په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٢

بوتڵی گاز!

نه‌هرۆ          


بەدەنگێکی گڕ هاواری دەکرد گاز، گاز، پیرگ پیاوێکی ئەسمەری مامناوەندی بوو، تەمەنی چڵ ساڵێک دەبوو، پێشتر لە بەنزینخانە کاری ئەوە بوو، بەرمیلی سەردەخستە سەر پشتی لوری و پیکابەکان، بەرمیلە نەوت و گاز بۆ گوندە دوورەکان، تەختەدارێکی درێژیان دائەنا لە نیوان ئەرزو پشتی ئۆتۆمبیلەکە، بەو تەختەدارەیان دەگوت (دەڕاب)کرێکارێکیان کوێر بوو بە ناوی شاکر ئەویش هەمان کاری دەکرد،شاکر لەکاتی ئیسراحەت چوارمەشقی دائەنیشت وجگەری دائەگیرساند، کرێکارەکانی دی هانیان دەدایان پارەی خوردەی بۆ فڕێدەین یان بیخەینە دەستیەوە، شاکریش توڕە دەبوو جنێوی دەدا دەیگوت سەگبابینە من سواڵکەر نیم!


دوایی کە بوتڵی گاز پەیدا بوو، پیرگ عەرەبانەیەکی کڕی و بوتڵی گاز بۆ گەڕەکەکانی قەراغ شار دەگواستەوە، پیرگ سەعات هەشتی بەیانی دەستی بەکارەکەی کردوسەعات یەکی دوای نیوەڕۆ لێبووەوە، مناڵەکان وخەڵکی گەڕەک پیرگیان دەناسی وخوشیان دەویست، هەر کە دەهات مناڵەکان دەگەشانەوەو دەیانگوت، پیرگ هات، پیرگ هات! پیرگ قازانجی زۆرێ لەخەڵک وەرنەدەگرت، تەنانەت بە قەرزیش بوتڵی پری ئەدا بەتایبەت بۆ ئەو خانەوادانەی کە پیاوەکانیان لە کۆمپانیای نەوت ئیشیان دەکردوسەری مانگ مووچەیان وەردەگرت، پیرگ بە قسەی خۆی دەیگوت، هەر رۆژەو دینارێک قازانج دەکەم ٥٠٠فلسی بۆ خەرجی خۆم ودایکمە، ٥٠٠فلسەکەی دی پاشکەوتی دەکەم،دەیگوت پارەی سپی بۆ رۆژی رەشە!


پیرگ لە گەرەکێکی شار لەگەڵ پیرە دایکێکی دەژیا، دەیانگوت پیرگ خۆشک وبرایەکی تری هەبوە، براکەی ئیشی قاچاغچیتیی کردووە، لەکاتی بردنی سنوقە چای بۆ ئیران، لەسەر مەرز تەقەیان لیکردوەو دەستبەجی کوشتویانە! خوشکێکیشی قوتابی بوو مامۆستایەکی میسری حەزی لێبوو مێردی پێکردو چوون بۆ میسر!
پیرگ هەر کە لە فرۆشتنی بوتڵە گازەکان دەبوەوە، لە قەراغ جادەکە عەرەبانەکەی ڕادەگرت و جگەرەیەکی دادەگیرساندوبەقووڵی قومی لێئەدا، ئیدی نەماندەزانی بیر لە چارەنووسی خۆشکەکەی دەکاتەوە یا بیر لە برا جوانەمەرگەکەی!


کاتێ کە پیرگ پاڵی بە عەرەبانەکەوە دەنا، ئارەقەی شین مۆری دەرئەدا، تەنانەت کە زستان و پایزان دەهات، ئێمە زۆر زگمان پێدەسوتا، چون ئەوەها بەرگەی رەشەباو باران دەگرێ! بەمناڵی کە لەدەوری پیرگ کۆدەبووینەوە، یەکە یەکەمانی دەناسی، دەیگوت تۆ کوڕی فڵانە کەسی سڵاو لە باوکت بکە، هەموو رۆژی کە لەفرۆشتنی بوتڵە گازەکان دەبوەوە لە هەمان شوێنی قەراغ جادەکە دادەنیشت و جگەرەیەکی دادەگیرساند، سەرەتا ئێمە نهینی هەڵبژاردنی ئەم شوێنەمان نەدەزانی، بەڵام رۆژگار دەریخست، ئەو شوێنە نزیک ماڵی بێوەژنێکە کە پیرگ حەزی لێکردبوو، کاتێ پیرگ لەوێ دادەنیشت، بێوەژنەکە بەدەم گسک لێدانەوە دەهاتە بەر دەرگا، ژنێکی سپی ڕەنگی، چاو شین بوو، پیرگ چاوی لە رووشاندن و لەکەدارکردنی ئابرومەندی خەڵک نەبوو، ئەو دەیویست ژنێک بهێنێ لە پاڵیا ئیسراحەت بکاو ژیانی هاوسەرگیری بگوزەرێنی، پیرک نەیدەشاردەوە کە حەزی لەژن ومناڵە، ئاواتەخواز بوو ژنێکی هەبێ مناڵی بۆ بخاتەوە، چەند رۆژێک پیرگ دیاری نەما وامانزانی سەفەری کردووە، دواتر رۆژێکیان خۆی کرد بەگەرەک دا وەک جاری جاران بەدەگە گڕەکەی هاواری دەکرد گاز، گاز، بەڵام ئەمجارەیان جلی رەشی لەبەردابوو، لێمان پرسی، پیرگ بۆ جلی رەشت لەبەردایە، لەوەڵام دا بەکزییەوە گوتی دایکم عەمری خوای کردووە!


ئیدی زانیمان پیرگ بەتەنیا دەژێ و بەتەمایە ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنێ، رۆژێک لەکاتی گاز کڕین دا پیرگ بەدایکمی گوتبوو دایکی سەلا، نهێنییەکم لە دڵ دایە با لە نیوان خۆم وخۆت بێ، تۆ ئەزانی کە دایکم مردووەو بەتەنیا ئەژیم، منیش بیرم کردۆتەوە کە دەستی ئافرەتێک بگرم، ئەگەر زەحمەت نەبێ دەتوانی داوای دەستی ئەو بێوەژنەی دراوسێتانم بۆ بکەی، بەڵام با جارێ لەنیوان خۆمان بێ و کەس نەزانێ، دایکم پێگوتبو، بەسەر چاو تۆیش وەکو کوڕی گەورەی خۆمی، من لەدەرفەتێک دا پێ ئەڵێم، لەرۆژانی داهاتووش جوابت لێدەگیڕمەوە، خوشبەختانە بێوەژنەکە رازی بوو، ئیدی وەک نەریتی لای ئێمە، پیرک تەکلیفی لە کۆمەڵیک پیاوی کردبوو بچن بۆ داخوازی، هاتنە داوای، دوایی کۆمەڵێک ژن هاتن دایکم لەگەڵیاندا چوو!


رۆژیکیان پیرک بەعەرەبانەکەیەوە دەرکەوت، لەباتی بوتڵی گاز، سنوقی پپسی وتورابی پێبوو، دەمانزانی ئەوە بۆ رۆژی دەستگیرانییەتی، من مناڵ بووم، کاتی رۆژی دەستگیرانی هات، خۆم کرد بەحەوشەی ماڵی بێوەژنەکەدا کە ئەویش خۆی و دایکی پێکەوە دەژیان، بوتڵی تورابیان پێدام، ئیستاش هەست بەتامەکەی دەکەم!


پیرگ لە کاتێ ئیشکردن دا بەدلەیەکی شینی لەبەردابوو، بەدرێژایی ساڵ داینەئەکەند،تەنیا زستانان قەمسەڵەیەکی زیاتری لەبەر ئەکرد، بەڵام رۆژی دەستگیرانیەکەی، کراسێکی سپی و پانتۆڵێکی رەشی لەبەر کردبوو، ئەگەر یەکێک نەیناسیبایە، دەیگوت مامۆستایە لەیەکی لەقوتابخانەکان! پیرگ بیوەژنەکەی گواستەوە، ماوەیەک پێچوو، عەربانەکەی فرۆشت و دەمپەرێکی کڕی، ئیدی پیرک لە باتی پاڵنان بە عەرەبانەوە بوو بە لێخوری دەمپەر، بە دەمپەر بوتڵە گازی بۆ گەڕەکاکانی دەبرد، دەیانگوت بێوەژنەکە بەپارەی دوورمان یارمەتی پیرگ داوە ئەو دەمپەرە بکڕی، رۆژێکیان پایز بوو، خەڵک قوڕیان دەگرتەوەو سەربانەکانیان سواغ دەکرد، تاوەکو لەزستان دا دڵۆپە نەکا، ئێمە خەریکی قوڕکاری بووین، گوێمان لەدەنگی دەمپەرەکەی پیرگ بوو، کاتێ گەیشتە ئاستی ئێمە،ڕایگرت و لێدابەزی و چوکلیتی بەسەرمان دابەش ئەکرد، لێمان پرسی پیرگ موناسبەت چی یە؟ لەوەڵام دا گوتی خیزانەکەم ئاوسە، ئێمەش دەستبەجی دوعای خیرمان بۆ ئەکرد، بەتایبەتی دایکم، ئیدی پیرک زۆر کەیف خۆش بوو کە ژنی هیناوەو لەدوارۆژیش دەبێتە خاوەنی مناڵ.


ماوەیەک پێچوو، خەسوەکەی پیرگ مرد، هەر لەگەڕەکەکەی ماڵی پیرگ پرسەیان دانا، ئیدی پیرگ وەک جاران، زوو زوو هاتوچووی گەڕەکەکەی ئێمەی نەکرد، خەڵکی ناچار بوون ڕاستەوخۆ مناڵەکانیان بنیرن بۆ بەنزینخانەو لەوێ بوتڵە گاز بکڕن، سەیارەی جیب وپۆلۆنی هاتوو چووی نیوان شارو گەڕەکە دوورەکانیان دەکرد، هەر کەس بوتڵە گازی پێبووایە، پارەی نەفەرێک زیاتریان لێوەردەگرت، حەزمان دەکرد خەبەری پیرگ بزانین، وەک جاری جاران بگەرێتەوە گەڕەکەکەمان، بەڵام پیرگ بە جارێ پێی بڕی، ئێمە هەزارویەک لێکدانەوەمان بۆ کرد، واماندەزانی واز لە ئیشەکەی هێناوە، بەڵام دەرکەوت تەنیا بۆ گەڕەکەکەی ئێمە نایی، نهینی ئەم نەهاتنەی بۆ ماوەیەک بە نادیاری مابوەوە، دواتر زانیمان، ژنەکەی پیرک لەکاتی هەڵگرتنی بوتڵە گاز دا زگەکەی لە بار چووە، پەیتا پەیتا دەنگوی ئەوە بڵاوبوەوە کە پیرک چی دیکە روو ناکاتە ئەم گەرەکە، پیرگ گوتویەتی ژنێکی چاوپیس هەیە لەو گەرەکە، تا ئەو بمانبینی، ئێمە خیر لەخۆمان نابێنین، تەخسیری لەبارچوونی زگی ژنەکەی خستویەتە ئەستوی ئەو ژنە چاو پیسە!


ئەو ژنەی باسی دەکرد، ژنێکی شەست ساڵەی ڕەشپۆش بوو ناوی نورجان بوو، لە کەلاوەیەکی نیمچە رووخاو لەگەڵ مێردە کەنەفتەکەی دەژیا، وجاخیان کوێر بوو، دەیانگوت زۆر ئیرەیی بە خەڵک دەبا، لەهەر کەس بخوێنی دووچاری کەتنێکی دەکا، بەڵام کەگەوەرە بووم زانیم، زۆر جار ژیانی خەڵک ورەفتاریان وەهم بەڕێوەیان دەبا!


هەر ئەو وەهمە بوو کە چی دی پیرگ روو نەکاتە گەڕەکەکەمان!!


١١
\٤\٢٠١٢ - نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک