په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠٢٢

بوونەوەری هەوا.


فەرهاد مازێ      


لام روون نیە بام بەردم باڵندەم درەختم ئاژەڵم ماسیم، بیری خۆم دەکەم شتێک لام روونەو دەزانم لە بەرد نەرمترو لە لۆکە رەقترم لە کەریم و مامزم، باب رەق بوو سەر بە بەرد، داکیش نەرم سەر بە لۆکە بوو، خوشکەکانم پەپوڵە بوون سەر بە ئەڤین، براکانم مرۆڤ بوون سەر بە رق و قین، من چیم و هەمیشە بە دوای خۆ ناسینیم گەریدە، لە نێوان سۆڵین و هەڵوەریندا، لە نێوان بزەو فرمێسکدا، لە نیوان ژیان و مردندا تارماییم و دێم و دەچم، سەیرم بە خۆم دێ تۆ منیت و لە خۆم ناچم، بیری خۆم دەکەم دەرێی لەبەرگیراوەم، منێکم و لە دەرەوەی خۆمم، کێشەیەو روون نیە هەناری شیرینیت، باڵندەی قەتێیت، سەگی هەسکیت، ماسی دلۆفینیت، رەقیتو لە بەردیت، نەرمیتو سەر بە لۆکە، ماوەیەکە لە نێوان زیندوێتی مردندا ژیان پڕ بووە لە بۆڵە بۆڵ و درۆی رەنگاو رەنگی دەمبا، چاک دەزانم بە گریان هاتم و گریانیش دەمبا، پێکەنینم بە ژیاندێ نەرمە وەک بەرد، ڕەقە وەک لۆکە، لە نێوان نەرمی بەردو ڕەقی لۆکە گریان خۆشە یا خەندە ، بگریم و پێبکەنم بەرەقی بژیم و بە نەرمی بمرم، زیندوێتی مەتەڵەو لە میزڵدانێکی پڕ هەوا دەچێ یا تەقینو یا فشبوونەوەی دەمبا،
ماسی گەورەو درەختی چاک، ئاژەڵی میهرەبان ومرۆڤی رەق لە هەوان
باڵندە فرینی بیرچۆتەوە
ئاسمان جاران دراوسێی زەوی بوو
ئێستا دوورترە لە ژیان
هێندەی دڵۆپێک فرمێسکی رەش دیارە لە ناو بازنەیەکی خوێناوی و نزیک لە کوشتن
زەوی بۆتە قاڵۆچەیەکی رەش لە ناو خۆڵەمێشی مردنی من
من و تۆ و هەموومان لە هەوا داین
میژووی جەنگی ژیان بە کۆتاهات
کەس نارێ مرۆڤ قەڵبترین بوونەوەرە
بە یەک زمان قسە دەکەین و هیچ ناڵێین
هەموو شتێک لە هەوا دایە و هیچیش
بینین و بیستن و گۆتنیش چیژی خۆی هەیە لە هەوادا
بەریەکەوین دەپوکێینەوە بە پژمینێک هەڵدەوەرین
بە هەوا دەژی بە هەوا دەمری
ئەو بوونەوەرە جوانە لە ناوەوەی خۆی گۆرانی بۆ خۆی دەلێت ،گۆرانیش ئەشقە،
لە ناو گۆرانی بمنێژە، ،ئەشق پڕژێنمکە بە با، کوا ئەشق لە هەوادا
ئەو بوونەوەرە جوانە لە سەر خۆی کاردەکاو ناوەوەی خۆی جوان دەکا،
بیری خۆم دەکەم لە ناو جوانیدا بمنێژە ،جوانیش خاڵییە لە هەوا
زیندوێتی ئارامترە لە هەوادا، کەس گاز لە هەوا ناگرێ و قەپاڵ لە هەوا نادا
هەوا جونترە لە ژیان، ئارامترە لە مردن، لە هەوادا هیچ بوونەوەرێک پارەی پێنیە
هیچ بوونەوەرێک خەنجەری پێنیە
هیچ بوونەوەرێک رەنگ و دینی لە پشت نیە،
ئاین و رەنگ پارە ناکا ،بوونەوەری بێ گیرفانی،
لە هەوادا هەموو شتێک هیچە ،
هیچ بوونەوەرێک چەتر هەلنادا و باران نابارێ لە هەوادا
بوونەوەری هەواین کێش وبەها نیە لە هەوا،
شوێنی هەموومان دەبێتەوە لە ناو هەوا، ئای هەوای هیچ،
لە هیچیشدا شوێنی هەموومان دەبێتەوە ئەی بوونەوەری هەوا
لەهەوادا کەوتن و هەستانەوە نیەو بەرزی و نزمی هیچ، چاکە وخراپە نیەو درۆ و راستی هیج،
گوو بە رابردووت و ئەمڕۆ و داهاتووت، هەموو شتێ بوو بە با لە ناو هەوادا، هەواش هیچ،
نە لۆکەیت و نە بەردیت مرۆڤیت و هیچیت لە ناو هەوا دا
شوێن نەماوە لە هەوا ، هەوا پڕ بووە لە هیچ
قەبارەی هیچ هێندە گەورەیە مەگەر لە ناو کونی دەرزی دورمان جێیکەیتەوە
دەرزی لە هەوادا جێی نابێتەوە، تاوانبارە بە دورینەوەی زەوی و کوون کردنی ئاسمان
ئاسمان نزیک بۆتەوە لە کوشتن، زەویش لە مردنێکی قێزەون
لە نێوان کوشتن و مردندا لە هەوا داین
هەوا هێندە فرەوانە ،کوشتن زۆرەو مردن کەمتر، بونەوەری هەوام ، ماندووم لە ژماردن
بیری خۆم دەکەم ، لە هەوا دەپرسم من چیم ؟

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک