٢٩\١٠\٢٠١٠
نامەى دووەم:
بۆ ئەو کچەى بە
دەنگى ئاسوودەم.
دڵشاد کەریم باخەوان
وشەکانم
بە کڕنوشەوە دینەوە خزمەت دییەکانت تاوەکو سۆماى خۆشەویستیان پێ
ببەخشیت، مۆمەکانى ووشەم هەناسەى عیشقى تۆ پێیان دەکات و بۆ ئەوینى تۆ
دەتوێنەوە... ئەى ئەو کچەى دەنگت لە شوشەیە، ئەگەر دوا پیتى موزیک لاى
من بێت ئەوا بە ئاوازى دەنگى تۆى دەبەخشم. کە دەپەیڤیت گۆرانیە بۆ رۆحى
مەم و دەبمە مایسترۆى عاشقان، بەگوێچکەى موزارتدا بچریکێنى دێتەوە،
سەمفۆنیاى خۆشەویستى لە شەپۆلەکانى دەنگى تۆدا دەهۆنێتەوەو ئۆپێراى
ژیانەوە دەژەنێ.
* خۆشەویستى دڵەکەم، وا جاریکى
تر من بۆت دەنوسم، چونکە تەنهام و شەرم دامدەگرێ بە بەردەوامى لە
خەیاڵدا گفتوگۆت لەگەڵ بکەم بەبێ ئەوەى بزانیت یان گوێت لە شتێک بێت کە
لەگەڵت ئەدوێم و ناتوانى وەڵام بدەیتەوە، لەپێش چاومى، لەسەر دەستم
هەڵتدەگرم و لەسەرتەوە هەتا پات ماچدەکەم، لەبەردەمتا کڕنۆش دەبەم و
دەگریم.
ئەم بەیانیەش گوێم لە دەنگت بو، نەرم نەرم وشەکان لە خەوى گەروتەوە
دەهاتنە دەر، پەپولە ئاسا بەسەر گۆڵەکانى لێوتەوە دەنیشتنەوەو شیلەى
ماچەکانى خەیاڵى دوێنێ شەویان هەڵدەمژى.
دەنگت شوشەو گەروت رێواس ئەمە چى سیحرێکە، ئاخر من چەند ساڵە لە وڵات
دوورم، بەڵام ئەمرۆَ لە دەنگى تۆدا نیشتمانى خۆم دۆزیەوە.. ئەى
نیشتمانى دەنگ وڕسبوم لە تەنهایى و ژیانى نامۆیى، نواڵەى ژێر کێوەکانت
ماچدەکەم بمبەرەوە، بەو مەرگە رازیم لە ئامێزى تۆدا.
ئەى وڵاتى عیشقم ئەى کچە پەمەییەکە، من تۆم لە باشور بەجێهێشت و
دەمویست بفڕم بێمەوەلات، کەچى نەمزانى تۆ هێندەى چرپەیەک لێمەوە دورى و
لە باکورەوە هەڵدێیت و دەردەکەوى، ئەى نیشتمانى دەنگ خۆشتم دەوێ.
______________________________
*
بەشیک لە نامەى ک. مارکس بۆ جینى هاوسەرى
1856
awenakat@yahoo.com
|