٢٣\٦\٢٠١٣
بۆنی نەوت و تامی
ستەم و ڤیستیڤاڵەکان!

بەشدار عوسمان
خەڵکی کوردستان پێویستی بە نان و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیە،نەک
تۆخکردنەوەی هزر و بیری خێڵ و عەشیرەت وناوچەگەرێتی،کە جگە لە دابڕینی
خەڵک لەیەکتر و بۆدواوە گەڕانەوە سودێکیتری نیە بۆی،خزمەتگوزارییەکانی
وەک کارەبا و ئاوی پاک و رێگاوبانی گونجاو و قوتابخانە و نەخۆشخانە و
دەرمان و پێداویستی تەندورستی دوای (خۆماڵیکردنی) بیرە نەوتەکانیش
هێشتا لەهێڵی سفرەوە نزیکە، مناڵان و گەنجان و لاوان پێویستیان بە
کردنەوەی پارکی یاری و هاوینەواری جوان و ناوەندی رۆشنبیری و دەزگای
تەکنەلۆژیایی سەردەمیانە هەیە،بۆ ئەوەی داهێنانی جۆراو جۆر بەدیبهێنن
نەک گێڕانەوەیان بۆ کەلتورێک و بەزۆر پەیوەستکردنیان بە کات و
شوێنەوە،سازکردنی ڤیستیڤاڵەکان ناتوانێ بۆ یەک ساتیش نیگای چاوەکانیان
لە زوڵم و بێمافی و سەرکوتەکان لابدات،بۆنی نەوت لەکەللەی سەریان
دەربکات!
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان تینوی ئازادی و کرانەوەی کۆمەڵگا و هیواو
ئاواتیان بە کۆمەڵگایەکی مەدەنی و یەکسانە،نەک دورستکردنی کۆمەڵگایەکی
لێواولێو لەناعەدالەت و نایەکسانی،نەک شەقامێکی تەژی لە ترس و تۆقاندن
و چەقبەستو و گیرکردنیان لەنێو کۆمەڵێک دیاردەی ناشارستانی و کەلتورێکی
دواکەوتو،نەک پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی ناتەندورست و پڕ لە رق و
تۆڵەسەندنەوە ...،بێزاری و توڕەیی خەڵک و نیگەرانیەکانیان بەروونی لەم
بارەیەوە هەستی پێدەکرێت،پێویستمان بە نمونە هێنانەوە نیە.
بەمێگەل کردنی کۆمەڵگا یەکێکە لەهەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتە نامەدەنی
و دواکەوتوانەی کە ناتوانێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دنیا هەڵبکات،کاتێک کە
خۆیان و کارو کردەوەکانیان لەگەڵ عەقڵ و بیرکردنەوەی خەلک ناکۆکی قوڵی
هەیە و ناتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم هەڵبکات،ئیتر کاردەکەن
کۆمەڵگا لە هەمو بوارەکان بگەڕێننەوە بۆ دواوە.
کاتێک هێزێک ناتوانێ لەگەڵ رای گشتی کۆمەڵگادا مامەڵە بکات ئیتر ناچارە
کۆمەڵگا لە کەمترین کەسدا کورت بکاتەوە، لەماوەی ٢٣ ساڵی رابردوو
هەمومان شاهیدی ئەوەین کە چۆن سەروەت و سامانێکی زۆری خەڵک بۆ
زیندوکردنەوەی کەلتور و فەرهەنگی خێڵەکی و عەشیرەتی تەرخانکرا،هێز و
فشار و بەرنامەی رێکوپێک بەکارهات تا عەشیرەت و ناوچە و شار و گوندو
لادێکان لەیەکتر جیابکرێنەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەکاتی پێویستدا
بیاندەن بەیەکدا،فیستیڤاڵی عەشیرەتەکان لەهەولێر و جافایەتی
لەسلێمانی،کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت بەشێکە لەم بەرنامە و ئامانجانە.
بەرگرتن بە پێشکەوتنی خەڵک و کورتکردنەوەیان تەنها لە هۆز و عەشیرەتێک
و پەیوەست بونیان بە دابونەریتی عەشایەری و ناوچەگەرێتی لەرۆژگاری
ئەمڕۆ هەوڵێکی مایە پوچە،ناتوانێ مەسەلە و کێشە ئەسلیەکانی کۆمەڵگا
لەبیری خەڵک بەرێتەوە،خولیایی کچان و کوڕانی گەنج بۆ تێکەڵ بون بە
فەرهەنگ و کەلتوری جیاواز و فێربونی زمانی زیاتر حەز و ویستێکی
لەرادەبەدەرە،بونی یاسا و دەستورێکی مەدەنی و پێشکەوتو و سەردەمیانە و
بە سیستەم کردنی کۆی ئۆرگانەکانی بەرێوەبردن و دورخستنەوەیان لە
تێکەڵکردنی دەستی خزمایەتی و عەشیرەت و خێڵ و ناوچەگەرێتی،داوا و ویستی
زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستانە. ئێستا گەنجان و لاوان هۆشیارن و رۆژانە
دەست و پەنجەی زیاتر نەرم دەکەن بە ئامێر و تەکنەلۆژیایی سەردەم و
تێکەڵاوی زیاتریان بە نەتەوە و ئایین و رەگەزی جیاوازتر و
دوورتر،رۆژانە بەرزبونەوەی کێرڤی سەرمایەی چەند کەس و خێزانێک و ژیانی
شاهانەیان دەبینێ و لەولاشەوە رۆژگاری کولەمەرگی سەدان خێزان و بێنازی
هەزاران مناڵ و پیر و پەککەوتە و بێ ئومێدی گەنجان و لاوان ،هەیە .بۆیە
ناتواندرێت چۆلەکەی بەکەناری پێبناسێندرێت، خاوەنی شەخێیات و قسە و
قرارەکانی خۆیەتی،رێز لە هەمو رابردوی خۆیی و خانەوادەکەی دەگرێت،بەڵام
هیچ هێز و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی ناتوانێ مڵکەچی بکات و پێچەوانەی
ویست و ئارەزووەکانی بیجوڵێنێت.
ماڵپهڕی بهشدار
عوسمان
|