١٣\٧\٢٠١٧
بۆ ئەوەی لە
گشتپرسییدا
ھەمووان دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن.

بەکری میرزا حسەین
بەڕیزان و خۆشەویستان ! ئەم
گشتپرسییەی ئێستا، جیاواز لە وەی ساڵی
٢٠٠٥، لەباتی ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ یەکخستنی ئیرادەی نەتەوەکە ،
کراوەتە ئامرازێکی بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی بۆ ململانیی دەسەڵات .
ئەوەش وا دەکات کە
گشتپرسیی ، لە ھەردوو حاڵی سەرکەوتنێکی لاواز یان
شکست ، زیان بگەیەنێت بە بەرژەوەندی نەتەوەکە و پرسی سەربەخۆیی . بە
رای من ھەرەێم پێویستی بەجۆرە
گشتپرسییێکی ترە کە ناسراوە بە:
Multiple-Choice Referendum من لە خوارەوەدا ، پێشکەشتانی دەکەم.
بەڵام، بە رای من کورد بژاردەیەکی باشترو گرنگتری بۆ ھەڵکەوتوە ، بۆ
چارەنوسی ھاوبەشی باشوور و رۆژئاوا . ئەگەر کاک مەسعود
(لە دەرەوەی
پۆستی سەرۆکایەتیشدا، وەک سەرکردەیەکی کورد)، بیتوانیایە ئەو خەونی
سەربەخۆییەی ناوبەناو باسی لێکردوە روەو ئاسۆیەکی فراوانتر ببات ،
ئەویش بەئاراستەی تێکەڵکردنی پرسی کوردستانی باشوور و رۆژئاوا ، چونکە
ھەلومەرجی ناوچەیی و نیودەوڵەتی و سەرھەڵدانی
(داعش) دەوڵەتی
خەلافەی ئیسلامی ، لەلایەک سنورەکانی سایکس- بیکۆیان لە نیوان عێراق و
سوریادا تێکدا و بەئەنجامی پەلاماریشیان بۆ سەر کوردانی رۆژئاواو
باشوور ، کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی چاوەروانی ئەوەیان کردوەو بە رەواشیان
بینیوە کە کوردیش پاساوی ئەوەی ھەیە ، ئەو سنورەی نیوان خۆیان لاببات و
، وەک دیفاکتۆی بەرگری بەرامبەر بە داعش ئەو دوو پارچەیە تێکەڵ بن وەک
(سنووری خوێن) بەرامبەر بە داعش ، ھەر لە عیفرینەوە تا خانەقین و
بەدرەو جەسان درێژ بێتەوە . ئەگەرچی وەک سەرەتا ماوەیەکیش ، بە فیدراڵی
و یان کۆنفیدراڵی بن لەگەڵ عێراقی عەرەبی و سوریای عەرەبی بەڵام ئەوە
ھەنگاوێک دەبوو بەرەو سەربەخۆیی و دەوڵەت.
ئێستاش لە ھەواڵە
جیھانیەکاندا و لە
(ویکیپێدیا)دا ئەو جوگرافیا سیاسیە بە تێکەڵ و
بەرەیەکی یەکگرتوو دژی داعش پیشان دەدرێت . بەداخەوە کورد لەو ئاستەدا
نەبوو ، کە ئەوە بکاتە دیفاکتۆ، بەڵام ئێستاش نەچوە بچێت ! ئاست و جۆری
پەیوەندیەکان لەگەڵ زلھێزەکان و راددەی تێگەیشتن و پشتیوانی رای گشتی
جیھان بۆ پرسی رەوای گەلەکەمان ، چ لە باشور و زیاتریش لە رۆژئاوا ،
لەوەتی کورد ھەیە ئەوەندە باش و گونجاو نەبوە ، ئەمە باشتریتن فرسەتی
مێژووییە ، بۆ گۆرینی راستەقینەی سنوورەکانی سایکس-بیکۆ . ئەوە دەبێتە
سەرەتای لەدایکبوونەوەی نەتەوەکە . من دڵنیام لەوەی ئەو پرۆژەیە ئەگەر
خاوەنی لێھاتوی ھەبێت سەرکەوتودەبێت
(من لەو باوەرەشدام کە شۆرشگێران
ودەسەڵاتدارانی شۆرشی رۆژئاوا ، ھەم ئامادیی و ھەم لێھاتوویی پێویستیان
ھەیە بۆ پرۆژەی وا)، ئەوە کلیلی رزگاریە بەرەوە ئاسۆی بەھەشتێ
سەربەخۆیی راستەقینە و بنیاتنانی کیانێکی تۆکمە بۆ میللەتەکەمان و
شکاندنی بەشێکی زۆری گەمارۆی دوژمنان . ئەو ئامانجە شایەنی ھەموو
قوربانیەکیشە . بە رای من ھەلومەرجی نیو دەوڵەتیش بۆ ئەوە گونجاوترە ،
تا بۆ گشتپرسییێکی قەیراناوی گەمارۆدراوی باشوور. من مەترسیەکانیش
دەبینم ، لەبەرامبەریشدا کوردیش کارتی زۆر زیاتری ھەیە و رای گشتی
جیھان و بەشی زۆری کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش لەگەڵ پرۆژەی وا دەبێت.
ھەرچۆنێک بێت ، بە گەرانەوە بۆ سەر
گشتپرسییەکەی ھەرێم لە باشوور ،
منیش وەک زۆربەی دڵسۆزانی گەلەکەمان نیگەرانم لە رۆڵ و کۆنترۆڵی
دراوسێکان . ئایا ئەوان ھاوکارو پشتیوان دەبن بۆ بنیاتنانی کیانێک کە
بۆ کورد ئازادی و دەسکەوت بێت ؟ یان بەرنامەو ئامادەکاریان ھەیە بۆ
زامنی دەسکەوت و بەرژەوەندیی خۆیان ؟ بە تایبەتیش کە دەسەڵاتی ئەوان لە
خاوەن ماڵ زیاترە لەسەر سنورەکان و لەسەر ئابوری و بازار و بژێوی و
سەرچاوەکانی سامان . لەو حالەتەدا کە میللەت و حکومەت ئیفلاس پێکراو ،
کۆمەڵگە پارچە کراوو نوقمی چەندەھا قەیران . دیارە سەربەخۆیی وا
سەفەرێک نیە بەناو چیمەن و گولزاردا ، بەڵکوو بەناو رێبازێکی مێن
رێژکراو و پرر لە تەڵەی دژوار
( من لە نوسینی تردا باس لە سیناریوی
مەترسیەکان دەکەم).
ھەر لەبەر ئەو نیگەرانیانەشە کە کۆمەڵگەو میدیا و ھێزە سیاسیەکان و
کۆمەڵگەی مەدەنی و ھاونیشتیمانیان کەوتونەتە ناو
( شەرێکی سارد
) ی وای کە مەترسی ئەوەی لێ بکرێت بە ئەقڵیەتی شاخ و رەنگە بە ھۆی
دەستتێوەردانی دەرەکیش ، بگەیەنرێتە شەری گەرم . ھەرچۆنێک بێت ئەوە زۆر
بەدیھیە کە پرسی سەربەخۆیی
(راستەقینەبێت ، یان رووکەش و سەقەت
) لای
رێژەیەکی زۆری ھاونیشتیمانیان بە بژاردەیەکی باشتر دادەنرێت لە مانەوە
لەعێراقدا . پرسی سەربەخۆیی ، ئاوات و خەونێکی ئەوندە ھەستیار و گرنگە
لای میللەت ، کە ھەر کەس و ھەر لایەنێک ئاڵاکەی بەرزبکاتەوە ، دەتوانی
زۆر ئاسان یاری بکات بە سۆزی نەتەوایەتی گەلێکی داخ لەدڵ لە سەدان ساڵ
تاوان وستەمی داگیرکەران . دروشمی سەربەخۆیی بۆ ھەر پارچەیەکی کوردستان
، وەک دروشمی
( اللە ئەکبەر) ی گروپە تیرۆریستەکان کاریگەرە . بەڵام
راست نیە ھە بە سۆزی نیشتیمانی چاوەروانی بەھەشتی سەربەخۆیی بکەین .
جاری نازانرێت ، دەگەین یان نا . ئایا ئەگەری ئەوە نیە کە بەڵێنی
سەربەخۆییەکەش وەک بەڵێنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و بەسەرھاتی
پەرلەمانی لێ بێت ؟ بۆیە چارەسەرێک بۆ ئاڵۆزی ھەڵویستەکە ، زۆر
ھەستیارو زۆر پێویستە بۆ ھاووڵاتیان و بۆ حیزب و ھەموو لایەنە پەیوەندی
دارەکان . گومان لەوەدا نیە کە زۆربەی ھاونیشتیمانیان وا بیر دەکەنەوە
، کە لە پرۆسەی
گشتپرسییدا ، کوردستانیانی کەرکوک و خانەقین و سنجارو
ناوچە کوردستانیەکانی تری دەرەوەی ھەرێم ، بەشدار دەبێت و ھەموو پێکەوە
پێکەوە ھەنگاو دەنێین بەرەوە سەربەخۆیی . بەڵام ئایا ئەمە وایە ؟ یان
نا ! . لە راستیشدا ، دەبێ وابێت ، دەوڵەت دەبێ لەسەر خاک و سنوری
دیاریکراو بێت . ئەگەر ئەوە ئاشکرا نەبێت و
گشتپرسیی ھەر بۆ سنوری
ئێستا ھەرێم بێت ، ئەوە بێ ھیواکردن دەبێت بۆ زۆربەی ھاونیشتیمانیان کە
رەنگە بڵێن ( خۆ ، بە بێ ئەو ھەمو خەبات و قوربانیانە ، سەددام رازی
دەبوو بە دەوڵەتێکی کوردی لە سنووری ئێستای ھەرێم و بگرە زیاتریش و
لەتێکی کەرکوکیش). بۆیە ئەگەر نەتوانرێ
گشتپرسییێکی سەرتاپا بۆ
ھەموو سنوری کوردستان بکرێت ، باشتر وایە لەباتی ئەوە
گشتپرسیی ،
تەنیا بۆ ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق بکرێت ، بۆ دەنگدان
لەسەر یەکگرتنەوە لەگەڵ ھەرێم . بۆ
گشتپرسییێکی وا (١) دەوڵەتی
عێراقیش ناچارە قبوڵی بکات ، ئەوە بەگوێرەی دەستورە
(٢) ھەموو
کوردستانیانیش لەسەر ئەوە یەک ھەڵوێست و یەکریز دەبن ، چانسی سەرکەوتن
تێیدا زۆر زامن ترە
(٣) ئەو کاتە ھەرێمێکی یەکگرتوو ، لەسەر بناغەی
دوو گشتپرسیی (٢٠٠٥ و ٢٠١٧) زۆر راستتر زۆر بەھێز ترو زۆر
گونجاوتر دەتوانێ ھەنگاو بنێت بەرەو سەربەخۆیی . بۆ ئەوەش ، تەنیا
بریاری پەرلەمانێکی ئازاد بەسە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و بۆ دیالۆگ
لەگەڵ بەغداد و دراوسێکان و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و کۆمەڵی نەتەوە
یەکگرتوەکان.
( شایەنی بیرخستنەوەیە کە ساڵی ٢٠٠٥ ،
گشتپرسییێکی - غەیرەحیزبی-
نیمچە فەرمی بەرێوەبرا . کە نەک ھەر دانیشتوانی سنوری ھەرێم ، بەڵکو
ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی سنووری ھەرێمیشی گرتەخۆی ، ئەنجامەکەی
پتر لە ٩٨% بەڵی بوو بۆ سەربەخۆیی . دواتریش ئەنجامەکانی گەیەنراوەتە
ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتوەکان لە جنێف).
گشتپرسیی (بەم جۆرەی ئێستای) و تەنیا لە سنووری ئێستای ھەرێمدا نەک
ھەر پێویست ناکات بەڵکوو ھەڵە و پاشەکشە و ھەنگاوێکە بۆ دواوە . ئەوە
مانای بەجێھێشتنی ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی سنووری ھەرێمە ، بۆ
ئایەندەیەکی تەماوی و پڕ مەترسی دۆراندن . ئەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠
ئۆتۆماتیکی لە سنوری عێراقدا بەجێ دەمێنن و کێشەکەیان دەبێتە کێشەی
دەولەتێکی کوردی لە دژی عێراق . لەو ناکۆکیەدا ھەرێم پێویستی دەبێت بە
پشتیوانی سنورەکانی ئێران و تورکیا . ئایا ئەوان پشتیوانی ئێمە دەبن ،
بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی تۆکمەی بە راستی سەربەخۆ ؟ یان بە پێچەوانەوە
فرسەت دێنن کە ، لەھەنگاوی یەکەمدا رێگر بن ، ئەگەر ئەوەیان بۆ نەکرا ،
وادەکەن کە بە رووکەش لەعێراق سەربەخۆبین و بەڵام لەژێر کۆنترۆڵ ئەوان
و لە خزمەتی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان بین . ئەوان کۆنترۆڵ و
کارتی زۆریان بەدەستەوەیە ، ئێمە دەسەڵاتمان چیە ؟ ئەگەر ئێمە ئێستا
کارتەکانی خۆمان تەسلیمی ئەوان بکەین؟
ھەرچۆنێک بێت ، ئەگەر سەرەرای ناوەختی و نەبوونی ئامادەکاری
پێویستیەکانی سەرکەوتن ، نەبوونی پەرلەمان ، نەبوونی یەکریزی ، نەبوونی
ژێرخانی ئابوری و دارمانی ئابوری و ئیفلاسی میللەت و حکومەت و برسێتی
کۆمەڵگە . ئەگەر سەرەرای ئەوانەو بە ئەنجامی پپێداگری و موجازەفەی کاک
مەسعود ، ھەر
گشتپرسیی بکرێت . پێویستە ھەوڵی ئەوە بدرێت کە
گشتپرسییەکە بە جۆرێکی تر سەرکەوتنی بۆ دابین بکرێت . بۆ ئەوەش جۆری
تری گشتپرسیی ھەیە.
بۆ ئەو ھەلومەرجەی ئێستا و سەرەرای ئەونیگەرانیانە ، بۆ ئەوەی
ھاونیشتیمانیانی
(سەربەخۆیی خواز) ، بە نارەوا ، نەخرێنە ناو خانەی
داخوازیکەران بۆ مانەوە لە عێراقدا ، بەڵکوو وابکرێت کە ھەموان لە
خانەی سەربەخۆیی خوازاندا ، بن
( سەربەخۆیی راستەقینە ، وەک ئەوەی
رێژەیەکی زۆر مەبەستیانە
) . بۆ ئەوەیان جۆرێکی تری
گشتپرسیی گونجاوە
، کە ھەر تەنیا ھەڵبژاردن نە بێت لە نێوان دوو بژاردەی سەربەخۆیی یان
مانەوە لە عێراقدا
(بەڵی ، یان نەخێر)، بەڵکوو
گشتپرسیی سێ
بژاردەبێت ، وەک ئەمەی خوارەوە:
Multiple-Choice Referendum - گشتپرسییێکی(
٣) بژاردە:
دەنگدان (ھەڵبژاردنی) یەکێک بێت لەو سیانە : (١) ، (٢) ، (٣):
(١) - سەربەخۆیی
. (پرۆژەی کاک مەسعود) . پارتی و ھاو پەیمانەکانی
پرۆژەی خۆیان روون بکەنەوە.
(٢) - سەربەخۆیی
( پرۆژەی پەرلەمانێکی ئازاد):
ﺋـ- گێرانەوەی ناوچە
کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم ، بە ھەر شێوازێکی گونجاو یان
گشتپرسیی
بەگوێرەی (ماددەی ١٤٠
). کە وابزانم لەوەدا سەرپەرشتی نیودەوڵەتی و
رۆڵی UN ھەیە ، بۆ بەرێوەبردن
( ئەوە گرنگیشە بۆ پاراستنی پرۆسەکە لە
کاریگەری و دەستتێوەردانی دراوسێکان).
ا- ھەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ لە سنوورە نوێکەی ھەرێمدا
( ھەموو باشور
بە خەڵک و خاکەوە) پەرلەمانێکی وا شەعیەتی ناوخۆ و دەرەوەشی دەبێت کە
دوای چارەسەری قەیرانەکانی ھەرێم و ئامادەکاری ، ھەنگاو بنێت دیالۆگ
لەگەڵ بەغداد و دراوسێکان و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی ، دوای ئەوەش بانگەواز
و راگەیاندن بکات بۆ ممومارەسەی مافی بریاردانی چارەنوس بە شێوازی
دەوڵەتێکی سەربەخۆ . ئەوە دەبێتە سەرەتایەکی مێژویەکی نوێ بۆ نەتەوەکە.
(٣) - مانەوە لەگەڵ عێراق
( فیدرالێ یان کۆنفیدراڵی
).
بۆ روونکردنەوەش ، دەربارەی پێشنیارەکە و ، ئایا جگە لە
گشتپرسیی ( بەڵی) و ( نەخێر) ، شێوازی تر و بژاردەی زیاتر ھەیە ؟ . بەڵی ئەوە
ھەیەو ھەبووە . نمونەیەکی ئەوە لە دوو پرۆسەی
گشتپرسییدا لە سوید .
ھاووڵاتیان ، بۆیان ھەبوە کە لە نیوان ٣ بژاردەدا ، یەکێکیان ھەڵبژێن.
لە سوید ، ساڵی ١٩٥٧دا راپرسی گشتی کراوە بۆ ٣ جۆر
(مۆدێلی یاسای
خانەنشینی) . مۆدێلی١ ، مۆدێلی ٢ ، مۆدێلی ٣.
لە سوید ، ساڵی ١٩٨٠ لە سەر پرسی
(یاسای وزەی ناوکی
- گاقەی نەوەوی بۆ
بەرھەمھێنانی کارەبا) . راپرسیەکی ٣، بژاردەی . ھێڵی ١. ھێڵی ٢.
ھێڵی ٣. بەرێوە براوە . ئەو بژاردانە بەگوێرەی ، ٣ پرۆژەی جیاوازی ، ٣
گروپ پارتە ھاوبۆچوونەکان بوون.
بە گوێرەی ئەو مۆدێلە فرسەتێکی باشتر دەدرێت بە ھاووڵاتیان کە
سەربەخۆیی ھەڵبژێرن بە گوێرەی نەخشەرێگایەکی زامن تر و بە ئامادەکاری
زیاتر و بە خۆ پاراستنێکی زیاتر لە نەخشەی ھەندێ دراوسێی بە ئاشکرا
دوژمنی کورد کە گورگن ولە پێستی مەردا ، خۆیانیان کردۆتە دۆست .
بەرنامەی ئەوەیان ھەیە ، ھەرێم و رەوتی روداوەکان لە بەرژەوەندی
کوردەوە بگۆرن بۆ ھی خۆیان.
گشتپرسیی (٣) بژاردە بۆ ھەرێم و
گشتپرسیی (بەڵی) و (نەخێر) بۆ ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ، زامنی ئەوەدەبن کە ھەرێمێکی باشوری تەواو ،
بە خاک و خەڵکەوە ، بە پەرلەمانێکی ئازادەوە کە زامنی ھێزو تواناو
یەکگرتویی بێت بەرەوە راگەیاندنی سەربەخۆیی ھەنگاو بنێت . کە ھیوادارم
ئەو پێشنیارەو ، پێشنیاری تری دڵسۆزان و رۆشنبیرانی نەتەوەکەوە ،
سودیان ھەبێت لەوەی پرۆسەکە بەرەو سەرکەوتن ببەن.
ئەگەر بە پێچەوانەشەوە ، ئەم ھەوڵانە ئاسنی سارد کوتان بێت و ،
بریارەکانی دەسەڵات دەربارەی
گشتپرسیی و شێوازی قابیلی گۆرران و
گونجان نەبێت ، یان خوانەخواستە ، بۆیان نەبێت دەسکاری بکەن ، ئەوا لە
داھاتودا ، پرۆسەکە پێویستی بە رۆشنایی و شیکردنەوەی تر دەبێت
( ئەوەش
بۆ کاتی خۆی).
بە ھیوای پاشەرۆژیکی باشتر بۆ گەل و نیشتیمان.
٧\٧\٢٠١٧
- سوێد
bakrhssain83@gmail.com
|