٢٥\٦\٢٠٢٢
بوونەوەری وێنە.

فهرهاد مازێ
مرۆڤ هەرگیز نابێتە وێنە، ئاڵودەبووە بە
گووکردن و پڕبووە لە توڕەبوون، فریادرەس خۆتی.. پڕ لە وێنەی خراپ بووی،
وێنەت خراپە مرۆڤ، رژای و بەتاڵبووی، لە رژان وەرە دەرەوە.. پڕبە لە
ژیان.
لە دەرەوەی وێنە ژیان نە کورت دەبێ نە درێژ نە مەزن و گچکە نە خڕوپان
نە تاڵ و شیرین و جوان.
ئەوە خۆتی لە خۆت دێیەدەرێ و بەرە و جەنجاڵیی مۆدێرنەی ناو وێنە هەنگاو
دەنێی، وێنەی جوان بخەرە ژیان.. بەها بدە بە بوون.. لە ناو مۆدێرینیەتی
ئاگر و ژەهر و ژان وەرە دەرەوە.. لە ناو بینینت هەموو شت لە وێنە دەچێ
دوور لە گیان و زیندەگی، دەزانم ئەمرۆمان بێ گیانە و پڕ جووڵە، هەرگیز
لەوە ناگەی خولیا و ئارەزووە یا هۆکار، روون نییە بۆ بووینەتە مرۆڤی
ناو وێنە.
پڕین لە ژانی پەرت، لە شکانی ورد پڕ.
پرین لە کەوتنی گەورە، لە بەرزی نزم پڕ.
پڕین لە دووری نزیک و نزیکی دوور،
لە بینینی گچکە و هێندەی دووریی بچووکین و نابینرێین پڕ.
وێنەی خۆم دەگرم، وێنەی خۆت بگرە، با لە وێنەدا منێکی ئارام لە خۆم
نەچم، چۆن لە وێنەدا ئارامی و لە مرۆڤ دەچی.. با لە دەرەوەی وێنەشدا
مرۆڤ بی، مرۆڤ لە ناو وێنە ناژی، باش نییە بڵێم لە ناو مردندا بەتاڵە
لە ژانی رۆژگار، کەوتن و شکان و مردنی بێ ژمار و ژیانی خراپ، بگەڕێوە
ناو ژیان ئەمڕۆت جوان ناکا وێنە، ژیان بەرەی جەنگە و بە کوشتنی من تۆ
دەژی، بە مردنی من لە ناو وێنە پێدەکەنی، پێکەنینی ئێوە پڕە لە شکان و
دۆڕانی ئێمە، لە ناو پەرتبوونی ئێمە بە ئارامیی تێدەپەڕن ئێوە.
چەند جوانن ئێوە هەمیشە پێدەکەنن لە وێنە، لەوە ناگەم بۆ لە ژیان ژار
دەکەنە ناو ژان.
مرۆڤ وێنە نییە، بە ژیان بڵێ بمبوورە پەپوولەم لە وێنە پێویستم بە
جەنگەڵێکی نووتەک و تاریکە دوور لە وێنە.
هەندێ وێنە وردن نایێنە ناو گریانی مرۆڤ
وێنەی شەرمن لە ناو گریان نایێتە ناو پێکەنینی مردن
وێنەی تەنیا لە رژان خۆی دەخواتەوە و لە گۆڕە
من مرۆڤم، مرۆڤیش ئاڵوودەیە بە پێکەنینی بەتاڵ و گریانی پڕ
فڕینی نزم و رۆینی دوور بەرز
هێندەی لە ئاو وردبوومەوە ژیان ون
ژیان تژییە لە ئاوی کۆر و لە ئاوی بزر
لە ئاو ناگەم وەک منی ون لە خۆم
ئاو روونترە لە روانینی ئاڵۆزی مرۆڤ
مرۆڤ لە ئاڵۆزییدا ونبووە لەگەڵ ئاو چووە
مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە لەگەڵ خۆی هەڵناکا.. لە روونیدا شێڵوو بووە
لە خۆی هاتۆتە دەرەوە.. لە ناو وێنە نوستووە، لە ناو وێنەدا ونبووە
ونبوون مردنە، نوستنیش مردن
من هەمیشە لە ناو ئاڵۆزیی وێنە دێمەدەرێ و بە ناو ژیان تێدەپەڕم
حەزم لە باوەش و بۆن و ماچی ژیانە و بزری وێنە
بە ژیاندا تێدەپەڕم بە ئارامیی دوور لە وێنە
ئاویش لە وێنەدا روونە، روون لە وێنەدا ئاو
پێ بە روونیی مندا مەنێ لە ئاو دەچم دوور لە وێنە.
ماڵپهڕی فهرهاد
مازێ
|