په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠٢١

چاکسازییە یان یاریی چاوشارکێیە؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


لە ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوو (لە ماڵێکی حیزب بووم) و ھەرلە لە دەستپێکردنی پروگرامەکانی تەلەفزیونی بەغدا تا کوتایی واتە لە داڵەوە بۆ داڵ* تەماشای بەرنامەکانم دەکرد‌و ھەمووی لە سەر جوانکردنی سەدام حوسەێن و رژیمەکەی بوو وا زیاتر لە ساڵێکە بە ھوی کوروناوەو چوار نەخوشی (موزمن) لە ماڵەوە خوم ‌ کەرەنتین کردووەو شەو روژ باسی موچەو شاندی حکومەت دەکرێت و ئەو کات بەو ھەموو ھێزەی سەدام دوو ویستگەی تەلەفزیون ھەبوو بەلام ئەمرو لە سایەی دزی و فروشتنی نەوت حیزبەکانی دەسەڵات ھەریەکیان خاوەنی ژمارەیەک ویستگەیە.

حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی شکستیخواردو، دیارە کێشەی زۆری بۆ حکومەتی داھاتوو ھێشتەوەو منیش کە زانیم مەسرور بارزاتی دەبێتە سەروک وەزیران لە ژێر ناونیشانی : ئایا مەسرور بارزانی ئەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات؟ مەبەستم کێشەکانی کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی بوو ، ئەو کێشانەش بریتی بوون لە : شێوەی ھەڵسوکەوت لە گەڵ وڵاتانی دەوروبەر بەناو دراوسێکان کە چاویان لەوەیە سامان و نەوتی میللەت ھەڵلوشن ، بنبرکردنی گەندەڵی، فرۆشتنی نەوت و، پارەکەی ئەدرێ بە کێ یان راستر ئەچێتە گیرفانی کێ؟

ھەرچەندە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی پروژەیەکی بەناو چاکسازی راگەیاند بەڵام ئەو پروژەیە لە یاری ‌ چاوشارکێی منداڵان دەچێت و تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووەو باشتر ئەوەیە لەمەو بەدوواوە خەڵک چەواشە نەکەن و، واز لە فیزو خو بە سەرکەوتوو نەزانن چونکە حکومەت:

ئەوەندە شاندی ناردە بەغداو ھەموو جارێک بە کوڵی درودەلەسەی بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھاوشێوەکانی ‌ ھاتوونەتەوەو ‌ گەلی کوردستان متمانەیان بەو شاندانە نەماوە و. ماوەی شەش ساڵە ھاوڵاتیان رۆژانە گوێیان لە وشەی شاندەو ئەم وشەیە بووەو بە قەوانێکی سواوو ناوی دەبەن و بووەتە جێی پێکەنینی خەڵک و بەرپرسان ئەوەندە وتیان شاند ھات و شاند چوو کەس گوێیان لێ ناگرێت و بە درۆزن و فێڵبازو ساختەچی ناویان دەبەن و لە بەرامبەریشدا ئەمان ھەر خەریکی پارە کۆکردنەوەن بۆ خۆیان و خێزان و ماستاوچییە زورناژنەکانیان.

پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بەغدا بکات بۆ کۆمپانیای ھەناردەی نیشتمانی (سۆمۆ) لە بەرمبەردا حکۆمەتی ناوەند پشکی ساڵانەی ھەرێم (بودجە) و مووچەی فەرمانبەران بنێرێت بەڵام حکومەتی کوردستان ئیفلیجە بە ھوی ئەوەی بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بە بەلاش دەبێت نەوت ھەناردەی تورکیا بکات و، تا ئەو گرێبەستە قیزوەنە ھەڵنەوەشێتەوەو ئەوانەی واژویان کردووە نەدرێنە دادگا باری ھەرێمی کوردستان روو لە خراپتر دەکات بویە ئەم پرسە پێویستی بە بریارێکی نیشتمانییە و ئەوەش ئەم حکومەتەی کوردستان دەستی بەستراوەتەوە و ناتوانێت ئەو بریارە بدات و ، بەڵێ ئاستەمە ھەرێمی کوردستان بتوانێت بریارێکی نیشتمانی دەربکات و بە تورکیا بڵێت: چیتر پابەند نابین بەو رێککەوتنامە پر شەرمەزارییەو نەوتی کوردستان نادەێن بە ئێوە چونکە ئەو رێککەوتنامەیە بە نھێنی و بە بێ ئاگاداری خەڵکی کوردستان واژووکراوەو، ھەروا ئاستەمە حکومەتی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بدات بە بەغداو بە ھۆی چەندین گریبەست لە گەڵ کۆمپانییەکانی نەوتداو حکومەتی ناوەندیش بە ھوی بیری شوڤەنیستیانەی ژمارەیەکی زوری کاربەدەستان موچە رەوانەی کوردستان ناکەن.

شکستھێنانی حکومەت لە چارەسەرکردنی موچەو پاشماوەی موچە ولێبرینی لە ٢١٪ موچەی فەرمانبەران و، چارەسەرنەکردنی موچەی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانانی سیاسی باری حکومەتی قورستر کردووەو کەس متمانەی بە حکومەت نەماوەو ئەگەر زوو بەزوو چارەسەر نەکرێت بارودوخەکە دەتەقێتەوەو مێژووش چارەنووسی بەرپرسان ئاشکرا دەکات و دەبنە جێی نەفرەت و رادەماڵرێن.

چارەسەرنەکردنی کێشەی ئافرەتان و نەھێشتنی توندوتیژی و، لە ھەموو شتێک سەیرتر بکوژان دەستگیر ناکرێن و سەربەستان دەسوورێنەوە.

گرتنی روژنامەنووسان و داتاشینی دروی نابەجی و، باشترین نموونە روژنامەنووسانی دھوک وبادینانەو تومەتی ھەڵبەستراویان خستوونەتە پاڵیان و، سەرەرای ئەو بارودخەیان ناھێڵن چاویان بە پارێزەرو کەسوکاریان بکەوێت بەڵام بەعسییەکان وەک گەورەترین دەسەڵاتی درندە ئەو مافەی زەوت نەکردبوو.

داڵدەدانی جاش موستەشارەکان و چڵکاوخورانی ئەمن و ئیستخبارات و بکوژانی پێشمەرگە لەلایەن دەسەڵاتەوەو ھەندێ بەرپرس بەوانەش نەوەستاون و خویان بە پێشمەرگەی عەیار ٢٤ ناو دەبەن کەچی ھەندێکیان لە گەڵ جاش موستەشارو ئەنفالچییە روورەشەکان وێنە دەگرن و دیارە شانازیش بەو رەفتارەیان دەکەن.

حکومەت دەستوپێی بەستراوەتەوەو لە ئاستی تورکیای رەگەزپەرست لاڵەو نقەی لیوەنایەت و بەھیچ شێوەیەک ناوێرێت سەرکونەی تورکیا بکات لە داگیرکردنی خاکی کوردستان و لە ئێستاشدا دەستیانکردووە بە بردنی دارودرەختی کوردستان و دوێنی وتەپێژەکەی حکومەت زور کەساسانە وتی کردەوەکانی تورکیا جێی قبوڵ نییە و لە مەیانی شانامەکەی رەفتارە چەپەڵەکانی تورکیا دەخاتە ئەستوی (پ.ک.ک) و نازانێت گەلی کورد وشیارەو جەنابی وتەبێژ پاساو دەھنێنێتەوە بو ئەوەی روخساری دێزی تورکیا سپی بکاتەوە.


حکومەت بایەخ دەدات بە خاین و ترسنۆکی ھەڵاتوو پاشماوەی حیزبی بەعس و رژێمە خوێناوییەکەی سەدام حوسێن بە ناوی سوننەوە، ھەر ھەموو ئەمانە لە سەر بژێوی خێزانی پێشمەرگەو ھەژارو کرێکارو جوتیارو خەڵکی بێ دەرامەتی کوردستان نان دەخون ، لە ئوتێلی پێنج ئەستێرە لە ھەولێر دەژین.

لە کوردستان سەروک حیزب دەست دەخاتە ناو کاروباری حکومەت و ئەوەش کارێکی نەگونجاوەو، ئەگەر حیزبێک رێ بەخوی بدات ئەو دەستیوەردانە بکات رێخوش دەکات حیزبەکانی تریش ھەمان کار ئەنجام بدەن و ئەوکات روڵی لاوازی حکومەت لاوازتر دەبێت.

سەبارەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان { پ:ک ک} بووەتە ترسێکی گەورەو زورجار ھێرشی توند دەکرێتە سەری و لە بەرامبەردا تورکیای رەگەزپەرست خاکی کوردستان داگیر دەکات حکومەت ورتەی لێوەنایەت و ئەوەتا تورکیا دارو درەختی کوردستان دەبرێت و دەیبات بو ناو تورکیاو ئیتر پیویست ناکات پاساو بو تورکیاو داگیرکردنی کوردستان بێنەوەو دیارە وەک لە نووسینیکدا وتوومە ( لە چنگی عروبە بو گەرووی ئەتاتورک) بووە بە راست و بە کوردی پەتی نیازوایە کوردستان بفروشن.


پێویستە ھاوڵاتیانی کوردستان بێدەنگ نەبن و بە حکومەت بڵێن ئیتر بەسە درۆو سەرپێچی و قەیران دروست مەکەن و مووچەی شەھیدان و مامۆستاو فەرمانبەرو ئەنفالکراوەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەو خانەنشینان بەبێ لێبرین بدەن و، ھەوڵ بدەن بە راستگۆیی ھەڵسوکەوت بکەن و کەس فریو مەدەن و، بە ناردنی شاندو ھاتنەوەی شاندو لە کۆمەڵێک درۆیی ئامادەکراو دوور بکەونەوەو چیتر خۆتان ریسوا مەکەن و، ئەگەر ناتوانن ئەو گرێ کوێرەیە کە خۆتان دروستان کردووە بکەنەوەو چارەسەر بۆ کێشەو گیروگرفتی ھاوڵاتیان بدۆزنەوە واز لە حکومەت بێنن و، دەست بەرز بکەنەوەو راشکاوانە بڵیێن شکستمانخواردووەو ناتوانین بەردەوام بین.

___________________________________________
* لە داڵەوە بو داڵ، داڵ نیشانەی تەلەفزیون بوو لە دەستپێکردن و داخستنی ویستگەکە داڵەکە دەردەکەوت.


١\٦\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک