په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٧\٢٠٢٥

بۆ ئەوەی جارێكی دیكە جینۆساید نەكرێینەوە.



ئەمڕۆ پێنج شەمە ١٧-٧ بەشێك لە رێكخراوەكانی جینۆساید، لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، رزگاری، چەمچەماڵ بە بۆنەی رۆژی دادپەروەریی تاوانكاریی جیهانیی گردبوونەوە و كۆنفرانسی رۆژنامەنووسیمان ئەنجامدا، كۆمەڵَ داواكاریمان خستە بەردەم رای گشتی كوردستانی و عێراقی.

 

دەقی راگەیاندنەکەمان ئەمەی خوارەوەیە:


 

لە یادی ٢٧ ساڵەی دادپەروەریی تاوانكاریی جیهانییدا.


پەیماننامەی ڕۆما كە ٢٧ ساڵ لەمەوپێش و لە ١٧-٧-١٩٩٨ بریاری لەسەر دراوە، تا ئێستا چەندین جار هەمواركراوەتەوە و ٢٣ ساڵ لەمەوپێش و لە یەكی یۆلی ٢٠٠٢ ەوە دەستی بەكار كردووە، لە ئێستادا ١٢٤ وڵات پەسندی پەیمانامەكە و دادگاكەیان كردووەو هەنووكە ئەندامن تیایدا، هەروەها ١٣٩ وڵات واژۆیان لەسەر كردووە.


عێراق لە بەرواری ١٥-٢-٢٠٠٥ بەو ڕێككەوتنەوە پەیوەست بووە، بەڵام بێ هیچ ڕوونكردنەوەیەك دوای دوو هەفتە پاشەكشەی لێكردووە.


٢٣ ساڵە ئەم دادگایە بەهەموو كەموكوڕیەكان و ئەو رەخنانەی لێی گیراوە بۆتە بەربەستێك تا رادەیەك هەستپێكراو لەبەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەكان" تاوانەكانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و عدوان" و تا رادەیەك كەمكردنەوەیان، لەم پێناوەدا ئێمە زیاتر لە ٢٠ ساڵە بێ پسانەوە كار بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەكەین.


لە یادی ٢٧ ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكەو ٢٣ ساڵەی دەست بەكار بونی ئەو دادگایە و رۆژی دادپەروەری تاوانی جیهانی، وەك گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە هەموو گەلانی دیكە زیاتر پێویستمان بە دادگایەكی جیهانی لەم چەشنە هەیە، بەهۆی ئەو تاوانانەی لە رابردوو بەرامبەرمان كراون، بۆیە داواكارین:


- عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات پەیوەست بوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیایە لە عێراقی تاوان و جینۆسایدی پێشوو، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت.
- حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق فشار بخەنە سەر حكومەتی كوردستان ٢٥٨ تۆمەتباری ئەنفال وەك تاوانبار سەیر بكەن و دادگایی بكرێن.
- حكومەتی عێراقی هەموو ئەوانەی وەك تۆمەتبار ناویان لە كەیسەكانی جینۆسایدی خەڵكی كوردستان هاتووە دادگایی بكات.
- حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی رژێمی پێشوو بكاتەوە بێ جیاوازی، لە داوای لێبوردن كردن لێیان و قەرەبووی مادییان تا گەڕانەوەی روفاتی ئازیزانیان.
- حكومەتی عێراقی پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواكراو بێت، یان گومان لێكراوبێت لە ئەنجامدان و بەشداریكردن لەو تاوانانەی لە تایبەتمەندی دادگای ناوبراوە.
- پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و هێنانەوەی روفاتی قوربانیان و ئەنجامدانی پشكنین بۆ ناسینەوەیان.
- قەرەبووی مادی و مەعنەوەی قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ لە عێرقدا بكرێتەوەو تاوانباران لە سزا رزگاریان نەبێت.
- دادگای باڵای تاوانەكان عێراق چالاك بكرێتەوە، تاوانبارانی جینۆساید بێ جیاوازی هەموو دادگایی بكرێن و لە سزا رزگاریان نەبێت.


- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
- كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیاوی هەڵەبجە
- چاودێری كوردۆساید-چاك
- تۆڕی ئایكان كوردستان
- رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری
- رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
- هەڵمەتی ژیان دژ بە سێدارە لە كوردستان
- گۆڤاری تۆبزاوە
- رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید


١٧\٧\٢٠٢٥

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک