٣١\١٠\٢٠١٠
نامەى سێیەم:
بۆ ئەو کچەى بە
دەنگى ئاسوودەم.
دڵشاد کەریم باخەوان
دەزانى بۆ
مۆبایلەکەمم خۆشدەوێ
چونکە کاتێ جەستەم دەنوێ
ئەو لەگەڵ هۆشم لەلاتە
ئیشکگرى زەنگ و
هاتنى نامەکانتە.
* *
*
لەم وڵاتە تەزیوەدا
لە پرچە قەترانیەکەتم بئاڵێنە و
بە هاناسە گەرمەکەت دامپۆشە
ئێرە هەمو شتێکى رچیوە
تەنها ئامێزى تۆ خامۆشە.
* *
*
لەوەتەى تۆم ناسیوە
رێى مەیخانەم ونکردوە
بێدارم بێهۆش و هەستم
چونکە رۆزانە
بەو دەنگە خۆشەى تۆ مەستم.
* *
*
لە ستۆدیۆى هۆشمدا
دەنگى تۆم هەڵگرتوە
تێکستى نامەکانیشت
لە گلێنەى چاوەکانمدا پاراستوە.
* *
*
نامەى چوارەم:
خۆشەویستەکەى دڵم، من لە دەستپێکى هەر نامەیەکدا وشەیەک دەنوسم، کەچى
عیشقى تۆ و ئەوینى تۆ دەیکاتە رستەو دەیکاتە نامەو تەواوى دەکات.
رۆژانە گەرەکمە بۆ ساتیکى کەم کاژێرى خەیاڵەکانم بەرمەوە قەڵاکەى
کەرکوک و پیاسەیەکى جادەى کۆمارى پێبکەم، بەڵام شنەى عیشقى تۆ وڵات بە
وڵات و بە ئۆقیانوسەکانى موحیببەتداو بەبێ پەسابۆرتى پەڕینەوە، سنور بە
سنورى خۆشەویستیم پێ دەبڕێت پەلکێشمدەکاتەوە.
من داهێنەرى عەشقێکى نوێم، درک بە قوتابخانەبونى خۆشەویستیمان دەکەم و
هەردوک پێکەوە وانەى عیشقە تەواو نەکراوەکانى مەم و زین و وەلى و شەم و
فەرهاد و شیرین، تا فەلسەفەى ژیانى تێدا بڵێینەوەو وێنەى پاقژى و
ئەویندارى لە پۆلەکانیدا هەڵبواسین.
ئەى کچە دەنگ ناسکەکە. تەنها تۆ دەتوانى گۆرانى بۆ خۆشەویستى رۆح بچڕیت
و هیوا ببەخشیتەوە ژیانى ئەڤینداران، بە تەنها تۆ دەزانى لەگەڵ سروەدا
بێیتەوەو پێکەوە لەتەک ئاوازو خوڕەى ئاوە سازگارەکانى نیشتماندا بانگى
موحیببەت بدەیت.. من دەزانم رەنگت لە پەمەیی و دەنگت لە مۆسیقا دەچیت،
لێ وێنە خەیاڵاویەکەت لە ماڵە پڕ جەنجاڵیەکەى هۆشمدایە.. ئەى تۆ
تاهەنوکە لەکام هەورى تۆراودا بویت، من جیهانم بە شوێن تۆدا پەیدەکرد
کەچى لە باخچەى ماڵەکەمدا پشکوتى، من لە شیعرەکانى گۆراندا ویڵت بوم
کەچى پاڵەوانى رۆمانێکى (*
فرانس سیلانبا) بوى.
____________________________________________________
*
فرانس ئیمیل سیلانبا. رۆماننوسێکى فینلاندیە
ساڵى 1939 خەڵاتى نۆبڵى پێ بەخشرا لە ئەدەب.
|