٢٥\١٠\٢٠١٠
نامەى یەکەم:
بۆ ئەو کچەى بە
دەنگى ئاسوودەم.
دڵشاد کەریم باخەوان
لە
بەیانییەکى ئەم پایزەدا چاوم لێیە چۆن گەڵاکان لە بەرۆک و لق پۆى
دارەکان دەبنەوە و بە دەم سەماکردنەوە بۆ
ماچێکى زەوى رۆحى خۆیان قوربانى دەکەن و تا ئەبەد یەکدی لە ئامێز دەگرن.
بەیانییە و منیش لەمدیو پەنجەرەى ژوورێکى
ئاپارتمانە باڵا بەرزەکەوە بەدەم گوێکرتن لە فەیروز و مژ لێدانى
جگەرەکەى دەستمەوە بیر لە تۆ دەکەمەوە.. بەقەد ئەو خەیاڵەى قووڵەى
دەنگى لە خانەکانى مێشکمدا ئۆقرەى لێبڕیووم
و بە دەریایەکى پڕ لە وەهمى سپاردووم..
دەنگى تۆ هەمیشە لە گۆیچکەمدا شەپۆڵەکانى
بیستنم رادەژەنێ و هۆش و هەستم لە باوەشی
غوربەت دەردێنێ.. دەنگى ناسکى تۆ دەبێتەوە لاى لایەکەى دایکم و لە
ئاسمانى خۆشەویستییدا پەڵە هەورەکانم بۆ
دەکاتە پێخەف و هێواش هێواش دەمخەوێنێ.
کێ هەیە دەنگى هێندەى
تۆ لێوان لێو بێ لە میهرەبانیی.
پڕتر بێ لە سۆز.
کە دەدوێ وا هەستدەکەم گۆرانییەک
بۆ تەنهاییم دەڵێ و ترپەى دڵم لەگەڵ دەنگى
تۆدا خۆشترین ئاوازى زیندووبوونەوەم
پێدەبەخشێ. ئەى کچە دەنگخۆشەکە من نامەوێ
بتبینم تەنها بیستنى دەنگى تۆم بەسە. لێ دەمەوێ بە گوێى هەموو
ئاشقاندا بچرپێنم و گەرەکمە بە هەموو
مەعشوقەکان بڵێم کەوا تەنها چاو
نییە خۆشەویستیی
بنیات دەنێ، تەنها لێو نییە پێبکەنێ و رازى
خۆى دەربڕێ، تەنها باڵا نییە سەرنجەکانت
بۆلاى خۆى پەلکێش بکا، ئەى خۆ ئەبرۆکانیش هێزیان
نییە و ناتوانن هێندەى دەنگ ببنە تیرێک و دڵی
ئاشقان بپێکن. نا، نا، ئەوە تەنها دەنگە لە
شێوەى دەنگى ئەو کچەى من ناسیوومە شەپۆڵەکانى
خۆیان دەئاخننە هۆشمەوە و لەوێوە بە
شادەمارەکاندا شۆڕدەبنەوە نەک هەر دڵم هەموو
جەستەم داگیردەکا.
ئەى ئەو کیژەى دەخوازم لە رێگەى دەنگەوە پێت بڵێم من و تۆ هێندەى
بەستەڵەکى باکوور
و شەقامی مەولەوى لێک دوورین و هێندەى
چرپەیەک لێک نزیکین.
awenakat@yahoo.com
|