په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢٥

بۆ پارێزگاریی لە ماڵێ خۆی

دەستبەجێ خوا ئەبڕەهە و سوپاکەی تەفروتونا کرد! 


شوان عەزیز       

"خیبر خیبر یا یهود..جیش محمد سوف یعود!".
دروشمی: "خەیبەر خەیبەر ئەی جوولەکە.. سوپای محەمەد دێتەوە چاوەڕێکە" چی دەگەێنێ؟


ئەو دروشمە، بە بڕوای من، مەبەستێکی دوولایەنە لەخۆدەگرێت. چونکە لە سەرێکەوە جوولەکە وەک هەڕەشەو ترسێک دەیبینێت بۆ سەرخۆی. جوولەکە پێی وایە ئەو دروشمە مەترسیە بۆ ئێستاو دواڕۆژیش کە ئایین و ڕەگەزی جوولەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوەی یەکجارەکی. ترسی جوولەکە لەو دروشمە لەخۆڕا نەهاتووە، ئەو ترسە لە بابەتی ئێستای کەرتی غەزەی فەلەستینەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەهۆی مامەڵەی دوژمنکارانەی دەوڵەتی ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینەکان پەیدانەبووە ، ترسی جوولەکە لەو دروشمە لەوێ ڕۆژێوە سەریهەڵنەداوە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل درووستبووە، بەڵک و ترسی جوولەکە لەو دروشمە لە کۆنەوە درووستبوە. لەو ڕۆژەوە پەیدابووە کە سوپای ئیسلام بە سەرپەرشتی پێغەمبەری ئیسلام، فەتحی قەڵای جوولەکە نشینی خەیبەری ئەنجامدا.

 
لە سەرووی هەزارساڵ پێش سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامیش جوولەکە لە یەسریب واتە مەدینەی ئیستا و بەرزاییەکانی ناوچەی خەیبەردا ژیاوە. نیشتەجێبوونی جوولەکە لە نیمچە دوورگەی عەڕەبیدا لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کە ئاسوریەکان لە ساڵی ٧٢١ی پ.ز لە عێڕاقی ئێستادا تینیان بۆ جوولەکە هێناوەو کوشتارێکی زۆریان لێکردوون. جا ئەوجوولەکانەی کە ڕزگاریان بووەو بەر شاڵاوی کوشتن بەدەستی ئاسوریەکان نەکەوتوون، لە ترسی لەناوچوونیان بە یەکجارەکی بە دەستی ئاسوریەکان، زۆرێک لەوانە ڕایان کردووە بەرەو نیوە دوورگەی عەڕەبی و لە وێ لە بەرزاییەکانی ناوچەی خەیبەرو یەسریب واتە مەدینەی ئێستا نیشتەجێبوون. ئەو خێڵە جوولەکانەی کە گەورەو سەرەکی و بەناوبانگ بوون و توانیویانە بگەەنە بەرزاییەکانی خەیبەرو یەسریب، بریتیبوون لە خێڵەکانی وەک بەنو نەزیر، بەنو قونەیقاع و بەنو قورەیزە و چەند خێڵێکی بچووکی تر.


جوولەکە لە گەڵ عەڕەبەکانی ئەو ناوچەیەدا تێکەڵبووەو پێکەوە بە ئاشتیانە ژیاون تاکو سەردەمی پەیدابوونی پێغەمبەری ئیسلام. کاتێک کە پێغەمبەر لە ٢١ی سێپتەمبەری ٦٢٢ دا لە مەکەوە بەرەو مەدینە گواستیەوە و سوپای گەورەی ئیسلامیی لە شاری مەدینەدا پێکهێنا ئیتر لەگەڵ جوولەکەکانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی لە گەڵ ئەوانەی ناومەدینەو بەرزاییکانی خەیبەر کەوتە کێشەو ململانێ. جوولەکە زۆر بەباشی مانای ئەو دروشمە تێدەگات و دەشزانێت بە ئەنجام گەیاندنی ئەو دروشمە چ دواڕۆژێکی ڕەش تووشی ڕەگەزی جوولەکە دەبێت! لەوبارەوە جوولەکە مێژووی دوێنێی خۆی زۆر بە باشی دەزانێت و زۆر بە بەباشی پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ برا عەڕەبە موسڵمانەکان لە نیوە دورگەی عەڕەبی دا بە گشتی و ناوچەی یەسریب و مەدینەی ئێستاو بەرزاییەکانی خەیبەری بە بیرە! جوولەکە دەزانێت کە ئەوە گوشار و کوشتارو ترسی قڕان تێخستنیان بووە بە دەستی سوپای موحەمەد، کە زێدی باب و پایرانیان بەجێهێستوە. بەڵگەش ئەوەیە کە ئەگەر ئێستا بە چراو شەدایان بگەڕێی جوولەکەیەک نابینیت کە لە یەسریب و خەیبەرو بەرزاییەکانی خەیبەردا مابێت.


بەرزکردنەوەی ئەو دروشمە لە ئێستادا، بە بڕوای من، دانپێداهێنانێکی ئاشکرایە بە مێژوویەکی پڕ لە کوشتاری بەکۆمەڵ لە دژی ڕەگەزی جوولەکە، کە ئێستا هەندێک لە نووسەرو لێکۆلەرەوانی ئیسلامی هەوڵی بەنادرووست دانانی ئەو مێژووە دەدەن! هەوڵدەدەن ئەوداگیرکاریانەی کە بە ناوی فەتح وغەزەواتەوە لە شام و باکووری ئەفریقاو عێڕاق و کوردستان و هەندێک شوێنی تریش ئەنجام دراون، خەتاکەی بخەنە پاڵ نادرووستیی مێژوو! هەوڵ دەدەن ئەنجامدانی ئەنفالەکان و کردەی ئەنفال لە دژی هەندێک نەتەوەو ڕەگەز، کردەی بە کەنیزەک گرتنی کچان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سەروەت و سامانی ناموسڵمان بە شێوەیەک ببینن کە ئەمە دوورە لە ئایین و خوداپەرستی. ئەمانە پێیان وایە بڵاوکردنەوەی خوداپەرستی بە توندوتیژی و داگیرکاریی و بە کەنیزەک گرتنی کچانی ناموسڵمان نابێت! ئەمانە وای دەبینن و پێداگریشن لەسەر ئەوەی کە ئەمە تۆمەتەو خراوەتە ناو مێژووی ئیسلامەوە بە مەبەستی ناشیرن کردنی ئایینی ڕاستەقینەی خودا. لەلای تەواوی موسڵمانانی جیهان هەردەبێ ئیسلام دین بێت، چونکە خودا ئەوەتە لەو بارەوە لەو ئایەتەدا ئەمەی یەکلا کردۆتەوە کە تەنها ئیسلام دینەو دەبێ حسابی دینی بۆ بکرێت کە دەفەرموێت: "إن الدین عند اللە الاسلام وما اختلف الذین اوتوا الکتاب الا من بعد ما جاءهم العلم بغیا بینهم و من یکفر بایات اللە فان اللە سریع الحساب" سوڕەتی ئالی عەمڕان ئایەتی١٩. بە مانای: "لە لای خودا دین ئیسلامەو ئەوانەی ئەهلی کتێبن ئەو ڕاستەقینە دەزانن. بەڵام هەر لە بەر ئیرەیی کە لە ناو خۆیاندا هەیە پێک نەهاتوون. هەر کەسێکیش بە هەر جۆرێ لە نیشانەکانی خوا حاشا بکا با تێبگەن کە خوا لە لێپرسینەوە زۆر بەلەزەو پێڕادەگا" قورئانی پیرۆز لاپەڕە ٥٢ هەژار موکریانی.


جا لەو بارەشەوە هەندێک لە لێکۆڵەرە ئیسلامیەکان وهەندێکیش لە نووسەرەکانیان بۆ پاڵپشتی بۆچوونەکەیان پەنجەی تاوان بۆ جوولەکە و قەشەکانیان درێژ دەکەن و دەڵێن ئەوان ئەو جۆرە لە حەدیس و مێژووەیان بە ئیسلامەوە لکاندووە بۆ لەبەرچاو ناشیرین کردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەگینا ئایینی ئیسلام هەمووی پێکەوە ژیان و برایەتی و دوور لە توندوتیژییە! بەڵام مێژووی عەڕەبی ئیسلامی کە لە خوێندنگاکاندا خوێندراوەو ئێستاش بەردەوامیی هەیە ئەم بۆچوونە پشتڕاست ناکاتەوە!


ئامانجێکی تری ئەو دروشمە هی موسڵمانانی جیهانە بەگشتی، هی عەڕەبەکانە بە تایبەتی و ئینجا هی فەلەستینیەکانیشە بە تایبەتی تر لە هەموان. ئامانجی فەلەستینیەکان هێزو توانا بەخۆدانە، وەبیرهێنانەوەی مێژووی دوێنێی سوپای پێغەمبەری ئیسلامە کە ئەوان بە سەرپەرشتی پێغەمبەری ئیسلام کارێکیان بە جوولەکە کردووە با بەدەواری شڕی نەکردبێت. ئەمانە دەڵێن ئەوڕۆ نا سپەینێ، دەبێ ئارام بگرین، دەبێ چاوەڕێ بین بۆ ئەوەی سوپای پێغەمبەر جارێکی تردرووست ببێت و ئەو جارە جوولەکە بە تەواوی لە سەر زەویێ نەهێڵرێت! ئەو دروشمە بە موسڵمانان و بە فەلەستینیەکان دەڵێت:" با جوولەکە بزانێت کە زۆر نابات سوپای پێغەمبەری ئیسلام بە مەرەد خێڵەکانی بەنو نەزیرو بەنو قورەیزەو بەنو قونەیقاعیان دەبات! بۆیە ئەو دروشمە بۆ موسڵمانان و فەلەستینیەکان وەک چەکێکی کاریگەرەو لە قازانجی ئەواندایەو بۆ جوولەکەش وەک دێوزمەو شەولەبان وایە کە هەمیشە بەرۆکی بە جوولەکە گرتووەو لە کۆڵی نابێتەوە.


ئەو دروشمە، بە بڕوای من، ئەو مەبەست و ئامانجەیە کە بەشێوەی هات و هاواری سەر شەقام و گۆڕەپانەکانە کە چەندین جار بە ئاشکرا لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا و لە نێو چەکدارانی بزووتنەوە ئیسلامیە توندڕەکاندا دەگوترێتەوە. نەک هەرلە نێو ئەوانەدا بەڵکو هەندێک جاران لە نێو میانڕەوەکانیشدا بوونی هەیە. ئەگەر واوەتریش بڕۆین ئەو دروشمە هەر لە نێو فەلەستینیەکانداو بە تایبەتی لە نێوکەرتی غەزەدا ناگوترێتەوە بەڵک و چەندین جاران لە ئەوروپاو لە ئەمریکاشدا لە نێو جەرگەی زانکۆو پەیمانگاکاندا لە لایەن خوێندکارانەوە بە کۆمەڵ دەگوترێتەوە. ئەوە بێجگە لە ناوبازارو شوێنە گشتیەکاند کە هیندە دیاردەیەکی زۆرەو بە شێوەیەکی توندوتیژانەش بەرز دەکرێتەوە کە هەر باس ناکرێت! کورتەی ماناو ناوەڕۆکی ئەو دروشم و وتافەی سەرەوە بریتیە لە: "خەیبەر خەیبەر ئەی جوولەکە..سوپای موحەمەد دەگەڕێتەوە. دیارە مەبەستیان ئەوەیە کە بڵێن سوپای موحەمەد هاکا هاتەوە بۆتان!".


ئەو دروشمە، بە بڕوای من، ناوەڕۆکێکی کوشتنی بە کۆمەڵ و لە ناوبردنی یەکجارەکی نەتەوەو ڕەگەز و ئایینێکی لە نێوخۆدا هەڵگرتووە کە بریتیە لە نەتەوەو ئایین و ڕەگەزی جوولەکە! ئەو دروشمە پێشینەو مێژوویەکی درێژی لە بارەی کوشتنی بە کۆمەڵی ڕەگەزو ئایینی جوولەکەی لە پشتەوەیە. بە ئاشکرا ماناکەی ئەوە دەگەێنێت کە سەردەمێک هەبووە، بە پشتبەستن بە مێژووی عەڕەب و ئیسلام دەبێ سوپای پێغەمبەری ئیسلام هێرشی کردبێتە سەر شاری خەیبەر کە شارێکە زووربەی پێکهاتەکەی جوولەکە بووە. ئەو هێرشەی سوپای پێغەمبەری ئیسلام لە ژێر بەهانەو بیانووی هەرچیەکدا بووبێت، ئەوە کاری ئێستای ئەو نووسینە نیە، کارێکی بە جوولەکەکانی شاری خەیبەر کردووە کە با بە دەواری شڕی نەکردبێت! واتە وەک گەڵا دارێکی لێکردوون کە کولەو سنە لە برسانا هەلا بە هەلای کردبێت.


بە هەندێک گەڕانەوە بۆ پێش بابەتی خەیبەریش، چێڕۆکی هێرشی سوپای ئەبڕەهەی حەبەشە بۆ سەر کەعبە، کە قیبلەی موسڵمانان و ماڵی خودا خۆشیەتی، لە گۆڕێدایە! جا وەختی خۆی تەنانەت لە پێش پەیدابوونی پێغەمەری ئیسلامیشدا ئەبڕەهەی حەبەشە بە سوپایەکی زەبەلاح و پڕچەکەوە کە زووربەی شەڕکەرەکانی ئەو سوپایە سواری فیل و وەڵاخە بەرزە بوون و بەرەو ماڵی خودا کەتۆنەتەڕێ و نیازیان هەبووە زیانێک بە کەعبە بگەێنن! بەڵام پەروەردەگاری بێهاوتا کە فەرمان بکاو بڵێ ببە: دەێت، سوپایەکی لە باڵندەی تەیرە ئەبابیل ناردە سەر سوپاکەی ئەبڕەهە کە پێک هاتبوو لە پەڕەسێلکەی ئیسک سووک و جوانکیلە کە هەریەکێکیان چەنگێک چەوو بەردە وردکەی بە هەردووک چەنگە بچکۆلەکانیان هەڵگرتووەو بە ڕێگای ئاسمانیدا خێراتر لە دڕۆنەکانی ئێستای وەڵاتانی پێشکەوتوو ڕێک چوونەتە مەیدانی جەنگەوەو هەرلە نیوەی ڕێگا پێشیان بە سوپاکەی ئەبڕەهە گرتووەو تەواوی ئەو بەردە ورکەو چەوەی پێیان بووە بەسەر سەری سەربازەکانی ئەبڕهەیاندا بەرداوەتەوە. جا هەمووئەو چەوو بەردە وردانە بوون بە تیرو ڕمب و گولەی تانک بڕو لە چاوتروکانێکدا تەواوی ئەو سوپا زەبەلاحەی ئەبڕهەیان بە خۆیان و فیل و وەڵاخە بەرزەوە تەفروتونا کردووەو ئەوەی ئاقڵ بووە فریا خۆی کەوتووەو ڕایکردوە ئەوەشی کەلەڕەقی نواندووە خوا بەرەو جەهەندەمی ناردووە! جا لێرەدا خوا ئاهوا هێزی خۆی نیشانی نەیارانی داوەو بەو شێوەیەش موجیزە ئاسا بەرەنگاریی لە ماڵێ خۆی کە کەعبەیە کردووە!


بەڵام ئەوەتە خوا بۆخۆی فەرموویەتی:" إذا سألک عبادي عني فاني قریب اجیب دعوة الداع اذا دعان فاستجیبوا لي ولیوءمنوا بي لعلهم یرشدون" سوڕەتی بەقەڕە ئایەتی ١٨٦" مامۆستا هەژار لە قورئانی پیرۆزدا لاپەڕە ٢٨ ئاهوا ئەو ئایەتەی لێکداوەتەوە: "هەرگایەکی عەبدەکانم لە مەڕ من لە تۆ دەپرسن، من نزیکم؛ هەر کەس هانام وەبەربێنێ، بێ وەرامی ناهێڵمەوە. با ئەوانیش لە فەرمانی من دەرنەچن، بڕوای تەواویان بە من بێ، بەشک و ڕێی ڕاست بەدی بکەن." بە بڕوای من خوا خۆی لەو ئایەتەدا بە موسڵمانان دەڵێت کە هەر کەسێکی موسڵمان پەنا بۆ خودا بەرێ و لە بەری بپاڕێتەوە خودا نزاو پاڕاناوەکانی گیرا دەکات.


جا پرسیارەکە لێرەدایە کە:" ئایا دەبێ خوا خۆی ڕاستەوخۆ خەڵکی داماوو هەلابەهەلابووی کەرتی غەزەی فەلەستین نەبینێت و گوێی لە پاڕانەوەو نوزانەوەو هات وهاواری ئەو ملیۆنان موسڵمانە نەبێت؟ دەبێ کەسێکی وایان تێدا نەبێت کە موسڵمانێکی بێ غەل و غەش بێت؟ ئەدی منداڵە ساواو شیرەخۆرەکان کە لە ناو بۆمب و بارووتدا بە زیندوویی دەسوتێنرێن؟ تۆ تەماشا بکە بە دەیان هەزاریان لێکوژران و بە سەدان هەزاریان لێ برینداربوون و بە ملیون کەسیان لێ دەربەدەر بوون، ماڵ و حاڵیان لە تەواوی ئەو دەڤەرەی غەزەدا لە گەڵ ئەرزێ تەخت کراون! سەرباری ئەوەی کە هەموو ئەو خەڵکەی کە لە ژیاندا ماوە بۆ یەک خولەکیش ڕاناوەستێ و هاوار نەکاتە ئەو خوایەی کە پێیان دەڵێت لە بەرم وەپاڕێن و منیش نزاو پاڕانەوەتان لێ قەبوڵ دەکەم!".


"هەروەها ئەو سەدان هەزار بریندارەش یەک کەسیان نیە کە دەمی ڕابوەستێ لە نزاو پاڕانەوە، تەنانەت' بە بڕوای من' هەموو کوژراوەکانیش هەتا ئەو خولەکەی کە گیانیان دەرچووە کە فریا کەوتبن هاواریان کردووەو پاڕاونەتەوەو نزایان کردووە کە خودای گەورە فریایان بکەوێت! ئەوە بێجگە لە سەرووی ملیارێک موسڵمانی سەرئەو زەویە کە بیست و چوار کاتژمێر لە ماڵ و لە مزگەوت و لە نێو پێنج فەرزەی نوێژەکانیشدا و لە کاتی نان خواردن و ئەملاولاشدا هەر هاواردەکەنە خواو دەپاڕێنەوە کە خوا فریای خەڵکی غەزە بکەوێت!".


بەڵام خوای گەورە سەرباری ئەو بەڵێنەشی کە داویە بە موسڵمانان و ئەوانەی کە لە سەر ڕێبازی خودان، کەچی وەڵامی یەک کەسیش ناداتەوە، بەڵام لەولاوەو وەک مێژووی ئیسلامیی پێمان دەڵێت و خواش لە قورئاندا لە سوڕەتی فیل دا باسی کردووە هەر خێرا سوپایەکی تەیارو پڕ چەکی بە بەردە وردکە ناردە پێش سوپاکەی ئەبڕەهەو نەی هێشت بستێک بڕواتە پێش و زیان بگەێنێت بە کەعبە واتە ماڵەکەی خوا خۆی! جا لێرەدا من پێم وایە دەبێ خەڵک بە گشتی و بە تایبەتی موسڵمانان پرسیاریان لە لەلا درووست ببێت و بڵێن:" بۆچی خوا فریای ماڵەکەی خۆی ئاهوا بە زوویی دەکەوێت و لێی وریایە بەڵام گوێ ناداتە کوردی موسڵمان کە بەدەستی موسڵمانەوە ئەنفال دەکرێت، بە دەستی سیستەمەکانی سوریاو عێڕاق و تورکیاو ئێرانەوە لە ناودەبرێت، یان ئەوەتە موسڵمانانی ئێرەو ئەوێ بە نوێژی نیوەڕۆ دەسوتێنرێن بەدەستی کافران، یاخود هەرموسڵمانان خۆشیان بەدەستی برا موسڵمانەکانیان بە نوێژی نیوەڕۆ قەتڵ و عام دەکرێن و دەیان نموونەی تریش لەوبارەوە هەم دوێنێ کە ڕوویان داوەو هەم لەم زەمانی ئێستاشدا کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن، بەڵام خوای بە ئاگا لە خشپەی مێروویەک ئەوەتە لە ئێستادا بێدەنگەو پەرچەکرداری نابینرێت! حیکمەتەکە لە کوێدایە؟ بۆچی ؟ بۆچی هەمووی هەر بۆ ڕۆژی دوایی هەڵگرتووە؟ یان ئەوەتە دەبێ وە دوا ئەو فەرموودەیەی خوا خۆی بکەوین کە لە سورەتی هود دا دەفەرموێت :" قال یا نوح انە لیس من اهلک انە عمل غیر صالح فلا تسالن ما لیس لک بە علم اني اعظک ان تکون من الجاهلین٤٦ قال ربي اني اعوذ بک ان ان اسالک ما لیس لي بەعلم و الا تغفر لي و ترحمني اکن من الخاسرین٤٧" سورەتی هود. واتە گوتی ئەی نوح! ئەم کوڕەت کەسی تۆ نیە. ئاکاری ناپەسنی هەس، هەر شتێ چی لێ نەزانی، داوامەکە، من ئامۆژگاریت لێدەکەم کە نەچیە ڕیزی نەزانان٤٦. گوتی ئەی پەروەندەکەم! هەر خۆ بە تۆ دەپارێزم، داوای شتێکت لێبکەم کە نایزانم،ئەگەر بەزەت پێمدا نەیەو لێم نەبووری یەکێکم لە زیانباران٤٧." تەفدیری قورئانی پیرۆزلاپەڕە ٢٢٧، هەژار موکریانی!

___________________________________
بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:
https://gellerreport.com/2025/03/syria-jolanis-army-of-islam-marches-to-genocidal-chant-of-annihilating-the-jews-
video.html/?lctg=38718787
https://www.youtube.com/watch?v=X8iRwabBRAQ

 

ماڵپه‌ڕی شوان عەزیز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک