په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٤

بوتەکان و بوتپەرستیی.

عوسمان رەحمانی   

رێگاێەکی جیاواز لە کەعبە و بوتخانەم دەوێ
نە بڕێک خۆپەرست لێرە و نە تاقمێک بوت پەرەست لەوێ!


زۆربەی خەڵکەکان و بەتایبەتی ئەوانەی کە خۆێان پێ عیلمانییە و بوتپەرستیی بە گەمژەیی و نەفامی دەزانن، بۆ خۆشیان بە شیوێەکی دیکە بوت پەرەستن! بوت تەنها بەرد و قەبر و مانگا و مشک و شاخ و وەهمیات نییە، بەڵکو زۆر شتیی دیکەی وەک دەوڵەت، نیشتمان، ئاڵا، سنور و نەتەوەش دەگرێتەوە! هیچ باوەڕ و هیچ شتێک پیرۆز نییە و هەمو پیرۆزیەکان تەنها لە خزمەت بەرژەوەند و قازانجی دەوڵەمەنداندا بووە و هەێە. ئەوەیکە دەبێ پیرۆز بێت، خودی مرۆڤی زیندوی خاوەن ماف و تاکە! بەڵام مرۆڤەکان رۆژانە دەکرێنە قوربانی و فیدای پیروزیە دەستکرد و بوتەکان.


لە پێناو بوتە دەستکردانەدا بە درێژایی مێژو مرۆڤەکان بە بەردەوامی خەریکی یەکتر کوشتار و نابود و دەربەدەر کردنن، شار و وڵات و گوندی یەکتر خاپور و کاول دەکەن، قەڵاچۆ و جینوسایدی یەکتر دەکەن، ناوەندەکانی پەرستنی بوتەکان بە قیمەتی بە فێڕۆدانی سامانی خۆیان و رشتنی خوێنی یەکتر بینا دەنێن و بێ هودە ئەم بوتانە کە سەرەخۆری سەر و ماڵ و مناڵیانە و دەستکردی خۆێانە ئەێانپەرەستن و لە پێناویاندا جیناێەت دەخۆڵقێنن. لە بەرانبەردا تەنها سەران و ڕیبەران و سەرکردەکان و پێغەمبەران و سەرمایەداران و دەولەمەندان لە سایەی ئەم بوتپەرستییەدا کە لە ڕاستیدا هەر دەبێتە ئەمانە، بەهرەکەی دەخۆن و دەیبەن! وە لە بەرانبەردا بەشی بوت پەرەست مێشک ئالودە کراو بەم وایروسە بوتپەرستییە هەر مەرگ و ئاوارەیی و خوێنڕشتن و برسیەتی و نەداری و زیندان و مەرگە.


مێژوی مرۆڤ، مێژوی گەشە کردنی رۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتری خۆی و هاوکات لەگەڵ ئەمە دا، مێژوی بێگانە بون و بێ بەش بونی رۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتری خۆی لە داهێنان و بەرهەمەکان و دروستکراوەکانی خۆی بوە و هەێە. مرۆڤ بەردەوام خۆی گرفتاری تێنەگەشتن لە خۆی و داهێنان و دەستکردەکانی خۆی بوە. بۆ رزگار بون لەم گرفتار بونەی دەستی خۆی بەردەوام هەوڵی داوە بگات بە خوشبەختی و رزگاری و ئازادی و ژیانێکی ئاسودە، بەڵام بە هۆی لە خۆ بێگانە بون لە خۆی و ئیرادەی خۆی، بەردەوام لەمپەر و کۆسپ و گرفتی زیاتری لە سەر ڕێگای خۆیدا قوت کردوەتەوە. بەردەوام بە هۆی ناهوشیاریەوە دەستکردەکانی خۆی پەرەستوە و خۆی و ئەوانی دیکەشی لە پیناو ئەم پیرۆزیە دەستکردەکانی خۆیدا کردوەتە قوربانی، بەردەوام و ئێستاشی لەگەل بێت بوتی تاشیوە و یان لە زەینیدا خوڵقاندویەتی و دەیپەرەستێت بە بێ ئەوەیکە بەهرێەکی لێ بردبێتن. ئەم ڕەوت و سوڕانەوە باتڵ و پوجە بەردەوام نەگبەت و مەینەت و بەدبەختی و شەڕ و ماڵوێرانی بۆ خوڵقاندوە و ژیانی لێ تاڵ کردوە، بەڵام هەر درێژەی پێ دەدا و ئامادە نییە بیرێکی قوڵی زانستیی و مرۆیی لە گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی و یەکجارەکی بکاتەوە.


هۆکاری ئەم بوتپەرستییەی مرۆڤەکان ئەوەێە کە لە لێکدانەوەی خۆی و جیهانی دەوروبەریدا خۆی وەک هیزی سەرەکیی خوڵقێنەر و داهێنەری ژیان و داهێنانەکان و کەشفیاتەکانی خۆی ناناسێت، بەڵکو جیهان، سروشت، مرۆڤەکانی دیکە و تەنانەت خودی خۆیشی بۆی دەبن بە بێگانە و لە دژی دەوستنەوە. هەمو جیهان وەک شتەکان بەرانبەر بەو وەستاون و ئەویش تەنها وەک شتێک لەگەڵیان بەرەورو دەبێ؛ هەرچەندە کە هەموی ئەو شتانە لە لاێان ئەوەوە دروست کراون، بەڵام بە بەرهەم و ئاکامی کار و داهێنانی خۆی نازانێت و لە دەستکردەکانی خۆی بێگانەێە، بێگانە بونێک کە یانی جیهان و خۆی لە ئەساسدا بە پاسیڤ و بە دروستکراوی هێزێکی باڵاتر لە خۆی و سروشت دەزانێت.


لە خۆ نامۆ بونی مرۆڤ لە باوەڕی مرۆڤدا، سەرەتا بونی خۆی لە پەرەستنی بوتەکاندا نیشان دەدا کە لە ئینجیلی کۆندا نوسراوە (٥٩). بنەمای ئەوەیکە پێغەمبەرەکان بە بوتپەرستیی ناوی دەبەن، بریتی نییە لەوەیکە خوداێانێکی بێ ئەژمار دەگەن بە پلەی خودایی، بەڵکو ئەوەێە کە خوداکان دروست کراوی دەستی مرۆڤن- ئەوان شتن و مرۆڤ بەرانبەر بە شتە دەستکردەکانی خۆی سوجدە دەبا و ئەێانپەرەستێ. یانی شتانێک دەپەرەستێ کە خۆی ئافراندونی و دروستی کردون. بە ئەنجامدانی ئەم کارە مرۆڤ خۆی تا ئاستی شتێکی دروستکراو لە دەستکردەکانی خۆی دادەبەزێنێت. تایبەتیمەندیەکانی ژیان و هێزی خوڵقێنەری خۆی دەگوازێتەوە بۆ شتە دەستکردەکانی خۆی و لە قالبی خودای وەهمی، بوتەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی وەک دەوڵەت، ئاڵا، نەتەوە، نیشتمان، قەبری سەران، قاتڵان و هەیولاکانی ئایینیدا دەپەرەستێ. لە باتی ئەوەیکە خۆی بە خالەقی ئەو شتانە بزانێت، لەگەڵ خۆی تەناها لە ڕێگای پەرەستنیانەوە کە پەیوەندی پێک دێنێت، پەیوەندیەک کە خۆی بە دروست کراو و عەبد و سەرباز و خزمەتکار و مەحکوم بە گوێڕاێەڵ بونیان دەزانێت. ئیتر بەرانبەر بە هێزی دروستکەر و داهێنەرانی زەینی و دەستی خۆی، بەرانبەر بە لیوەشاوەییە فراوانەکانی خۆی رۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بێگانە دەبێ و تەنها لە ڕیگای خورافیەوە لەگەڵ خۆی پەیوەندی پێک دێنێت، یانی ئیتاعەت و پەرەستنی تایبەتمەندیەکانی خۆی کە گواستویەتەوە بۆ پەیکەر و جەستە و وێنەی بوتە دەستکردەکانی خۆی.


بێ ڕۆحی و بۆشیی بوتپەرستیی لە ئینجیلی چاخی کۆندا بەم شیوەێە بەێان کراوە: "ئەوان چاویان هەیە بەڵام نابینن، ئەوان گوێیان هەێە بەڵام نابیسن..." (٦١١). بە هەمان ڕادە کە مرۆڤ هێز و تواناییەکانی خۆی ببەخشێ بە بوتەکان و بە هینی ئەوانی بزانێت، بە هەمان ڕادەش وابەستەتر و زەلیلتر و خۆ نەناستر و کۆیلەتر دەبێت، بە شێوەێەک کە [بوتەکان] تەنها بەشیکی کەم لەوەیکە لە پێشدا هین خۆی بوە و بەرهەمی دەست و بازوی خۆی بوە، دەگێڕنەوە بۆی.
بوت تەنها خودای ئاسمانەکان و یان ئەو شتانە نییە کە دروست کراون، بەڵکو دەتوانێ لە قالبی خودا، دەوڵەت، کلیسا، نەتەوە، ئاڵا، یان کەسێک یان حەیوانێکدا خۆی نیشان بدا. بوتپەرستیی بەردەوام بونی بابەتیانەی خۆی دەگۆڕێت و بە هیچ لەونێک تەنها لە شکڵ و مانا ئایینیەکەیدا خوی نیشان نادات و بەرتەسک نابێتەوە. بوتپەرستیی هەمیشە پەرەستنی شتێکە کە مرۆڤ هێزی داهێنەر و بگۆڕی خۆی دەگوازێتەوە بۆ ناو ئەو شتە، بەڵام لە کردەوەدا لە باتی تێگەشتن لە کردەوەی داهێنەرانەی خۆی، خۆی دەکا بە کۆیلە و عەبدی ئەو دەستکردە زەینی و دەستیەی خۆی.


بە تەڵقینات و پەروەردەی باری فکری و ڕاهێنان و پروپاگاندەی ساختە، هەلپەرەستانی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتخواز لە ڕێگای خێزان و مەکتەب و زانکۆ و مزگەوت و کەنیسە و کولتورەوە، بوتپەرستیی لە زەین و میشکی منداڵدا جێ دەخەن و دەیکەن بە شعورێکی درۆینە کە داگیری دەکا و لە مرۆڤێکی خالەق و داهێنەر و بوێڕ و خاوەن ماف بێگانەی دەکا و دەیکاتە دژ و دوژمنی خۆی. باوک پەرەستی، خێزان پەرەستی، گەورە پەرەستی، وڵات پەرەستی، ئاڵا پەرەستی، سەرۆک پەرەستی و خوا پەرەستی ئەو بوتانەن کە مرۆڤەکان لە مرۆڤ بون باتڵ دەکەن و ئەێانکەنە عەبدێکی بێ ئیرادە کە ئامادەیە خۆی لە پێناو ئەم پیرۆزیە دەستکردانەی دەسەڵاتداراندا بکات بە قوربانی، بە بێ ئەوەیکە بچوکترین بەش و سودی لەو وڵات و ئالا و خوا و بوت و پیرۆزیاندا هەبێت. ئایین بەڵینی پاش مردنی پێ دەدا بۆ گەشتن بە ماف و خواستەکانی، بەڵام بوتە دەستکردەکانی دیکەی خۆی لە سەر زەوی وەک ئاڵا و نەتەوە و نیشتمان و دەوڵەت و سەرۆک و یاسا، پاراستنی ئەم بوتانە کە جگە لە بەرژەوەندی سەرۆک و سەران و ئامران هیچی دیکە نین، دیسان وەک ئەرکێکی ئایینی و نیشتیمانی دەخەنە ئەستۆی و هەمان بەڵینی پاش مردنی پی دەدەن. ئەگەر ناڕازی بو و بەرۆکیانی گرت بۆ بەڵێنەکان مافەکانی خۆی، ئەوا هەم وەک کافر و هەم وەک خائێن بە نیشتمان و ئاڵا و نەتەوە و دەوڵەتی نەتەوەیی سەرکوت و دەمکوت و کوشتاری دەکەن.


ئەوەیکە ئەمرۆ ژیان و گیانی خەڵکەکانی تاڵ و تاریک و خوێناوی کردوە، وە بەروروی سەرکوت و دەمکوت و کوشت و بڕ لە لاێان دەسەڵاتەکان و دەولەتەکان و خوا ئاسمانی و زەوینیەکانەوە بوە، ئاکامی بوتپەرستیی خۆیانە و پیرۆز کردنی شتانێک کە خۆێان دروستیان کردوە. ئەم دروست کردنانە هیچ جۆرە مەعریفە و ئاوەز و زاکیرەێەکیان تێدا بەکار نەهێنراوە کە تەعبیر لە ئازادی و سەربەستی و خۆشگوزەرانی تاکەکان بکات. بە پێجوانەوە تەنها هەست و سۆزی ساویلکانە و نازانستیانە بنەمای ئەم دروست کردنان بوە. بۆ نمونە دەوڵەت نەک مافی خەڵکی نییە، بەڵکو لە کردار دا سەرکوتگەر و جەوسێنەر و داپلۆسینەری خەڵکە و بە کردەوە ئامرازی دەستی دەسەڵاتدارانە بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوندی خۆێان کە لە ڕێگای قوستنەوەی بێگانە بونی خەڵک لە هێز و هزر و تواناییە مادی و مەعنەویەکانی خٶیان کردویانەتە پیرۆزیی نەتەوەیی و خاک و نیشتیمان. لە هەمان کاتدا بە دەستی بەشیک لە خەڵک بەشەکەی دیکەی پی سەرکوت و نابود دەکەن. ئەمەێە ئەو لە خۆ بێگانە بونە و خۆ بە عەبدی بێ ئێخیاری ستەمگەران کردن و پەرەستنی خودا دەستکردەکانی خۆی. سەرۆک و سەران و دەوڵەت و سنور بەرهەمی باوەڕی خورافی و دەستکردی خودی مرۆڤەکانە کە خۆی دروستی کردون و دەیپەرەستێ. بەڵام کە لە گەشتن بە خواستەکانی نا ئومید دەبێ و بێ بەش، دیسان دەکەوێتەوە دژایەتی کردنی دەستکردە ساویلکانەکانی خۆی و سەر لە نوێ دەست بە گۆڕینی بوتی کۆن و پەرەستنی بوتی نوێ دەکا و لە بازنەێەکی داخراوی لە خۆ بێگانە بوندا سەرگەردان و بێ ئاکام دەسوڕێتەوە.


ئاڵا و نێستمان و نەتەوە پەرەستی هەر هەمان بوتپەرستییە کە مرۆڤەکان خۆیان دروستیان کردون، پیرۆزیان کردون، ئامادە بون لە پێناویاندا خۆێان نابود بکەن، وە ئێستا کە لە نەگەشتن بە ئازادی و خواستەکانیان نا ئومید و مایە پوچن و کڵاویان کردوەتە سەر خۆێان و فریوی بوتپەرستییەکانی خۆیانیان خواردوە، دیسان کەوتونەتە دژایەتی کردنی دەستکردەکانی خۆیان کە دەوڵەت و ئالا و ... هەتا ئەم لە خۆ نامۆبونە بەردەوام بێت، بوتپەرستیی لە شیوازی جوراجوردا بەردەوام دەبێت و مرۆڤەکان دەبنە قوربانیی نامۆیەتی خۆیان. بێ بەری دەبن لە هیز و هزر و توانایی و مافە مرۆییەکانی خۆێان، وە وەک کەرەسە و ئامرازی بوتپەرستیی بۆ بەرژەوەندی خاوەن بوتەکان بەکار بەکار دەهێنرێنەوە.

 

ماڵپەڕی عوسمان رەحمانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک