Text Box:  

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 


الاتحاد العام اللاجئین العراقیین
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی
INTERNATIONAL FEDERATION OF IRAQI REFUGEES-IFIR


بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان..
پەرلەمانتارەکانی کوردستان..


پاش سڵاو رێز ...
بەرێزان : ئەم نامەیەتان بە نۆینەرایەتی سەرجەم خواست و داوا ئینسایەکانی پەنابەرانی کورد ئاراستە دەکەم دەربارەی کێشەو گیروگرفتەکانی پەنابەرانی کوردی عیراقی لە ئەوروپا بەتایبەتی کە ماوەیەکە زۆربەی ووڵاتە ئەوروپایەکان کەوتۆنەتە زەخت و زۆر و فشار هێنان بۆ پەنابەرە کوردەکان وهەرەشەی گێرانەوەیان لێ دەکەن بۆ کوردستان و تا ئێستاش 3 وەجبە بە فرۆکەی سەربازی و کەلەپچەو جلوبەرگی سەربازی وەک ئەوەی تاوان باری جەنگ بن رەوانەی فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر کراوەتەوە، سێ وەجبەی تریش بە فرۆکەی ئەهلی لەریگای فرۆکەخانەی عەمان رەوانەی کوردستان کراوەتەوە ،من لە رێگای ئەم نامەیەوە دەمەوێت نارەزایەتی پەنابەرانی کوردو زۆربەی رێکخراوە ئینسانی و پەنابەری و پەرلەمانتارەکانی بەریتانیاو ئەوروپاتان پێ رابگەیەنم و چەند داواکاریەک کە داواکاری ئێمە تەواوی پەنابەرانە لە وولاتە ئەوروپایەکان بخەمە بەر دەستان، داواکارم بە چاوێکی بەرپرسیارانە وەڵامی ئەم نامە بدەنەوەو ئیجرئاتی خۆتان لەسەر بکەن.
ماوەیەکە زۆربەی ووڵاتە ئەوروپیەکان لە وانە سویسرا و سوید و فنلندا وئەڵمانیا و بەریتانیا کەوتوونەتە زەخت و زۆر هێنان وهەرەشە کردنی گەرانەوەی پەنابەرانی کوردی عیراقی بۆ کوردستان و تەنانەت حکومەتی بەریتانیا 93 پەنابەری کوردی بە ئیهانەتو سوکایەتی رەوانەی فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر کردۆتەوە ،جگە لەمانە حکومەتی بەریتانیا لەرێگەی دەزگانی پۆلیسەوە کەوتوونەتە گرتن وراونانی پەنابەرانی کورد لەکاتی ئێمزاکردنی مانگانەیان لەبنکەکانى پۆلیس وەیان لەحملەی شەوانەدا بۆ سەر پەنابەران و راپیچ کردنیان بۆ نیو گرتووخانە دەست بەسەرەکان کەلەلایەن دەولەتی بەریتانیاوە ژمارەیەکی زۆر ( Detention) واتە گرتووخانەی دەست بەسەر کراوەتەوە . وەهەروەها لە وولاتی سوید 1400 پەنابەری کورد کە پێک هاتووە لەخیزان و منداڵ و پەکەوتە لەنیویاندا هەیە دوای چەند ساڵ چاوەروانی یان سالی پار حکومەتی سویدی ئیقامەی پێدان بۆ یەک ساڵ ئێستا ئامادە نیە ئیقامەکان تازە بکەنەوە داوایان لێ دەکەن بگەرێنەوە بۆ کوردستان ئەگەرچی منداڵەکانیان دەچنە قوتابخانە و فێری زمانی سویدی بوون ،وەخێزانی تێدایە منداڵی نەخۆشی لۆکیمیای هەیە وە ژنانی پەکەوتەو نەخۆش وە هەروەها زۆر خێزان هێشتا بەیەک نەگەیشتوونەتەوەو نیوەیان لە وولاتەکانی دراوسێ جێ ماون،حکومەتی ئەڵمانیا بەهەمان شێوە ژیانی 20 هەزار پەنابەری عێراقی خستۆتە بەر دەم مەترسی ناردنەوە وە، حکومەتی سویسراو فنلندا ش خەریکن هەمان سیاسەت دەبەنە پێشەوە بۆ ناردنەوەی پەنابەرانی کورد ، سەرباری ئەوەی پەنابەرانیان بۆ ساڵانێکی زۆر لەکەمپەکان راگرتووە زۆر پەنابەر تووشی نەخۆشی دەروونی بوون و تەنانەت بەهۆی ئەم سیاسەتەوە چەند مانگ بەر لە ئێستا (میوان عمر)پەنابەری کورد لەسوید لەترسی گەرانەوە خۆی کۆشت، .ئەم وەزعیتە بەگشتی ترس و دڵە راوەکی یەکی گەورەى لەنیو پەنابەراندا پەرەپێداوە وبۆتە بەلایەکی گەورە بەسەر ژیانیانەوە. تەنانەت زۆر پەنابەرى کورد لەبەر هەرەشەی گرتن ماڵ و شۆینی حەوانەوەی خۆیان جێهیشتووە، و سەفەرو هاتنە دەرەوەى خۆیان راگرتووە، بەتایبەتى کە هەندێک لەوان لەکاتی هاتووچووی نیو شارەکاندا گیراون ئەمە جگە لە برینى سوسیال و لیسەندنەوەى خانوو بێبەشکردنیان لە خزمەتگوزارى.
ئێوە ئاگادارن ئەم دەیان هەزار پەنابەرە کوردە کە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهیشتوە وەیان فرۆشتوە و ئازیزان و خۆشەویستانی خۆیان جێهیشتوە و بە ریگای سەخت و پر مەترسی و بەنرخی گیان لەدەستدان دەرباز بوون بە هەر دەلیلێک لە هەر کاتێکی پر محنەتدا کوردستانیان جێهشتبێت مافی خۆیان لە مافی پەنابەری بەهرمەند بن زۆرێک لەو پەنابەرانە دەخۆینن و دەستیان بە خۆیندگا باڵاکان راگەیشتووە کە گەر دەرفەتیان هەبێ لە هەر کەلێنێک دەتوانن باشترین خزمەت بەخەڵکی کوردستان بکەن بەداخەوە لە دەرەوەش هاوکاری ئەم حکومەتانە دەکرێت بۆ ناردنەوەی بەزۆری ئەم پەنابەرانە لەکاتێکدا کە بیکاری و گرانی و هیچ تەزمینێک بۆ ژیانی ئەم کەسانە نی یە ئەگەر بگەرێنەوە بۆ کوردستان
بەریزان
دەمەوێت ئەو راستی یە بڵێم لایەنێکى ئەم سیاسەت و هەڵسوکەوتى دەوڵەتەکانی ئەوروپی یەکانە ،لایەنێکی تری بەداخەوە پشتى بەستووە بە ریکەوتنێک کەلەنیوان حکومەتانی ئەوروپا وبەتایبەتی حکومەتی بەریتانیا وحکومەتی عیراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە . بەتایبەتیش کە لەکۆبوونەوەیەکدا من لەوێ بووم لەگەڵ نۆینەرانی رێکخراوە کوردی و عیراقیەکان وە بە ئامادە بوونی بەریز (شانازی ئیبراهیم ئەحمەدو)( عەلی بەیاتی) لەسەفارەتی عیراقی لەندەن، کەلەبەروارى 27-11-2006 لەسەر مەسەلەى دیپۆرتى پەنابەرانى کورد وعیراقى سازدرابوو،دوای ئەوەی من یاداشتنامەیەکی نارەزایەتیم دا دژ بەگیرانەوەی بەزۆری پەنابەرانی کورد ، نوینەرى وەزارەتى ناوخوى بەریتانیا بەئێمەی راگەیاند کەناردنەوەى پەنابەران بۆکوردستان لەئاکامى ریکەوتنێکدایە کەلەنێوان حکومەتى بەریتانیاو بەهاوکارى ورازى بوونى حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقی چۆتەپێشەوە و ئەم ریکەوتنەش لەساڵی 2005 ئیمزاکراوە. وەک ئاشکراشە راستى ناوەرۆکى ئەم رێکەوتنە دوقوڵیەش ئەوەیە بەپێشوازى لێکردن و وەرگرتنەوەى 5 وەجبە پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان بۆشارى هەولێر لە رێگای فرۆکەخانەکانەی نیو دەوڵەتی هەولێر ئەنجام دراوە، خزمەتگوزارى تەواو بۆ جیبەجێ بوونى سیاسەتى دیپۆرتى پەنابەران خراوەتە ئیختیار دەوڵەتى بەریتانیاوە. وە زانیاریمان هەیە ئەم پەنابەرانە پێش ئەوەی بیان نێرنەوە نامەیان نیشان ئەدرێ کە حکومەتی هەرێم رازی بووە بە ناردنەوەت، وە تەنانەت زانیاریمان هەیە شەریکەی زاگروس لە فرانکفۆرت تیکتی فرۆشتوە بە حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ناردنەوەی ئەو پەنابەرە کوردانە ،ئێمە زۆر جار ویستوومانە ئەو پەنابەرانە لەمەترسی گەرانەوە رزگار بکەین پارێزەرمان بۆ گرتوون وە یان ئەوانەی بەزۆر نێراونەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم زانیاری تەواوی لەسەر ئەم پەنابەرانە خستۆتە ئیبختیاری ئەم ووڵاتانەوە وەمن بەڵگەم هەیە لەو بارەیەوە ئامادەم لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بەشداری بکەم ئەو راستیانە بخەمە بەردەست هەموو لایەک.
بەریزان
ئێوە دوای ئەوەی نارەزایەتیەکانی پەنابەران لە هەموو ووڵاتە ئەوروپایەکان بەرز بووە راتان گەیان ئامادە نیین هیچ پەنابەرێکی بەزۆر نێراوە وەربگرنەوە بەڵام بەداخەوە هەر دوای ئەم تەسریحەی ئێوەش بە پێچەوانەوە تا ئێستا حکومەتی هەرێم ئەم پەنابەرانە وەردەگرێتەوە هاوکاری ئەم پرۆسەیە دەکات ، کە سیاسەت و رێکەوتن نامەیەکى ئاواش بەتەواوى پێچەوانەیە لەگەل خواست وبەرژەوەندى پەنابەرانى کوردستان و بەزیان وزەرەرى ئەوان وکەسوکاریان لەناوخۆى کوردستان تەواو دەبێت..
ئێمە لەفیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی لەسەراسەری وولاتە ئەوروپی یەکان لەگەڵ نۆینەرانو هەڵسوراوانی فیدراسیۆن لەشارەکانی تر دەستمان داوەتە چەند کەمپینێکی بەرفراوان ، راگەیاندنی بەرفراوانمان دا بۆ ئیدانەی ئەم سیاسەتە. لەمبارەوە کارى بەرفراوانمان ئەنجامداوەو لەوانە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپاو بەرپرسیارانی (UNHCR) لەجنیف ووولاتە ئەورپی یەکان کۆبووینەتەوەو نارەزایەتیمان دەربریوە و خۆپیشاندانمان کردوە تا ئێستا لە پشتیوانی گەورە بەهرمەند بووین و ژیانی دەیان پەنابەرمان لە مەترسی گەرانەوە رزگار کردوە.
بۆیە من بەناوی تەواوی پەنابەرانەوە لەدەرەوەی ووڵات دەمەوێت ئەم نارەزایەتیەتی یە بخەمە روو ئەگەر چی من پێشتر بەنامەی جیا خستوومەتە بەردەم سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە چەند کۆنگرەی رۆژنامەگەریش لەهەولێر و سلیمانی داواکانی پەنابەرانی کوردم خستۆتە روو و چەندین رێکخراوی جەماوەری پیشەی و حزبو لایەنی سیاسی کوردستانی پشتیوانیان کردوە لەم داوایانە ،داواکارم ئێوەش هەنگاو بۆ جێ بەجێکردنی هەڵگرن من ئامادەم لەنزیکیشەوە بێم لەکۆبوونەوەیەکی پەرلەمان راشکاوانەتر زۆر کێشە هەیە لەگەڵتان باس بکەم:
داواکاریەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە:


1. ئەو پەنابەرە کوردانەی بەزۆر رەوانەی کوردستان دەکرێنەوە قبول نەکەن.
2. هەر اتفاقییەیەک ئەگەر کراوە لەسەر وەرگرتنەوەی پەنابەرانی کورد هەڵوشینەوە رەسمەن رای بگەیەنن.
3. فرۆکەخانەی هەولێر نەخرێتە خزمەتی ئەو ووڵاتانە کە بەنیازن پەنابەرانی کورد بەزۆر بنێرنەوە.
4. زەخت بۆ ووڵاتە ئەوروپایەکان لە رێگای (UN) بهێنرێت ئەم زەخت وزۆر فشارە لەسەر پەنابەرانی کورد لە لایەن وولاتە ئەورپایەکانەوە هەڵگیرێ.


جێ بەجێ کردنی ئەم داوایانە لەخزمەتی خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندیەکانی پەنابەرانی کوردە لەدەرەوە بەهیواین بە چاوێکی بەرپرسیاریانە لەم داوایانە براوانن و وەڵامان بدەنەوە.


بەسڵاوی دووبارە
دەشتی جەمال
سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی
18-10-2007
ژمارەی موبال((07856032991))
PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON UK.
d.jamal@ntlworld.com

 
ئەم نامەیە لە رێگای بەرێز کاک قادر عەزیزەوە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و لە هاوکاریکردنى بەرێزیان ئەوپەری تقدیرمان هەیە.
تیبینی:ئەم نامەیە بەدوای گەیشتنی بەدەستی بەرێز کاک قادر عەزیز سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان، ئەوانیش ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن.