|
١٧\٣\٢٠٢٦
بۆرژوازە
خۆکوژەکان.
- لە پەراوێزی جەنگی
ئەمەریکا و ئێران -.

ئەکرەم سەعید
بۆرژوازە دڕندەکان لە سەردەمی ئێمەدا وەک
داعشیەکان خۆکوژن و بۆ گەیشتن بە ئامانجە پووچەکانیان بۆمبیان لە خۆیان
بەستوە و ئامادەن خۆیان و جیهان بتەقێنەوە و خاپووری بکەن؛ جەنگ لە
(ئۆکراینا، غەزە، سودان، و جەنگی ئەمەریکا و ئێران لەم ڕۆژانەدا لە
کەندا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) نموونەی جەنگی بۆرژوازە خۆکوژەکانە. جەنگی
نێوان ئەمەریکا و ئێران نموونەیەکە لە جەنگی دڕندەکانی سەردەمی مۆدێرن،
واتە کوشتنی خەڵکی ئاسایی لە جەنگەکانی دەوڵەتە دڕندەکانی
سەرمایەدارییدا نە هەڵەیە و نە زیانی لابەلا، بەڵکە ئامرازێکە بە
ئامانجی پەکخستنی هێزی دوژمن. بۆیە تیۆری "پێنج ئەڵقە"ی سەرهەنگ ''جۆن
واردن'' بە دیارترین تیۆری سەردەمی مۆدێرن دادەنرێ. ئەم تیۆریەی جەنگی
دڕندەکان لە لایەن سەرهەنگ ''جۆن واردن'' داڕێژراوە و لە پلاندانان بۆ
ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان ١٩٩١ بەکارهێنراوە. تیۆرەکە لەسەر بە
ئامانجکردنی پەکخستنی دوژمن دامەزراوە نەک لەناوبردنی سوپاکەی"، واتە
ئامانج پەکخستنی ژێرخانی فەرماندەیی و باڵادەستیی بەسەر (کارەبا،
پەیوەندییەکان، گواستنەوە)یە. هەرچەندە تیۆرەکە بە ڕاشکاویی کوشتنی
خەڵکی ئاسایی ناکاتە ئامانجی ڕاستەوخۆ، بەڵام لە کردەوە سەربازییەکاندا
بە کردەیی (موشەک گرتنە باڵەخانەیێک و کوشتنی منداڵان و خەڵکی ئاسایی
لەبری موشەک گرتنە زرێپۆش پەیڕەو دەکرێ). هەروەها بۆردومانی ژێرخانی
کۆمەڵ لە وزە و کارەبا و ئاو (کە خزمەت بە هەردوو سەربازیی و
دانیشتوانی ئاسایی دەکات) دەبێتە هۆی ئازاری توندی خەڵکی مەدەنی و
لەدەستدانی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەمەش گوشار دەخرێتە سەر
سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە.
ئەم وتارە شیکاری وردی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نییە و هەواڵەکانی
ڕۆژانەی ئەو جەنگە ناچێتە ناو باسەکانییەوە، بەڵکە بە گشتیی باسە لە
دوو تیۆری جەنگ و هەندێ سەرنج لە جەنگەکانی سەردەمی ئێمە*.
جەنگ و ئەندێشەی پووچی تیۆرەکان.
[ئەندێشەی پووچ دروستکردنی جیهانێکە لە ئەندێشەدا کە لە ڕاستییدا بوونی
نییە].
تیۆری ململانێی شارستانیەتەکان.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ٢٦\١١\٢٠٢٤دا
گووتی: "هیچ کات هێندە لە پێکدادانی شارستانیەتەکان نزیک نەبووینەتەوە".
ئەم ساختەچییە خۆی و حیزبەکەی بە موسڵمان دەزانێ لە کاتێکدا وڵاتەکەی
ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، تورکیا هاوکاری ئەمەریکا و ئیسرائیلی کردوە
دژی سوریا و میسر و ئێران، تورکیا پتر لە سەد ساڵە کوردەکانی ناوچەکە
کۆکوژیی دەکا کە ئاینی ئەو خەڵکە ئیسلامە، کەچی باسی ململانێی
شارستانیەتەکان دەکا؛ بە ڕاستیی گاڵتەجاڕییە.
"ململانێی شارستانیەتەکان" ئەو تیۆرییەی کە "ساموێل هەنتینگتۆن" لە
سەرەتای نەوەدەکاندا بڵاویکردەوە، پێداگریی لەسەر ئەوە دەکا کە کاتێک
ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیی نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداریی کۆتایی
هات، ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە
ناسنامەی فەرهەنگیی و ئاینیی جیاوازیان هەیە، و "بەریەککەوتنی
شارستانیەتەکان" زاڵ دەبێ بەسەر سیاسەتی جیهانیدا. بۆ هەندێ کەس
هێرشەکانی قاعیدە و شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق ئەم بۆچوونە پشتڕاست
دەکەنەوە. بەڵام وەک ئێستا دەزانین ئەوەی ڕوویداوە ئەوەیە کە
ململانێیەکان پتر لە ناو شارستانیەتەکاندا بووە نەک لە نێوانیاندا.
تیرۆریستە ئیسلامییە خواپەرستەکان زۆر پتر لە هەموو کەسێک خەڵکی ئاسایی
موسڵمانی بێتاوانیان کوشتوە، شەڕەکانی نێوان شیعە و سونە بەردەوامە و
زۆرینەی قوربانیانی موسڵمانانی لێدەکەوێتەوە، ئەمڕۆکە هێزەکانی (ئەبو
محەمەد جۆلانی) بە کۆمەکی وڵاتی سعودییە و ئەمەریکا خۆیان ئامادەکردوە
کۆکوژیی شیعەکانی لوبنان بکەن، وەک چۆن کۆکوژیی عەلەویەکانی سوریایان
کرد، و هەروا ئێران کۆمەکی ئەرمینیا دەکا کە مەسیحین و دژی
ئازەربایجانە کە شیعەن و... هتد. جەنگی ئێستای نێوان رۆژئاوا و ڕووسیا
لە ئۆکراینا هەردوو لایەکەی ئاینی مەسیحی تێیدا زاڵە، ململانێی تایوان
و چین کێشەکە فەرهەنگ و ئاین نییە، بەڵکە جەنگی هەژموونی ئابووریی و
رامیاریی و سەربازیی نێوان جەمسەری چین و جەمسەری ئەمەریکایە. کەواتە
تیۆری ململانێی شارستانییەکان بۆ فریودانە و شایستەی ئەوەیە کە
فرێبدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
تیۆری ململانێی چینایەتی.
لە تیۆری مارکسیدا (هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییەکانی
بەرهەمهێنان) هێزی چالاکن کە ڕووداوە مێژووییەکان و پێکهاتە
کۆمەڵایەتییەکان دروستدەکەن. هێزە بەرهەمهێنەرەکان، لەوانەش تەکنەلۆژیا
و پێڤاژۆی کار، ئەو داینەمۆیەن کە گەشەسەندنی کۆمەڵ دەبەنە پێشەوە، لە
کاتێکدا پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان (پێکهاتە چینایەتییەکانی
کۆمەڵایەتی) بنەمای بزووتنەوە سیاسییەکان و حیزبەکانن کە هەزر و
بەرنامەی کارکردنیان کۆششکردنە سامان چۆن دابەشبکرێ و دەسەڵات چۆن
ڕێکبخرێ. گۆڕانکاریی کۆمەڵ لە ئەنجامی ململانێی چینایەتیی ئەم هێزانەدا،
بە تایبەتیی لە ڕێگەی ململانێی چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر، وەک
هۆکاری سەرەکیی گۆڕانکاریی مێژووی کۆمەڵایەتی، لە لایەن مێژوونووسانی
بۆرژوازیی فەرەنسی و کۆمۆنیستە سەرەتاییەکان و مارکس، سەیر دەکرێ. ئایا
تا چەند ئەم تیۆرە ڕووداوەکانی مێژوو بە دروستیی شرۆڤە دەکا؟
بێ گومان نەخشی (گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی) لە
کۆمەڵدا چەندین راستیی و ڕووداوی مێژوویی پشتڕاستی دەکەنەوە، بەڵام
ئەوە تاکە راستیی گۆڕانی کۆمەڵەکان نییە لە مێژوودا، چونکە گۆڕانی
کۆمەڵ و مێژوو لە سەردەمە دێرنیەکان و نوێشدا (ململانێی نێوان خاوەن
دەسەڵات و هێزەکان) نەخشی گرنگیان بینیوە، بەڵکو زۆربەی کات ململانێی
خاوەن دەسەڵات و هێزەکان کە هەموویان سەر بە چینی چەوسێنەرن، ئەوە بۆتە
هۆکاری گۆڕان و ڕووداوی لە مێژوودا دروستکردوە، نەک ململانێی نێوان
(چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر). بە واتایەکی دی؛ هێزی چالاک ئەو
هێزانەن کە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ڕووداوەکان هەیە، جا چ لە
ڕێگەی کردارەوە بێ یان کاردانەوەی ناوەکیی یان دەرەکیی؛ واتە زۆر کات
ململانێی ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی یان کاریگەرییان لەسەر دۆخی
یان گۆڕانی ڕژێمەکان هەیە، هەرەس بە دەسەڵات و دەوڵەتەکان دەهێنن.
کەواتە ململانێی هێزەکانی خاوەن دەسەڵات بزوێنەری ڕووداوەکانن، دەبنە
هۆی ڕوودان یان گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان. بۆ بەڵگە زۆر دوور نەڕۆین تەماشی
ڕووداوەکان بکەین لە ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەم تا ئێستا و پرسیار لە
خۆمان بکەین: ئایا لەتەک ئەوەش کە چینی چەوساوە (بە شێوەێکی بابەتیی
چینی کرێکاران هەبوون و هەندێ جار خۆپیشاندانیان کردوە و هۆشیارانە
هەندێ جار ڕاپەڕینیان کردوە)، بەڵام ئایا چ ململانێیەک و چ هێزێک
ڕووداوەکان و گۆڕانەکانی دروستکردوە؟
با سەرنج لەمڕۆ بدەین: کە ئەمەریکا زلهێزێکی باڵادەستە و چین هێزێکی
هەڵکشاوە، ئایا کێبڕکێی نێوان ئەو دوو هێزە نییە لە گشت بوارەکاندا و
لە ئاستی جیهانییدا کە ڕووداوەکان دروستدەکا؟. جەنگی نێوان: ڕووسیا و
ناتۆ لە ئۆکراینا، ئیسرائیل و ئێران و... هتد. ئایا ململانێی هێزەکان و
جەنگەکانیان کە ڕووداو دروستدەکەن لە کام جۆری ململانێی چینەکانە؟.
بێگومان ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن، نەک ململانێی
نێوان چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر؛ بە واتایەکی دی بە زۆریی ئەوە
ململانێی نێوان خودی چینی بۆرژوازی خاوەن دەسەڵاتە کە ڕووداو دروستدەکا
لە مێژووی سەردەمی نوێدا، هەر بە هەمان شێوە کە ململانێی نێوان
ئیمپراتۆرییەتەکانی سەردەمی (میسری کۆن، مێزۆپۆتامیا، ساسانییەکان و
ڕۆم، شانشینەکانی وڵاتی هیند و چین) ڕووداویان دروستدەکرد.
هۆکاری ئەم دیاردانە لە مێژوودا چییە؟ واتە هۆکاری نەخشی مەزنی هۆکاری
ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن چیە؟
لەم سەردەمەدا بە هۆی (لاوازیی سۆسیالیستەکان، ئەزموونی خراپی
دامەزراندنی بە ناو دەوڵەت و کۆمەڵی کۆمۆنیستی، خامۆشیی چینی کرێکاران
و... هتد)، ململانێی چیانیەتی بە واتایە مارکسییەکەی (واتە ململانێی
نێوان چینی چەوساوە-پرۆلیتاریا و چینی چەوسێنەر-بۆرژوازی) زۆر
لاوازبووە و کاریگەریی لە دروستکردنی ڕووداوەکان کەم بۆتەوە، هەتا
ئێستاش بەڵگە نییە کە ناڕەزایەتی چینی کرێکاران نەخشی هەبووبێ لە
ڕێگریی لە هەڵگیرساندنی جەنگ یان ڕاگرتنی؛ بۆ نموونە (جەنگی ئۆکراینا،
جەنگ لەسەر غەزە، جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران).
مارکس لە وەسفی نەخشی ئەندێشەی پووچ لە مێژوودا لە پێشەکییەکەی ساڵی
١٨٦٩ی چاپی دووەمی پەرتووکی (هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت)دا ئاماژەی
بەوە کردوە کە مێژوو بە پڕاوپڕیی بە داینامیکی چینایەتی دیارناکرێ،
ئەوە بە هۆی یەک شت "نەخشی هەست و ئەندێشە پووچەکانی مرۆڤەکان"، چونکە
مرۆڤەکان "لە ڕێی نەریت و پەروەردەکردنەوە" کە دەگوازرێنەوە لە
نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی، وادەکا لە ئەنجامدا مرۆڤەکان "ڕەنگە
ئەندێشە بکەن کە پاڵنەرە ڕاستەقینەکان و خاڵی دەستپێکی چالاکییەکانی
پێکدەهێنن - مارکس"، بەڵام لە ڕاستییدا زۆرینەی کار و بیری مرۆڤەکان
بەرهەمی هەلومەرج و ئەندێشە پووچەکانن.
ئەنجامەکانی دوای جەنگ.
لە مێژووی کۆن و نوێدا ئیمپراتۆریەتە مەزنەکان بە هۆی قەیرانی ئابووریی
و ناکۆکیی ناوخۆیی و جەنگی دەرەکییەوە کۆتاییان هاتوە. پۆسێدۆنیۆس (١٣٥
پێش زایین - ٥١ پێش زایین) مێژوونووس و فەیلەسووفی یۆنانی کۆن دەیگوت:
(لە ساتەوەختی لەنێوبردنی ئاڵنگاریی کارتاجیەکان بۆ دەسەڵاتی ڕۆما،
''فەزیلەت''ەکانی ڕۆما پێشێلکراوە.). ''فەزیلەت''ەکانی ڕۆما وا پێناسە
دەکرا کە بریتییە لە شارستانیەت، و گوایە پێچەوانەی بەربەریزمی
جەرمەنەکانە، کە دڕندانە بوون لە کوشتاری خەڵکدا. بەڵام کاتێ ڕۆما
قەرتاجەی سووتان، و دڕندانە کۆکوژیی خەڵکەکەی کرد، ئیدی تەواوی
بەهایەکانی ڕۆما پێشێلکرا، هەروا دەرکەوت کە ڕۆما لە جەرمەنەکان و
قەرتاجییەکان بەربەریترە.
ئەمەریکا ساڵانێکە پرۆپاگاندەی بەهایەکانی شارستانییەتی رۆژئاوا دەکات:
(ئازادیی، یەکسانیی، برایەتیی و ئاشتی) کە دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسیی
ساڵی ١٧٨٩-١٧٩٩یە، پروپاگاندەی ئەوەی دەکرد کە مافی مرۆڤ دەپارێزێ،
بەڵام ئەمڕۆکە لە هەڵوێستیدا بەرامبەر پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و
جەنگی ئەمەریکا و ئێران، تێکڕای بەهایەکانی خۆی پووچەڵ دەکاتەوە. ئیدی
ئەمەریکا بەهایەکانی خۆی دۆڕاندوە، لێرەوە تەنانەت ئەگەر ئەمەریکا
شەڕەکەی دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەرێتەوە، بەڵام جەنگەکەی لە
بەرامبەر ڕووسیا و چین دەدۆڕێنێ. چونکە سبەینێ دوای جەنگ، تەنانەت
ئەگەر ئەمەریکا براوە بێ، بە هۆی ئەوەی کە خاوەنی تەکنەلۆژیای
پێشکەوتووی سەربازییە، چۆن دەتوانێ ئاماژە بە ڕووسیا بکا کە تاوانی
جەنگی کردوە لە ئۆکراینا؟! یان چۆن دەتوانێ ڕەخنە لە چین بگرێ کە
موسڵمانانی ئیگۆر دەچەوسێنێتەوە؟! لە کاتێکدا ئەمەریکا خۆی و ئیسرائیل
هەزاران خەڵکی ئاسایی و منداڵیان لە غەزە و ئێران و ناوچەکەدا کۆکوژیی
کردوە!. بۆ چینی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر
براوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بن، یان براوە ئێران و هاوپەیمانەکانی
بن، هیچ جیاوازییان نییە، و چارەنووس هەر بەشمەینەتییە، چونکە هەردوو
لایەنەکەی جەنگەکە دوو سەربازگەی سەرمایەداریی دڕندەن.
سۆسیالیستەکان و جەنگ.
لە ژیانی مارکسدا جەنگی جیهانیی ڕووینەداوە، بۆیە مارکس تیۆرێک یان
چەمکێکی تایبەتی بۆ جەنگ دانەڕشتوە، بەڵام ڕیبازێک کە بەکاریهێناوە لە
شیکاریی بۆ هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکای باکوور دژی ئەمەریکای باشوور،
دروستبووە. ئەنگلس لە پەرتووکی (ئەنتی دوهرینگ)دا لە جێپەنجەی
توندوتیژیی لە مێژوودا دواوە، بەڵام مارکس و ئەنگلس بڕوایان بەوە
نەبووە کە جەنگ ڕێیەکە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵی سەرمایەداریی،
بەڵکە دروشمیان ئەوە بووە کە "چینی کرێکارانی جیهان یەکگرن"، و بە
پێویستیان زانیوە کە پەیڕەو لە پرەنسیپی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران
بکەن.
دەشێ کاتەکانی جەنگ دژوارترین و خراپترین کات بن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی
سۆسیالیستی، چونکە کۆمەڵی سۆسیالیزم نە دابەشکردنی هەژارییە نە گونجاوە
لەسەر وێرانەیەک دامەزرێ. ئەم دەربڕینە دروستە بەڵام مەرج نییە بۆ
هەموو جەنگەکان دووبارەی بکەینەوە، بەڵکە هەلومەرجی مێژوویی کاتی جەنگی
دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، بڕیاردەرە کە چ هەنگاوێک دروستە بنرێ، نەک
بڕگەیەکی دەقێک.
سۆسیالیستەکان تا پێش جەنگی جیهانیی یەکەم، دروشمیان ئاشتی و دژی
سەربازییانەی دەوڵەتی سەرمایەداریی و جەنگ بووە، چونکە جەنگ دەبێتە
هۆکاری برسیەتی، بێکاریی، کاولکاریی، کۆکوژیی کرێکاران و خەڵکی ئاسایی.
لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم، نێونەتەوەیی دووەم نەیتوانی هەڵوێستێکی
یەکگرتوو دژی جەنگی ئیمپریالیستیی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، وەربگرێ. لە
بەرامبەر ئەم دیمەنەدا، ڕۆزا و لینین بە دەنگی بەرز دژی جەنگ بوون.
لۆکسمبۆرگ بە ڕۆشنیی نیشانی دا کە چۆن میلیتاریزم بڕبڕەی پشتی دەوڵەتە،
ڕای وا بوو کە دەبێ دروشمی “جەنگ دژی جەنگ“ ببێتە دروشمی بنەڕەتیی
سیاسەتی چینی کرێکاران. لەو کاتەوە ئامانجی سەرەکیی پرۆلیتاریا بوو بە
“بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم و هەڵوێستی دژی جەنگ“. ئەم دروشم و
هەڵوێستانەی "ڕۆزا و لینین" ئەگەر چی دروست و شۆڕشگێڕانە بوون، بەڵام
ئەفسووس نەتواندرا لە کردەوەدا دژی جەنگی جیهانی یەکەم لە لایەن
سۆسیالیستەکانی ئەو سەردەمە پەیڕەوی لێ بکرێ، بە هۆی هەڵوێست بەرامبەر
جەنگی جیهانیی یەکەم دووبەرەکیی و لێکترازان لە نێو ڕیزەکانی
سۆسیالیستەکان دروستبوو.
ڕایەکەی "ئیتیان بالیبار" دروستە کە نووسیبووی: (شەڕ بۆ مارکسیزم
بەتەواویی چەمک نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کێشەیەکە. لە کاتێکدا
مارکسیزم نەیتوانی چەمکێکی شەڕ دابهێنێ، بەڵام دەیتوانی دووبارە
دروستیبکاتەوە، ئەگەر بڵێین: واتە پرسی شەڕ بخاتە ناو کێشەدارەکەی
خۆیەوە، و ڕەخنەیەکی مارکسیستی لە شەڕ، یان تیۆرێکی ڕەخنەیی لە شەڕ و
بارودۆخ و پرۆسەکانی جەنگ، بە ناوەڕۆکێکی تەواو ڕەسەن بەرهەمبهێنی. بە
جۆرێک دەتوانرێ ئەمە وەک جۆرێک لە تاقیکردنەوە بۆ توانای مارکسیزم بۆ
جێگیرکردنی خۆی وەک گوتارێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە بسەلمێندرێ. بیری
مارکسیستی دەوڵەمەندیێکی شیکاریی هەیە سەبارەت بە شەڕ بە گشتیی، جۆرە
تایبەتەکانی شەڕ. بەڵام شتێکی نائاسایی ڕوویدا: کێشەی شەڕ لەبری ئەوەی
یارمەتیدەر بێ بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی مارکسیزمەکان، لەبری ئەوە
کاریگەرییەکی قووڵی وێرانکەری بەرهەمهێنا...) - مارکسیزم و جەنگ/
ئیتیان بالیبار.
ئەمڕۆکە لە کاتی جەنگ لەسەر غەزە، هەندێ لە کۆمۆنیستەکان لە راگەیاندن
و وتارەکانیاندا، هەڵوێستەکەی لینین و ڕۆزا دووبارە دەکەنەوە: باڵێکی
کۆمۆنیستی بڕوای وایە کە دەبێ جەنگی غەزە بکرێ بە جەنگی چینایەتی دژی
ئیمپریالیزمی ئەمەریکا، بەمە دەرفەتی شۆڕشی سۆسیالیستی پتر دەبێ؛ واتە
ئەم هاوڕێیانە گرنگیی بە کۆنەپەرستیی پرۆژەی حەماس و هاوپەیمانەکانی
نادەن، بەڵکو قورسایی خۆیان خستۆتە سەر دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمەریکا،
واتە یەک تاک چاون، بڕوایان وایە لەتەک حەماس دژی ئەمەریکا، زەمینەی
جەنگی چینایەتی خۆشدەبێ!. باڵێکی دی کۆمۆنیستەکان ڕای وایە کە ئەم
جەنگە بکرێ بە دەرفەتی بەرپاکردنی شۆڕش بەسەر دوژمنی ناخۆیی (واتە
گۆڕینی جەنگ بۆ شۆڕش بۆ نموونە لە ئێراندا). بە ڕای من ئەم هاوڕێیانە
گەرچی هەڵوێستی مرۆییان دژی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا، دروستە و جێی
دەستخۆشییە، بەڵام بانگەواز و دروشمەکانیان زۆر ئەندێشەییانەیە، و
بیرکردنەوەیان دوورە لە بەرژەوەندیی چینی کرێکاران. چونکە ئەو جەمسەرەی
بەرامبەری ئەمەریکایە، جەمسەرێکی دڕندە و کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە؛
واتە ئەمە جەنگی دوو جەمسەری سەرمایەداریی دڕندەن، ئیدی چۆن جەنگی
حەماس و ئێران لەتەک ئیسرائیل و ئەمەریکا دەبێ بە زەمینەسازکردن بۆ
بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی؟! ئەمە تێڕوانینی ئەندێشەمەندانەی لینینە
دەربارەی شۆڕشی گەلانی چەوساوە دژی ئیمپریالیزم بە شێوەێکی
کاریکاتێریی. هەروا لە سەردەمی ئێمەدا، پرسەکانی وەک فەلەستینیەکان یان
کوردەکان، دەمێکە بۆتە مەیدانی کێشمەکێشی بۆرژوازە کۆنەپەرستەکانی
ناوخۆیی و جیهانیی، ئیدی هیچ بزووتنەوەیەکی گەلانی چەوساوە و ژێردەست
نەماوە کە پێشکەتووخواز بێ، و دەمێکە ئەوە ئاشکرا بووە کە جەنگی
بۆرژوازی گەلانی ژێردەست دژی دەوڵەتی سەردەست، ناکرێ بە هاوپەیمانی
چینی کرێکاران، سەربەخۆیی (فەڵەستین و کوردستان) بە سەرکردایەتی
بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکان بێ یان ئیسلامییەکان، نابێتە بەردەباز
بەرەو سۆسیالیزم؛ ئەوە تەنیا ئەفسانەیە. دەرفەتهێنان لە کاتی جەنگ بۆ
بەرپاکردنی شۆڕش لە ئێران یان ئێراقدا؛ هزری سەرچڵانەی کەمایەتیەکی نێو
کەشی خوازەییە، چونکە ئێستا هیزێکی سۆسیالیستی نییە بتوانێ ئەوە بکا،
شۆڕش ئێستا لەو وڵاتانەدا، دەچێتە راژەی بەرەکەی دییەوە. بۆ
سۆسیالیستەکان بە تایبەتیی ئەوە گرنگە کە سیاسەتی سەربەخۆی چینی
کرێکاران دژی دەوڵەتەکانی سەرمایەداریی بپارێزن، بە تایبەتیی لەم
پرسەدا: "دژی جەنگ" بن، و هۆشیار بن نەکەونە ناو سەنگەری ئەمەریکا یان
ئێران.
وهحشهكانی مۆدێرنه
پۆتین سهگهكهی له منداڵێكی سوری
خۆشتر دهوێ.
پۆتین خوێن دهڕێژێ و
یاری به سهگهكهی دهكا.
لای پۆتین ڕژانی خوێن و
یاری سهگ لێك دهچن.
ترهمپیش جارێك گوتبووی:
سهدام گاڵتهیهكی كیمیاوییانهی
لهگهڵ ههڵهبجه كردبوو،
بۆ وا لێیان كردبووه
ههڵڵا و ههرا؟…
ئهرێ خهڵكینه، ئهمانه مرۆڤن؟
یان وهحشهكانی سهرمایه و مۆدێرنه؟
بهختیار محهمهد
فەلسەفە لە سەردەمی داڕماندا.
کاتێک بۆ پاشەوە و کاتێک بۆ پێشەوە.
سەردەمەکەی ئێمە بەوە دەناسرێتەوە کە بۆرژوازەکان سامان بە خێرایی
کەڵەکە دەکەن و کرێکاران و زۆربەی خەڵکیش پتر هەژار دەکەن. ئەوەی جێی
سەرسوڕمانە بۆرژوازە دەسەڵاتدارەکان توانیویانە زۆربەی هەرە زۆری ئەو
خەڵکەی کە هەژاریان کردوە فریوبدەن، و بیانکەنە لایەنگرانی حیزبەکان و
بیروباوەڕە کۆنەپەرستەکانی خۆیان. لە خوێندنەوەی دەقەکانی
"سۆسیالیستەکان و مارکس" کە پێداگرییان دەکرد لەسەر (نەخشی هۆشیاریی/
ئەقڵانییەت)، بە تایبەتیی شرۆڤەی مارکس بۆ کۆمەڵی سەرمایەداریی، ڕایان
وا بوو کە چینی کرێکاران؛ ئەم چینە نوێیە نابێ ڕێبدا بکەوێتە تەڵەکانی
هۆشی ساختە/ ئایدۆلۆژیایەکانی دەسەڵات؛ واتە بە جۆرێک نابێ ڕێ بە خۆی
بدا بە بەرتیلێکی گەورە یان بچووک ئارام بکرێتەوە، یان نابێ لە بێزاریی
و بێهێزیی بچێ ملکەچی دەسەڵاتی بۆرژوازی بێ، وەک چۆن زۆرێک لە چینەکانی
مێژووی پێشوو (کۆیلەکان و جوتیاران ملکەچی دەسەڵات و بیروباوەڕی خاوەن
کۆیلەکان و دەرەبەگەکان بوون)، پرۆلیتاریا نابێ ڕێبدا گەوجبکرێ بە
بیروباوەڕی ئاینیی سیاسی و ڕەگەزپەرستیی.
بەڵام ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری چینی کرێکاران و خەڵکی هەژار بەدوای
(داعش، ڕەگەزپەرستەکان، حیزبە هیندۆسیەکان، مەسیحی سیاسی، ڕاستڕەوی
توندڕەو،، هزری بنەماڵە و هۆزەوە) نین؟! ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی
پرۆلیتاریا لە (ئەمەریکا، ئەوروپا،، و کوردستان و... هتد) کە بژێوییان
سەختە و بێکارن، بەدوای سیاسەت و بیروباوەڕی بۆرژوازییەوە نین؟.
بۆرژوازی توانیویەتی بە سیاسەت و ئایدۆلۆژیا لە ڕێی بەکارهێنانی
تەکنەلۆژیای نوێ لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پرۆلیتاریا نەک
تەنیا لە هۆشیاریی چینایەتی دووربخاتەوە، بەڵکە ویژدان و هەست و
میهرەبانیی مرۆیی نەھێڵێ و بیکاتە دڕندە (بۆرژوازەکان جیهان لەسەر
شێوەی خۆیان دروستدەکەن - مارکس/ مانیفێستی کۆمۆنیست).
ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی وەک (مرۆڤی نامۆ، مرۆڤی مەسخ، مرۆڤی زۆمبی،
مرۆڤی گرگن، مرۆڤی فریودراو، مرۆڤی گەمژەکراو) لە ئەدەبیاتی
سۆسیالیستیدا بەکارهێندراون بۆ پێناسەی باری ئەو بەشە فریودراوەی خەڵک،
کە لەم سەردەمدا بە ناشیترین شێوە لە کردەوەکانی ڕەگەزپەرستەکانی
ڕۆژئاوا و شوێنکەوتووەکانی حیزبە ئاینیی و سیاسییەکان لە سووریا،
سوودان، یەمەن، عێراق، هیندستان و... هتد، دەیبینین. ئەمڕۆکە ململانێی
چینایەتی لە هەلومەرجێکی زۆر نالەباردایە و فەلسەفەی سۆسیالیستی
ساڵانێکە لە پاشەکشەدایە. لە ڕاستییدا ئەمە سەدەیەکە بۆ ناعەقڵانییەتی
بۆرژوازی؛ بۆیە کەسانی سۆسیالیست و چەپی وەک ئێمە و بڕێک لە خەڵکی
شارستانیی و سکولار وا هەستدەکەن کە ئێمە دواهەمین نەوەی سەردەمێک
بووین بەسەرچووە و ئەو سەردەمە هەروا ئاسان ناگەڕێتەوە.
چۆن گەیشتینە ئێرە؟ بۆچ بیروباوەڕ و هەلومەرجی کۆمەڵ هێندە پاشەکشەی
پێکراوە؟. ململانێی بیروباوەڕ هاوشێوەی شەڕ سیجالە؛ بۆ پێشەوە و بۆ
پاشەوەی تێدایە، واتە فەلسەفە لە ململانێدایە و وەرچەرخان دەکا، شەڕێکە
و سەرکەوتن و شکستی بەدوایەکتری تێدایە؛ واتە هەر فەلسەفەیەو لە
سەردەمێکدا سەرکەوتن بەدەستدهێنێ و لە سەردەمێکی دیکەدا شکستی
پێدەهێندرێ.
لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا فەلسەفەی پاڕێزگارەکان و چەمکەکانی ڕەوشت،
داب و نەریەت، و دڵسۆزیی بۆ هۆز و خێزان زاڵ بوون، لە سەردەمی
سەرمایەدارییدا بە تایبەتیی لە سەرەتاییدا و تا ساڵانی ١٩٩٠ فەلسەفەی
لیبڕالی و چەمکەکانی تاکەکەس، ئازادیی و یەکسانیی ڕامیاریی و یاسایی
باو بوو، بەڵام ئەمڕۆکە بە زۆریی بۆرژوازی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ فەرهەنگی
ڕەوشت و دڵسۆزیی بۆ: دەسەڵات، نیشتمان، ئاین، ڕەگەز، هۆز و بنەماڵە.
بەڵام سۆسیالیستەکان خەبات دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێک کە ئازادیی و
یەکسانیی بە ناوەڕۆکێک کە هەردووک لایەنی ڕامیاریی و ئابووریی تێیدا
زاڵ بێ.
ساڵەکانی ١٨٠٠ - ١٩٨٠ بەوە دەناسرێتەوە کە ململانێی نێوان فەلسەفەی
لیبڕالیزم و سۆسیالیزم باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو، بەڵام لەتەک
سەرهەڵدانی قۆناغی ئیمپریالیزم، بە کۆششی بیرمەندانی وەک (نیتشە، کارڵ
شمیت، هایدگەر، لیۆ شتراوس، ساموێل هینتینگتۆن و... هتد) فەلسەفەی
پاڕێزگارەکان پشتی ڕاستکردەوە و گۆڕەپانەکەی داگیردەکرد، هێدی هێدی بە
هاتنی (ماگرێت تاتچەر و ڕێگان) بۆ سەر دەسەڵات، فەلسەفەی پارێزگارەکان
و سیاسەتەکانی لە جیهاندا زاڵ دەبوون، تا ئەنجامەکەی وای لێهات ئەمڕۆکە
هەردووک فەلسەفەی (لیبڕالیزم و سۆسیالیزم) پاشەکشەیان کردوە و لاواز
بوون، بەڵام بیروباوەڕی پاڕزگارەکان لەوپەڕی بەجەماوەربووندایە و
لایەکی جیهان کۆنەپەرست و دڕندەیە. ئایا جیهان وەرچەرخانێکی فەلسەفیی و
ڕامیاریی نوێ بەخۆیەوە دەبینێ؟ ئایا ئێمە فەلسەفەی سۆسیالیستی دەبینین
جارێکی دی جیهان بە (ئازادیی و یەکسانیی مرۆڤەکان) ڕووناک بکاتەوە؟ بە
ڕای من بەڵێ ئەوە ئەگەرێکە و بەند و بەستراوە بەوەی کە مرۆڤە ئازاد و
یەکسانخوازەکان تا چەند:
● کەتوارییانە لە جیهانی
ئەمڕۆکە تێگەیشتوون و چ کارێک دەکەن بۆ گۆڕینی، چونکە دەبێ لە جیهانی
ئەمڕۆکە دروست تێبگەین تا بتوانین بیگۆڕین.
● سۆسیالیستەکان (دۆست و
دوژمن)؛ کە بنەمای هەموو فەلسەفەێەکی ڕامیارییە، چۆن و بە چ پێوەرێک
دیاردەکەن.
● تا چەند سۆسیالیستەکان لە
گرۆچیەتی (سیکتاریسم) خۆیان بەدوور دەگرن و بە شێوەی کاری هاوبەش
تێدەکۆشن.
_________________________________________
پەراوێز:
بۆ خوێندنەوەی ڕای نووسەر لەسەر هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکا و ئێران
دەتوانن ئەم وتارانە بخوێننەوە:
١- (سەرمایەداری: قەیران و بەربەریسم)، ئەکرەم سەعید - لە پەرتووکی
''تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی''.
٢- (جەنگ و فریودان)، ئەکرەم سەعید.
٣- (جەنگی دڕندەکان بەرەو کوێ دەچێ؟)، ئاسۆ کەمال - ئەکرەم سەعید.
|