١\١٠\٢٠١٤ بونیادی رۆژهەڵات لە شیعری (چەند وێنەیەک)ى (ئەحمەدى مەلا)دا.
لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، وەک دوو پانتایی جوگرافی و دیموگرافی، چەندین جیاوازى کلتووری و فەرهەنگى و مێژوویی، بوونیان هەیە. کە دەشێ هەریەکێکیان ئاماژە یەک بێت بۆ ناسینەوەو دەرخستنى شوناسی ئەو دوو شوێنە، لە دنیابینى مرۆڤەکاندا. ئەگەرچی ڕۆژهەڵات، مێژووێکى کۆن و دێرینى مرۆڤایەتى هەیە. وەلێ هەر کاتێک باس لە ڕۆژهەڵات دەکرێت، جگە لە دەلالەتەکانى خوێن و کوشتن و بێ بە هاکردنى مرۆڤ،بەبەر هیچ پێناسەیەکى تر ناکەوین. ئەو پانتایە جوگرافییە، گەرچی بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە لانکەو شوێنگەى ژیان و بوونى مرۆڤ بوەو تەنانەت لە پێشەوەى ڕۆژئاواشەوە دێت،وەلێ هەمیشەش هەڵگری ئاماژەیەکى ناشرین بوە، کە گوزارشتە لە نەهامەتی و کارەساتەکانى مرۆڤ و مێژووێک لە جەنگ و خوێن.بەتایبەتیش لە دیدى خۆر ئاوایەکاندا. لە بنەڕەتیشدا، خۆر هەڵات ئەوەندەى هەڵگری مێژووێکە لە خوێن و شەڕ و کارەسات، بە ئێستاشمانەوە، ئەوەندە مێژووێک نییە لە داهێنان و ڕاسیۆنالیزم و پێشکەوتنە ژیارییەکان. گەرچی مێژووى شارستانیەت و ژیاری ئەو ناوچەیە، لە ڕووی دەرکەوتن و سەرهەڵدانیەوە، زۆر پێش مێژووى خۆر ئاوا دەکەوێت. کەچی خۆرهەڵات نەیتوانى درێژە بەو مێژووە ژیاری و مرۆییەى خۆی بدات و هاوشێوەى خۆر ئاوا، ببێتە شوێنگەى پێشکەوتن و داهێنانە مرۆڤایەتییەکان. بۆیە هیچ سەیر نییە کاتێ دەبینین، دواى هەزاران ساڵ لە دەر کەوتنى مرۆڤ لەو پانتایە جوگرافییەوە، زەمەنێکى درێژ لە شارستانیەت، خۆر هەڵات لە بڕی ئەوەى پێش بکەوێت، بە پێچەوانەوە دواکەوتوەوتەنانەت لە هەندێ دیاردەو نۆڕمى سیاسی و کۆمەڵایەتى و کلتووری نەیتوانیوە، ئەو ئەقڵە دۆگماو سەلە فیە تێبپەڕێنێت، کە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا لە بونیادى ئەقڵی مرۆڤەکان بوونى هەبوە. ئێمە کاتێ واقیعى ژیانى خۆر ئاوایەکان و ئەو پێشکەوتنە ژیاریی و زانستى و تەکنەلۆژیەی لەوێ بوونى هەیە، بەراورد دەکەین بە ئاستى پێشکەوتنى کۆمەلگا خۆر هەڵاتییەکان و عەرەبەکان، دەگەینە ئەو دەرەنجامەى، کە هێشتا خۆر هەڵات، بە جۆرێک لە جۆرەکان و بە شێوەیەک لە شێوەکان،نەیتوانیوە ببێتە هەڵگری بنەماکانى پێشکەوتن و داهێنانە ژیاری و زانستیەکان،کە لە خزمەت بوون و ژیانى مرۆڤەکان دابێت.مێژووى خۆرهەڵات، ئەگەر دیوێکى گەشی شارستانیەت بێت، ئەوا ڕووبەرێکى گەورە لەو مێژووە، هەڵگری دەلالەتەکانى دواکەوتن و جەنگ و شەڕ و کوشتارە. بەئێستاشەوە خۆرهەڵات، سەر زەمینى دەرکەوتن و بەردەوامیدانى مێژووێکە لە خوێن.
لێرەوەش خۆرهەڵات وەک پانتایەکى جوگرافی و دیموگرافی، جێگەى سەرنجى مرۆڤەکانە بە گشتی و خۆر ئاوایە بەتایبەتى. کاتێکیش ئەو دوودنیا جیاوازە لە گەڵ یەکتری بەراورد دەکەین، بەبەر هەزاران جیاوازى مرۆیی و ژیاری و شارستانى و کلتووری دەکەوین، کە هێمایەکن بۆ مەوداکانى ژیان لەو دووشوێنە و جیاوازیەکانى نێوان مرۆڤى خۆر هەڵاتى و خۆر ئاوایی، لە ڕووى ژیان و داهێنان و پێشکەوتنەوە. کە سەرنجام دنیایەکیان گوزارشت بێت لە پێشکەوتن و ئاشتەوایی و ڕێزگرتن لە مرۆڤ و بەها ئنسانیەکان، دنیاکەى تریشیان گوزارشت بێت لە دواکەوتن و شەڕ و خوێن و بێ بەها کردنى مرۆڤ و بەها مرۆییەکان، تا ئەو ڕادەیەى ژیانێک بژیت، شایستە بە مرۆڤبوون نەبێت. وەک ئەوەی لەو چەند وێنە شیعریەى( ئەحمەدی مەلا)ی شاعیر وێنا کراون. تیمەى سەرەکى ئەو چەند کورتە شیعرەى کە شاعیر بە ناونیشانى چەند وێنەیەکى شیعری،کە زۆرتر لە هایکۆ شیعر دەچن، بە بۆچوونى من وەک خوێنەرێک ئاماژە دانە بە جیاوازیەکانى خۆر هەڵات و خۆر ئاوا، وەک دووپانتایی جوگرافی و کلتووری و فەرهەنگى جیا لە یەکتر، کە بۆشایی و مەودایەکى گەورەى فیکری لە نێوانیاندا هەیە. کە بە هۆیەوە دەشێ جیاوازیەکانى نێوان ئەودوو دنیایە ببینین.ئەحمەدى مەلا،لە ڕێی ئەو چەند وێنە شیعریەوە،لە چوارچێوەى فۆرمێکى زمانەوانى سادە، کەلای هەموومان بوونى هەیە،دەلالەتەکانى ژیانی مرۆڤى خۆر هەڵاتى بەیان دەکات.ئەو خۆرهەڵاتەى وێراى مێژووێکى درێژ و دێرین، بەبەراورد لە گەڵ خۆر ئاوادا،وەلێ هەمیشە سەر زەمینى خوێن و دواکەوتوویی و بێ بە هاکردنى مرۆڤ بوە.کاتێ شاعیر باس لەوە دەکات،کە سواڵکەرێکى مەراکیش، لە پاریس هێندەى مامۆستایەک لە زانکۆیەکى مەراکش پارەى دەست دەکەوێت، مەبەستیەتى بەهای مرۆڤبوون و ئاستى ژیان و کواڵیتى گوزەرانى مرۆڤ لەو دوو شوێنە بەراورد بکات.
بێگومان لە نێوان ئەو هەفت وێنە شیعریەى شاعیردا، دەتوانم بڵێم هیچ یە کێتیەکى بابەتى نێوان وێنە شیعریەکان نییەو دەشێ هەر وێنەیەکیان، وەک شیعرێکى سەربە خۆ تەماشا بکرێت و بخوێنرێتەوە. بە هەمان شێوە دەکرێ کۆی وێنەکانیش لە ستراکتۆری یەک دەقدا ببینین، بەو پێیەى هەموویان هەڵگری گوتارێکن کە ئەویش ئاماژە دانە بە خۆر هەڵات وەک پانتایەکى جوگرافی. گەرچی شاعیر نە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ، نەبە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆش، ئاماژەى بە خۆرهەڵات نەکردوە. بەڵام خوێنەر ناتوانێ لە میانەى خوێنەوەى ئەو دەقەدا، فیگەرەکانى دونیاى خۆر هەڵات نەبینێ. یاخود درک بەو دەربڕینانە نەکات، کە لە دوو توێی خۆیاندا، گوزارشت لە خۆر هەڵات دەکەن. وەک(کەشیدە لە سەر/ سواڵکەرێکى مەراکش/سایکس بیکۆ/داعش، دەبابە/ نەقشبەندییەکان....تد) هەموو ئەو چەمکانە، لە ڕووى زمانەوانى و لە ڕووى بابەتیشەوە، پەیوەندییان بە مێژووى خۆرهەڵات و مێژووى ئیسلامەوە هەیە، وەک دیوێکى سەرەکى مێژووى خۆرهەڵات بە گشتى. چونکە هەموو ئەو کۆنسێپتانە، بە بێ گرێدانەوەیان بە خۆرهەڵات، نەمانایان هەیەو نەمانەیەکیش دەبەخشن. بۆنموونە: ناکرێ ئاماژە بە ڕێکخراوێکى تیرۆرست و دڕندەی وەک داعش بکەین، بەبێ بەستنەوەى بە خۆر هەڵات. بۆیەشە لە ماناى ئەو کورتە شیعرانە ناگەین، بە بێ تێگەیشتن لە خۆر هەڵات. چونکە هەموو ئەو دیاردانەى شاعیر لەو چەند وێنە شیعریەدا وێناى کردوون، پەیوەندییەکى بابەتى و دیالکتیکیان بە خۆر هەڵاتەوە هەیە. بەو پێیەى خودی ئەو دیاردانە بەرهەم و زادەى ئەقلی دواکەوتوویی خۆر هەڵاتن و ڕەنگدانەوەى واقیعى ژیاریی و شارستانى ئەو پانتایە جوگرافییەن کە بە خۆر هەڵات ناو دەبرێت. ئایا داعش بەرهەمى ئەقلی توندڕۆی ئایینى خۆر هەڵات نییە؟ ئایا شەڕ و دەبابەو خوێن و بێ بەهاکردنى مرۆڤ لە ڕێی شەڕ و هەژاری و نەخوێندەواری و نەخۆشی و دواکەوتوویی،بە ئێستاشەوە بە شێک نین لە مێژووى خۆر هەڵات؟ بێگومان. کەواتە لە نێوان ئەو چەند وێنە شیعریەو خۆر هەڵاتدا، بونیادێکى واتایی هەیە، کە تەواو کەری یەکترین و بە بێ گێڕانەوەى ئەو کۆنسێپتانە، بۆ نێو فەرهەنگى ڕاستە قینەى خۆیان کە خۆر هەڵاتە، ناتوانین لە ماناى شیعرەکە بگەین. چونکە خودى ئەو چەمک و دیاردانە بەرهەمى ئەقڵیەتى خۆر هەڵاتین لە ڕووى مرۆیی و جوگرافییەوە. کە ئەحمەدى مەلا، بە زمانێکى ئەدەبیانەى سادە،لە چوارچێوەى فۆرمێکى زمانەوانى ئاسایی گوزارشتى لێکردوون. بە بۆچوونى من وەک خوێنەرێک، ئەحمەدى مەلا یە کێکە لەو شاعیرانەى، لەرووى ئەزموونى نووسین بە گشتییەوەو شیعریش بەتایبەتى ستایلێکى زمانەوانى تایبەت بە خۆی هەیەو یەکێکە لەو شاعیرانەى کە زمان لە ئەزموونى شیعریدا،بە پرۆسەیەکى ئاڵۆزو قورس ڕەتدەبێت و تێگەیشتن لە شیعرەکانى، لە ڕووى ماناو بابەتەوە، بە هۆی ئەو ستایلە زمانەوانییەوە، لای خوێنەر قورٍسە. دیارە ئەمەش بۆ باکگراوەندى هزری و ڕۆشنبیری شاعیر دەگەڕێتەوە، بەو پێیەى لە پاڵ شیعر، ژانری دیکەى ئەدەبیش دەنووسێت. بەڵام بە پێچەوانەى ئەزموونى خۆیەوە لەو هەفت وێنە شیعریەدا، ئەحمەدى مەلا بە زمانێکى زۆر سادەو ئاسایی دەدوێت.ئەوەى ئەزموونى شیعری ئەحمەدى مەلای پێ دەناسرێتەوە، ئەوەندەى وەک خوێنەرێک درکم پێکردبێت ئەوەیە، کە لە ئەزموونى ئەو شاعیرەدا (مانا) لە پێشەوەى(چێژ) دێت. بەو مانایەى خوێنەر بەرلەوەى بەر چێژو ئستاتیکاو وێنەى شیعری بکەوێت، بەر مانا دەکەوێت لە شیعرەکانیدا. لێرەوە ش هەر خوێنەرێک بەر لە مانا بە دواى چێژدا بگەرێت لە ئەزموونى شیعری ئەحمەدى مەلا، ڕەنگە نائومێد بێت. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، کە زمان و شیعریەت و ئستاتیکا لە ئەزموونى ئەو شاعیرەدا بوونیان نەبێت. بە پێچەوانەوە، بەڵکو بەو مانایەى ناکرێ دەقەکانى ئەو شاعیرە بخوێنینەوە، بە بێ ئەوەى لە ڕەهەندى واتایی ئەو زمانە نەگەین، کە لە پشت دەقەکانەوەیە، تەنانەت ئەگەر خودى ئەو زمانە زۆر سادەوە ساکاریش بێت.
لێرەوەش ئەگەر سەرنج لەو چەند وێنە شعریەى شاعیر بدەین دەبینین، لە ئاستى شیعریەت و چێژدا، لە فۆرمێکى سادە دان. بەڵام خوێنەر ناتوانێ خۆی لەو پرسیارە فیکری و فەرهەنگی و کلتووریانە ببوێرێت، کە لەو دیو ئەو چەند وێنە شیعریەى شاعیر دان. بۆیە هەر خوێنەرێک وەک (چێژ)ی شیعری ئەو وێنە شیعریانە بخوێنێتەوە، بێگومان نائومێد دەبێت. بۆیە دەبێ لەو دیو فۆڕمى ئەو زمانە سادەوە، بە دواى مانادا بگەڕێین، کە هەر ئەمەشە مەبەستى سەرەکى شاعیر. چونکە ئەحمەدى مەلا یە کێکە لەو شاعیرانەى بەردەوام مەبەستیەتى لە دەقە شعریەکانیدا، خوێنەر ڕووبەرووى پرسیار، گومان و تێڕامان بکاتەوە. بۆیە کاتێ وەک خوێنەرێک ئەو چەند کورتە شعرەى ئەحمەدى مەلام خوێندەوە، نەمتوانى بە دواى وەڵامى ئەو پرسیارانەدا نەچم کە شاعیر لەو وێنە شعریانەدا ورو ژاندویەتى. بۆنموونە شاعیر لە یە کێک لەو وێنە شعریانەدا دەڵێ:
sadiqrwandze@yahoo.com
|