په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٣\٢٠١٣

بۆ پەرتووکە شیعرى ''کەوتنەخوارەوە لە تۆ''

منیش قسەیەکت بۆ دەکەم لە نیوەرۆ کۆنتر بێ.


بەنگینە پیرۆت نورى 


لە ئەدەبیاتدا ئاسان و جوان نییە مرۆڤ دۆستى دوێنێ ئەمرۆ بە دوژمن بزانێت و لاى عەوام باسى ڕابردووى تێکئاڵان و ڕاموسانى بن سوانە و ژوانى شەوانى ئەنگوستەچاو بکات. من و شیعر دەمێکە تەڵاقمان لە یەکترى وەرگرتوە نەمن ئەو دەخوێنمەوە نە ئەویش دێتە ماڵى خەیاڵى ئەندێشەم. کە دەڵێم دۆست، ماناى وایە من و شیعر لە زۆر شتدا هاوبەش بووین، بەڵام جارى وا هەبوو ئەو دەهات من ڕام دەکرد یان من دەچووم بەرەو پیرى و بۆ ناو ئەو ئاوەى لەسەر شەپۆلەکان مەلەى دەکرد و بۆم ڕاو نەدەکرا وەک ماسیەکى لوس لەد ەست خەیاڵم ڕاى دەکرد. زۆر جاریش ئەو دەهات و من دەمنووسى، ئەو دەبوو بە وشە من دەمکرد بە شیعر، ئەو دەهاتە باوەشى هەست و ناخى ژیریم من نازم دەکێشا و لە بێشکەى ئەشقدا رامدەژاند.


کە دەڵێم نەیار، ئەو فێڵى لێ کردم، ئێستا وەک ئەوسا ئەو بۆ ناخم بەوەفا نییە و زۆر زوو ماڵى دڵمى بەجێهێشت و ئەو ئێستا ئەو بۆشایە گەورەیەیى ناخى ڕۆحم پڕناکاتەوە، ئەو بە خۆى نەزانیوە کە دەبێ بازار جێ بێڵێت چونکە لە هەراجخانەى بازارى ئەدەبیات هەرزانترین نرخى هەیە، ئەو بە خۆى نەزانیوە هەستى ئەو مرۆڤانەیە پەیڤەکانى هێندە سەنگینن هەر وشەیەک بە قەد ئەو بەردانە سەنگینن کە هەرەمى وڵاتى فرعەونەکانى بنیات ناوە و نابێ بێتە بازار و وەک یارى منداڵان هەرزانفرۆش بکرێت، شیعر دبێ مرۆڤ بە دوایدا بگەڕێت نەک شیعر بە دوا مرۆڤدا بگەڕێت، گەر وا بێت و شیعر بفرۆشرێت ماناى وایە فرۆشتنى مرۆڤیش ئاسایە. ئەگەرچى شیعر لە منداڵدانى هزرى مرۆڤدا لە دایک دەبێت، بەڵام دروستیش وایە هەر مرۆڤ بە دواى شیعردا بگەڕێت هەر وەک چۆن من وێڵى ئەو بووم نەک ئەو وێڵى من بێت، چونکە پێش ئەوەى شیعر بۆ کەس بنووسرێت دەبێ شیعر بۆ خۆى شیعر بێت و بۆ خۆى خۆى نووسیبێت و بە شیعریش بۆ مرۆڤ بخوڵقێت چونکە شاعیر وەک ژیان و وەک پرووشە بەفر جار لە دواى جار بەسەر سروشت دا دەباریت و بە شیعر دەخوڵقێ و بە شیعریش دەتوێتەوە.


شیعرەکانى نالى و وەفاى و مەولەوى مەحوى و پیرەمێرد و گۆران و بێکەس و دڵدار و هێمن...بوون بەسەراب، شیعرى ئازاد و شیعرى سەربەستیش بوون بە دڵۆپە ئاوێک و نا شیعرى نا شاعیریش بوو بە شیعر، ئاى لەم فەنتەڵۆسە، ئاى لەم دونیا سەیرە سڵ لەوە ناکرێتەوە سنوورێک بۆ چاپکردنى ناشیعرى ناشاعیر دابنرێت، کە سەرەتا زۆر شیرینە بەڵام لەبەر ئەوەى وشەکان نابن بە شیعر لە بەرامبەر شیعردا، بۆیە ئەو پەشمەکە شیرینە دواجار دەبێتە ژەهرى تاڵ.


پەرتووکە شیعرى " کەوتنەخوارەوە لە تۆ "ى شاعیر " سدیق عەلى " لەم نووسینەى خوارەوەدا وەڵامێکە بۆ پێشەکیەکەى سەرەوە کە لەسەر ناشیعر و ناشاعیر شتێکم گوت، بە ڕاستیی شاعیر ئەوەندە جوان بە شیعرى جوان پەیڤیوە بۆیە من و شیعر جارێکى تر مارەى یەکتریمان بڕیەوە و ئاشت بووینەوە.

من باسى پەرتووکێک دەکەم "بۆ تێگەیشتن لەباخچە دەبێ تا سنەوبەرەکان دادەنیشن بەپێوەبین " کە پڕ بەباوەشى گەرم و پڕ لە شیعرى ناسک و پڕ لەجوانى و پڕ لە خۆشەویستى و پڕ هۆنینەوەى ئاوازى ژیان دۆستیە،ئەوەندەش پڕ لەهەناسەى ئەو وشانەیە "لەترسى قاقا ترشاوەکانى کچانى کۆڵان" لەبیرەوەرى منداڵى خۆى ڕادەکات و "نایەڵێت لەژێر سوانەیەکى نیوە هەتاودا ڕاکشێت".


شیعرەکانى ئەم پەرتووکە چەند پڕ لەچریکەى ڕۆحى مرۆڤێکى بێ ئۆقرەیە بۆ گرتنى مریشکەکانى کۆڵان،ئەوەندەش "بەسەر جۆگەیەکى پڕ تەرمى سوێردا دەڕوات بەسەر ئاگرێکى بسک سور و لچک شیندا ڕێدەکات بەسەر دوکەڵێکى چاو سەوزو ڕووبارێکى پرچ خاودا دەڕوات".

 
ئەم پەرتووکە پڕا و پڕە لەنهێنى حەقیقەت،نهێنى ئەو واقعە کەشف دەکات کە لەنێو ڕازەکانى وشە خۆیان مەڵاسداوە. هەرکە یەکەم لاپەڕەى بەرگى پەرتووکە شیعرى "کەوتنە خوارەوە لەتۆ" هەڵمدایەوە،شاعیرم لەنێو شیعرى "ئاسن"دا بینى و پێى ووتم:


"دواجار منیش تۆم کەدەرۆى منیش ڕەشەبایەکم کە زەوقى ئاوڕدانەوەى نەماوە منیش بڵێسەیەکى دوکەڵ هەڵگرتوم کە خۆڵەمێش بەدواى پێیەکانیەوە جێ دێڵێ".


منیش وەک خوێنەرى شیعرەکانى ئەم شاعیرە بەشاعیر دەڵێم نا،تۆ ئەو شیعرەى وەک قەنەفڵى سەرسنگى کیژان هەمیشە بەوشەى ناسک بۆن پڕژێنمان دەکەى ئەى شاعیر.من لە دەقى جوانیش تۆرا بووم تائەو کاتەى تۆم نەناسى و نەشمتوانى دەقى جوانى شیعرى بناسم تائەوکاتەى بینیم ئاسن لەشیعرى ئاسندا بەگەرمى وشە دەتوێتەوە،نەرمى وشە ئاویەکان لەشیعرى ئاسندا ڕەقاى ئەو ئاسنە لەبەردەمیدا دەچەمێتەوە کە هیچ گورزێک نەیتوانیوە سەرى پێ نەوى بکات.هەستەکانى ئەم شاعیرە هەستى مرۆڤێکە بارانى بەهار حەدى چیە بەبێ شیعرى ئەو ببارێت،پڕوشە بەفرى زستان حەدى نەبێ بەبێ وشەى ئەو گربگرێت تیشکى خۆرەتاوى هاوینیش وەک درەختى پایز گەڵا شیعرى لێ ببارێت.


سەرەتاى ناسینى ئەم شاعیرە بۆ من هەر ناوێک بو بۆ شیعر پاشان لەخول و دەورەکانى ڕۆژنامەنوسى وەک مامۆستاى وانە ناسیم،دواى ئەوە بۆم دەرکەوت کە ئەو هەر مامۆستاى وانە نیە بەڵکو هاوڕێیەکى بەئەمەکیشە،من لەو شاعیر و مامۆستاو هاورێیە زۆر شت فێر بووم کە پێشتر پێیان ئاشنا نەببووم،بۆیە لێرەوە قەرزدارى خۆم ڕادەگەیەنم ئەگەر ئەو منى وەک ڕۆژنامەنوس قبوڵ کردبێت،چەندە ئاسانە بەشدارى خول و دەورەکان بکەیت،هێندەش ئاسان نیە ببیت بە ڕۆژنامەنوس،چەند بتوانیت وشە ڕیز بکەیت،هێندەش ئاسان نیە بتوانیت ببیت بە نوسەرێکى سەرکەوتوو.چەند ئاسانە شیعر بخوێنیتەوە،هێندەش ئاسان نیە ڕەخنە لەشیعرى شاعیرێک بگریت،چەند ئاسانە بنوسیت هێندەش ئاسان نیە وشە بکەیت بە شیعر.


بیرەوەریەکانى ئەم شاعیرە سێبەرەکانى پشت ماڵ و کۆڵانە قور و چڵپاوەکانى پشت ماڵ شیعرى جوان و درێژییان لێ هونراوە،هەر حەز دەکەیت لەژێر سێبەرى خانویەکى قوڕدا لەسەر گڵى ڕشێندراو دابنیشیت و ئەو ڕیحانانە بۆن بکەیت کە بۆنى شیعریان گرتوە.


هەمومان دەزانین لەم سەردەمەى ئێستادا زۆربەى خەڵک لەجیاتى دەوڵەمەند کردنى بیر و هۆش بەرۆشنبیرى گشتى،سەرقاڵى خۆ دەوڵەمەند کردن و بەرزکردنەوەى باڵەخانەکانیانن بەڵام ئەو سەرقاڵى خۆ دروستکردن و سەرقاڵى بنیات نانى باڵەخانەى شیعرە،بۆیە شورەیە شانازى بەم شاعیرە نەکەین و شیعرەکانى بە شیعرى ئێستا و داهاتو نەبینین،شورەیە شاعیر هەبێ،شیعر هەبێ بەڵام گوێى بیسەرى شیعرەکانیان نەبین.


ئەم شاعیرە گەنجە بەشدارى زۆربەى فێستیڤاڵە گەورەکانى وەکو فێستیڤاڵى ساڵانەى گەلاوێژى کردوە و بەپلەى نایاب و زۆربەشیان پلەى یەکەم بووە و شیعرەکانى ئەو لەڕیزى شیعرى ئەو شاعیرانەدابووە کە لە فێستیڤاڵە گەورەکانى جیهان خەڵات دەکرێن.


ئێستا لەدەڤەرەکەمان"ڕاپەڕین" زۆربەى ناوچەکانى ترى کوردستان،شیعرى هاوشێوەى وەک شیعرى ئەم شاعیرە ئاوا داهێنەر وەکو ئەو لەشیعردا،لەم فەوزاى ئێستاى بەناو شیعرى سەربەست و شیعرى ئازاد و شیعرە مۆبایل و شیعرە نا شیعرەکان زۆر دەگمەنە.


هەروەک چۆن شیعر و پەخشانى جاران بوون بە بناغەى ئەدەبیاتى ئێستاى کوردى،پێشبینى دەکەم شیعرەکانى ئێستاى ئەم شاعیرە دەبنە بەردێکى بناغەى ڕاگرى شیعرى داهاتو لە شیعر و ئەدەبیاتى کوردى.


ئەگەر بمانەوێت هەنگاوێک لەهەستى داهێنانى ئەدەبیات و شیعرى ئەم دەڤەرە بچینە پێش،پێشنیاز دەکەم بەرپرسانى دەڤەرى راپەڕین پێویستە شاعیر و ئەدیبانمان تا خۆیان زیندون بە دروستکردنى پەیکرێک یان ناو نانى هۆڵى پەرتووکخانە گشتیەکانى سنورەکە یا باخچە و شوێنە گشتیەکان بەسەر بکرێنەوە.

شاعیر لە شیعرى "لە نیوەرۆ کۆنتر"دا لە پەرتووکە شیعرى "کەوتنەخوارەوە لە تۆ" دەڵێ:


قسەیەکم بۆ بکە
سەوز بێت هێندەى سەروەتى هاوڕێى ڕەنگ و فڵچە و ئاو
بێ دین بێت هێندەى پڵنگەکانى ماردین
تاریک بێت هێندەى ئەشکەوتەکانى قوباد
غەمبار ئەوەندەى غوربەتى جەمال
قوڵ هێندەى مەرکانەکانى دلاوەر
کورت و درێژ بێت ئەوەندەى ویژدان و ڕیشى تیرۆرستێکى ماڵ لەسێبەر
کورت بێت هێندەى
شایەتمانى حاجیەکى نوێژ فرۆش
سپى بێت هێندەى دایکێکى دەست بەکەف
کورتر بێت لەتەمەنى منداڵێکى ڕا کردو لەحەمام.

وەک خوێنەرى ئەم پەرتووکە دەڵێم:


منیش دەڵێم قسەیەکت بۆ دەکەم
کورت هێندەى سێبەرى نیوەرۆ
درێژ ئەوەندەى شەوگارى پاڕانەوە لەخودا
کورت هێندەى تەمەنى نزایەکى قبوڵ کراو
درێژ ئەوەندەى خەونى قەیرە کچێک
کورت هێندەى نوێژى بەیانى
درێژ تر لە تەمەنى پەپولە
کورت هێندەى شەڕواڵى پیاوێکى شەهوانى
درێژ ئەوەندەى مێژووى پەتى سێدارە
کورت هێندەى داگیرساندنى جگەرەیەک
درێژ ئەوەندەى پیاسەى شیعرێک
کورت هێندەى خەونێکى خۆش
درێژ ئەوەندى کابوسى شیعرێکى شیعرێکى خنکاو
بەڵێ منیش قسەیەکت بۆ دەکەم
مزر هێندەى ماچى هەنارێکى لێو قەڵشیو
گەرم ئەوەندەى ئەنگوستیلەیەکى مارە فڕێدراو
بڵند هێندەى سەرى شیعرێکى ئەتک کراو.
_____________________________________________________
''کەوتنە خوارەوە لە تۆ'' دواین پەرتووکە شیعرى کاک (سدیق عەلى شاعیرە، چاپى
٢٠١٢.

 

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک