په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٩\٢٠١٤

چاکی مەکەن با خراپتر نەبێ.

سوارە کەمال     


ئەم بارودۆخەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێ ، ئەگەر نشتەجێبوانی پاش مانەوەی شەرە یەک لەدوای یەکەکان نەبونایە، بار و گوزەرانێکە هێندە سەخت و مەترسیدارە، ئەگەر فیلمی سینەمایی بووایە و لە وڵاتانی پێشکەوتوو نمایش بکرایە کەمترین کەس جورئەتی بینینی دەکرد، کەچی خەڵکی کوردستان تێدا دەژێن.


کردەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سەربرین و کوشتن ، قرکردن لە سەر هزر ، ئاین و ئاینزا و... هتد دیارە لە دونیای دەرەوەی وڵاتانی ئێسلام نشیندا تەنها لە نێو لاپەرەکانی مێژوودا دەبینرێن. بەڵام ئەگەر بە مێژووی عیراقدا بچینەوە هەمان ئەم کارانەی ئەمرۆ لە رابردووداشدا بە شێوازی جۆراو جۆر هەر هەبووە، پێم وایە ژینگەی مانەوەی ئەم عەقلیەتە لە عیراقی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی فرە ئاین و ئاینزا بەشێوازێک بوتە باو گۆڕینی ئاسان نەبێ، لەبەر ئەوەی هەمان ئەو فه‌رهه‌نگه‌ سیاسیە كۆنه‌یە کە سەدان ساڵ لەمەوبەر لە باوباپیریان بۆیان ماوەتەوەو بە ئەرکی دەزانن بەم شێوازە قێزەونە پیادەی بکەن.


ئەگەر لە کارەساتەکانی ناو مێژوو دوور کەوینەوە، تەنها باس لە ١٠ ساڵی رابردوو بەکەین دەبینرێت تەنها لە شاری کەرکوک زیاتر لە ١٢٠ هاوڵاتی سڤیلی کاکەیی تیرۆکراوە، جاران گەرەگی عەرەفە زۆرینەی مەسیحی نشین بوون، لە ترسی کوشتن بە جێاهێشتووە ، ئەم دۆخە هێندە درێژەی کێشا، ژیانی ئاسایی لەبیر خەڵک بردووتەوە، بەڵام پاش هێرشی ئەم جارەی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی کار گەیشتە ئەو ئاستەی گرەکەی بەر هەمووان بکەوێ بۆیە دنیای دەرەوەش هاتنە وەڵام، بەڵام سەد مخابن خوێن لە ئێمەو گوتار لەوانە!

ئایا لە دۆخێکی وادا دەبێ ئەولویاتی کاری پەرلەمان چی بێت ؟ خۆ رزگارکردنبێ لە دۆزەخی عیراق یان خۆ سەرقاڵکردن بێ بە کاری لاوەکیەوە؟


دیارە لە سیستەمی تەندروستدا هەر دامەزراوەیەک لە کاتی جەنگ بێ یان ئاسایی، ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانی ، بەڵام لە سیستەمی ناتەندروستدا لە هاتنە کایەی هەر تەنگەژەیەک هەموو شتێ تێگەل و پێگەل دەکرێ ، لەوەشدا زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتیە.

ئەوەی جێگای تێڕامانە لە دوخێکی مەترسیداری لەم جۆرە، وێرای خەم و پەرۆشی خەڵکی کوردستان بۆ رۆڵەکانیان لە بەرەکانی جەنگ ، قەیرانی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران، و لەسەرووی گشتیانەوە فرۆشتنی کچان و خوشکەکانمان... کەچی قیچی لە ئەندام پەرلەمانەکان بەپاساوی بەرژەوەندی ھاوڵاتی لە سەر خاوەن ئوتۆمبیلەکان هاتوونەتە دەنگ و کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمان سەرقالکردووە، دەیانەوێت وێرای ئەو نائارامییەی مللەتی تێدایە شەری کارە چەوتەکانی حکومەتیشی پێبکەن. کە من پێم وایە ئەمە جگە لە یاری کردن بە هه‌ست ‌و سۆزی ئەم مللەتە هیچی دیکە نیە. ئەگینا با بپرسین خەڵکی کوردستان پەرلەمانی بۆچیە؟ بۆ ئەوەیە هەموو رۆژی لە میدیاکان دەرکەون و بە شان و بالی خۆیان هەلبدەن و یەکتر بشکیننەوە یان بۆ ئەوەیە کۆمەڵگا دوورخەنەوە لە شەری دەروونی و خۆیان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە ئەو شەرە لە نێو پەرلەمان ئەنجام بدەن و بەرهەمەکەی بە خەڵک راگەینن، ئەگینا ئەو قسانەی ئەوان دەیکەن خەڵک لەبەری کردووە زۆر بە باشی دەزانن نادادپەروەری هەیە، بۆیە دەنگیاندا تا گوزەرانیان باشبکرێت و به‌ئاسووده‌یی بژین، نەک رۆژانە سەرودڵیان بگرن و منەتباریان بکەن بەوەی کە لەسەریان هاتوونەتە وەڵام!


با نموونەیەک بکەینە پرسیار لێیان؛ ئایا کەمکردنەوەی نرخی سوتەمەنی لە بەرژەوەندی گشتی دایە؟ دیارە ئەرکی حکومەتە هاوسەنگی نرخی هەر شتومەگی کە پێداویستی پێویست و گشتیە، لەگەل داهاتی تاکدا بگونجینێت!.

 
بە پێی قسەی وەزیری سامانە سروشتیەکان حکومەت نزیکەی (٣٠٠ - ٧٠٠) هەزار دینار لە سامانی گشتی دەخاتە سەر هەر لترێک لە بەنزین، من ناڵیم نرخی بەنزین کەم یان زیاد بکرێت، ئەوە ئەرکی خەڵکانی پسپورە لە بوارەکانی ژینگە، دارایی و... هتد بەڵام دەپرسم: بۆ هەر ٤٠ لترێ بەنزین نزیکەی ٢٠ هەزار دینار دەکات ئەگەر هەر ئۆتۆمبیلێک لە مانگیکدا ١٥ جار بەنزین وەربکرێت دەکاتە ٣٠٠ هەزار دینار، دەستان خۆش بێ کە لە سامانی گشتی بەشی ئەو هاوڵاتیانە دەدەن کە ترومبێلیان هەیە، ئەی ئەوانەی ترومبێلیان نییە چی؟


جگە لە پیسکردنی ژینگە و هەڵمژینی هەوای ناتەندروست چیان بۆ دەمێنێتەوە، ئایا هەقی ئەوانش نیە پارەیان پێبدرێت ؟ ئایا بەم شێوەیە لە دادپەروەری گەیشتوون؟


وام پێ باشه‌ ئەندام پەرلەمانەکان ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆیان بكه‌ن، ئایا خەریکی باشترکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن و دەربازبوون لە دۆزەخی عیراق بن باشترە یان خۆیان سەرقالکەن بە شتگەلێکەوە تەنانەت ئەگەر "چاکیشی کەن" کاتیە! بۆیە ناچارم پێان بڵێم هەندی شت هەیە تکایە چاکی مەکەن با خراپتر نەبی.
 


swarekemal@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک