کورد گەڕابایە چەندین سەرچاوەی جیاوازی دەست خستبا، سەرەڕای کە ئەوە نەکراوە بە بەردەوام رێگریش لە ساغکردنەوەی ئەو مێژووە کراوە، هەموو هەول و کۆششێک بۆ ئەوە بووە بە شێوەیەکی سۆزدارانە باس لە کۆمەڵە کەسانێ بکرێ وەک هێما و سومبول بخرێنە بەر چاوی خەلکی کورد و پیرۆزیێکیان پێ ئەبەخشن کە هەر کەسێک لاپەڕەی مێژووی ئەو سومبولانە بخاتە ژێر رەخنە لە دیدی خەلکی سادە و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ بە دژە کورد و بەکرێگیراو تاوانبار ئەکرێ، ئامانجیش لەوە هێشتنەوەی مللەتی کوردە لە ناو تاریکیدا چونکە هەر مللەتێک هەتاوی دوێنێی نەبێ ئەمڕۆی تاریکیە، هەتاوی دوێنێ لە چاوپۆشینی هەڵەکان نییە لە شاردنەوەی راستیەکان نییە، بە بەشان و باڵهەڵدانی رابەرەکان نییە، بە پاساو هێنانەوە بۆ کەم و کورتی و تەسک بینی و ناڕۆشەنی سەرکردەکان نییە، چونکە هەموو کاتێک دڵسۆزی مەرچی راستی نییە، بۆ نموونە دایک و باوکێک زۆر دڵسۆزن بۆ منداڵەکانیان بەڵام هەڵەن، ناتەندروست منداڵەکانیان پەروەردە ئەکەن، ئەوە پەیوەندی بە هۆشیار و دوور بینی و زانست و زانیاریەوە هەیە، ئێمەی کوردیش ئەبێ ئەوە بزانین ئەگەر لە کاتێک سەرکردەیەکی دڵسۆزمان بووبێ مەرج نییە کارەکانی، بینینەکانی راست و دروست ببێ، لەگەڵ ئەوەش بۆمان هەیە گومانمان لە دڵسۆزیەکەشی هەبێ، گومان لە دڵسۆزی زۆربەی هەرە زۆریان بەبێ هۆکار نییە، بەلکو پرسیارە گوماناویەکان ووڵامی رۆن و ئاشکرایان نییە کە بتوانن گومانەکان بڕوێنەوە.


بەنەریت کردنی ئەو جۆرە مامەلەیە لەگەڵ مێژوو زەمینەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ خۆشکردووە، ئەمانەش پێیان وایە چۆن تواندراوە تا ئەمڕۆ چاوپشی لە هەموو هەڵە و کەم و کورتی و بگرە خیانەتی سەرکردە و رابەرانی پێش خۆیان بکرێ ئاواش لە داهاتوو هەڵە و خیانەت و تاوانەکانی ئەمڕۆی ئەوان دائەپۆشرێ، چۆن تواندراوە تا ئەمڕۆ ئەوانەی پێشوو بەبێ کەمترین رەخنە لێیان بکرێن بە سومبول و پیرۆز بکرێن ئاواش لە داهاتوو ئەمانەی ئەمرٶ بەبێ ورتە ئەچنە رێزی ئەوان، ئەوە وای لە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کورد کردووە نەوەک هەر لە مێژوو نەترسن بەلکو مێژوو وەک ئامرازێک لە خزمەت خۆیان ببینن.


کەواتە مللەتی هۆشیار پێویستە لاپەڕەکانی مێژوو بەبێ ترس، بەبێ شەرم، بە هەموو لایەنە باش و خراپەکان بکاتەوە، پێویستە رۆشەنبیری کورد ئەو سنورە بشکێنێ و لە ناو ئەو داب و نەریتە دەرچێ کە رەخنە لە رابردوو مانای شەرمەزاریە بۆ ئێمەی ئەمڕۆ، ئەبێ ئەو شێوازی بە شان و باڵ هەڵدانە کۆتایی پێ بێت و هەموو بەرپرسێک و رابەرێک و سەرکردەیەک بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، پاکانە بۆ کەس نەکرێ و لەسەر وورد و درشتی ژیانیان بوەستین، ئەگەر ساغ بوویەوە کە یەکێکیان خیانەتی کردووە یان ناپاک بووە با سەد ساڵ بێ مردبێ ئەبێ ئازایانە ئەمڕۆ دادگای بۆ دابمەزرێنین، ئەو کات دەسەڵاتدارانی ئەمرۆ لە مێژوو ئەترسن و لەبەر چاویان ئەبێ ئەگەر ئەمڕۆش خەلک بەرانبەریان دەستەوەستان بێت ئەوا رۆژێک دێت مێژوو لێیان خۆش نابێت.


٣\١١\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی هه‌‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک