٦\٤\٢٠٢٥
بورجێکی ڕۆشنایی
کۆمۆنیزمێکی شۆڕشگێڕ لە حیزبێکی ئینتەرناسیۆنالدا
باڵا دەکا.

جەمال کۆشش
(لە ڕوانگەی پێویستی شارەزابوون و ئەزمون و پەیوەندی گروپ و پارتە
کۆمۆنستەکان، ئەم نوسینە پەرەگرتنی خێرایی ڕەوتێک بەناوی "ئەنتەرناسیۆنالی
کۆمۆنستی شۆڕشگێڕ" بەخوێنەران دەناسێنێ. هەوڵمداوە دیدگا و سیاسەت و
مەیدانەکانی تێکۆشانیان بەچڕی و لە جوڵەدا بخەمەڕوو، ئەمە ناساندنە و
پاڵپشتی هەر ڕەوتێکە کە بەرگری لە مارکسیزم و خەباتی چینایەتی کرێکاران
بکات و ناچێتە سەرهەڵسەنگاندنی پلاتفۆرم و بەرنامەکەیان).
پاش ئەوەی (تێد گراند-Ted Grant) و هاوڕێکانی خۆیان لە [کۆمیتە بۆ
نێونەتەوەیی کرێکاران-Committee for a Workers' International (CWI)]
جیادەکەنەوە، لەگەڵ (ئالان ودز-Alan Woods) لە ساڵی (١٩٩٢)دا (ڕەوتی
مارکسیستی ئەنتەرناسیۆنال-International Marxist Tendency) دادەمەزرێنن.
لە بەریتانیاش وەک ڕێکخراوی "بانگەوازی سوشیالیستی-Socialist Appeal"
جیادەبنەوە لە [ڕەوتی ملیتانت-Militant tendency]. (دواتر دێمەوە سەری).
بەکارهێنانی مێتۆدی مەتریالیستی و ئەرسەدۆکسی مارکسیستی و گەڕانەوە بۆ
نوسراوەکانی مارکس و ئەنگلس و لینین و ترۆتسکی و پەرەدان بەڕەهەندی
تێۆری لە خەباتی چینایەتی و ئابوری سیاسی و لە زانست و گەردووناسی و
کەلتوور و ئاییناسیدا، ڕێبازی بەرجەستەی ئەم دەستپێشکەریـیە بوو.
بەشداری کاریگەرانە و بەردەوامانەیان لەنێو ڕێکخستنە کرێکارییەکان و
نەقابە و ئەنجومەن و کۆمیتەی مانگرتنەکان و بەتایبەت لەنێو لاوانی
سۆشیالیست و گەنجاندا، پێگەی چینایەتی ئەم ڕەوتەی پتەودەکرد و بە
گرێدانی بە شۆڕشی سۆشیالیستی و دکتاتۆری پرۆلیتاریا و تێکشکاندنی
سیستەمی سەرمایەوە ڕاستەوخۆ بەرەو پراتیكی ڕاستەوخۆی سروشتی چینایەتی
لۆکاڵی بە ئەوروپایی و بە نێونەتەوەیی دەبەستەوە و تاقانەی دەکرد.
دامەزراندنی ئۆرگانی ڕاگەیاندنی حیزبی بەلشەویکی و پێگەیاندنی کادری
پیشەیی و کارا و بە دسپلین، خۆڕۆشەنبیرکردنی هەمەلایەنە و کۆرس و
زانکۆی ئاڵتەرناتیڤ و چوونە نێو پرۆسە کۆمەڵایەتیـیە ئاڵۆزەکانەوە،
دابینکردنی مالی سەربەخۆ و پشتبەستن بە کۆمەک و هاوپشتی ئەندامان و
لایەنگرانی و فرۆشتنی بڵاوکراوەکانی، ئەم جوڵانەوەیەی لە ماوەیەکی
کورتدا گۆڕی بە یەکێک لە بەهێزترین هێڵە سۆشیالیستەکانی نێو بزووتنەوەی
کرێکاری.
بەدرێژایی ئەم ساڵانە، خەباتی نێونەتەوەییان پەرەپێدا، سەرەڕای
توندوتیژی و زیندانی و ڕاوەدونان لەلایەن دەسەڵاتداران و گروپە
فاشیستەکانەوە، لە هەمانکاتدا جیابونەوە و دابەش بوون و کەرتبوون
ڕوویدەدا، بەڵام پەیگیرانە و باوەڕبەخۆ و سوربوون لەسەر لۆجیکی
مەتریالیستی بۆ خوێندنەوەی دونیا توانیان ئەم ئۆرگانە بچووکە جارێ تر و
لە سەردەمێکی تردا بێتەوە سەر شانۆی سیاسی و لەنێو وڵاتانێک کە بۆ سەدە
وا دەردەکەوتن کە ئارام و هەموو شت لە جێگای خۆیدایە، بومە لەرزەیەکی
سیاسیان لەسویسرا، دانمارک، سوید، فنلەند، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، نایەوە
و یەکسەرە پەرچەمی شۆڕشی سۆشیالیستیان بەرزکردەوە و دەنگدانەوەی لە
میدیا گەورەکاندا، بۆرژوازی شڵەژاند.
هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە ناتوانێت بەبێ تێۆری شۆڕشگێڕانە بێت.
ماڵپەڕێکی زیندوویان بەناوی "بەرگری لە مارکسیزم-In Defence of
Marxism" دامەزراند، وەک ئۆرگانی فەرمی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی،
جدالاتێکی گرنگی تیۆری و سیاسیان بە مەبەستی پشتیوانی و ئاسۆدارکردنی
بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنستی لەنێو دڵی ئاڵوگۆرەکاندا لە گۆشە
جیاوازەکان و نەبەردە جیاجیاکان و هەرێمەکاندا. لەم یەکدوو ساڵەی
کۆتاییدا، کەمپیێکی فراوانی ئەندامگیری و سازماندارییان لە زۆربەی
ناوچەکانی دونیا بەناوی (ئایە تۆ کۆمۆنستی؟ دەی کەواتە خۆت ڕێکخراو بکە-
Are you a communist? Then get organised!)، بەڕێخست. لەهەندێک
لەوڵاتان ڕێژەی لە سەدا سەد و لە هەندێ جێگا لە سەدا سەد و پەنجا
ئەندامگیرییان چووە سەرێ (سویسرا و نەمسا و سوید و دانمارک)، بەمجۆرە
پێداویستیـیەکان بۆ هەنگاوێکی گرنگی ئاڵوگۆڕبەخش هاتە بوون.
پرشنگدارترین گەشە و ئاڵوگۆڕی چۆنایەتی لە ڕێکخستنە کۆمۆنیستیـیەکان لە
ساڵی ڕابردوودا، دامەزراندنی (ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی شۆڕشگێڕ-Revolutionary
Communist International) بوو. لە ڕۆژانی (١٠) تا (١٥)ی (حوزەیرانی
٢٠٢٤) لە ئیتالیا بە ئامادەبونی ڕاستەوخۆی (٥٠٠) کەس و لە ڕێگای (زووم)یشەوە
(٧٧٠٠) کەس لە (١٢٠) دەوڵەتەوە بەشداری دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنستی
شۆشگێڕی نێونەتەوەیییان کرد. یەکێک لە کۆنفرەنسە جیهانیـیە گەورەکانی
کە لەماوەی ئەو (٦) ڕۆژەدا، گفتوگۆی جددی بەرنامەیی و ستراتیژی و حیزبی
و پەروەردەیی بە (٢٥) زمان بەڕێوە چوو. هەر لەوێدا نزیک بە نیو
ملیۆن (٤٨٨.٢٨٥) ئیرۆ کۆمەگ کۆکرایەوە. ئەم کۆنگرەیە بەتێکڕایی
بەشداربوان لەسەر بەرنامە و سیاسەتی کۆمۆنستی و ڕووخاندنی دەسەڵاتی
بورژوازی و ڕێکخستنی حیزبی و دامەزراندنی (ئەنتەناسیۆنالی کۆمۆنستی
شۆرشگێر) بڕیاریاندا.
ماڵپەڕە سەرەکییەکەیان (بەرگری لە مارکسیزم) بە (٤٩) زمان بەرهەمی تێدا
بڵاودەکەنەوە. بەشێک لەبەرهەمەکانیان بەزمانی کوردی، عەرەبی، فارسی،
تورکی لەوێدا هەن. گۆڤارێکی وەرزی تیۆری سەراسەرییان هەیە بەناوی (بەرگری
لە مارکسیزم). زۆربەی لقەکانیان بەتایبەت ئەوانەی کە حیزبیان
دامەزراندووە، ڕۆژنامەیەکی مانگانەیان هەیە.
نزیکردنەوەی کامێرا بۆ وێنەگرتنی دوو جوگرافیا.
لقی پاکستان: پاکستان یەکێک لەناوچە هەرە گەرمەکانی خەباتی چینایەتیـیە.
بە (کەراچی)ی دەوترێت (پترۆگرادی پاکستان). (٣٢٠) هەڵسوڕاوی کۆمۆنست لە
ژنان و پیاوان لە ڕۆژانی (٧ و ٨)ی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٤) لەسەرانسەری شار
و هەرێمەکانەوە لە لاهور کۆبونەوە، تیایدا نوێنەرانی سریلانکا،
ئەمەریکا، ئیتالیا، کەنەدا و نوێنەرایەتی (سکرتاریەتی کۆمۆنستی
شۆڕشگێری نیونەتەوەیی) بەشدار بوون. لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا لەسەر
بەرنامە، لەسەر چۆنیەتی دامەزراندنی حیزبی بەلشەویکی لە پاکستان،
خەباتی کرێکاران، مافەکانی ژنان، چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری مانگانەی
کۆمۆنست (شیعاری نان، جلوبەرگ، نێشتەجێبوون)، وە هەڵبژاردنی ئۆرگانەکان
بەڕێوەچوون. پاکستان لەنێو تۆڕێکی گرنگی پەیوەندیدایە، لەگەڵ سریلانکا،
بەنگلادش و هیندستان، کە بەهۆیەوە کەسانێک لە مانگرتنە گشتیەکانی
کرێکاران و خەباتی جەماوەریی ئەو وڵاتانەوە بەشداربوون، هەروەها
بەیاننامە و ڕاگەیاندنیان دەرکرد لەسەر شۆڕش لە بەنگلادیش. لقی
پاکستانی لە بارەی مێژوویی و جوگرافیا و زمان و کلتوورەوە، یەکێک لە
گرنگترین وهەستیارترینیانە.
لقی بەریتانیا: ئەم بەشە بە گرنگترین بەش و بەمێشکی ناوەندەکە دادەنرێت
و مەڵبەندی سەرەکی ئەنتەرناسیۆنالەکەش هەر لە لەندەنە. ڕەوتی ملیتانت،
سەرەتای دامەزراندنی بۆ (١٩٦٤) دەگەڕێتەوە، مەیلێکی ترۆتسکی نێو [پارتی
کرێکارانی بەریتانیا-Labour Party (UK)] بوو، لە دەوری گۆڤاری ملیتانت
کۆببونەوە. سکرتێری سیاسیـیەکەی (تێد گرانت-Ted Grant)، سکرتێری
نیشتمانی (پیتەر تاف-Peter Taaffe) بوو. ئەم ڕەوتە بەتایبەت لە شاری
لیڤەرپوول، پێگەیەکی جەماوەری فراوان و (٣) ئەندام پەرلەمانی هەبوو، وە
ئامانجدارانە لەنێو گەنجانی حیزبی کرێکاراندا خەریکی ڕێکخستنی حیزبی
بوون، لەنێو حیزبی سۆشیالیستی لاوانی حیزبی کاردا، تەواو دەسەڵاتی
ئاراستەکردنی سیاسەتیان پەیداکرد. حیزبی نێو حیزب بوون، لە ماوەی
ساڵانی هەشتاکاندا، سەنگەرێکی یەکجار بەهێزبوون لەبەرامبەر تاتچەر، و
پشتیوانی مانگرتنە گەورەکانی کرێکارانی کانە خەڵوزەکان بوون، بەڵام
بەردەوام ئەم ڕەوتە لەژێر گوشاری دەوڵەت و بەتایبەت (پارتی کرێکاران)دا
بوو، تا دەرکردنی ئەندامان و لەوانەش تێد گرانت. ملیتانت بەهۆی
ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و بەهۆی ئەوەی ئایا هەربمێننەوە لەنێو (پارتی
کرێکاران)دا، بوون بەدوو کەرتەوە، کەرتێکیان حیزبی کاری ملیتانتیان
دامەزراند کە زۆرینەبوون، هاوڕێیانی تێدگراند و ئالان ودز، ڕێکخراوی (بانگەوازی
سۆشیالیستی-Socialist Appeal)یان دامەزراند و بڵاوکراوەیەکی
نیومانگانەیان بەو ناوەوە دەردەکرد تا نۆڤەمبەری ساڵی پار (٢٠٢٤) کە
ناوی خۆیان گۆڕی بە (پارتی کۆمۆنستی شۆشگێر) کە لەسەرانسەری بەریتانیا
(١٢٠٠) ئەندامی چالاکیان هەیە و لقی بەریتانیای (کۆمۆنستی
ئەنتەرناسیۆنالی شۆڕشگێڕ)ن.
لقی سویسرا: گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ (مادلینا یۆت، کادرێکی سەرەتایی
پارتی کۆمۆنستی شۆڕشگێر لە سویسرا.
چۆن ڕێکخراوەکەتان/ حیزبەکەتان لە سویسرا بەم شێوەیە گەشەی سەند؟
مادالینا: ساڵی (٢٠٠٨) ڕێکخراوی (دێر فونکە سویسرا)مان دامەزراند.
گروپێکی بچوکی لە لاوان کە سیاسەت بەلایانەوە گرنگی هەبوو لە بەشی
ڕۆژئاوای سویسرا لەگەڵ خەڵکانی نەمسا پەیوەندییان پەیدا کرد، کە ئەوان
پێشتر لقێک بوون لە (ڕەوتی مارکسیستی ئەنتەرناسیۆنال-International
Marxist Tendency). لە ساڵە یەکەمەکانی کارماندا ئێمە خۆمان خزاندە نێو
ڕیزەکانی ڕێکخراوی (لاوانی سۆشیالیست)ەوە، توانیمان هەندێک لە
ئەندامانیان بۆلای خۆمان ڕابکێشین و ناوکی ڕێکخراوەیەکی جێگیر
دابمەزرێنین. ووردە وردە توانیمان لە بەشەکانی تری سویسرا (بەشە
فەرەنسیەکەی "ڕۆماندی"، بێرن، بازل، زوریخ) گروپی تر دابمەزرێنین و
ژمارەمان زۆر گەشەی سەند کە لە سەرووی (٢٠٠) ئەندامی چالاک لە ساڵی
(٢٠٢٣)دا، تا لە ئەنجامدا بەهۆی گەشەیەکی خێرایی ئەندامگیرییەوە لە
مانگی ئایاری (٢٠٢٤)دا، (حیزبی کۆمۆنستی شۆڕشگێر)مان پێکهێنا، بەمجۆرە
زەمینەسازییەکی زۆرترمان بۆ ئایدیای کۆمۆنیزم ڕەخساند.
ئایا هەر لەسەرەتاوە پەیوەندیتان بە (ڕەوتی مارکسیستی نێونەتەوەیی)ەوە
هەبوو، وە ئەوان چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان لەسەرتان هەیە؟
مادالینا: بەڵێ، ئێمە هەر لەسەرەتاوە پەیوەندیمان هەبوو لەگەڵ (ڕەوتی
مارکسیستی نێونەتەوەیی)، بەڵام پێویست بوو لەپێشدا ئێمە ئۆرگانی خۆمان
بەستراکتووری دیمۆکراتیەوە (بۆ نمونە وەک کۆنفرەنس) هەبێت و جێگێر بین
و بۆ ئەوەی بەشیوەیەکی فەرمی ببینە بەشێکی ئەو ڕەوتە . ڕەوتی مارکسیستی
ئەنتەرناسیۆنال، بەشێوەیەکی زۆر باڵا و کاریگەر مەتریاڵی پەروەردەکردن
بەرهەمدەهێنێت، کەزۆر یارمەتی ئێمە دەدات تا بەشێوەیەکی ڕاست ئایدیای
مارکسیسزم تێبگەین و فێربین. هەروەها ئێمە لە پەیوەندییەکی بەردەوام
داین لەگەڵ ڕابەری ئەو ڕەوتە، وەڵامی پرسیارەکانمان دەدەنەوە و لە
دامەزراندانی ڕێکخراوەییماندا پشتیوانیمان دەکەن. ئەمە و هەروەها
گرنگترینیش ئەوەیە شۆڕشی کۆمۆنستی تەنها دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە
ئەنتەرناسیۆنال بێت. هەر بۆیە پێویستی بەڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی هەیە.
بۆچی لەم ساڵانەی دوایدا هێندە گەشەتان کردووە و سەرکەوتوبون، لەبەرچی
بەتایبەت لە ئەوروپا و کەنەدا؟
مادالینا: قەیرانی سەرمایەداری چەند دەیەیە ناڕەزایەتی و توڕەیی
بەرهەمدەهێنێ. ئەزمەی کۆرۆنا، بەشوێنێدا هەڵئاوسان، فراوانبونەوەی
مەیدانی جەنگەکان، ئەمانە هەمویان ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ سیستەمێک کە
باشترین ڕۆژەکانی خۆی ژیاوە. ئەمانە خەڵکانێکی یەکجار زۆر لە سەرانسەری
دونیا هەستی پێدەکەن و بەشوێن ڕێگای دەرچوندا دەگەڕێن. لێرەدایە
مارکسیزم و حیزبەکەی ئێمە، گونجاوترین وەڵامی هەیە و هەربۆیە وەها
سەرکەوتوبوین. وە ئەمە بەشێوەیەکی گشتی دروستە هەروەک بۆ ئەوروپا و
کەنەداش.
تۆ چۆن بیری لێدەکەیتەوە، کەسێک مارکسیست بێت پیویستە لە مڕۆدا چی بکات؟
خۆت پەروەردە بکە و چالاکانە لە پەروەردەکردنی هاوڕێیانت یارمەتیدەربە،
ئەم حیزبە و ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی شۆرشگێڕ دابمەزرێنە. هەروەها
پێویستە ئێمە هێندە زۆر بین و هێندە وشیار بین کە بەواقعی بتوانین ئەم
دونیایە بگۆڕین.
__________________________________________________
تێبینی:
لە
ماڵپەڕی "بەرگری لە مارکسیزم
''https://marxist.com
''In Defence of Marxism
لە
لایەن (کامەران
ئەحمەد، کاوە ئاسنگەر، کارزان عەزیز، حسێن حسێنی) بەشێک لە وتار و
بابەتەکان وەرگێڕدراون بۆسەر زمانی کوردی-سۆرانی:
https://marxist.com/kurdish.htm.
ماڵپهڕی جهمال
کۆشش
|