٣\١١\٢٠٢٤
جادووێکم کرد.
تاڤگە
سابیر
چ بێدەنگە ئەم کیشوەرە چ نامۆیە ئەم ناوە ئەم گۆشەگیرییە
نە کۆڕبەندی خۆشەویستیی دەبیسترێ و نە ئاوەدانیی ھاوڕێیەتی
من تاقانەترین ئەویندار بووم گەشتەکانم ونکرد
نەمزانی ھێوربوونەوە چیە؟
تووڕە بووم.. تووڕە، توڕەییەک تا ئەودیوی ئەندێشەکانی تۆ بردمی
تا ئەودیوی پانتاییە بێ واتایەکانی ئەم بوونە گوناھاوییە بردمی
من منداڵێك بووم فێری گوناھ نەببووم
سپێدەی سبەینان پێدەکەنیم
بێ ھیچ یاسایەکی رەوشتیی لە ناوەوەم
دەستی منداڵانی کۆڵانم دەگرت و گۆرانیمان دەگوت
کەچی جادووێک گەورەیکردم
بەڵام ھەر ئەویندارانە پێدەکەنم، ئەویندارانەش دەگریام
دەمویست ھەموو گەڵایەکان بگرمە باوەش
ماچی درەختە
تەنیایەکانم دەکرد
خۆم دەدایەبەر رێژنەی باران، بیرم لە خۆشەویستیی دەکردەوە
خەوم بە باخچەکانەوە دەبینی
لە دەرگایەکانم دەپرسی
لە پەنجەرەوە سەیری یاریی پەپولەکانم دەکرد
شەوانە تا درەنگێ لەسەر شەقامە چۆڵەکان دەمامەوە
بە تەنیا ھاوارم دەکرد
ئەی گەورەی بە بەزەیی ئەم چۆڵەوانییە
ئەی ئەوەی دڵنیای و منت بۆ نادۆزرێتەوە
من ئەوین پاسەوانی ماڵەکەمە
ئەو ماڵەی لە تەنیشت دارستانەوە بە گەڵای پایز دروستمکردوە
ئەو ماڵەی پەنجەرەکانی شینایی دەریان
دەرگای سروەی سپێدانە
شەوانە زۆر دەگەڕام
بیرم لە ماڵە گەرموگوڕەکان دەکردەوە
لەوانەی گەمەی خۆشەویستیی نازانن و لە ژێر پێخەفی
رەنگاوڕەنگدا خەوتوون
بیرم لەو پیاوە تەڵەکەچییانە دەکردەوە
لاشەی کچە تاقانەکان دەفرۆشن و
گاڵتە بە چارەنووسی ئەو ئاشقانە دەکەن
تا دەرەنگێ بە تەنیا
لەسەر شەقام لەبەردەم پەنجەرە تەڵخەکاندا دەمێنەوە
من بیرم لە زۆر شت دەکردەوە
لە شینایی بێ نازی دەریا لە باخچە و پەرپووتیی مرۆڤ
لە مێژوو و شەمەزاریی ئایندە
بیرم لە گەڵا دەکردەوە کاتێك با دەیبا و
جارێکی تر دارستان نابینێتەوە...
ئەی ئەو مرۆڤەی بەدخوانەی سەروەیی ئەم ژیانەتان دۆڕاند
من لە ئاو پاکتر بووم دڵم لە پێستی گوڵ ناسکتر بوو
بەڵام کەس نەیزانی نهێنییەکانی من چین؟
کەس ماڵە پایزییەکەی منی نەدۆزیەوە
کەس ئەفسسونی ئەم ئەوینەی منی نەزانی
کەسێک لە سەروەریی نەدوا
کەچی جارجارە پەنجەرەکانی روانینم زۆر دەبوون
جیهانم بە ڕەنگاوڕەنگی دەبینی
ڕێگای باخچەکانم دەزانی.. ناوی گوڵەکانم لەبەربوون
ھەموو سنەوبەرە باڵابەرزەکانی باخچەی گشتیی منیان دەناسی
جارجار دڵم بە ژنی سەر جادەکان دەکرایەوە!
پێکەنینم بە زۆر رێبواری یاخیی دەفرۆشت
گوڵم دەبینی بەدوو ماچدا دەگەڕا
ھاوڕێی ھەموو درەختە پیر و کەنەفتەکان بووم
جارجارەش تفم لە ھەمووتان دەکرد
دەمگوت راستە من ئەویندارم
بەڵام ئێوە شەڕ بە
جوانیی و پاکیەتی دەفرۆشن.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|