په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٣

بۆ یەکەم جار کۆرسێکی فەلسەفەی تایبەت بە ژنان دەکرێتەوە.

 

 

بۆ یەکەمجار لە ھەرێمی کوردستاندا، مامۆستا و توێژەری بواری فەلسەفە (ساماڵ عەلی) کۆرسێکی تایبەت بە فەلسەفە بۆ ژنانی کورد دەکاتەوە و بڕیارە کۆرسەکە رۆژی (٢٤ی نیسانی ٢٠١٣) لە شاری سلێمانی دەستپێ بکات.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین)، مامۆستا لە زانکۆی راپەڕین و توێژەری بواری فەلسەفە (ساماڵ عەلی) رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لە ھەرێمی کوردستان کۆرسێکی لەو شێوەیە بۆ ژنانی کورد دەکرێتەوە و ئامانج لەو کۆرسە ئاشناکردنی ژنانی کوردە بە بوارەکانی فەلسەفە و ھەڵسەنگانی رۆڵی ژنە لە دیدی فەلسەفیدا.

کۆرسەکە لە ژێر ناونیشانی (کۆرسی دەروازەی فەلسەفە بۆ ژنان)، لە ناوەندی (ئەندێشە) لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، رۆژی (٢٤ی نیسانی ٢٠١٣)، دەستپێدەکات و یەک مانگ دەخایەنێت.

(ساماڵ عەلی) گوتیشی: "لە مانگی یەکەمدا باسەکانی کۆرسەکە تایبەت دەبن بە ناساندنی فەلسەفە، وەڵامدانەوەی پرسیاری گەورەی کایەی رۆشنبیری کە دەپرسێت فەلسەفە چیە، لە ھەفتەی سێیەم و چوارەمیشدا باس لە گرنگی فەلسەفە بۆ ژن دەکرێت".

ئەو مامۆستایە، ھیواشی خواست لە ناوەندەکانی خوێندندا بایەخی تایبەت بە پرسی فەلسەفە بدرێت و لە ئاستی زانکۆدا بەشی تایبەت بەو زانستە بکرێتەوە و رۆڵی ژنان لەو کایەیەدا پێشبخرێت.

(ساماڵ عەلی)، لەدایکبووی شاری سلێمانیە و لە کۆتایی دەیەیی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، روویکردوەتە بەریتانیا و لە شاری لەندەن نیشتەجێ بووە و خوێندنی زانکۆیی لەوێ تەواو کردووە و لە ساڵی (١٩٩٣)ەوە لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا کار دەکات و بەکالۆریۆس و ماستەری لەو بوارە بەدەستھێناوە.

دوای گەڕانەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی (٢٠١١)ەوە لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی راپەڕین مامۆستایە و ئەندام و ھاوکارە لە چەندین کۆمەڵەی ئەکادیمی فەلسەفی بەریتانیدا، لەوانە کۆمەڵەی فەیلەسوفە مێینەکانی بەریتانیا، کۆمەڵەی فەلسەفەی ئەوروپی، کۆمەڵەی فەیلەسوفەکانی بەریتانیا.

 


وارڤین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک