١٤\٥\٢٠١٥
بۆ رۆژی دایک.

شوان عوسمان
١
نیشتیمان...
من لە شوێنێک لە دایک بووم،
ئەو شوێنە بۆنی دایکی منی لێ دێت....
من بچمە هەر جێگایەک ئەو شوێنە دەکەوێتە شوێنم،
وەکو سێبەری دایکم،
لێم جیا نابێتەوە...
من بە بێ ئەو سێبەرە خۆم نیم..
زاکیرەیەکی پڕاوپڕم لە یادەوەریەکانی خۆم و دایکم...
من لە دووری نیشتیمان،
لە خۆم و لە دایکم و لە یادەوەریەکانم ئەبم...
من کە هەمیشە لە گەڕانم، بەدوای نیشتیمانێک ئەگەڕێم...
تا خۆم و دایک و بیرەوەریەکانم لەوێوە بە دەوری سفرەیەک،
خڕ ببنەوە....
٢
دایکم...
ئەمڕۆ...
بیر لە خۆم ناکەمەوە،
کەسێکی دی هەیە لە خۆم زیاتر تا بیری لێ بکەمەوە...
من بەبێ ئەو هیچ نیم،
خۆشم نابم...
من ئەوەم کە لە زاکیرەی ئەودا ساڵانێکە شین بووم،
کە ئەو لەسەر بەرماڵێک قسە لەگەل خوا دەکات،
لەهەر کوێیەک بم،
گوێم لە دوعاکانی ئەبێت ،ئەوانیش لەو نزیکم ئەکەنەوە...
ناکرێت بیر لە دایکمان نەکەینەوە،
ئەوەی بیر لە دایکی نەکاتەوە بێ سێودوو حەرامزادەیە..
ئەو هەمیشە لەناومدا حزووری هەیە،
وەکو خۆم...
لەگەلم دەژی،
لەگەلی دەدوێم ،ئەو منە و
منیش ئەوم....
٣
دایکم...
وەکو شەنگەبی،
شەنگە،
ئەگەر لەگەلم بی یان لەگەلم نەبی...
شەنگترین شنەبای غوربەتم لەوەوە بۆ دێ،
لە دووری....
ئەو ئەوەندە بە دژ با و بۆرانی قەدەرەکاندا،
چووە...
خۆدانە بەر خۆری لەبیرچووەتەوە،
ئەو کاتێکیش خۆی دەداتە بەر خۆر،
باڵەکانی ئەوەندە تەنکن،
من ئەودیوی خۆر لەودیوی ئەوەوە بە ئاسانی ئەبینم....
٤
من ئەوەندە ئەزانم کاتێک باران دێ،
هەموو گوڵە تێنووەکانی سەرسنگ و دامێن کراسی دایکم،
دێنە سەر چۆک،
لەبەر خۆر دەم دەکەنەوە،
لە باران دەپاڕێنەوە...
تا بە ئاوێک عومری تێنووی دایکم تەڕ بکەن..
ئەوان دەزانن هەموو گوڵەکانی عومری لێ بەبا بوون،
بە کزەبا بێ یان بە رەشەبا...
ئەو لەگەل تەنیایی شەودا تا بەیانی لە ئینجانە بەتاڵەکان دەڕوانێت...
بە تەنیا دادەنیشێ و
چاوەڕێیە بە بۆنی یەکێکیان بە خەبەر بێتەوە...
منداڵەکان بۆ گەیشتن بە گەرمی خۆر باریان کرد،
دایکیان بەجێهێشت...
ئەوان نەیانزانی لە دووریدا،
گەرمایی هیچ خۆرێک گەرمیان ناکاتەوە وەکو گەرمی دڵی دایک...
ئەویش لەو رۆژەوە کە گوڵەکانی رۆیشتوون،
پشتی لە خۆر کرد...
ئینجانەکانی لێی نابنەوە و نایانەوێت دوور بکەونەوە،
ئەوانیش لەگەل ئەو روویان لە خۆر گۆڕی..
١٢\٥\٢٠١٥
- هۆلەندە
ماڵپهڕی شوان عوسمان
|