په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠٢٥

بۆ کۆمۆنیستەکان یەکسانیی بنچینەییترە لە ئێکۆتی و دادپەروەریی.

عامر سابیر      


لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٤دا ڕەخنەیان لە کۆمۆنیستەکان گرت و وتیان ئێوە هەڵەن کە داوای یەکسانیی ئەکەن، پێویستە داوای ئێکوتی (بۆ هەر کەس بە پێی پێویست) بکەن. ئەمانە بۆ دژایەتی یەکسانیی و سەلماندنی قسەکەیان، ئەم وێنەیەی کە لەگەڵ ئەم وتارەدا بڵاوکراوەتە، هێنابویانەوە و ستایشی ئێکوتی و دژایەتی یەکسانییان پێدەکرد.

لەم وێنەیەدا مەبەست لە یەکسانیی و بنچینەی مەبەستێک کە ئەم سێ کەسە بۆی هاتوون، بینینی یارییەکەیە لە لایەن هەرسێکیانەوە بە یەکسانیی بە بێ ئەوەی کە جیاوازی لە باڵا و تەمەنیاندا ببێتە لەمپەر لەبەرانبەر ئەم مەبەستە بنچینەییەدا. پێویستی سەپاندنی ئەم یەکسانییە ئەوەیە کە هەرسێکیان لەناو یاریگاکەدابن و بە ئاسانی و یەکسانیی بتوانن یارییکە ببینن. کرێکارێک کە هوشیاری چینایەتی بەرزبێت پێداگری لە یەکسانیی ئەکات و ناکەوێتە داوی زاراوەی بیرمەندانی سەرمایەدارییەوە.

 

من لە خوارەوە دێمەوە سەر باسی ئێکوتی.

لە هەشتی مارسی ئەمساڵیشدا (٢٠٢٥) خانمێکی گەنج بەناوی (نما ناوپردانی) وتارێکی کورتی نووسیوە بە ناونیشانی (ژنان دەبێت داوای دادپەروەری بکەن نەک یەکسانیی)(١) کە لە سایتی (ڕۆژ نیوز) و فەیسبووکی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە. ئەم خانمە کە لەژێر کاریگەری کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردستانی ئەودیوودایە، بۆ ڕەواییدان بە بۆچوونە نادروستەکەی، وتارەکەی بۆ ٨ی ئادار و ڕۆژی جیهانی ژنان نووسیوە و باسی ڕۆڵی کەسێکی شۆڕشگێر و هەڵسوڕاوێکی سۆشیالیستی وەک کلارا زیتکین (١٨٥٧-١٩٣٣) ئەکات لە بە فەرمیی ناسینی ئەو ڕۆژەدا. نما ئەنجامگیرییەکی پووچی هەڵهێنجاوە و ڕوو بە ژنان ئەڵی "کاتێ دەتەوێ داکۆکی بکەیت لە یەکسانیی و داواکاریت ئەم چەمکەیە، کەواتا تۆی ژن دەیسەلمێنێت هەتا ئێستا هاوتای پیاو نیت"!

نما پێناسەیەکی نادروست بۆ دادپەروەریی دائەتاشێت و ئەڵێ "چەمکی دادپەروەری بەندە بە کۆمەڵێ بنەما و ڕوانینی جیاواز، ڕەوشتبەرزی، ژیرێتی، یاسا و ئاین".

نما ئەبێت ئەوەی لا ڕۆشن بێت کە ڕەشت و ژێرێتی سیفاتی خودیی (سەبجێکتیڤی) تاکەکانن و ڕێژەیی ئەپێورێ. ئەوەی لە کۆمەڵگایەکدا بە ڕەوشتبەرزیی و پەیڕەوکردنی ئاین پێناسە کراوە، ئەکرێ لە کۆمەڵگایەکی تردا بە تاوان و بێڕەوشتیی بناسرێ. بۆ نموونە لە عێڕاقدا کۆنەپەرستان خەریکن لە ڕێگەی پەرلەمانەوە هاوسەرگیریی مناڵانی ٩ ساڵان ئەسەپێنن(٢). لە کۆمەڵگایەکی مرۆییدا ئەنجامدانی ئەمە تاوانێکی گەورەیە و دادگاییکردن و زیندانی بەدوادا دێت.

سەبارەت بە یاسا و ئاینیش، هەر ئێستا لەمڕۆی دنیای سەرمایەداریدا بێمافییەکانی ژنان بە یاسا و ئاینەکان ڕەوایەتی پێبەخشراوە و سەپێندراوە بە سەر ژناندا. ژنان بە پێی یاسایەکان کرێی یەکسانییان پینادرێت بۆ کاری یەکسان. بە پێی ئاین و ئەو یاسایانەی کە لە ئاینەوە سەرچاوەیان گرتووە ژنان بە نیوە مرۆڤ و چارەکە مرۆڤ سەیر ئەکرێن و بە دوانیان شاهیدێکن و نیوەی برا میراتیان پێدەدرێت و چواریان بۆ پیاوێک حەڵال کراوە.

نما بەردەوام ئەبێت لە چەواشەکارییەکانی و ئەڵێ "ژنی ئازا و ئازاد پێویستی بەوە نییە جیهانی سەرمایەداری ڕۆژێکی بۆ داتاشێت و چیرۆکێکیش بۆ یادەکە بکاتە پاڵپشت"!

ئەوە جیهانی سەرمایەداری نییە کە ڕۆژێکی دانابێ بۆ ژنان، بەڵکو ئەوە بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیست و مارکسییەکان بوون کە ئەم ڕۆژەیان (٨ی ئادار)یان لە ساڵی ١٩١٠ ەوە وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکرد و سەپاندیان بە سەر سەرمایەداریدا، تا لە ساڵی١٩٧٥ دا نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە فەرمیی ناسی و لە ئێستادا لە ٢٧ وڵاتی جیهاندا ٨ی ئادار پشووی فەرمییە. هەروەها پێشینەی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە داتاشینی چیرۆک نییە، بەڵکو ڕووداوێکی کەتوارییە کە کرێکارانی ژن لە نیویۆک لە ساڵی ١٩٠٨دا بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانیان دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە و مانیانگرت و خۆپیشاندانیان بەرپاکرد بۆ بەدەستهێنانی مەفەکانیان. نما درێژە بە بۆچوونە نادروستەکانی ئەدا و ئەڵێ "ژنی هوشیار هەرگیز خۆی وەک ژن نابینێت بەڵکو وەک مرۆڤ خۆی ئەبینێ" ئەوە سیستەمی چینایەتی سەرمایەدارییە کە ژنان وەک مرۆڤ و یەکسان بە پیاو ناناسێ، نەک ژنان خۆیان، نما لەمەشدا ژنان تاوانبار ئەکات نەک ئەم سیستەمی سەرمایەدارییە کە قازانجی چینایەتی هەیە لە هەڵاواردن لە دژی ژنان. ئەوە ژنان نین کە خۆیان بە مرۆڤ هەژمار ناکەن، بەڵکو سیستەمی سەرمایەدارییە کە هاوتای پیاو نایانبینێ و کرێی یەکسانییان پێ ڕەوا نابینێ. ئەوە ئاینە کە پایەیەکی سەرەکی سیستەمی سەرمایەدارییە کە ژن وەک مرۆڤ لەبەرچاو ناگرێ و بە نیوە شاهید و چواریان بۆ پیاوێک بە فەرمیی ئەناسێ.

ئێستا با بگەڕێینەوە سەر ئێکوتی، لە سیستەمی سەرمایەداریدا کە نایەکسانیی و قڵشتی چینایەتی سیمایەتی، ئێکوتی (بۆ هەر کەس بە پێی پێویست) ئەتواندرێ بەکاربهێندرێ و سودی لێوەربگیرێ تا قڵشتی چینایەتی کەم بکرێتەوە. بۆیە زۆرجار لەم سیستەمەدا ئەوە سەرمایەدارانن کە لەجیاتی ئێکوتی داوای یەکسانیی ئەکەن.

بۆ نموونە لە ئوسترالیا قوتابخانەی گشتی و تایبەتی هەیە. لە قوتابخانە تایبەتییەکاندا هەر مناڵێک ساڵانە لە نێوان دوو هەزار دۆلار بۆ چل هەزار دۆلار ئەدات بە قوتابخانەکە. هەندێ لە قوتابخانە تایبەتەکان کە هەرە دەوڵەمەندەکان منداڵانیان دەنێرن بۆی، خاوەنی توانستێکی زۆرن، ڕووبەری قوتابخانەکانیان زۆر فراوانە، گۆڕەپانی تێنس و تۆپی پێ و ڕاکردن و حەوزی مەلەی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەتوانن باشترین مامۆستاکان بەکرێ بگرن بە مووچەی باشەوە، پۆلەکانیان ژمارەی قوتابیان تیایدا کەمە و بەهرەمەندە لە هەموو تەکنەلۆجیایەک. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ دا وەزیری پەروەردەی حکومەتی فیدراڵی کە (جولیا گیلارد) بوو لە حیزبی کرێکاران و سیاسەتیان بۆ پەروەردە لەسەر پێدانی پارە بۆ قوتابخانەکان (گشتی و تایبەتی) ئەوە بوو کە بەپێی پێویست پارەیان پێبدرێت. واتە پێدانی پارە بە قوتابخانەیەکی تایبەت کە منداڵی دەوڵەمەندان بۆی دەچن و داهاتێکی ئەندێشەییان دێتە دەستەوە، پێویستە جیاوازبێت لە قوتابخانەیەکی گشتی کە قوتابی زۆری تیادایە و زیاتر پێویستیان بە پارەیە تا دەوڵەت بیانداتێ. بەڵام سەرمایەداران و میدیاکانیان کەوتنە هەڵمەتێکی ژەهراویی لە دژی ئەم سیاسەتەی حیزبی کرێکاران و وتیان ئەمە هەڵاواردنە و پێویستە حکومەت پارەی یەکسان بدات بە هەموو قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان وەک یەک. وتیان قوتابخانە تایبەتەکان کە خێزانی منداڵەکان پارە ئەدەن، پێویستە ستایشبکرێن نەک سزابدرێن و دەوڵەت پارەکانی کەمکاتەوە بۆیان. ئەمەیان بە هەڵاواردن خستەڕوو و حیزبی کرێکارانیان ناچار کرد کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠دا واز لەم سیاسەتی ئێکوتییە بهێنێ و پەیڕەوی یەکسانیی بکات.

ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا یەکسانیی جێکەوتە بێ و جیاوازی نەخرێتە نیو منداڵانەوە و بە پێی پارەی گیرفانی باوانیان دابەشنەکرێن بەسەر قوتابخانەی تایبەت و گشتیدا، ئەوا یەکسانیی نەک ئێکوتی کارساز و مرۆییانەیە. ئەگەر هەموو قوتابخانەکان گشتی بن و هەڵاواردن نەسەپێندرێ ئەوا یەکسانیی وەڵامە نەک ئێکوتی.

لە باسی یەکسانییدا، بۆ کۆمۆنیستەکان یەکسانیی ئابووری بنچینەییە. هەر وەک مەنسور حیکمەت (١٩٥١-٢٠٠٢) لەسەر یەکسانیی وتی "یەکسانی تەنیا بە مانای یەکسانی حقووقیی و قانوونی یان یەکسانی هاووڵاتی کۆمەڵگایەک لە هەر میللەت و نەژاد و ڕەچەڵەکێک نییە. بەڵکو بە مانای یەکسانیبوون لە ئیمکاناتی ماددیدایە. لەدەستڕاگەیشتن بەو ئامرازانەی کە دەبنە هۆی هەڵدانی توانا و لێهاتوویی فەردی و کۆمەڵایەتی...هتد"(٣).
________________________________________
١- لینکی وتارەکەی نما ناوپردانی لە سایتی ڕۆژ نیوز:
https://rojnews.news/?p=561152
٢- لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا پەرلەمانی عێراق، یاسای گۆڕی و ڕیگەی دا بە هاوسەرگیریی کچانی ٩ ساڵ و تەمەنی هاوسەرگیریی کوڕانیشی کەمکردەوە بۆ ١٥ ساڵ کە پێشتر ١٨ ساڵ بوو.
٣- وتاری (ئازادی، یەکسانی، حکوومەتی کرێکاری)، مەنسور حیکمەت، لە کتێبی (هەڵبژاردەیەک لە نووسراوەکانی مەنسوور حیکمەت) بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم (٢٠٠٨)، ل (٢٣٧-٢٤٤).


٢٦\٣\٣٠٣٥
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک