١٣\٩\٢٠٢٤
بۆ
خۆتان باشترە پەند لە
مێژوو وەربگرن!

دەشتی جەمال
رۆژی پینجشەمە، ٥ی ٩ی ٢٠٢٤ دوای
گوشارەکانی کۆماری مرۆڤکوژی ئیسلامی
ئێران و لەسەر بنەمای رێکەوتنێکی پێشتر لەگەڵ هەردوو حکومەتی عیراق و
هەرێم، کۆماندۆکانی یەکیتی بە فەرمانی ڕاستەخۆی بافڵ تاڵەبانی چوونە ناو
بارەگاکانی هەرسێ رێکخراوەکەی کۆمەڵەی ئێران لە زڕگۆێز، بە مەبەستی
گواستنەوەیان بۆ کەمپی پەنابەران لە سورداش!
ئەوەی ئاشکرایە ئەم هەنگاوەی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی دژ بە هێزە
ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئیران، لە چوارچێوەی جێبەجیکردنی ئەو
رێکەوتنامە هاوبەشە شەرماوەرەدایە کە لە نێوان ئەمینداری بالای ئاسایشی
نەتەوەیی ئیران و قاسم ئەعرەجی راویژکاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق،
لە ژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی هەردوو ولات و سنووردارکردنی
جوولەکانی ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئیران و چەكداماڵینیان، ئەنجامدراوە.
بافڵ تاڵەبانی کە بەم رۆژگارە بانگەشەی خەمخۆری بۆ هەرچوار پارچەی
کوردستان دەکات، بەم هەنگاوەی نیشانیدا کە ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندیی
تەسکی حیزبی و مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەلات لە کوردستان، نەك هەر "کوردی
هەرچوار پارچە" بکەن بە قوربانی، بەڵکو ئامادەی خزمەتکارین بۆ رژێمی
کۆنەپەرستی ئێران و هەر دەوڵەتێکی کۆنەپەرست و سەرکوتگەری ناوچەکە کە
لایەکیان لێبکاتەوە! ئێستا کە یەکێتی لەناو قەیرانێكی سیاسی و
حیزبیدا
گیرۆدەیە، لە هاوسەنگیەکی سیاسی و دۆخێکی خراپدایە بەرامبەر بە پارتی،
بە خاتری پشتگیری کۆماری ئیسلامی ئیران لە پرۆسەی هەلبژاردندا کە بڕیارە
لە مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێ، ئامادەیە لەوەش زیاتر بڕوات. بگرە
ئەگەری ئەوە هەیە کە دەستی رژیمی تاوانکار و سێدارەی ئیسلامی
ئێران ڕابکێشن بۆ سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی "برا" یان و تەنانەت
رادەستکردنی ئەندامانی ئەو لایەنانە و هەر نەیارێکی سیاسی رژێمی ئێران
لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی
حیزبەکەی!
گومان لەوەدا نیە کە رژێمی مرۆڤکوژی ئیسلامی ئیران بەوەوە ناوەستێ کە
ئەو هێزە ئۆپۆزیسۆنانە بکاتە پەنابەری کەمپنشین، بەڵکو ئەگەری ئەوە
دوور نییە کە دەزگا تیرۆریستیەکانی بە هاوکاری
حیزبەکەی بافڵ تاڵەبانی و
بگرە پارتی دیکەی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی نۆکەری رژێمی ئێران، دەست
بەرن بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەو ئەندامانی ئەو
حیزبانە و تەنانەت هێرشکردنە
سەریان، وەکو ئەوەی بەسەر ئەندامانی موجاهدینی خەڵكدا هات لە "کەمپی
ئەشرەف و لیبریتی"! بە تایبەتی کە لە نەوەدەکانەوە تا ئێستا بە هاوکاری
ئەم حیزبانە، نزیك بە چوار سەد و پەنجا ئەندام و پیشمەرگەی کۆمەڵەکان و
دیموکراتەکان لە هەرێم تیرۆرکراون یاخود رادەستی ئێران کراونەتەوە.
تازەترینیان ڕادەستکردنی بیهزاد خوسرەوی، ئەندامی
حیزبی دیموکرات بوو!
بێگومان وەکو ئەوەی ڕاگەیەنراوە، ئەم بڕیارەو رێکەوتنە لایەنە
ئۆپۆزسیۆنەکانی
ژێر دەسەلاتی پارتیش،
حیزبی دیموکراتی ئێران و گروپەکەی
حسین یەزدان پەناش، دەگرێتەوەو ئەوانیش ڕەوانەی کەمپی پەنابەری دەکەن.
پارتیش بە دوای سەردانەکەی نیچیرڤان بارزانی بۆ تاران و هاتنی وەزیری
دەرەوەی ئیران بۆ هەولێر، بەڵینی هاوکاری بە رژێمی ئێران داوە بەرامبەر
بە پشتگیری لە خواستەکانی پارتی لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە!
هەڵبەتە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەرامبەر بە ژیان و سەلامەتی
ئەندامانی ئۆپۆزیسۆنی کوردستانی ئێران و پەنابەرانی ئێرانی لە هەرێم
بەرپرسیارێتی مرۆیی و ویژادنیان دەکەوێتە سەر. دەبێ خەڵکی کوردستان
بەرگری لە مافی ئازادی هەڵسوڕان و چالاکی سیاسی بۆ سەرجەم هێزە
ئۆپۆزیسۆنەکانی نیشتەجێی هەرێم بکەن،
گوشار بخەنەسەر پارتی و یەکێتی
بۆ ئەوەی دەستبەرداری خۆشخزمەتی بن بۆ رژێمی ئیسلامی ئێران و رژێمە
کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، بە هەر شێوەیەك بۆیان دەکرێ دژی ئەم پیلانە
چەپەڵەی رژێمی ئێران و یەکێتی و پارتی و بەزۆر ناردنی ئەندامانی
ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران بۆ ناو کەمپی ئاوارەیی لە سورداش بوەستنەوە.
لە کۆتاییدا، بافڵ تاڵەبانی و سەرانی پارتی و یەکێتی دەبێ باش ئەوە
بزانن کە رژێمی ئیسلامی ئیران دەمێکە حوکمی مەرگی لە لایەن جەماوەری
نارازی و کرێکاران و ژنان و مامۆستایان و خەڵکی زەحمەتکیشی
ئێرانەوە
دراوە، بۆیە بۆ خۆتان باشترە کە پەند لە مێژوو وەربگرن! ئەو کات کە خەڵکی
ئێران بارگەوبنەی رژێمی ئیسلامی ئێران دەپێچنەوە، ئیتر هیچ کەس فریاتان
ناکەوێ و دەکەونە بەر سێڵاوی جەماوەری ناڕازی و پێشکەوتنخوازی
باشووری کوردستان کە خۆی بە بەشێك لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی و
مرۆڤدۆستیی دژ بە رژێمی ئیسلامی ئێران و رژێمە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە
دەزانێ!
ماڵپهڕی دهشتی جهمال
|