٢٩\١١\٢٠١٥
بۆ هاوڕێیە یۆنانییەکەم.

هەنگاو ئازاد
ئەگەر سروشت
جارێکی تر
روحی بەبەرداکردینەوە
لە رێیەکیتر لە شارێکیتر
یەک دەگرینەوە
وەکو ئێستا ئازیزی من
تۆ خۆت بنووسەوە
تا من خۆم بخوێنمەوە
من خۆم ئەنووسمەوە
تا تۆ خۆت بخوێنیەوە
لەو شارەدا
تەمەنم بۆت دەکەم بە پیت
تۆ لە لاپەڕەی ژیانتا بیکە بە وشە
وشەکانم لە خەیاڵتا نغرۆ بکەم
تا دێمەوە هەموویان دەکەم بە رستە
ئا لەوێ تۆ
لە عەرشی فینۆس دانیشە
من دەبم بە شاعیری دیوەخانت
جوانییەکانی ناخت دەکەم بە
شاکار
ئادگاری جوانت بە تابلۆی شار
لەوێ
لە پەڕەی گوڵ ئاو
دەخۆینەوە
لەسەر باڵی پەپوولە
بەرەو مەستیی دەچینەوە
لەوێ
درەختەکان بە شیعر گەورە دەکەین
لە جەستەی تۆ ئاوازی نوئ
چێدەکەین
لەوێ من و تۆ و شیعر دەژین
شیعر کتێبی پیرۆزمان
من شاعیری دیوەخان
تۆش خواوەندی مەملەکەتمان.
hangawazad@outlook.com
|