١١\٧\٢٠١٤
بۆ مەرگی
سارا.

ئەفسانە سروش
فرمێسکەکانی ئەم
شەوی شڤان،
بۆ ئاوڕێك نادەیتەوە
هەنگاوەکانت بۆ کەمێك شل ناکەی
دەترسی؟
ترس له چی؟
دەترسی بە بینینی
پیتە بەجێماوەکانی ناوت
لەسەر دەست و پەنجەی ئەو
پڕ پر ببیتەوە لە نوری عیشقی
بەجێماوت لە لای ئەو؟
بۆ ئاوڕێك نادەیتەوە یان
دەترسی
لە قافییەی فرمێسکەکانی،
که پڕ بە بەری گەڕانەوەیهکی ئەبەدیت بێ
بۆ هەنگاوەکانت شلتر ناکەی
دەترسی لە ناو باوەشی
پر لە تەرمی ئومێدی هاتنەوەی تۆ بۆ ئەو
توند توند بە سینەیەوە بنووسێی و
بەو مردنە بڵێ تازە چۆن بەجیبێڵم!
کە نەتوانم جارێکی تر
بە نهێنیی عیشقی ئەو ببمەوە،
بۆ ئاوڕێك نادەیتەوە دەترسی
لە شکانی دەستنوێژی ئەم سەفەرەت
بە ماچێکی ماڵئاوایی لەسەر لێوی
بە دیل کوژراوی ئەو
بۆ ئاوڕێك نادەیتەوە لە دڵ تەنگی و
رەنگی سپی زەنگیانە نەخشێنراوەکانی
سەر کراسی بووکێنییت
بە پیتەکانی ناوی ئەو،
کە چۆن بە چۆڵیی و تاریکیی ژورەکەتدا هەڵواسراون
بۆ ئاوڕێك نادەیتەوە بۆ ئهی سارای ئهرخهوانی،
هەنگاوەکانت کەمێك شل ناکەی
بۆ سەرێکت نەکشایە ناو کۆڵانە غەمگینەکانی
ئەم نشتیمانەی ئەو
ئهو هەموو عیشقەی
لە ناو خۆیدا کوشتەوە
بۆ تەماشایهك لە دەیجوورەکەی شڤان ناکەی؟
خۆی لە هیچ لەو کۆڵانانەدا هێندەی
هەناسێکی سارد بۆ هاورێیهکی دڵی شکاو
بۆ ئامێزێکی لە تۆ خاڵیی خاڵیی و
پڕ پڕ له حەسرەتی تۆدا
هەر ئەگەڕێ و ناتدۆزێتەوە.
٩\٧\٢٠١٤
- رانیه
ماڵپەڕی
ئەفسانە سروش
|