بۆڵه‌بۆڵ .
باوکی چه‌پک
زه‌مه‌ن : کۆتایی ساڵی (٢٠٠٧)ه. مرۆڤه‌کانی کورد زۆربه‌یان له‌وپه‌ڕی جه‌هاله‌ت دان! شوێن: به‌ریتانیایه (به‌ریتانیای گه‌وره).. به‌رده‌می سوپه‌رمارکێتی چه‌پک هه‌مووی توێکڵه‌گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه... وه‌رز پایزه و گه‌ڵاکان چه‌شنی سیمای که‌سێکی به‌جه‌سته لاواز که هه‌رچی خه‌می دنیا هه‌یه کردویه‌تیه هه‌گبه‌یه‌کی قورس و له‌کۆڵی ناوه و رێگه‌ده‌بڕێ و بیرده‌کاته‌وه له رابردوویه‌کی تاڵ.. هه‌نگاوه‌کانیشی ڕۆژه‌کانی ته‌مه‌نێتی و وه‌ک شلیله‌یه‌کی خوری ئاڵۆزه و بۆی ناچێته‌وه دۆخی جارانی، ڕۆژگاریش پشیله‌یه‌کی چاوچنۆکی سپڵه‌یه و زۆر یاری به‌و شلیله خوریه کردووه... ئه‌و خه‌ڵکانه به‌به‌رده‌میا گوزه‌ریان ده‌کرد بێ‌ئه‌وه‌ی ئه‌م بیانبینێ له‌به‌رخۆیه‌وه هه‌ر ورته‌ی ئه‌هات و ئه‌ی‌بۆڵاند (من ئه‌و ئه‌ستێره پرشنگداره نه‌بووم که پێم وابوو ئا‌سمانی دڵه‌راوکێ بۆ ده‌وروبه‌رم ڕۆشن ئه‌که‌مه‌وه...نا من هه‌رچی وتم هه‌ر چه‌ند پیتێک بوو به‌یه‌که‌وه گرێم دابوون و هیچی تر) وامده‌زانی که هاتمه ئه‌م وڵاته ئه‌وه‌ی ناکرێ وناشێ له‌ده‌ستم دێ.. به‌ڵام هه‌ی هووو! نازانم تۆ؟ خۆ له‌سه‌ر لوتکه‌یه‌کی هه‌ره به‌رزی شاخێک له شاخه‌کانی کوردستان نه‌وه‌ستاویت و له سه‌ره‌وه سه‌یری خه‌ڵکه‌کانی خواره‌وه بکه‌یت ئیدی و بۆچی وا به‌بچووکی ده‌یانبینی؟! تۆ که پاسه‌پۆرتی ئه‌م وڵاته‌ت وه‌رگرت و بوویته خه‌ڵکی به‌ریتانی و هه‌موو شتێکت ده‌سگیربوو مانای ئه‌وه نییه ئیتر ببیته خودایه‌ک و خه‌ڵکان ڕۆژانه نوێژت بۆ بکه‌ن و بتپه‌رستن، زۆر سه‌یره نازانم بۆ وا له خۆتگۆڕاوی؟ خۆ گه‌یشتن به سامان لایلایه‌که‌ی دایه گیان نییه شه‌وانه بتلاوێنێته‌وه! ئاگاداربه دوور نییه ڕۆژێک سه‌ره‌ونگوم بیت و (نێرسه‌کان) ئاوبکه‌ن به‌ده‌مته‌وه... من پێم وابوو ئه‌ڵقه‌ی ده‌ستی ئه‌وکچه ده‌سگیراندارانه بم له‌مێژه‌وه چاوه‌ڕوانی ده‌سگیرانه‌کانیانن یان سه‌رپۆشی ڕه‌شی ئه‌ودایکانه‌بم که به ئومێدی باوکی کۆرپه‌کانیان شه‌وانه به هیواوه ده‌نوون....من گۆچانی ده‌ستی ئه‌و پیرێژن و پیره‌مێردانه بم که له‌به‌ر هه‌تاوی ده‌رگای ماڵه‌کانیان هه‌ڵتروشکاون و پێیان وانییه جگه له‌و به‌ربه‌ڕۆچکه‌یه هیچ شوێنێکی تر هه‌بێ بۆ ژیان.. چونکه ئه‌وان وه‌ک ئێمه درۆزن نین به درۆ جێگایه‌ک بۆ خۆیان بکه‌نه‌وه له‌م وڵاتانه. به‌حه‌سره‌تێکی زۆره‌وه بووین تابگه‌ینه ئێره.. بێ‌حه‌د ماندوو بووین ..ئێستاش له بوختانکردن به‌خه‌ڵک وه‌ک ئامێرێکی یان ئاژه‌ڵێکی بێ كه‌ڵکین..... خۆزگه‌م به سه‌رده‌مێک که مناڵ بووم هۆشم بۆ شته‌کان و مرۆڤه‌کان و ڕووداوه‌کان وه‌کو ئێستا نه‌بوو ئه‌وه‌ی له‌خه‌یاڵمدابوو تۆپه لاستیكه دڕاوه‌که‌م بوو که حاجی دراوسێمان زوو زوو ئه‌یدڕاند... ئه‌وسا سه‌ره سۆده‌م کۆده‌کرده‌وه بۆ تایه‌ی سه‌یاره له ته‌ل دروستکراوه‌که‌م .. ئێستاش له جیاتی سه‌ره سۆده؟پاوه‌ن کۆده‌که‌مه‌مه‌وه و(کلێم ده‌که‌م)!! من هه‌مووجارێ که تۆ ده‌بینم(که‌مپی سه‌نگات)م بیر ده‌که‌وێته‌وه چونکه تۆ له‌وێ زۆر خۆپه‌رست بوویت ئه‌و هه‌موو به‌تانیانه‌ی که وه‌رتگرتبوو له‌ژێرخۆتدا ڕاتخستبوو و مناڵانی خێمه‌که‌ی ئه‌دیویش له‌سه‌رمانا هه‌ڵده‌له‌رزین وده‌گریان که‌چی هه‌ستت نه‌ده‌بزوا وخۆت کردبووه که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت، ئێستاش تۆ هه‌ر خۆپه‌رستی وئه‌م له خۆبایی‌یه‌ی که له هه‌مووماندایه له تۆ دا زۆر دیاره جگه له‌وه‌ش خواستته له خوات‌ئه‌وێ که‌سێک که‌مووكوورتی هه‌بێت و تۆ باسی بکه‌یت، ئه‌رێ شه‌وانه مۆته‌که‌ی ویژدان سوار سه‌رت نابێت؟ ئه‌ڵێن(سه‌فه‌ر و مامه‌له سه‌نگی مه‌حه‌کن)ئه‌وه سه‌فه‌ر بوو ئه‌مه‌ش مه‌حه‌ک به‌ڵام مه‌حه‌کێکی زۆر ناعه‌داله‌ت چونکه په‌تێک ناخاته ملت وبتخنکێنێت.... له‌وه‌ته‌ی لێره‌م گوڵێک نابینم نازانم زه‌مه‌ن ئاوه‌ژووبۆته‌وه یان چی (کچانی چاوڕه‌شی هه‌رزه‌کاری کوردستان چاوه‌ڕوانی ئه‌م کوڕانه‌ی ئێره‌ن بڕۆنه‌وه بیان خوازن) ئه‌مه بووه به فه‌لسه‌فه‌یه‌کی درۆ یان قسه‌ی ناو کتێبه؟! ئێوه پێتان وایه ئه‌م بۆڵه‌بۆڵه‌ی من به‌سه یان به‌رده‌وام بم؟.. لێم مه‌گرن ئه‌زانن؟ من بۆیه نایه‌مه ناوتانه‌وه ماوه‌یه‌که له‌م دووره‌وه خۆمم گرمۆڵه کردوه زۆر ده‌ترسم ئه‌و هه‌وا سارده پڕ له ڤایرۆساویه‌ی ناوئێوه نه‌خۆشم بخات و بۆ ئه‌به‌د هه‌ڵنه‌ستمه‌وه چونکه من به‌رگه‌ی ناگرم و ئه‌مرم.. ئێسته‌ش ئێوه که ڕێز له‌ژنێک ئه‌گرن پێی ئه‌ڵێن به‌دایکی کوڕ بێت .. زۆر سه‌یره لام ئه‌گه‌ر من باوکی کچێک بم یان کوڕێک یان هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه باوک نیم مناڵم ده‌بێت یان نا براده‌ره‌که‌م ژن ئه‌هێنێت یان نایهێنت ئه‌وه‌ی تر ژنی ناشرینی هێناوه و پاره‌ی زۆرتێدا خه‌رج کردوه ، دراوسێکه‌م قه‌ڵه‌وه یان لاواز، پرسه‌ی ماڵه‌که‌ی ئه‌وبه‌رمان قه‌ره‌باڵغ نییه، به‌ڕۆژوو ده‌بم یان نوێژ ده‌که‌م، ژنه‌که‌م بۆچی له‌چک نادات به‌سری‌دا؟؟ ئه‌مانه که‌ی کێشه‌ی تۆیه؟ تۆ بۆچی خۆتت پێوه سه‌رقاڵکردوه ؟ ئه‌مانه نابێته کیشه‌ی تۆ.. هه‌موو ژیانی خۆتت بۆ ته‌رخانکردوه... خۆ وامزانی له دوای ڕاپه‌ڕین جاش نامێنیت که‌چی لێره‌ش تۆ هه‌ر جاشیت و سیخوڕی ده‌که‌ی؟!! ئه‌ی پێشبڕکێی جوانیی سه‌یاره له‌گه‌ڵ براده‌رکه‌ت و چوون به دوای ژنه‌که‌ت بۆ کۆلێژ و قوتابخانه‌ی مناڵه‌کانت و خۆهه‌ڵکێشان و باسی ماڵی باوکت که‌چه‌ند پاره‌دار بوون و خۆ پێشاندان و کوردایه‌تیه‌که‌ی که به ئێمه‌ی ده‌فرۆشیته‌وه به مه‌رامی شته تایبه‌ته‌کانی خۆت.. ئه‌م حوجره و مونافه‌سه‌ی ئاهه‌نگی له دایکبوونی مناڵه‌کانتان و کڕینی زێڕ به به‌نه‌فێتی ساواکانتان و ئه‌م زه‌مکردنه‌تان کردوه به گوڵه به‌ڕۆژه خواردنه‌که‌ی به‌رده‌می (دوکان و مارکێته کوردیه‌کان). نازانم ئه‌م توێکڵی پیس و پۆخڵیه‌ی ناو ده‌رونتان له کوێ و که‌ی کۆ ده‌که‌نه‌وه؟ ئه‌م براده‌ره خۆی به موسوڵمان ده‌زانێت ده‌ڵێ هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی ئه‌م دنیایه نیعمه‌تی خودایه به منی به‌خشیوه که‌چی کچه‌که‌ت به ئاژه‌ڵ ده‌چووێنی... ئازاری جه‌سته‌ی دایکشی ده‌ده‌یت؟ ده‌مه‌وێت پێتان بڵێم : وه‌کو جه‌سته‌مان به(ئینکه‌م سه‌پۆرت) ناساند زۆر دره‌نگه به‌په‌له ئاوڕێک له‌خۆمان بده‌ینه‌وه و چیتر (ئینکه‌م سه‌پۆرت)ی بیروبۆجونه‌کانمان نه‌بین.. زۆر دره‌نگه به ڕاستی وه‌رزشه‌وان بین و به قاتێک تراکسودی ره‌نگ وه‌نه‌وشه‌ییه‌وه به ڕێگا هه‌ره باریکه‌کانی ئه‌م وڵاته‌دا ڕابکه‌ین و گوڵ بپڕژێنین...
هودرسفێڵد ١٨ی نۆڤێمبه‌ری ٢٠٠٧
bawky_chapk@hotmail.com |