٤\٢\٢٠١٥
بۆ ھەمیشە جەنگ و
ئازار!
شاژیر محەمەد
ئاخۆ چی دەبێت گەر جەنگ وئازار لە ژیان دا نەمێنێت؟! ئایا دەکرێت ژیان
بەردەوام بێت بێ توندوتیژی و بێ جەنگ؟ توندوتیژی شێوازی زۆرە، ھەرچەندە
ھەندێک لە شێوازەکانی یاساغن بەڵام ھەندێکیان یاساغ نین و بون بە
بەشێکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەمان و ڕاھاتنمان لەگەڵیان وای کردوە
ڕەوایەتییان پێ ببەخشین، لەگەڵ ئەوەی توندوتیژی دەبێتە ھۆی زەرەرو
زیانی دەرونی و جەستەیی و لاوازکردنی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی
،بەڵام ھەرگیز ئێمەی مرۆڤ نەمانتوانیوە دەستی لێھەڵگرین، ھەموومان
بەجۆرێک لە جۆرەکان توندوتیژی دەکەین تەنانەت گەر زۆر نەرم و نیان و
بەبەزەییش بین ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو مێرووانەمان کوشتوە کە دێنە
ژوورەکەمانەوە پێست و فەرھودی ئاژەڵانمان کردوە بە پۆشاک، جەستەی
ئاژەڵێک ژەمە خۆراکێکی سفرەکەمان بووە، گەرچی لە جیھانی نوێدا ھەندێک
لە بیرمەندان لێکۆڵینەوەو شرۆڤەی توندوتیژی بەرامبەر ئاژەڵان دەکەن و
کار لە سەر پارارستن و سەلامەتی ئاژەڵ و تەنانەت ڕووەکیش دەکەن بەڵام
ھێشتا ھەندێک لە ووڵاتانی جیھانی سێیەم قەسابخانەی مرۆڤەکانە، ھێشتا
لەسەر ئەوە مرۆڤ دەکوژرێت کە ناوی عەلی باخود ناوی عومەرە! ھێشتا
خێڵەکان دەجەنگن ویەکتر دەکوژن لەسەر کێشەی باوباپیرانیان یاخود لەسەر
ئەوەی دەبوو لە پاش پێغەمبەر ئیمامی عەلی ببوایە بە جێنشین یاخود
ئیمامی عومەر؟!! لەڕاستیدا مێژووی مرۆڤایەتی بەگشتی مێژوویەکی پڕ
تراژیدیایە و جیاوازی و ناکۆکی نێوان ئایدۆلۆژیا سیاسی و ئاینییەکانیش
ھەمیشە دوو ھۆکاری سەرەکی جەنگ و خوێنڕشتن بوون، ھەرچەندە ئەوانەی
ئازاری یەکتر دەدەن مەرج نییە تەنھا دوو لایەنی سەر بە دوو ئایدۆلۆجیا
یاخود دوو نەتەوەی جیاوازبن بە ڵکو دەشێت کەسە گیانی بە گیانییەکان
یاخود ئەندامانی یەک خێزان بن! وەک توندوتیژی باوکان و دایکان بەرامبەر
منداڵەکانیان لە کۆن دا باوک مافێکی بێ سنوری ھەبوو لەوەی چۆن
منداڵەکەی کۆنتڕۆڵ دەکات؟ چۆن سزای دەدات کاتێک ھەڵە دەکات، تەنانەت لە
ھەندێک کەلتوردا وەک کەلتوری ڕۆمای کۆن باوک مافی ئەوەی ھەبوو کە
منداڵەکەی بفرۆشێت ھەروەھا خێزان و منداڵەکانی لەبری قەرز بدات بە
کەسێکی تر، لە ھەندێک ناوچەی ئەفریقا باوک دەسەڵات و شەرعییەتی ئەوەی
ھەبووە کە منداڵەکەی وەک کۆیلە بفرۆشێت، لە ساڵی ٢٠١٤ دا سزای جەستەیی
منداڵان لە لایەن دایک و باوکەوە لە ٤١ ووڵات دا قەدەغەکرا، یەکەمین
وڵاتیش کە ئەم یاسایەی جێبەجێکرد ووڵاتی سوید بوو، لە جیھان دا بە
شێوەیەکی گشتی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی ئافرەتان ومێینەکانن، بۆ
یەکەم جار دەستەواەی توندوتیژی لەلایەن گرووپە فیمینستەکان و
چالاکەوانانی بواری مافەکانی ژنانەوە بەکارھێنرا لە ساڵی ١٩٧٠و
دواترپرسەکە برایە پەرلەمانی کەنەد، ئەم گروپانە ھەوڵیان دەدا کۆمەک و
پاڵپشتی ئافرەتان و منداڵانی قوربانی توندوتیژی خێزانی بکەن ،لە ساڵی
١٩٩٠ دا پیاوانیش وەک قوربانی توندوتیژی خێزانی دانیان پێدا نرا، باس
کردنی توندوتیژی لە خێزانی کوردی بابەتێکی یەکجار ئاڵۆزە، کۆمەڵگای
کوردی نە کۆمەڵگایەکی تەواو خێڵەکییە و نە کۆمەڵگایەکی تەواو مۆدێرنە
بەڵکو تێکەڵێکی ئاڵۆزی بیرکردنەوە جۆربەجۆرەکانە تەنانەت زۆرجار لە ناو
ئەندامانی یەک خێزان دا دەتوانین بیرکردنەوەی تەواو خێڵەکی و تەواو
مۆدێرن یاخود میانڕەو بەدی بکەین، لە ھەندێک خێزان ئافرەتان قوربانین و
لە ھەندێک خێزانی تر پیاوان! یاخود ھەردولا، لە ڕاستیدا نەوەی نوێی
خێزانی کوردی دووچاری دۆخێکی تەواو دوفاقی بوەتەوە چونکە لەلایەک
ناتوانێ لەسەر سیستمی خێزانی کۆن بەردەوام بێت و لەلایەکیش ڕێگری لێ
دەکرێت لەوەی سیستمی خێزانی مۆدێرن پەیڕەو بکات، ھیچ خێزانێک نییە بە
دوور بێت لە توندوتیژی مانەوەی بەردەوام یاخود ھەمیشەیی چەند مرۆڤێک لە
ماڵێکدا بە تایبەت لە کاتێکدا زۆرجارئەو مرۆڤانە یاخود ئەندامانی ئەو
خێزانە جگە لە و ڕێکەوتە سروشتییەی کە ناچاری کردون پێکەوە بژین ھیچ
ھۆکارێکیان نیە بۆ پێکەوە ژیانیان، یاخود جیاوازییەکی زۆر
لەبیرکردنەوەو خواستەکانیان ھەیە و ھەریەکەیان شتێکی دەوێت کە ئەوی دی
ڕەتی دەکاتەوە بەم جۆرەش پێکەوە ژیانیان پێکەوە ژیانێکی ناچاری
وزۆرەملێییە و تەنھا کلتورویاسا کۆمەڵایەتییەکان پێکەوەی بە ستون نەوەک
خۆشەویستی یاخود ویستی خۆیان،لە ھەندێک ناوچەی جیھان وەک (رۆژھەڵاتی
ناوەرَاست، باشوری ئاسیا و بەشێک لە ئەفریقا) گرفتەکانی ھاوسەرگیری
ھۆکاری سەرەکی دروست بوونی توندوتیژی خێزانین، چونکە لەم کلتورانەدا
ھاوسەرگیری بە بێ رەزامەندی ھاوسەرەکان دروست دەکرێت یاخود کچ لەگەڵ لە
دایک بونییەوە ھاوسەری بۆ دەستنیشان کراوە، ئەم دیاردانە بەتایبەت لە
ووڵاتی ھیندستان بە دی دەکرێن، لە ڕاستیدا ناتوانین سنوورێکی جیاکەرەوە
لە نێوان ھاوسەرگیری بە زۆر و ھاوسەرگیری بە خواستی ھاوسەرەکان بکێشین
چونکە ئەوەی تا ئێستا ڕوودەدات تێکەڵێکە لەم دوانە تەنانەت گەنجانی
نوێش ھەوڵ دەدەن ھاوسەرێک ھەڵبژێرن کە لەڕووی پێگەی کۆمەڵایەتی و
ئابوری و ئاینییەوە جێگەی ڕەزامەندی خێزانەکەیان بێت، تا ئێستاش لە
زۆرینەی ووڵاتانی جیھان دا ھاوسەرگیری نێوان دوو خێزانی سەربە دوو ئاین
یاخود دوو نەتەوەی جودا گرفتی خێزانی دروست دەکات تەنانەت زۆرجار
ڕووداوی کوشتنی لێدەکەوێتەوە، گرفتە خێزانییەکان ھەرگیز لە ھەنگاوێکدا
ناوەستن ھەمیشە بریندارکردنێک بریندارکردنێکی تری بە دوادادێت و
ھەڵەیەک ھەڵەیەکی تر دروست دەکات. ھۆکارەکانی توندوتیژی بێ سنورن و
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ ھەیە لە نێوان ھەژاری
و توندوتیژید، ھەژاری توندوتیژی دروست دەکات و ھەمیشە داھاتێکی زۆریش
بۆ کڕینی کەرەستەی جەنگەکان و دواتریش پاش جەنگ بۆ سڕینەوەی
ئاسەوارەکانی جەنگ و تیمارکردنی برینداران و چاککردنەوەی زیانەکانی
جەنک خەرج دەکرێت، خراپی سیستمی خۆراک و بەدخۆراکی یاخود نەبونی
ڤیتامینی پێویست لە ژەمە خۆراکەکان کارکردنی کۆئەندامی دەمار و مێشک
تێک دەدات و لەمەشەوە وادەکات مرۆڤ بڕیاری نادروست بدات، لەو سنوورە
جوگرافییەی کە داھاتی تاک کەمە و باری ئابووری لاوازە و ڕێژەی
بەدخۆراکی بەرزە بە ھەمان شێوە ڕێژەی تاوانەکانی توندوتیژیش بەرزە، لە
ئەنجامی توێژینەوەیەک لە سەنتەرێکی تایبەت بە بەندکراوانی ھەرزەکار
دەرکەوتوە کە ڤیتامینەکان ڕێژەی ڕووداوە توندوتیژەکانی بۆ نیوە
کەمکردوەتەوە، ئەو خۆراکەی دەدرێت بە منداڵ گەر لەڕووی ڤیتامینەکانەوە
کەم و کورتی ھەبێـت و ڤیتامینی پێویست لە خوێن دا نەبێت ئەوا کاری مێشک
و دەمار تێک دەچێت و کەسەکە بەرەو توندوتیژی و ڕەفتاری نادروستی
کۆمەڵایەتی دەچێت، بۆیە پێویستە ژەمە خۆراکی پێوست و تەندروست و
ھاوسەنگ لە ڕووی کانزاکان و ڤیتامینەکانەوە بە منداڵ بدرێـت کەمی
ڤیتامینەکان لە دەماخ دا دەبێتە ھۆی زنجیرەیەک نەخۆشی دەرونی کەمی
ڤیتامین بی دوانزە دەبێتە ھۆی ژەھراوی بونی دەماخ و توندوتیژی و خەمۆکی
و پاڕانۆیا (کە وەک شیزۆفرینیا وایە و نەخۆشەکە گومانی خراپ لە کەسانی
تر دەکات و ھەست بە ستەملێکراوی دەکات)، ھەروەھا پەیوەندییەکی زۆر لە
نێوان کەمی ڤیتامین بی دوانزە و نەخۆشی دیمێنچە (جۆرە نەخۆشییەکی
دەرونییە) دۆزراوەتەوە، ھەروەھا بە کارھێنانی ھەڵەی خواردنەوە
کحولییەکان ھۆکارێکی گرنگی دروست بونی توندوتیژی خێزانییە، بە پێی
ئامارەکان ساڵانە ١.٦ ملیۆن کەس لە جیھان دا ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە
لە سەدا پەنجا خۆکوشتن و لە سەدا سی و پێنج کوشتن و لە سەدا دوانزە بە
ھۆی جەنگ و جۆرەکانی تری ململانێوە، لە وڵاتی ئەفریقا لە ھەر سەد ھەزار
کەسێک بە نزیکەیی شەست و یەک کەس بە ھۆی توندوتیژییەوە دەمرن ،ھەروەھا
ئامارەکان ئەوە نیشان ئەدەن کە لە وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە
ڕۆژێکدا دە گەنج بە گولەوە دەکوژرێن، ئامارەکان ئەوە نیشان دەدەن کە
قوربانییانی توندوتیژی زیاترە لە قوربانییانی ڕووداوەکانی ھاتوچۆو
نەخۆشی سیل و مەلاریا.
لەوانەیە سروشتی ژیان بۆخۆی بەو جۆرە خولقابێت کە بە بێ توندوتیژی
بەردەوام نەبێت ھەمیشە بابەتێک ھەیە بۆ جەنگ وململانێ وئازاردان،
تەنانەت خواوەندی ئاینە جۆربەجۆرەکانیش لە کتێبە ئاسمانی و نا
ئاسمانییەکان باس لە سزای توندوتیژ دەکات دژی ئەوانەی سەرپێچی
فەرمانەکانی دەکەن! لێرەوە دەکرێت ئەوە لە خۆمان بپرسین ئاخۆ گەر
دەکرێت ئامانجەکانمان بە ڕێگایەکی نا توندوتیژ بەدی بھێنین و گەر
بەدیلێک ھەیە بۆ توندوتیژی و ئێمەی مرۆڤ ھێشتا پەیمان بەو بەدیلە
نەبردوە ئایا دەکرێت خواوەندەکانیش ھەر پەییان بو بەدیلە نەبردبێت و
ئەوانیش ھەر وەک ئێمەی مرۆڤ ناچار پەنا بۆ توندوتیژی بەرن؟! یاخود
گەربەدیلێک ھەیە بۆچی بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی چەندین گاندی و مارتن
لۆسەر دێن و دەڕۆن توندوتیژیش بەردەوام دەمێنێتەوە؟ بەدبەختی لەوەدایە
کە گەشەکردنی رەوتی شارستانی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی نەک نەبێتە ھۆی
کەمکردنەوەی توندوتیژی بەڵکو لە جەنگی جیھانی یەکەم دا ژمارەی
قوربانییەکان ٤٠ ملیۆن بێت و لە جەنگی جیھانی دووەم ببێتە ٧٠ کەس!
mm_baxtyar@yahoo.com
|