په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١٤

بوومە خۆراکى قرشەکان.


کاروان محەمەد فەتاح 


زۆرکەس لە گێڕانەوەى ڕووداوەکانى ژیانیدا دەیەوێ پاڵەوانیى خۆى پێشان بدات، بەڵام من دەتوانم لە ڕێى ئەم بەسەرهاتەوە بیسەلمێنم پاڵەوانى چیرۆکەکە نیم. مادەم پاڵەوان نیم، هەر لە ئێستاوە دەڵێم ژیان ناخۆشە. (دڵبرین).

*     *     *

بەردەوام ئەو پێستە ناسکەى خۆت دادەماڵى. ئازار لە شێوەى هەوا بە جەستەتدا بڵاو بووەتەوە. مێشێک خوێنى سەر یەکێک لە ئەژنۆ ڕووتەکانت دەمژێ، کە بە هۆى خوراندنى زۆرەوە برینى قووڵیان تێکەوتووە. نینۆکەکانى دەست و تەنانەت قاچیشت بە تەواوى ماندوو کردوون، لە یەک کاتدا بە نینۆکى دەستت سەرەوەى پێیەکت دەخورێنى و بە پێیەکەى تر ڕانى چەپت. لە ژوورەکەتدا و بەو چاوە ڕەشانەوە، کە هیى خۆت نین، سەیرى شتومەکە ڕەنگاوڕەنگەکان دەکەیت و وا دەزانى ڕەنگى هەموویان ڕەشە، ڕەنگە بڵێى ئاخر هەموویان لە یەک ڕەنگدا دەبینم، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، ئەوە هەستى خۆتە واى کردووە هەموویان بچنەوە سەر ڕەش. ئەوەتا من سەیریان دەکەم و هەریەکەیان ڕەنگى خۆى هەیە، بگرە ڕەنگى ڕەشیشى هەر تێدا نییە، جگە لە سەرینەکەت، کە ئەویش چەند خاڵێکى بچووکن، ئەگەر زۆریش لێیان ورد نەبیتەوە، ناتوانى بیانبینى. لەم نزیکانەدا دایکت هەموو کەلوپەلەکانى ژوورەکەتى گۆڕى، کەچى هەر سوودى نییە. دەتوانم بڵێم ژوورى هیچ کچێکى ئەم شارە هێندەى ئێرە ڕەنگاوڕەنگ نەکراوە. لەبەر چى ئازارى خۆت دەدەى؟ چەندین جار (دڵنیا)ى خوشکت پێى گوتووى وەک دوژمنێک سەیرى جەستەت مەکە، بەڵام تۆ نەک گوێڕایەڵى نەبووى، بەڵکو بۆ یەک ساتیش دەستت لە خواردنى لاشەت هەڵنەگرتووە، بە تایبەتى پێیەکانت. وات لێ هاتووە لە خەویشدا هەر جەستەى خۆت دەخورێنى، تەنیا بەهانەى ئەو کارە، چێژوەرگرتنە.


باشترین شت بۆ لەبیرکردنى تەنیایییەکەم، خوراندنى جەستەى خۆمە. لەم دواییانەدا (دڵبرین) هەمیشە وا دەڵێت.


لە هۆڵى چاوەڕوانییدا چەند نەخۆشێک، کە دەستیان لەسەر چاویان داناوە، لەسەر کورسییەکان و لە نزیکى (دڵبرین) و دایکى دانیشتوون. لێرە و لەوێ ورتەورتى هەندێکیان دەبیسترێ، دەنگیان هێندە نزمە، چەندیش گوێ شل بکەی ناتوانى بزانى چیى دەڵێن، گرنگیش نییە بزانى چیى دەڵێن، لە شوێنى وادا بە دەگمەن گوێت لە قسەى گرنگ دەبێت. کچە بلیتبڕەکە ناوى (دڵبرین) دەخوێنێتەوە و بلیتى چوونەژوورەوە بە دایکى دەدا، کە ژمارە (2)ى ئینگلیزى لێ نووسراوە.پاش تێپەڕینى پانزدە ڕۆژ بەسەر نەشتەرگەرییەکەى چاویدا دەچنە ژوورەوە، بە ئاماژەى سەڵاوەکەیدا تێدەگەى (دڵبرین) لە دۆکتۆر نیگەرانە، لەسەر کورسییەکەى بەرانبەرى دادەنیشێت و بە بێباکییەکەى لەڕادەبەدەرەوە پێى دەڵێت:


- دۆکتۆر، لە ڕۆژى نەشتەرگەرییەکەوە چاوەکانم ئازارێکى زۆریان هەیە و ئاساییى نین، وام لێ هاتووە بڵێم هیوام نییە وەک پێشتر دنیا ببینمەوە.
- من هیوادارم.
- بە شێوەیەک هیوادارم دەڵێیت، وەک ئەوەى لە چاکبوونەوەیان دڵنیا بیت. بە ڕاست وایە؟!
(دڵبرین) بە سەرسووڕمان و کەمێک هەڵچوونەوە ئەم پرسیارە دەکات.
- بەڵێ،دەبێت هەمیشە هیوادار بین. هیوا شتێکە دروست دەکرێ و بۆ هەتاهەتایە لەناو ناچێت، بە هۆى هیواوەیە هەموو ئەو بیرۆکانە لە بیر دەکرێن، کە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنن. ئەمەم یەکەم دیدار پێ گوتى، بۆ وا زوو لە بیرت کرد؟! بۆ ئەوەى چاکتر ببیت پێویستە ئەو دەرمانانەى بۆم نووسیویت لە کاتى خۆیاندا بە کاریان بهێنیت و خەمساردییان لێ نەکەیت.


دواى تەواوکردنى ئەم قسانە دۆکتۆر دەست لەسەر کورسییەکە دادەنێ و هەناسەیەکى ئارام هەڵدەکێشێت. ئەم ڕستانە وەک شتێکى بێمانا و فریودەر دەچنە گوێى (دڵبرین)ەوە، کە زیاتر لە هیى پزیشیکێکى دەروونیى دەچن، بەردێکى گەورە بە سەریدا بکێشى، هێندەى ئەم قسانە ئازارى نادات. ناچار هێز بە قاچەکانى دەدا و بێ ئەوەى بۆى گرنگ بێت بۆچیى و بۆ لاى کێ هاتووە، دەرگاکە دەکاتەوە و بە توندى پێوەى دەدات، دایکیشى بە دوایدا، دۆکتۆر بە هێمنییەکەى خۆیەوە جگە لە تەماشاکردنێکى پڕ بزە، هیچى تر ناکات. دەمەوێ ئەوە بڵێم هێشتا (دڵبرین) ئەوەى نەزانیوە ئەو چاوانەى دۆکتۆر بۆى داناون، هیى خۆى نین (چاوە سەوزەکانى خۆى لە ڕووداوى هاتوچۆکەدا وردەشووشەیان تێچووبوو.)، بەڵکو چاوانى ڕەشى مردوویەک بووە، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە باشوورى عێراقەوە بۆ ئیشوکار هاتووەتە ئێرە، شەوێکى درەنگ پۆلیسەکان لەسەر شەقامێک بە مردوویى دەیدۆزنەوە و شوێنەوارى پێنج چەقۆ لەسەر جەستەى دیار بووە. دواى دەستگیرکردنى تاوانباران و لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەوانەى کوشتوویانە پارەکەیان بردووە و ناسنامەکەیشیان بە شێوەیەک دڕاندووە، کە ناتوانى بە هۆى هیچ شتێکەوە پارچەکانى پێکەوە ببەستیتەوە. مانگێک دواى کوشتنى، هاوڕێیەکى نزیکى دەدۆزرێتەوە و ڕوونى دەکاتەوە ئەو کەسە لە بێکارى و نائومێدیدا لە باشوورەوە بۆ ئێرە هاتووە، چارەنووسى بەمە گەیشت. دۆکتۆر لە یەکێک لە دیدارەکانى دواییدا ئەمە دەدرکێنێت و بە (دڵبرین) دەڵێت کاتێک کەسێک دەمرێ دەتوانرێت حەفتاودوو کاتژمێر گلێنەى چاوى بۆ کەسى زیندوو بە کار بهێنرێت، من کە زانیم چاوەکانى خۆت وردەشووشەیان تێدایە و هیواى چاکبوونەوەیان نییە، چاوى ئەو کەسەم بۆت دانا. تەرمەکەیمان چلویەک کاتژمێر لە مردووخانە هێشتەوە، تا ئەو کاتە چەندین هەوڵمان دا زانیاریى لەبارەوە دەست بخەین، کەچى هەرچى هەوڵمان بوو، بێئاکام بوو.


دواى نەشتەرگەرییەکەى، بەردەوام ئاوى ڕەش لە چاوانى دێنە دەرێ و بەکارهێنانى قەترەکان ناتوانن ڕێگرى لە هاتنەدەرەوەى ئاوەکە بکەن. ڕۆژانە دایکى لە دووکانەکەى نزیکى ماڵیان کیلۆیەک گێزەرى بۆ دەکڕێت، ئەم لە جیاتى ئەوەى بیانخوات، قاچەکانى پێ دەخورێنێت. جەستەى تووشى هەستیارییەکەى زۆر بووە و بە قسەى خۆى بۆ کەمکردنەوەى ئازارەکەى پێویستە بەردەوام بیخورێنێت. سەر لە پەنجەرەى ژوورەکە دەردەهێنێت و لە کۆڵانەکەدا منداڵێکى دراوسێیان دەبینێ، کە دوو بەرد لە یەک دەخشێنێت، داواى بەردێکیانى لێ دەکات، بۆى دەهێنێت و لە قاچ و ئەژنۆکانى دەخشێنێ، جەستەى تەواو گەرم دەبێت، قاچى ڕاستى سوور سوور دەبێتەوە و کەمێک خوێن دێتە دەرەوە، هەر کە واز لە خوراندنى دەهێنێت، چەند مێشێک لەسەرى دەنیشنەوە و خوێنەکە دەمژن، ئازارى دەدەن و بە دەست پانیان دەکاتەوە. جارێک لەبارەى ئەوەوە (دڵنیا) پرسیارى لێ کردووە بۆچى لە ئازاردانى خۆیدا ئەوەندە چێژ وەردەگرێ و کەچى بە مێش بێزار دەبێت، ئایا زۆر ئازارى پێ دەگەیەنن؟ گوتوویەتى نەخێر، من کە خۆم ئازار دەدەم، واتا تا ئێستا دەژیم، بەڵام کە مێشەکان خوێنم دەمژن، هەست دەکەم مردووم.


بیست ساڵى ڕێک لەگەڵ (دڵبرین)ى خوشکمدا شەو و ڕۆژ پێکەوە بووین و ژوورى نووستنیشمان هاوبەش بوو، هەر کاتێک تەماشام دەکرد زیاتر لە هەر ئەندامێکى لەشى، چاوەکانى سەرنجیان ڕادەکێشام، چاوەکانى پێش ئەوەى لە ڕووداوەکەدا وردەشووشەیان تێ بچێت، وەک ئاوێکى مەنگى قەوزەگرتوو، سەوز بوون. دەتوانم بڵێم ئەو ئێستا ڕقى لێمە، نایەوێ هیچ کات لاى بم و حەز بە تەنیایى دەکات، هۆکارەکەى ڕوونە، بۆ ئەوەى ئازارى جەستەى خۆى بدات، ئەگەر من لاى بم دەستى دەگرم و تەنانەت ئەگەر بیەوێ بشمکوژێ ناهێڵم ئەوە بکات. دواى نەشتەرگەرییەکە بە ناچارى ژوورەکەیمان بۆ جیا کردووەتەوە و پڕمان کردووە لە کەلوپەلى ڕەنگاوڕەنگ، کەچى هەر دەڵێت ڕەنگى هەموویان ڕەشە و حەزیان پێ ناکەم.

دەمەوێ بڵێم کەسێکى لاوازم، هیچ کات تواناى مژینى مەمکەکانى دایکم نەبووە..


جارێک (دڵنیا) و دایکى بێ ویستى خۆى (دڵبرین) بۆ لاى پزیشکێکى دەروونیى دەبەن، پزیشکەکە کاتێک دەزانێ تووشى ڕەنگکوێرى بووە و لەچاوى ئەودا هەموو شتێک ڕەشە، دەیکاتە دەرەوە و بە خوشک و دایکى دەڵێت: ئەم کچەى ئێوە تووشى ڕەشبینى بووە و ئومێدى بە ژیان نەماوە، ئەو بەردەوام ڕەنگى ڕەش دەبینێت، ئەم ڕەنگە مرۆڤ خەمۆک دەکات. وێنەکان سەرەتا دەچنە چاوەوە و دواتر بۆ بیرى مرۆڤ، کاتێکیش هەر وێنەیەک دەچێتە چاوى (دڵبرین)ەوە، یەکسەر لە بیرى خۆیدا دەیگۆڕێت بۆ ڕەنگى ڕەش. (دڵبرین) لە پشتى دەرگاکە وەستاوە، کاتێک ئەم قسانە دەبیستێت خۆى بە ژووردا دەکات و بە توندترین شێوە و خراپترین دەربڕین بە ڕوویدا هەڵدەشاخێت:


- بەڕێز، هەست ناکەى هەندێ بابەت بۆت نییە خۆتیان تێدا هەڵقورتێنیت، کەچى خۆت قووت دەکەیتەوە و تێیاندا قسە دەکەى؟
- وەک هەندێ ڕۆژ، کە هیى تۆ نین و تێیاندا دەژیى.


دایکى (دڵبرین) تەمەنى لە پەنجا دەدات، بە هۆى کچەکەیەوە هێندە ئازارى چەشتووە، کاتێک سەیرى دەکەى وا دێتە بەرچاو حەفتا ساڵى تێپەڕاندووە. ڕۆژێک (دڵبرین) بۆ لاى دۆکتۆر دەبات و دواى پشکنین بە دایکى دەڵێن لە دنیادا ڕێژەى تووشبوون بە ڕەنگکوێرى لە سەدا 0،4ـە، ئەمە زیاتر تووشى ڕەگەزى نێر دەبێت و بە دەگمەن ڕەگەزى مێ وایان لێ دێت. ئەم ڕێژە کەمە وڵاتى خۆیشمانى گرتووەتەوە و لە چانسى خۆتاندا ئەم کچەى ئێوەیشى تێدایە.


من (دڵدار)م، هاوتەمەنى (دڵبرین)، هەر لە منداڵییەوە دراوسێى یەک بووین و پێکەوە یارییمان دەکرد. زۆر جار لە قوڕى شل مرۆڤ و ئاژەڵمان دروست دەکرد، ئەو هەمیشە مرۆڤێکى دروست دەکرد، ئینجا دەکەوتە گیانى و بە دەم گاڵتەوە بە نینۆکە قوڕاوییەکانى بەشى خوارەوەى لێ دەکردەوە و لەناوى دەبرد، دیسان دروستى دەکردەوە و هەر بە پێکەنینەوە دەیکوشت. کاتێک تەمەنى گەیشتە سیانزدە ساڵى ئیتر لە من دوور خرایەوە و تەنیا ساتێک، کە بۆم هەبوو بیبینم، بەیانیان بوو. ئەگەر دەتزانى لەو کاتانەدا بەرەو قوتابخانە دەڕۆیشت چەند جوان بوو، ئێستا تۆى خوێنەر حەزت دەکرد یەکێک لە تەماشاکەرانى بیت. دوو چاوى سەوز، لووتێکى ڕێک و قژێکى خاو، کە لە سەرەوە بە تەوقەیەک کۆى دەکردەوە و دەیبەست، قردێلەیەکى سوور، ڕێک لەسەر بەشى چەپى دڵى بوو، کەمێک خوار مەمکە بچووکەکانى، ڕیباتێکى هەمان ڕەنگ تا نزیکى کەمەرى هاتبوو... ئەوەندە بەسە بۆ خرۆشاندنى هەستتان...


لە ژوورەکەى خۆیدایە و بە توندى دەستەکانى لە جەستەى دەخشێنێت. ئەمڕۆ دۆکتۆر پێى گوت ئەم چاوانەى پێى دەبینى، هیى خۆت نین، ئێستا تێدەگات بۆچى دایکى و (دڵنیا) ئاوێنەیان لە ژوورەکەى هەڵنەواسیوە، ئەوان دەزانن ئەگەر (دڵبرین) ئاوا سەیرى ڕوخسارى ناپەسەندى خۆى بکات، کە هۆکارەکەى ئەم چاوە ڕەشانەن، ئازاردانى جەستەى زیاتر دەکات. وا ئەم ڕاستییە دەزانێت و دڵتەنگییەکەى وەک ڕووبارێک درێژ دەبێتەوە، کە هیچ شتێک ناتوانێ بەرى پێ بگرێت.


لە ژوورى نەشتەرگەرییدا (دڵبرین) لەسەر سیسەمەکە پاڵ کەوتووە و لە هۆش چووە. لە ڕەنگى هەڵبزڕکاوى دۆکتۆردا هەست بە شڵەژان دەکرێ، ئەم حاڵەى دۆکتۆر ڕێ بە سیستەرەکە دەدات لێى بپرسێ:


- دۆکتۆر، تۆ دەترسى؟!
- بەڵى.
- بۆ؟!
- چونکە ژیانى کەسێک لە دەستى مندایە.


دواى نەشتەرگەرییەکە، کە هێشتا هۆشى نەهاتووەتەوە، بەم شێوەیە باسى (دڵزار)، برا تاقانەکەى دەکات: براکەم لە دەریاى ئیجەدا قرشەکان چاویان هەڵکۆڵى. لە ڕاستیدا وا نەبوو، ئەو کاتێک بەرەو هەندەران ڕۆیشت، لەژێر ئاوەکەدا خنکا، بە هێنانەوەى تەرمەکەیدا زانیمان ئەو نەک هەر چاوى هەڵنەکۆڵرابوو، بەڵکو هێشتا هەر خاوەنى چاوە سەوز و بریقەدارەکانى خۆى بوو. هێشتایش بە ئاگا نەهاتووەتەوە و چەند ڕستەیەکى ئەو چیرۆکەى دەڵێتەوە، کە لەم دواییانەدا نووسیویەتى و تا ئێستا پاکنووسى دووەمى بۆ نەکردووە، من و ئەوانەیشى لە دەورى بووین هێمن هێمن گوێمان بۆ ڕستەکان شل کرد:


ئێمە تێیاندا دڵخۆش بین، یان نا، ڕۆژەکان ئاسایى تێدەپەڕن... ڕۆژەکان لە بەرچاوى خۆم زیندوو دەکەمەوە، ئەوانەیشى، کە لام ناخۆش بوون و ژمارەیان لە ڕۆژەکانى هەفتە تێناپەڕن... برینەکان لە دڵمدا نووستوون، بە بینینى وێنەیەک و بیستنى دەنگێک بە ئاگا دێنەوە... ڕێگەم دەدەن لەبارەى ئەو شتەى، کە هەرگیز نەمدیوە، چیرۆکێکتان بۆ بگێڕمەوە؟!... هەموو کەس لە گێڕانەوەى بەسەرهاتەکانى ژیانیدا دەیەوێ پاڵەوانیى خۆى پێشان بدات، بەڵام من دەتوانم لە ڕێى ئەم بەسەرهاتەوە بیسەلمێنم پاڵەوانى چیرۆکەکە نیم... دەمەوێ بڵێم کەسێکى لاوازم، هیچ کات تواناى مژینى مەمکەکانى دایکم نەبووە..


من نەخۆشم، یانى لە ئێوە نیم. بەردەوام ئەمە لە مێشکى (دڵبرین)دا دەخولێتەوە. هەمیشە ئەم ڕستە لێکدراوە بە هاوارێکەوە لە ژوورەکەیدا دەردەچێت، بۆ ئەوەى دایکى و (دڵنیا)ى خوشکى گوێیان لێ بێت، تاکو بە لایدا نەچن و وازى لێ بهێنن.


پێم ناڵێى لەبەر چى جەستەى خۆت دەخورێنى، بۆچى ئەو پێستە ناسکەت پەڵە پەڵە کردووە؟! وات کردووە مێشەکان تەنیا لەسەر جەستەى تۆ دەژین. تا وا بکەى ئاوێنە لەم ژوورەى خۆتدا نابینى.


تشرینی دووەمی ٢٠١٤
ماڵپەڕی کاروان محەمەد فەتاح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک