|
٨\٩\٢٠٢٦
بۆنی گوناحێکی
نوێ دەکەم.

ئەرسەلان مەحمود
١-
گوناحێک
لەناو قاپێکی شیندا،
دەڵێی گەواڵە هەورێکە و بە هەڵە بەربۆتەوە.
نازانم دەبێ بیخۆمەوە،
یان بیکەم بە پۆشاک
بۆ ئەو ڕۆژە ساردانەی بەڕێوەن بێن.
٢-
لەبری کات،
دڵۆپ
دڵۆپ
بێدەنگیی دەچکێ.
بە پەلە دەچمە ژێر چەترە کونەکە،
تا چیتر تەڕ نەبم
بە پرشە وشە نەوتراوەکان.
٣-
لە گۆشەی ژوورەکەدا،
جووتێک پێڵاوی بەجێماو
خەریکی پلاندانان بوون بۆ پیاسەیەکی درێژ.
منیش سەرقاڵی داڕشتنەوەی مەیلی
ئەو باڵندانەی لەناو تابلۆیەکی تۆزگرتوودا
لە فڕین وەستابوون.
٤-
ئەو ڕووخسارەی
دەتگوت تەنێکی نامۆیە و
لە تاریکییەکەدا دەدرەوشایەوە،
فێڵێکی ئەبستراکت بوو،
دەیویست تەنهایییەکەم
لە شێوەی قاوەیەکدا بکوڵێنێت،
تا نائومێدی پانتاییەکی زیاتر داگیر بکات.
٥-
چراکان
بە دەنگێکی نزمەوە دادەگیرسێنم،
نەوەک ڕەشەبای شین خەبەری ببێتەوە.
شوێن لە ناشوێنەوە دەپێچمەوە و
دەیخەمە ناو جانتایەکی دڕاوەوە.
بوونێک بەبێ زەنگ،
وەک کاغەزێکی چرچولۆچ
فڕێ دەدەمە دەرەوەی
ڕووناکی.
٦-
هێلکەشەیتانۆکەیەک، لەسەر هێڵی تەلەفۆن پیاسە دەکات.
دەیەوێت بمگەیەنێتەوە بەو نامەیەی،
هەرگیز بۆم نەنووسرا.
٧-
دوای منیش،
ئەم وێنەیە مەبەخشە،
تا تەنهایی نەبێتە گۆرانییەکی کۆن.
لێگەڕێ با لە تاریکیدا بمێنێتەوە،
بۆ ئەوەی پەرشوبڵاویم
کۆ بکەمەوە.
٨-
هەوری بغووردیی ئەو،
وەک ڕۆحێکی سەرگەردان،
بە دەوری یادەوەرییەکانمدا دەخولێتەوە.
تێکەڵ بە دووکەڵی جگەرەکەمی دەکەم و
ئاوازەکەی لە شێوەی پردێکدا
بەرەو هیچ کوێ ناڕوا.
٩-
دوای ئەوە،
دەست دەکەم بە ئاوابوون.
وەک چۆن ڕۆژنامەیەکی کۆن
لەبەر باراندا، هێواش هێواش
پیتەکانی لەبیر دەچێتەوە
چ ی ب و و ن.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|