په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠٢٢

بوونەوەری قوربانی.

فه‌رهاد مازێ     

 

کە جەنگ پێدەخاتە ژیان ناپرسێ تۆ چی؛ کۆتری، هەناری، ماسی، مامزیت، لە رەگەز و توخم و تەمەن، لە رەنگ و دین و باوەڕ ناپرسێت، شەڕ هیچی پێنییە بۆ ئاوەدانی و ژیان، پڕە لە دووکەڵ و کوشتن و سوتان، گیانی لە دەستی کوشتندایە.. رێگرە نایەڵێ ژیان بە ئارامیی بە رێدا بڕوا، تەنیا وێرانەیە.. لە ناو تاریکی دەجەنگێ بۆ شەڕ، رێگرە نایەڵێ بگەینە ئەو دیوی رووبار، هەمیشە شەڕ لە پێناو جەنگە و لە ناو گەمژەیی مرۆڤدا خنکاو.
مرۆڤ لە دەرەوەی جەنگدا نازانێ بژی، لە دەرەوەی شەڕدا ناتوانێ بمرێ.
مرۆڤ سەرچیخ چووە نازانێ بژیێ و ناتوانێ بمرێ.
مرۆڤ دەبێ بە ژێر تیشک تێبپەڕێ تا روون بێتەوە ئایا دەتوانێ مرۆڤ بێ یا دەکرێ ببتە مرۆڤ واز لە دەمامک و خودایی بێنێ و روو لە مرۆڤ بێ، بەخشندە و میهرەبان و دژە چەقۆ بێ.
دەکرێ مرۆڤ بە ژێر پشکنین تێەپەڕێ و ژیان کات دوور لە ژان.
دەزانم سەختە دژە جەنگ و دوورە شەڕ بێ.. رابێ بە ژیان، شەڕ پیرۆز نییە دوور لە دین، مەبە بە خودا، جەنگ پیرۆز نییە.. قارەمانی رەنگ و باوەڕ.
خاوەن هەنگاو و رێی خۆتبە.. دوورە جەنگ بە.
هاوڕێیەکانم ئاشتییخواز بوون لە جەنگی مرۆڤ تێچوون، من بە هەڵە لێرەم زوو یا درەنگ جەنگ لێگەڕێ دەمرم و دەڕۆم، مردن و ژیان بە دەست خۆت نییە.
جەنگ کۆتایی نەهاتوە، شەڕێکی دی زەنگ لێدەدا.
جەنگ فێرگەیەکە وانەی ژیانی بە خواریی تێدا دەخوێندرێ، کوشتن بە هەموو ئازارەکانیەوە پڕبووە و لێیدەڕژێ.
خواربوونی ژیان بە کوشتن راست نابتەوە.
شەڕ جوانیی ناهێنێ.. زوو یا درەنگ دۆزەخ بۆ مردن.. مردن بۆ دۆزەخ جێدێڵێ.. لە ناو دۆزەخ و مردندا شوێن نەماوە و پڕبووە لە کوشتن و شکان.
زوو یا درەنگ زەمین لە بێباکیی جەنگدا ون دەبێ.
زەوی و ئاسمان لە ناو مردندان، مردن لە ناو جەنگدا دەکوژرێ، هەموومان دەگەڕێینەوە پێش بوون، دەبێ بوون چ تام و بۆن و چێژێکی نوێی پێبێ، بوومەتە تارمایی.. سەرم پڕبووە لە جەنگ، لە تارماییش ناحەسێمەوە، شوێن نەماوە سەری خۆمی لێ فڕێدەم.. هەموو جەنگەکان لە ناو سەرمدان، سەرم بە کەڵکی ژیان نایێ.. پڕە لە کوشتن، مەیدانی جەنگە سەرم.
ماسی بە باران تەڕدەبێ.. لە تەڕبوون دەترسێ ماسی
کۆتر بە ئاسمانەوە نابینی.. لە فڕین دەترسێ کۆتر
مامز لە چیمەن ئارام نییە.. لە سەوزایی دەترسێ مامز
مرۆڤ شوێنی نییە بۆ ژیان.. گۆڕی نییە بۆ مردن مرۆڤ
لە دەرەوەی خۆی خەریکی جەنگە بۆ بەرزیی دیوار و رووخانی پرد
بۆ ژیان و نیشتمان نا، دەجەنگێ لە پێناو بیری خوار
تڕحێو لە خاک و سنور و دینداریی و باوەڕ و رەنگ و نیشتمان
مرۆڤ بۆتە کۆڵارە.. بیدە دوێ لە زەوی دەفڕێ.. بە خواری فێرە فڕین بووە مرۆڤ
ژیانی بە فیڕۆ چووە و نامرێ، هەمیشە لە ئاودەستە.. پاکە مرۆڤ!
 

 

    سەیرە مرۆڤ.
تەنیایی هەمیشە لەگەڵمدایە
شوێن نییە بۆ دانیشتن و گفتوگۆی ئارام
ژیان پڕبووە بە مرۆڤ، راکردن ئاوەدانییە
دەرگایەکان داخراون.. ژیان هیچیان ناکاتەوە
بە چاوی ئاوێنە تێپەڕدەبین و ناگەین
ئاوێنە درۆزنە.. ئەو هەموو گوڵەی نەبینی لە بن پێیان
بەزەییم بەو گوڵانە دێ بە دوای هەنگاوەکانمان کەوتن و نەگەیین
مرۆڤ بە ئاوێنە فریودراوە، ئێرە پڕبووە لە باخەوانی خراپ
لە ناو تراویلکەدا دەرگایەک نییە بۆ چوونەژوورەوە،
ئاوێنە هەناسە تەنگ
تیشک چۆتە ناو بینین، بینین چۆتە ناو تیشک
چەند دوورە گوێم لە دەنگیەتی و نابیندرێ
ئاوێنەی فێرە گریان و فریویدان کرد مرۆڤ
دەرەوەی دەبینی مرۆڤە.. رق و کینەیە ناخی
ژانێکی کوشندەیە لە ناوەوەی خۆتدا و بە ناو خۆتدا تێپەڕی
خۆت نەدوێنی و خۆت نەبینی، کەڕ و کۆرەی
ئێرە تژییە لە دەستی وێران و هەنگاوی نەبینراو
گوێ.. چاو.. ڤایرۆس کەوتۆتە ناو هەتاو
لە ئاسمان فرێدراوەتە خوارەوە و خواربووە
هیچ بوونەوەرێ ناتوانێ راست و چاکی کاتەوە.. راکردنە بە دوای مرۆڤ
هەموو جوانییەکانی لێکەوت، خراپ رژایە ناو ئاو
ئاو ئەو جوانییە نییە چیدی
دەس بە پێکەنینەوە بگرن.. ژیان بەش ناکا و مردن لە گەڵ خۆی نایبا
ئاگاتان لە تەرم بێ پاسەوانانی مەرگ
مردووەکان لە ئێوە جوانتر و ئازادترن
پێکەنینی مردوو کۆکەنەوە با گۆرانییەکانیان ئازار نەچێژن
تیشکی تراویلکە و ئاو بەڕێوەیە
لە نێوان پێکەنین و گۆرانیدا تاریک
تیشک لە تاریکیی رێ ناکا
دەترسێ گۆرانی رێی لێگرێ و پێکەنین تەڕی کا
لە ژیان مردم و لە مردن ژیام، مردن و ژیان دوو چێژی جودان
مردن خەونی هەیە بژی، ژیان ئەو خەونەیە مردن پێیدەگا
نەمربە لە مردندا تیشک ناتشوا و ئاو نابتە رێ
سەوزایی لە مردن نییە.. نە زێی شیر و نە ماچی مێ
تاوانە خەونی دوای مردن.. لێگەڕێ مرۆڤ پێکەنێ و تیشک بێ
نایەڵن تیشک و ئاوێنە بزێن و ئەڤین رێ بێ
لەو نیشتمانەی تۆی دەوێ و تۆ دەتەوێ
منداڵ چۆن لە دایک رادەکا و دایک چۆن منداڵەکەی جێدێڵی
راکردن کۆچە و باوەش بە ڤیان ناکەی
بێ ئەڤین دەسوڕێیتەوە بە مردن دەگەی
ژیان ناتدوێنی و تیشک ناگاتە ناخت چیدی
گۆتە و بۆڵەیەکی زۆری مردن
گەر لێرەیت بۆ ژیان باخەوانێکی چاک بە
مردن مەڕوێنە، لێگەڕێ با تیشک بە ناو ئاودا تێپەڕێ
ئەڤین لە ناو ئاوێنەدا بدوێ و مردن لە رابردوو بنوێ
ژیان راکردنێکی جوانە.. با ئاوەدانی رامگرێ
لە دوور و دەرەوەی خۆمم
رێگری ژیانی پڕ لە گۆرانی و گوڵی جوان
گەلەک ماندووم رێت نەدا خۆمبم.. بە ژیان بڵێم ئۆخەی ژیام!

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک