په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

بۆ کوردەکان،

هه‌ژده‌ ساڵ و حیکمه‌تى نەبینینى ژنى سەرۆک لە چى دایە؟


نیاز عەبدوڵا
  


لە پێناو هەر وەرچەرخانێکى بنەڕەتى لە یەکە پێکهاتووەکانى نێو کۆمەڵگە، نێر و مێ هەردووکیان بە هەر سیفەت و جۆرێک بێت کاریگەرى راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەو گۆڕانکاریانە دەبینن، کە کۆمەڵگا بە جۆرێکى پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ پیایدا تێدەپەڕێت و بەسەریدا دێت.


بە پێى مێژووى مرۆڤایەتى، هەوڵدان و ململانێکان لە پێناو بە دەستهێنانى زۆرترین پشک و رۆڵ بینین لە وەرگرتنى دەسەڵاتەکان و گۆڕانکارییەکان، لە نێوان نێر و مێ بە شێوەیەکى بەردەوام بوونى هەبووە. لەگەڵ ئەوەش لە سەردەمى مێژووى نوێدا، بە هۆى تێکشکاندنى زۆرێک لەو کۆت و بەندە کۆیلایەتیانەى کە کۆمەڵگا بە هۆى نەریتە چەقبەستووەکان بەسەر مێ سەپاندبووى لەو وڵات و کۆمەڵگایانە تێکشکان کە بڕیارى چى دى کۆیلە نەبوونى ژنانیان دا، بەمەش قۆناغێکى نوێ لە ژنپارێزى و سەبارەت بە مافەکانى مرۆڤ هاتە ئاراوە.


بە پێى جیاوازى لە ناوچە جوگرافییەکان، بە تایبەت ئەو وڵاتانەى کە پیادەى داب و نەریتێکى کۆیلانە بۆ مێ دەکەن و ئاینیان بە شێوەیەکى وا پەیامى تیادا راگەیەندراوە، کە ژن تیایدا بە بەراورد لەگەڵ پیاو پلە دووە، لەو کۆمەڵگایانە مێ قوربانییەکى گەورەیە و تەنیا دەتوانێت خزمەت بە گەڵ و گەدەى نێر بکات و وەچەى نوێ لەسەر هەمان ئەقڵییەتى کۆن پەروەردە بکات کە خزمەتێکى راستەقینە بە بەها مرۆڤایەتییەکان ناکات.


لەو دەمەى سەرجەم نێردراو و پێغەمبەرکان پیاو بوون، دانان و نووسینەوەى ئەو پەیامانەى گوایە لە لایەن خوداوە هاتوون لەبەر کۆمەڵێک هۆکار لە بەرژەوەندى پیاو نووسرانەوە.


لەم نێوانەشدا مێ گەورەترین پشکى کۆیلە بوون و قوربانیدانى رووح و جەستەى بەرکەوت، تەنانەت لە پشکدارى و دەسەڵاتداریشدا نەیانتوانى ببنە سەرکردەیەکى سیاسى یان کۆمەڵایەتى، بەڵگەشم بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە لەو وڵاتانەى کە ئاینێکى وەک ئیسلامیان تێدا بڵاوە ژنێک بە ماناى سەرکردە نابیندرێت، بەڵکو هەمیشە وەکو پاشکۆ دەرکەوتووە. کۆمەڵگاى کوردیش وەکو یەکێک لە ناوچە بێبەشەکان لە ئازادى پیادەکرن و هەڵبژاردنى ئاینى جیاواز و پاراستنى بنەماکانى مافى مرۆڤ و بە ئازادى ژیان، مێ تیایدا بووەتە قوربانى داب و نەریتێکى دواکەوتوو و ئەقڵییەتى ئەو پیاوانەى کە بانگەشەى پاراستنى وڵات دەکەن.


لە ساڵى 1991ەوە کوردەکان لە باشوورى کوردستان راپەڕینیان ئەنجامدا و ئەم ساڵیش هەنگاویان نایە تەمەنى 18 ساڵى ئەم راپەڕینە، کەچى سەرەڕاى ئەوەى مێیەکانى ئەم کۆمەڵگایە لە رابردوودا لە پێناو هاتنە ئاراى کۆمەڵگایەکى ئازاد و دوور لە ئەشکەنجەى تاکەکان تێدەکۆشان، لە ئێستادا بە بەراورد بە قوربانى و ماندوو بوونەکان، مێ لە قۆناغێکى دژوار و سەختى ئێستاى ئەم کۆمەڵگایەدایە، بە جۆرێک نیگەرانییەکى بەرفراوانى لە رووى نێودەوڵەتیشەوە لێکەوتووەتەوە.


سەرەڕاى ئەوەى چەندین ساڵ لە ژێر هەر بیانوو و هۆکارێک بێت توندوتیژى لە بەرامبەر مێى کورد ئەنجام دەدرا، بەڵام لەو دەمەى کوشتنى دوعا بە چەشنى بە کۆمەڵ و بە وێنە گیراوى ئەنجامدرا، نەتواندرا ئەم تاوانە بشاردرێتەوە، بە هۆکارى بایەخ پێدانى رۆژنامەکان و بڵاوبوونەوەى ئەم باسە لە ماڵپەڕە کوردى و جیهانییەکان چى دى نەتواندرا ئەو توندوتیژیانەى کە بەرامبەر مێى کورد ئەنجامدەدرێت بشاردرێنەوە. ئەمەش تەنگەتاوى و نیگەرانى بۆ دەسەڵاتدارانى نێو حکومەتى کوردستان و پیاوە ئاینییەکان دروست کرد، چونکە نەیانتوانى حاشا لەو بابەتە بکەن لە بەرامبەر راى گشتى جیهان.


تەنانەت زۆرێک لەو سەرکردانەى کە بە گەشتە سیاسییەکانیان چوونە دەرەوەى کوردستان، لە لایەن سیاسەتى ئەو وڵاتانە دووچارى رەخنەیەکى توند بوونەوە لە بەرامبەر کوشتنى دوعا و هەبوونى توندوتیژى بەرامبەر بە مێ لە کوردستان.


ئەوەى جێگاى نیگەرانییە بە درێژایى 18 ساڵ توندوتیژى لە بەرامبەر مێى کورد لە سێبەرى حوکمدارى و خودموختارى کوردى و سێبەرى ئاینى ئیسلام ئەنجامدراوە و بەردەوامى هەبووە. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى چەندین رێکخراو بە ناوى داکۆکیکردن لەمافى مێ و رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى هەبوون و سەرجەم حزبە کوردستانییەکانیش لە مینەبەرەکانى راگەیاندنەوە لە پێناو رێکلامە سیاسییەکانیان داکۆکییان لە مافەکانى مێ دەکرد و سەرجەم ئەو سەرکردانەى کە تاوەکو ئێستاش ژنەکانیان لە کونجى ماڵەکان کەوتوون بە وشە بریقەدارەکانیان هاتبوونە گۆ.


سەرکردە کوردەکان و بەرپرسى هەر یەکێک لە حزبە کوردستانییەکان کە زۆربەیان بە ئاینى ئیسلام بڕوادارن و بانگەشەى یەکسانى و رێزگرتن لە کارى مێ لە بوارى حزبى و کۆمەڵایەتى و سەرجەم دەسەڵاتەکانى نێو کۆمەڵگا دەکەن، پاش 18 ساڵ رۆژێک لە رۆژان ژنەکانیان و خێزانەکانیان لە بڕیارێکى سیاسى بە تەنیشتیانەوە نەبیندران. کەچى سەرکردە کوردەکان بێشەرمانە بە بێباکى داوا لە پیاوەکانى دیکەى نێو کۆمەڵگا دەکەن رێز لە ژنەکانیان بگرن و توندوتیژیان لە بەرامبەر نەنوێنن.


لەم رۆژانە یەکێک لەو کەسانەى کە ناسیاوى لەگەڵ چەند ئەندامێکى مەکتەب سەرۆک هەیە، بۆى باسکردم یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى ناو ئەو مەکتەبە، شەو ژنەکەى کوشتووە و پاشان سوتاندوویەتى، بە هۆکارى باڵادەستى ئەو پیاوەش خێزانى ئەو ژنە نەیانتوانیوە هیچ بڵێن، بۆ بێدەنگ کردنى ئەو ماڵەش هەوڵى ئەوەى داوە پارەیان پێبدات، لە کاتێکدا ئەو ژنە بارزانییە و شێوەکاربووە.


بۆ ئەوەى بە دروستى لە ژێر سایەى دەسەڵاتى خودموختاریدا رێز لە مافەکانى مرۆڤ بگیرێت، پێویستە سەرجەم ئەو بەرپرس و لایەنانەى کە بانگەشەى یەکسانى و نەهێشتنى توندوتیژى لە بەرامبەر ژنان دەکەن، لە خۆیانەوە هەنگاو بۆ ئەم بوارە بنێن و وەک ئەوەى کە بانگەشەى دەکەن ژن دەستى لەسەرجەم گۆڕانکارى و بەدەستهێنانى ئازادییەکانى ئەم وڵاتە هەبووە، دەشبێت ئەوەیان پێشەرم نەبێت کە ئەو ژنەى لە سەختییەکاندا هاوشانى بووە لە گەڵى دەربکەوێت، چونکە ئەگەر ئەو ژنە کەسێک بووە بەشدارى لەو گۆڕانکاریانە نەبووە و پێى باش نییە دەربکەوێت، دەبێت ئەوەشى پێڕەوا نەبینێت لە گیرفانى خەڵکى ئەم نیشتیمانە ڤێللا و بانقەکانى دنیا بە ناوى ئەو پڕ لە پارە بکات.


نموونە زیندووەکانى ئەم باسە لەبەر چاون، ئەوەتا سەرۆکى هەرێم مەسعود بارزانى رۆژێک خانمەکەى لەگەڵ کەسو کارى ئەنفالکراوەکاندا نەبیندرا و دایکى منداڵەکانى لە دەزگا راگەیاندنەکانەوە دەرنەکەوت، کەچى سەرۆکى کوردستان هەمیشە بانگەشەى نەهێشتنى توندوتیژى و پاراستنى مافەکانى مێ دەکات.


ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە چەندین بەڵگە هەن بۆ سەلماندنى ئەو راستییەى چەندین بەرپرسى نێو حیزبەکەى لە شیرینى خەودا ژنەکانیان کوشتووە و هەندێک لە پاسەوانەکانیان تاوەکو ئێستاش بە لێدان مامەڵە لەگەڵ هاوسەرەکانیان دەکەن. لە بەرامبەر ئەوەشدا خەریکە دەسەڵاتى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەشێوەیەکى نایاسایى بە قەد هێندەى دەسەڵاتەکانى جەلال تاڵەبانى مێردى لێدێت و بەرپرسەکانى دیکەش بۆ رازیکردنى ژنەکانیان تەنیا ژمارەى تاپۆى خانووەکانیان بۆ زیاد دەکەن.


ئەوەى کێشەى سەرەکییە لەم نێوانەدا پاش تێپەڕ بوونى ساڵانێکى زۆر، لایەنێک وەکو پێویست کە خۆى بە سەرکردە و رابەرى ئەم وڵاتە دەزانێت نەیویست وەکو پێویست پەنا بۆ جێ بەجێ کردنێکى دادوەرانە بەرێت و هەوڵ بۆ بەدیهێنانى ژیانێکى مرۆڤ دۆستانە بدات. لەگەڵ ئەوەشدا گەمە سیاسییەکانى نێو کورد لەو بوارە بە پاڵپشتى هەندێک لە رێکخراوەکانى ژنان بەردەوامن و مەرگى ژنان بووەتە باشترین کارتى بازرگانیکردن بە چارەنووسى مێ لەم وڵاتە.


بەپێى ئامارێک لەسەر قوربانیانى توندوتیژى کە لە ئاژانسى فرانس پریس لە ساڵى 2008دا بڵاوکرایەوە، ئەوە خرایە روو، کە لە ساڵى 1991 تا 2007 بە بیانووى نامووس پەرستى 12500 مێ لە کوردستان کوژراون، دەبێت ئێمە لە کوردستان لە خۆمان بپرسین ئاخۆ حیکمەتى راپەڕینێک لە چى دابێت کە لە سایەیدا زیاتر لە 12000ژن بە بیانووى نامووس پەرستى کوژرابن، ئەمە جگە لەوەى بە هۆکارى هەبوونى شەڕى ناوخۆ چەندین پیاویش لە پێناو خەونە بێ تەفسیرەکانى ئەوان بوونە قوربانى. ئەمە لە کاتێکدا خودى ئەو کیمیابارانەى کە عەلى کیمیاوى بەسەر هەڵەبجەدا رژاندى کەمتر لەم رێژەیەى لێبووە قوربانى.


بەڵام ئەوەى کارەساتە حکومەتى کوردى بێ شەرمانە وەکو ئەوەى بییەوێت سوڵحى عەشایەرى لەگەڵ راى نێودەوڵەتیدا بکات و خۆى لە بەرامبەر ژمارەى قوربانییەکانى توندوتیژى لە ژێر بیانووى نامووس پەرستى گێل بکات. ئەوەتا لەم ماوەیەدا بە هەوڵدانێکى سیاسیانەى دوو قۆڵى وەزارەتەکانى ناوخۆ لە سلێمانى و هەولێر بە پاڵ پشتى چەند لایەنێک هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن گەمەیەکى سیاسیانە بێننە ئاراوە بەوەى رێژەى توندوتیژى لە کوردستان کەمبووەتەوە، لە بەرامبەر ئەمەش راى نێودەوڵەتى سەبارەت بە کەمبوونەوەى توندوتیژى لە کوردستان بەدیبهێنن.


بەڵام سەرەڕاى ئەم بانگەشە سیاسیانە بۆ پیشاندانى ئەوەى کە رێژەى توندوتیژى لە بەرامبەر ژنان کەم بووەتەوە، رۆژانە چەندین چیرۆکى دڵتەزێن سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و کوشتنى ژنان لە رێگاى دەزگا راگەیاندنەکان و کەسى نزیک دەبیستین و دەبینین، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن دەسەڵاتەکانى ئەم وڵاتە نەینتوانیوە تەنیا پێداویستییەکانى ژیان بۆ مرۆڤەکانى ئەم وڵاتە دابین بکات، بەتایبەت ژنان کە زۆربەیان لە ژێر سیاسەتە هەڵەکانى ئەوان بە بێوەژنى و بێخۆشەویست مانەوە. ئەگەر حکومەتى کوردستان لە بەرامبەر راى گشتى جیهان ئەوە بەشەرم بزانێت کە ژن کوشتن لە ژێر سایەى دەسەڵاتى ئەواندا بەردەوامە، دەبێت هەنگاو بە ئاراستەیەکى جدی بنێت بۆ ئەوەى دواى 18 ساڵ مرۆڤەکان لە چەشنى دوعا بە بەردەوامى نەکوژرێن و سوکایەتییان پێنەکرێت. دەبێت لەوەش دڵنیابین ژنەکانى ئەم وڵاتە هەموو لە چەشنى دوعا دەکوژرێن، بەڵام ئەوان بە بێ وێنەگرتن و تۆمارکردنى رووداوەکان دەخرێنە ژێر خاک.


ئێستا کاتى ئەوە هاتووە دواى ئەم 18 ساڵى خودموختارییە و ئەو هەموو یادکردنەوەیەى رۆژى 8ى مارس لە کوردستان و شیرینى خواردن و دەهۆڵ و زوڕنا کوتینە، هەر یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى نێو حکومەتى کوردى، هەست کردن بە بەرپرسیارێتى بیانگرێتەوە، لە بەرامبەریشدا چى دى هەوڵ بۆ کڕینى جەستەى مێینەى کورد لە رێگاى پاسەوانەکانیان و دەزگا سیخوڕییەکانیان نەدەن و چى دى ژن بە تەنیا وەکو کەرستەیەک بۆ تێرکردنى گەڵ و گەدەیان بەکارنەهێنن.

 

 

niyaz_abdulla6@yahoo.com