١١\٧\٢٠١٠ گۆشهی '' رۆژهک نا رۆژهک ''. (٧)
بۆ خوێندنەوەى ئەم
بابەتە
ئەمانە هەمووى نۆرەگەلێکن کە پێم وایە زۆرێکیان تەنها بۆ سەرقاڵکردنە، ئیتر لەهەر نۆرەیەک مەبەست و ئامانجێک هەیە و هەر یەک لەئێمە رۆژێ لە رۆژان یاخود رۆژانە لە ناکاو پێویستمان بە یەکێ لەو نۆرانە دەبێت کە جارى وا هەیە بێ ویستى خۆت دەخزێنرێیە ناو نۆرەیەک کە تۆ ناتەوێت یاخود ئەو کات و دەرفەتەت نییە، بەڵام لەو وڵاتەى ئێمە ئەگەر ئیشت کەوتە فەرمانگەیەک و کەوتیە نێو ئاپۆراى نۆرەگرتنەوە دەبینى دواى یەک کاتژمێر وەستانت لە ریزى نۆرەگرتووان و کاتێ نۆرت دێ یەکسەر پێت دەڵێن ئیشی تۆ لاى ئێمە نییە یان ئیشی تۆ لە ژوورەکەى تەنیشتمانە، هەموومان لە فەرمانگەى هاتووچۆ و نەخۆشخانە و پۆلیسخانە و تاپۆ و فەرمانگەکانیتر ئەوەمان تووش بووە، لەمانەش کارەساتتر ئەوەیە نۆرە بگریت لەپێناو ئەوەى پارە بدەیتە حکومەت بۆ نموونە باجى دەرامەتى خانوو و زەوى، یاخود تێستکردن و تاقیکردنەوى ئۆتۆمبێل کە کۆمپانیایەک ئەو ئەرکەى سەرشانى حکومەتەکەمانى سووک کردۆتەوە و دەبێت یەک دونیا نۆرەى بۆ بگریت تاوەکو ئۆتۆمبێلەکەت لێ خراپ دەکەن بەناوى تێست کردنەوە و بەهەر چەند و چوونێک بێت عەیبێکى هەر لێ دەبیننەوە بۆ ئەوەى باجێکى قورست لێ وەربگرن، ئۆتۆمبێلەکەم کیلۆمەتر سفر بوو کەچی بردمە ئەو شوێنەى کە(هەزەى) پێ دەڵێن تەنها 11کم رۆیشتبووم بەو ئۆتۆمبێلە دواى نۆرە گرتنێکى زۆر کاکى بازرگان(ببوورن فەرمانبەر) دونیایەک عەیب و کەموکوڕی لێ دۆزیەوە و پارەیەکى باشی لێ سەندم، بێ ئەوەى حکومەت بیربکاتەوە کە چ جۆرە بانزینێک بەو ئۆتۆمبێلانە دەفرۆشێتەوە تا کەموکوڕیان نەبێت، بێ ئەوەى حکومەت ئەو هەستەى هەبێت کە شەقامەکانى شار هەمووى وێرانەیە ئیتر چۆن کەموکوڕی نەکەوێتە ناو ئۆتۆمبێلەکان، رۆنى ئۆتۆمبێلەکان بەقاچاغ لەلایەن بەرپرسەکانەوە لە دەرەوەى شار دروست دەکرێن واتا رۆنە کۆنەکەوە رۆنى نوێی لێ بەرهەم دێنن و هاوڵاتیانیش لە ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن جا چۆن ئۆتۆمبێل کەموکوڕیان نەبێت..؟! ئەگەر ئۆتۆمبێلێکى کیلۆمەتر سفر عەیبداربێت حکومەت بۆ لێدەگەڕێت داخیلى هەرێم بێت بۆ وا دەکات ئێمەى هاوڵاتیان باجەکەى بدەین، دیسانەوە نۆرەکان زۆرن بۆ خەمى کەموکوڕیەکانى ئەو حکومەتە، جا هیوادارم ئەگەر چەند کەسێک بوون ویستتان ئەم بابەتە بخوێننەوە تکایە نۆرە بگرن.
|