په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٠

نامەی شەشەم:

بۆ ئەو کچەی بە دەنگی ئاسوودەم.


دڵشاد کەریم باخەوان


ئەی ئەو کچەی دەنگت کەناری و رەنگت لە تیشکی خۆر دەچێت.. کۆترە بێ پەیمانەکانی دوێنێ گمەگمی درۆ و گۆرانی درۆیان بۆ گوتم، نامەکانی (نالی)یان دەکردە خۆڵەمێشی جادوو تا مەحبوبە بە ئەھریمەن ئاشنای بکەن، عیشقیان کردە رق و (قابیل)یان کردە خاوەنی، من رقم لە دوێنێیە تیشکی خۆر سەمای تێدا نەکرد و مانگ دەست لەملانێی شەو نەبوو، دەریا کەنارەکانی بێ ماچ ھێشتەوە، (با)ش پرچی دارەکانی شانە نەکرد.


ئەم ئێوارەیەم دەپەرستم، گوێم لە سورەتێکی عیشقە بە دەنگی تۆ، تەھلیلەی خەتمی مانیفێستی خۆشەویستی دەکەم، تا گەردەلولی پەشیمانی تۆڕ بدەین و تەمەنمان ھەڵنەوەرێنێ.. دەمێ گوێبیستی تۆ دەبم حەزەکانم لە ئاسمانی خۆشەویستیتدا باڵدەگرن ئارەزوی ھیچ موزیکێک ناکەن، لە شەقامەکانی تەنھاییدا رۆحی خۆم دەدۆزمەوەو دەیدەمە دەست (با) تا لە رێی شەپۆلەکانی جریوەوە پەرداخێک ماچ بە لێوەکانت بسپێرێ، ئاخر من(با)م خۆشدەوێت چونکە ھەر ئەو بەر لەمن پرچەکانت شانەدەکات و لە دڵت شوشەییەکەت دەڕوانێ و ھەر ئەویش سروەی گشت بەیانیانێک ھەناسەکانی رۆحت ئاشنای خەیاڵەکانی من دەکات..


ئەی (با)ی مەزن خۆم بەتۆ دەسپێرم و نامەی عیشقم بە گوێی خەونەکانمدا بچرپێنەو پێی بڵێ ھەموو شەوێ، نا، ھەموو رۆژێ، نا، نا، گشت ساتێ ئەو لەبەر خۆیەوە شیعرت بۆ دەڵێت و ماڵەکەی پڕکردوە لە رەنگی پەمەیی و دیوارەکانیشی بە دەنگی تۆ، ئەو شەوانە تۆ دەکاتە چرای ئایندەو قەڵەمەکەیشی تەنھا وێنەی تۆ دەکێشێت.

نامەی حەفتەم:


ئەفسونگەرێک پێی وتم، ئەو کچەی تۆ بەدەنگی ئاسودەیت و بژرادەیە لە جوانیدا، ناسکە وەک باڵی پەپولە و لە پرژاڵی دارچنار و لە پرشنگی ئاونگ دەچێت.. خۆشەویستی ئافراندویەتی بۆ ئەوەی لە ئیلیانی دڵە شێتەکەی تۆدا ھەرچی ئاخدارە نەیھێڵێ و چرای بەینەت پێبکا تا ھەموو ژیانت پربکات لە روناکی، تاوەکو لە ژیاندا مابیت لە بەرستۆت نابێتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ ئالودەی دەبیت چونکە ئەو پایز ناناسێت و وەرزەکانی ھەمیشە سەوزن، ئاویژەی ژێر بارانی عیشقە و گوڵستانی پاساریە تۆراوەکانی خۆشەویستیەو ھەرچی باڵندەی ئەویندارە لە دەشتایی خۆشەویستی ئەودا کۆدەبنەوە.


ئەفسونگەرەکە پێی وتم کە تۆ لەگەڵ کازێوەدا تەوژمی تیرۆژی ئەوین دێنیت بۆ زەوی و دواتر دەبیتە چنورو ئاوێنەبەندی دڵە ئاشقەکان، دەنگت باکەشی خۆشەویستیەو بێ تخوب ھەرکەسێک بۆنی بکا پەلکێشی ئەڤینداری دەبێ، ئاوازەخوانی دڵدارانە و لەدەریای خۆشەویستیدا لەگەل ماسیەکاندا سەما دەکات.. زستانان وەک بەفەرەژیلکەو ھاوینان لەکەڵ سروەدا و پایزانیش ئامێتەی سەوزایی دەبێتەوە چونکە ھەمیشە لای ئەو بەھارە.

 

 

awenakat@yahoo.com