په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٩\٢٠٢٠

چاکسازیی پڕۆلیتاریی و چاکسازیی بورژوازی!

 

کامیل ئەحمەد


سەرەتا دەبێت ئەوە ڕۆشن بێتکە ھیچ بزوتنەوەیەکی بورژوازی لەم قۆناغەدا، چاکسازیی ناکات بە قازانجی پرۆلیتاریا- کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت وبێکار-. ئەمە وەک بەڵگە نەویست وایە لەم قۆناغەدا. مەسەلەکە ئەوەیە کە بزوتنەوەی سۆشیالیزمی کرێکاران، کە خۆی بەشێکە لە بزوتنەوەی پرۆلیتاریا، بێدەنگ و لاوازە. ئاگایی سۆشیالیستی لە نێو چینی پرۆلیتاریادا ھێجگار لاوازە. لە کوردستان وعێراق ئاگایی چینایەتی ھێجگار لاوازە و تەنانەت لە جیاتی ئەوە، ھۆشمەندی تائیفی و نەتەوەیی و ئایینی و تاکگەرایی لیبڕاڵی و خێڵەکی جێگای گرتۆتەوە. ئەمە واقعیەتی ئەمرۆی چینی پرۆلیتاریا و بزوتنەوەکەیەتی لە عێراق و کوردستاندا.


بەم پێشەکیەوە، سەرەتاباسێک دەکەین بەگشتی لە ڕوانگەی مێژووییەوە، سەرنجێک لەسەر ڕیفۆرم-چاکسازیی- دەدەین. پاشان باسی چاکسازییەک دەکەین لە عێراق و کوردستاندا، کە نەک ھیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییە مێژووییەکەوە نیە، کە پرۆلیتاریا بەخەبات بەدەستی ھێناوە، بەڵکو پڕاوپڕ دژی دەوەستێتەوە لە ژێر ھەمان ناوی ڕێفۆرمخوازیدا. چاکسازیی پێشوو، کە ناوی دەنێم چاکسازیی کلاسیک، بە زۆر و خەباتی بزوتنەوەی کرێکاریی سەپێندرابوو بەسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەیدا لە ئەوروپاو ئەمریکاو زۆربەی زۆری وڵاتانی جیھاندا، بەقازنجی پرۆلیتاریا و فەرمانبەرانی ئاستەکانی خوارەوە بوو بەگشتی و بەشێکی بەرچاوی لە قازانجی سەرمایە کەمدەکردەوە. بەشێکی ڕاستەوخۆ دەچووە گیرفانی پرۆلیتاریاوە لە ڕێگای موچەو بیمەی بێکاری یەوە، وەبەشێکی دیکەی لە خزمەتگوزایە گشتیەکاندا خەرج دەکرا.


بەڵام چاکسازییەک کە ئێستا لە ئاستی جیھانی و عێراق و کوردستان باس دەکرێت، چاکسازیی چینی بورژوازی خۆیەتی، و بۆ خۆشیەتی. چاکسازییە بۆ زیاتر کەڵەکەی سەرمایە، چاکسازییە، بۆ زیاتر کرانەوەی بازاڕ و ھەڵگرتنی تەواوی باجو گومرگو موڵکانە لەسەر سەرمایە گەورەکان و کۆمپانیا جیھانیەکان. چاکسازییەکە لە پێناو لێوەرگرتنەوەی تەواوی بەرپرسیاریەتیەک کە دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی سەرمایە بەرپرس بوون لێی. ئەم چاکسازییەی بورژوازی، پێمان دەڵیت کە تەواوی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، دەبێت کەرتی تایبەت بیبات بەڕێوە. وە بەم شێوەیە دەوڵەت و دەسەڵاتی سەرمایە ھیچ بەرپرسیارێتیەکیان نیە، لە دابینکردنی کارەباو ئاوی پاک وئاوەڕۆ و خوێندن و زانکۆ و دامەزراندنی دەرچوان و دابینکردنی تەندروستی و دەرمان و نەخۆشخانەکان و ئەمنیەتی ھاووڵاتیاندا. بەڵکو ئەو خزمەەتگوزاریانە دەبێت کەرتی تایبەت دابینیان بکات و بە پارە بیفڕۆشێتەوە بە ھاووڵاتیان، وەک ھەر کاڵایەکی دیکە. ئەم چاکسازییە، چاکسازیی گەورە سەرمایەی جیھانە بۆ خواردنی سەرمایە بچوکەکان، چاکسازیی بانک و سندوقی دراوی جیھانیە، چاکسازییەکە لە ڕوانگەی بورژوازیەوە، چاکسازیی ئاڕاستەی لیڕالیزمی نوێیە، کە لە باری مێژوویەوە و لەماوەی ٤٠ سالێ ڕابوردوودا دەستپێکردوەو لە ئاستی جیھانی و لە ناوچەکەدا بە کردەوە، فەشەلی ھێناوە. سەرەتا باسی چاکسازییەک دەکەین کە بەزۆر و خەباتی پرۆلیتاری بەدەستھاتووە. دواتر، دەچینە سەر مۆدێلی چاکسازییەک کە ئێستا باس دەکرێت و بورژوازی دەسەڵاتداری عێراق و کوردستان و میدیای بن دەستیان وای نیشان دەدەن کە بەقازانجی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مامۆستایان و فەرمانبەرانی پلە نزمە، بەڵام لە ڕاستیدا دژی بەرژەوەندی ئەوانە.


چاکسازیی کلاسیک.


پێویستە کەمێک باس لە پەیوەندیەکانی نێوان چاکسازیی کلاسیک و شۆڕش لە دیگای سۆشیالیزمی کرێکارانەوە بکەم. ھەر بۆیە ھەمیشە پرسیارگەلێک خۆیان دێننە پێشەوە وەک ئەوەی کە ئایا چاکسازیی و شۆڕش لە ڕێڕەوی خەباتی چینی پرۆلیتاریا دا دژ بەیەکن؟ ئایا چاکسازیی وەک ڕتوشکردن و پینەوپەڕۆکردنی سیستەمی سەرمایەداری سەیردەکەین و قەبڵاندنی بەوەی کە ھەر ئەمە موممکنە و ھیچی تر ناتوانێت ببێت؟ یان وەک باشکردنی بارودۆخی چینی پرۆلیتاریا و فەراھەمکردنی بارودۆخێکی لەبارتر و گونجاوتر بۆ کۆتاییھێنان بە نیزامی سەرمایەداری و گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕەوە سەیردەکەین؟ئایا مارکسیستەکان دژی چاکسازیین؟ ئایا چاکسازیی ناکۆکی ھەیە لەگەڵ شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردا؟ ئایا ئەم دوانە تەواکەری یەکترن؟


ڕۆزا لۆکسمبۆرغ لە پێشەکی کتێبەکەی بە ناونیشانی "چاکسازیی کۆمەڵایەتی یان شۆڕش" دا دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئێمە نەخێرە. خەباتی ڕۆژانە بۆ بەدەستھێنانی چاکسازیی، و لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی کرێکاراندا لە چوارچێوەی نیزامی کۆمەڵایەتی مەوجوددا، و لە پێناو بەدەستھێنانی دامودەزگا دیموکراتیەکاندا تەنھا ڕێگای سۆشیال دیموکراتیە بۆ چوونە مەیدانی شەڕی چینایەتی پڕۆلیتاریا بەرەو ئامانجی کۆتایی خۆیکە گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و کۆتاییھێنان بە کارێ بەکرێ یە. بۆیە سۆشیال دیموکراتی پێی وایە کە پەیوەندیەکی لێکدانەبڕاو چاکسازیی و شۆڕش پێکەوە گرێدەدات. بۆیە خەبات بۆ چاکسازیی ئامرازی دەستی سۆشیال دیموکراتیە و شۆڕشی کۆمەڵایەتیش ئامانجی کۆتاییەتی. " ل. ٨*


لەو بڕگەیەی سەروەی ڕۆزادا ڕۆشنە کە چاکسازیی کلاسیک، سازکردنی زەمینەیە بۆ شۆڕشی پرۆلیتاریا. لەوەش زیاتر لە ڕوانگەی ڕۆزاوە وەک ئامرازێک باسکراوە بۆ شۆڕش. باسەکە ئەوەیە کە پرۆلیتاریا لە خەباتیدا لە پێناو گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیو نەھێشتنی خاوەندارێتی تایبەتیدا، پێویستیی بەوە ھەیە کە ژیانو گوزەرانی خۆی باشتربکات، موچەی بەرێتەسەرو سەعاتی کارەکانی کەمبکاتەوەو تەمەنی خانە نشینی دابەزێنێت و بیمەی بێکاری مسۆگەربکات و مافە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان دابین بکات. بۆ ئەوەی لەسەر ئەم زەمینە بابەتی و کۆمەڵایەتی یە ھەلومەرجی خەباتکارانەی باشترو باشتر بکات و ئاگایی چینایەتی بەرێتە سەرەوە و زیاتر خۆی ڕێکخراوو ئامادە بکات. ئەو سەردەمە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و شۆڕشی ئەڵمانیا و ڕاپەڕینە پرۆلیتاریەکان، و بە کاریگەری ئەوانە لە ئاستی جیھانیدا، ھەروەھا بەھۆی ئامادەبوونی ئاگایی چینایەتی و کۆمۆنیستی لە ئاستی جیھانداو بەتایبەت ڕۆژئاوایی و ئەمریکیدا، ھەموو ئەوانە پێکەوە، کاریگەری گەورەی کردە سەر کاری بورژوازی وەک چینێکی دەسەڵاتدار لە ھەموو جیھاندا. کاریگەری ئەم ھێزە پرۆلیتەریە جیھانییە، ھێز ھاوسەنگی نێوان پرۆلیتاریاو بورژوازی لە ئاستێکدا ڕاگرت، کە بورژوازی ناچار بێت چاکسازیی بکات-چاکسازیی کلاسیک- و لە نێو خۆی ئەمچینە بزوتنەوەی ڕیفۆرمیزم سەر ھەڵبدات و گەشە بکات لە پێناو ڕزگارکردنی دەسەڵاتی بورژوازیدا و لە کەمێک قازانجو کەڵەکەی سەرمایەکەی خۆش بێت. لێرەوە ئێمە دەتوانین لە ئابوری کینزی و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی ڕۆژئاوا تێبگەین. ئەو سەردەمە سەردەمی ھێرشو پەلاماری پرۆلیتاریا بوو بۆسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەی.


ھەروەھا لینین لەم بارەوە لە نووسراوەی "مارکسیزم یان چاکسازیی" دا دەڵێت: "چاکسازیی ھەڵخەلەتاندنی کرێکارانە لە لایەن بورژوازیە وە کە وێرای ھەندێ باشبوون لە باریاندا ھەمیشە وەک کۆیلەی کاری بەکرێ دەیانھێڵێتەوە، تا ئەو کاتەی سەرمایەداری دەسەڵاتدارە" ل. ١*


لینین سەرەتا دەیەوێت پێناسەیەکی چاکسازیی وەک بزووتنەوە بکات و لێرەوە دەتوانین ئەوە تێبگەین کە ئایا ئێمە دەتوانین بە ھەندێک چاکسازیی ڕازیبین کە بورژوازی بەم دەست دەیدات بە کرێکاران و بەو دەست لێێان دەستێنێتەوە؟ ئەگەر سەرنج لە ئاڵوگۆڕەکانی جیھانیش بدەین و تەنانەت ھەموو ئەو چاکسازییانەی کە بورژوازی جیھانی ناچارکردووە بۆ ھێشتنەوەی سیستەمی زاڵمانەی خۆی لە بەشێک لە قازانج و سوود و زێدەبایی خۆی بێتە خوارەوە و بیدات بە چینی کرێکار لەژێر فشاری شۆڕشی ئۆکتۆبەر و شۆڕشەکانی تر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی چینی کرێکاردا بووە. واتە خێر و سەدەقەیەک نەبووە کە بورژوازی چاوچنۆک دڵی نەرمبووبێت و بەزەیی بە کرێکاراندا ھاتبێتەوە وەک ئەوەی لەمڕۆی دنیادا وێنا دەکرێت، بەڵکو ئەو چاکسازییە کەمانەشی کە لەڕووی مێژوویی یەوە بەدەستھاتوون بەرھەمی خەبات و ناڕەزایەتی چینی کرێکار بوون. ھەر بۆیە بورژوازی چەندە ناچار بووە ئەم چاکسازییانە بکات، چەند ئەوەندە کاری بۆ ئەوە کردووە کە بە ھۆی ئەم چاکسازییانەوە ڕیزەکانی چینی کرێکار پەرشوبڵاو و پەرتەوازە بکات و ھەمیشە ھەوڵی داوە لەبەرامبەر یەکتردا ڕایانبگرێت.


لینین لە ھەمان سەرچاوەدا و لە ھەمان نووسیندا دەڵێت:


"ئەگەر کاتێک کرێکاران لە بیروباوەڕی مارکس تێگەیشتن و وەریانگرت، واتە ھەر کاتێک لەوە گەیشتن کە کۆیلایەتی کاری بەکرێ حەتمیە تا ئەو کاتەی کە نیزامی سەرمایەداری لەسەر تەختی دەسەڵاتە، ئەوا بە پێچەوانەوە بانگەشە بۆ چاکسازییەکانی بورژوازی ناکەن و ھەرچیەک بێت پێیھەڵناخەڵەتێن. کرێکاران لە پێناو باشترکردندا خەباتدەکەن لەگەڵ بە ئاگابوونیان لەوەی کە ئەم چاکسازییانە نەدەتوانێت بڕاوەبێت و نە بەھەندیش وەربگیرێت تا ئەو کاتەی کە نیزامی سەرمایەداری دەسەڵاتدارە، ئەوان تەنھا ئەم باشتربوونە دەقۆزنەوە لە پێناو درێژەدانی سەرسەختانەتر لەبەرامبەرکۆیلایەتی بەکرێ دا. ڕیفۆرمیستەکان ھەوڵدەدەن کە کرێکاران بەش بەش بکەن و ھەڵیانخەڵەتێنن بە خێر و سەدەقە و لە خەباتی چینایەتیان دووریان بخەنەوە. بەڵام کرێکارانێک کە ئاشنان بە درۆودەلەسەکانی ڕیفۆرمیستەکان، چاکسازیی دەقۆزنەوە بۆ گەشەدان و فراوانکردنەوەی خەباتی چینایەتیان." ھەمان سەرچاوە. ل ١


کەواتە بزوتنەوەی ئێمە، سۆشیالیزمی کرێکاران، سەرەڕای ئەوەی کە چاکسازیی سەپاندووە بەسەر بورژوازی و دەسەڵاتەکەیدا، لە ھەمانکاتدا بە ئاگابووە لەوەی کە پێویستە تاسەر بڕوات و شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆی بە ڕوخاندنی سیستەمی سەرمایەداری بەسەرکەوتن بگەیەنێت. چاوخشاندنێکی زۆر سادە بە مێژووی سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپا و قەتیسکردنی خەباتی کرێکاران لە نێو چوارچێوەی نەقابە و ئیتیحادیە کرێکاریە ڕیفۆرمیستخوازەکان و خۆ گونجاندیان لەگەڵ سەرمایەداری و پێخشاندنیان لە مافەکانی چینی کرێکار و چوونە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی وا لە چینی کرێکار بگەیەنن کە بە دەستھێنانی ئاوات و ئامانجەکانیان بە ڕێگای ئاشتیانەو لە ڕێگای ئەو چاکسازییانەوە مومکنە و پێویست بە شۆڕش ناکات. ھاوکات برەودان بە بزووتنەوە ڕیفۆرمیستخواز و ووردەبورژوازیەکان و قەبڵاندنی ئەوە بە پڕۆلیتاریا کە شۆڕش پێویست نیە، تا ئەو کاتەی ھەندێک لە مافەکانیان لە ڕێگای ئەم چاکسازییەوە دەستەبەردەبێت، ھیچ نیە جگە لە بەلاڕێدابردنی خەباتی ئەم چینە و درێژەدان بە کۆیلایەتی کاری بەکرێ و ھێشتنەوەی پایەکانی نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی بەسەر پڕۆلیتاریاوە.


بۆیە ھەر چاکسازیی و بانگەشەیەک بۆ چاکسازیی لە نیزامی مەوجودی سەرمایەداریدا، ئەگەرڕاستەوخۆ لەلایەن بزوتنەوەی کرێکارییەوە بەڕابەری سۆشیالیزمی کرێکاران نەچێتە پێشەوە، ئەوا لەھەلومەرجی ئەمرۆدا، ھیچ پەیوەندییەکی نیە بەو چاکسازییە کلاسیکیەی لەسەرەوە باسمان کردووە.


سەرمایەداری بە شێوازێکی سەرسوڕھێنەر جیھانداگرە و چوونە ناویەکی ئەم سەرمایانە لە ئاستی جیھانیدا و ھەڵئاوسان و ئەزمەی قوڵی نیزامی سەرمایەداری و کێبەرکیی ھاوکاتیشیان لەگەڵ یەکتردا ھیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە کە ئەوان یەکدەستن بەرامبەر لێسەندنەوەی بچووکترین چاکسازییەکی کلاسیکی کە چینی کرێکار بە مێژووی خەباتی سیاسی و چینایەتی خۆی بەدەستیھێناوە لە ڕاستای گەشتنی بە دەسەلاتی خۆیدا، ھەروەک ئێستا دەیبینین لە ژێر ناوی چاکسازییدا. لەمڕۆدا کە چینی پرۆلیتاریا وەک ھێزێکی سیاسی لە پێناو دەسەڵاتی سیاسی خۆیدا ئامادەنیە و بورژوازی ناچار نیە کە مل بدات بەو چاکسازییە کلاسیکیە، بۆیە ھەوڵی ڕیفۆرمیستەکانیش بۆ گەڕاندنەوەی کەرتی گشتی و دەسەڵاتداریەتی زیاتری دەوڵەت بەسەر پڕۆسەی بەرھەمھێنان دا، کە بۆ خۆی ئیمکانی نیە لەمڕۆی دنیای سەرمایەداریدا، ناتوانێت جگە لە بەلاڕێدابردنی چینی کرێکار و گومڕاکردنی ھەنگاوەکانیان بۆ باشبوونی ژیان خۆیان و لە پێناو شۆڕشەکەیاندا، شتێکی تر بێت. ئەوان دەیانەوێت کە پایەکانی ئەم نیزامە زاڵمانەیە بھێڵنەوە و بە ئەبەدی لە قەڵەم بدەن. ئەمە جیاوازیەکی سەرەکی نێوان ڕیفۆرمی بورژوازی و بزووتنەوەکانیەتی لەگەڵ ھەوڵی پڕۆلیتاریا بۆ باشبوونی ڕۆژانەی ژیانی لە ڕاستای شۆڕشەکەیدا.


بۆیە ھەر باسێکیش لەسەر ڕەقابەی کۆمەڵایەتی و چاودێری دەوڵەت یان دەزگای تر بەسەر بەرھەمھێنانەوە دەکرێت ھیچ شتێک نیە و نابێت جگە لە ڕەسمیەتدان و ڕێکخستنی ئەو بێمافیانەی بەرامبەر بەکرێکاران دەکرێت و ھیچ ھەڕەشەیەکی بۆ سەر سەرمایەداران و کۆمپانیاکانیان تیا نیە و ناتوانێت بە قازانجی چینی کرێکار بێت ئەگەر ئەو ھەڵوێستە شۆڕشگێڕی و ئۆبژێکتیڤە لە خۆ نەگرێت کە کۆتاییھێنان بە نیزامی سەرمایەیە. ھەر بۆیە بەکارھێنانی ھێز و سەرکوتکردن و بڕاندنەوەی ھەموو جۆرە ناڕەزایەتیەکی چینی کرێکاریش بە شێوازی عەسکەری وەڵامدەدرێتەوە ھەم بۆ وەستانەوە بەرامبەر ڕەقیبەکانیان لە ھێزە بورژوازیەکانی تر کە بیەوێت جێیان پێلێژبکات و ھەم بۆ توندکردنەوەی ئەحکامەکانی سەرمایە بەسەر چینی کرێکاردا و تەئمینکردنی ئەم دەسەڵاتداریەتە لە ڕێگای بەکارھێنانی توندوتیژیەوە ئەگەر پێویست بێت. گرنگ ئەوەیە کە قازانجی سەرمایە نەکەوێتە بەرامبەر ھەڕەشەوە و چینی کرێکار لە خوارترین ئاستدا ڕابگیرێت.
کەوابوو دەتوانین چاکسازیی و ڕیفۆرمێک کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو پڕۆلیتاریای سۆشیالیست ڕابەریدەکات و لە ھەوڵی باشکردنی باری ئابووری و سیاسی خۆیدا دەبێت، وەک ھێرشی پێشوەخت بۆ سەر دەسەڵاتی سەرمایە سەیربکەین و لە چوارچێوەی کۆتاییھێنان بێت بە نیزامی سەرمایەداریدا.ئەگەر لە ناو ئەو ھاوکێشە جیھانیەی ئێستادا لە چاکسازیی پڕۆلیتارینەڕوانین و لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیھان و بورژوازی نەگەین و لەم پڕۆسە باوەی گەشەی سەرمایەداری ئەمڕۆدا خوێندنەوەی بۆ نەکەین و سیاسەتی دروست نەگرینە بەر، ئەوا ئەم چاکسازیی و ھەوڵانەش بە ئاکامێک ناگات.


پێش ئەوەی بچینە سەر باسی چاکسازیی قۆناغی ئەمڕۆ لە عێراق و کوردستاندا، پێویستە وەڵام بەو پرسیارە بدەمەوە کە دەڵێن ئەی خەباتی ڕۆژانەی پڕۆلیتەری کە ئەمڕۆ لەسەر تاسەری جیھاندا بەڕێوەدەچێت، مانای چیە یان بۆ چیە؟! وەڵامەکەی بەکورتی ئەوەیە؛ کە چینی پڕۆلیتاریا تەنانەت لە وڵاتە ھەرە پێشکەوتووەکانی وەکو فەرەنساو ئەڵمانیادا، خەباتەکەی دیفاعیە و بەرگری لەوە دەکات کە ھەیە، نەک خەباتێکی ‌ھێرشبەرانە بۆ سەر بورژوازی کە خواستی بەرزکردنەوەی کرێ یان کەمکردنەوەی سەعاتی کار بسەپێنێت بەسەریدا، بەڵکو خەباتەکەی بۆ ئەوەیە کە کرێکەی کەم نەکرێتەوە یان تەمەنی خانشینیەکەی بەرزنەکرێتەوە، یان دەر نەکرێن لەسەر کار. واتە دیفاع لە خۆیان دەکەن لە بەرانبەر ھێرشەکانی سەرمایەدا. ئەمە با ھەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و ھاتنەخوارەوەی توانای کڕیاری لەولاوە بوەستێت. ئەمباسە فراوانە، بەڵام لیرەدا ئەوەندە کافیە.


چاکسازیی بورژوای لەم قۆناغەدا.


ئەم باسە جیھانیە، بەڵام باسەکە لێرەدا تایبەتە بە کوردستان و عێراق. ئەگەر لەم ڕوانینەوە سەیری ناڕەزایەتیەکانی کوردستان و عێراق بکەین و چینی پڕۆلیتاریا و سۆشیالیستە کرێکارییەکان خەبات بکەنو بخوازن چاکسازییەک لە ژیان و گوزەرانیاندا بکەن،مەسەلەی سەرەکیان ڕێکخراوبوون و ئاگایی چینایەتی و سۆشیالیستیە. بەڵام باسی ئێمە لێرەدا، باسی چاکسازیی بورژوازییە کە ھەموو ھێزە بورژوازییە ئیسلامی و قەومی وتائیفیەکان لە عێرا ق و، لە کوردستان، ھەموو ‌ھێزە بورژوازییە کوردییەکان و ئیسلامیەکان و ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی و تەواوی میدیا حزبی و ئەھلیەکانو ڕۆشنبیرە بورژوازییەکان بۆی دەنوسن و پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، کە گوایا چاکسازیی بە قازانجی خەڵک دەکەن!! کە گوایا بە قازنجی کەمدەرامەتەکانە!!.کەواتە با بزانین ئەم چاکسازییەی بورژوازی کوردی وعێراقی و دەسەڵاتەکەیان چیەو چۆن بەتەواوی دژ بە ویست و ئیرادەی چینی پڕۆلیتاریای عێراق و کوردستان وخەڵکی کەمدەستە.


خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە لەڕوانگەی سۆشیالیزمی کرێکارانەوە، بە شێوەیەکی گشتی و لە ناوەڕۆکدا، باسی سەرمایەداری دەوڵەتی و بازاڕی ئازاد نیە، بەڵکو لەم ڕوانگەیەوە ھەردووکیان یەک ناوەرۆکن، مەگەر لە بواری تەکتیکی خەباتی ڕۆژانەدا، جیاوازییەکان ھەبێت بۆ چینی کریکار. بەم مانایە چاکسازییەک کە پرۆلیتاریا دەیسەپێنێت بەسەر بورژوازیدا، بۆ ئێمە گرنگە. جا ئەوە بورژوازی خۆیەتی کە چ فۆرمێک دەدات بەخۆی و چۆن دەردەکەویت، لە سەرمایەداری دەوڵەتیدا دەردەکەویت یان لە لیبرالیزمی ئەمرۆدا. ئێمە خەباتی خۆمان ڕوو لە دەسەڵاتی سەرمایە دەکەین وەک سیستمێکی ئابوری سیاسی.


ھەموو ئەو بانگەشانەی کە ھێزە بورژوازیەکان بۆ چاکسازیی دەیکەن، بانگەشەی ڕاست و دروستی بورژوازیە بۆ چاکسازیی بە قازانجی چینەکەیان و بە دژی پڕۆلیتاریا. بورژوازی چاکسازییەک دەکات کە ئاڕاستەی سەرمایە و مەرامەکانی سندوق و بانکی نێودەوڵەتی پێویستی پێییەتی و دەیەوێت بیباتە بەرەوە. چاکسازییەکانی بورژوازی لە پێناو کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەدایە و بۆ لێسەندنەوەی ھەموو بەرپرسیارێتیەکە لە دەوڵەت و تەسلیمکردنیەتی بە کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازاد. بۆیە بورژوازی درۆ ناکات کە دەڵێت چاکسازیی دەکات. ئەوان وەک چینێک دەیانەوێت خۆیان و دەوڵەتەکانیان لەژێر باری ھەموو بەرپرسیاریەتێکدا بێننە دەرەوە بەرامبەر بە چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگا. پیادەکردنی سیاسەتە چاکسازییەکانی ئەوانە بە قازانجی چینەکەی خۆیان کە بووەتە ھۆی بێکاری ملیۆنی و کەمبوونەوەی ھەلی کار و زیادبوونی سەعاتکاری کرێکاران و نەمانی بیمەی بێکاری و کەمکردنەوە و نەھێشتنی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان و تەنانەت وەک لە سەرەوەش ئاماژەم پێدا لێسەندنەوەی ھەموو ئەو ڕیفۆرمانەش کە چینی کرێکار لە ڕاستای خەباتی مێژوویی خۆیدا بەدەستیھێناوە. ئەوان چاکسازیی دەکەن بەوەی کە نەک ئەوانەی ئامادەبەکارن بیانخەنە سەر کار، بەڵکو لەسەر کارەکانیش دەردەکەن. ئەوان باشترین چاکسازیی بە قازانجی چینەکەیان دەکەن کاتێک ھەموو کەرتە خزمەتگوزاریەکانی وەکو ئاو ئاوەڕۆ و تۆڕەکانی کارەبا و ئینتەرنێت و تەنانەت ھەموو خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانیش دەفڕۆشن بە کەرتی تایبەت. ئەوان چاکسازیی دەکەن بۆ سیستەمەکەی خۆیان کاتێک لە مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان کەمدەکەنەوە و وادار بە کاری زیاتریان دەکەن. لێسەندنەوەی ھەموو ئەو مافانە لە چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای جیھانی چاکسازییەکە کە نزیک بە چوار دەیەیە بورژوازی لە ئاستی جیھاندا دەستی بۆ بردووە و سیاستی بۆ دادەڕێژێت و بانگەشەی بۆ دەکات و دەیەوێت بە چاکسازیی لە ژیانی خەڵکدا بە کۆمەڵگای بفڕۆشێت.


ئەم سیاستە لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژئاوادا لە لایەن ڕێگان و تارچەر و سەرانی ئەو کاتی ئەو ووڵاتانەوە نەخشەی بۆ داڕێژرا و پیادەکرا کە چەسپاندنی تەواوی بازاڕی ئازاد و لیبڕالیزمی نوێ بوو. ئەوان دەستیانکرد بە ھیرشێکی فروان بۆ سەر چینی کرێکار و دەستیان بە چاکسازیی خۆیانکرد و کەوتنە دەستکردن بە لێسەندنەوەی ئەو ماف و بیمە و خزمەتگوازاریانەی کە چینی کرێکار بە نەبەردی چینایەتی بە دەستی ھێنابوون. ئەوەی ئەحزابی ڕاستی ئەوروپا و نوێنەرانی تارچەریەکان و ڕێگانیەکان نەیانتوانی پیادەیبکەن، ئەحزابی سۆشیال دیمکراتی ئەوروپابە سەرکردایەتی شیراک و ھۆڵاند ھۆڵمەت شمید و شرۆیدەر و تۆنی بلێر و ..... بۆیان تەواوکردن. پاشماوەکانی ئەحزابی سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپادا ئەم سیاسەتانەیان چەسپاند و توانیان بە بەکارھێنانی ناویان و مێژوویان چینی کرێکار ھەم لە خەباتی ڕۆژانەیان دووربخەنەوە و ھەم رۆژ بە ڕۆژ ئەم چاکسازییانەی بانکی نێودەوڵەتی بە قازانجی سەرمایە بچەسپێنن.


ئەگەر بێینە سەر کوردستان و عێراقیش، ئەحزابی بورژوازی و میلیشیا و ھێزەکانیان ڕێکاوڕێک خەریکی ئەم چاکسازییەن و ئەوان ڕاستدەکەن کە دەڵێن چاکسازیی دەکەن. ئەوان لەگەڵ خۆیان و چینەکەیان ڕاستگۆن و ناتوانن کارێکبکەن بەدەربێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و زلھێزەکانی جیھان لەم پڕۆسەی چاکسازیی و تەقەشوفەی چینی بورژوازیدا. ئەوان دەقاودەق ھەمان سیاسەت پیادە دەکەن لە محەللدا. ئەوان دەیانەوێت ھەموو کەرتی نەوت ڕادەستی کۆمپانیا تایبەتەکان بکەن. ئەوان تەنانەت خەریکی فرۆشتنی چاڵە نەوتەکانیشن بە کۆمپانیا جیھانی و بازرگانیەکان. ئەگەر ئەم سیاسەتە بۆ بورژوازی بچێتە سەر ئەوا دەبێتە مایەی بێکاربوونی زیاتر لە نیوەی ئەو کرێکارانەشی کە ئێستا لەسەر کارن. ئەوان لە بڕینی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران و کەمکردنەوە و لێبڕینی مووچەکانیان ھەمان سیاسەتی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکەن کە لە لایەن سەرانی بورژوازی جیھانەوە دەستخۆشیان لێدەکرێت و بە پێشرەو و سوارچاک لەم مەیدانەدا لە قەڵەمیان دەدەن. ئەوان پڕاوپڕ خەریکی ئەو چاکسازییانەن کە بورژوازی و چینەکەیان پێویستی پێیەتی. ئاواڵەکردنی کوردستان و عێراق بە ڕووی ئەو ھەموو کۆمپانیا جیھانیانە ئەگەر مانایەکی ھەبێت ھەر ئەمەیە بە ھاوکاری کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئاسیا سێڵ و کۆڕەک و سەنکۆد و نۆکان و ھەڵەبجە و قەیوان و نالیا و دابین و ستێرو کارو ھتد. ئەم کارە تەنانەت لە لایەن حکومەتی بەناو ھەرێمی کوردستانەوە چەندین یاسای ئاسانکاری بۆ دەرکراوە وەکو یاسای وەبەرھێنان و یاسای نەوت و گاز و چەندین یاسای تر کە ھەموویان ڕێگا بۆ کەرتی تایبەت خۆشدەکەن کە ئەم چاکسازییەی بورژوازی بەسەرئەنجام بگەیەنێت. ھەموو ئەو کۆمپانیایانەی کەسەر بە دەسەڵاتی ئەم دوو حزبەن لە ھەردوو زۆنی سەوز و زەرددا خۆیان لە نزیکەی ٥٠٠ کۆمپانیا دەدەن و ھەموویان پشکی ئەم دوو حزبەیان تیادایە و ھەمان ئەو سیاسەتانە دەبەنە ڕێوە کە بورژوازی پێویستی پێیەتی. دوور نیە لە دوور یان نزیک ماوەدا ئەم ھێزانەی بورژوازی تەنانەت بەشێک لەم خاک و چاڵە نەوتانەش بە خاکەکەوە نەفڕۆشن و ئەوکات تەنانەت قسەیەکیش لەسەر ئابووری ڕەیعی نامێنێت و بە تەواوەتی شانیان خاڵیدەکەنەوە لە دابینکردنی سەرەتاییتریین پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک. بورژوازی عێراقی بە "کورد و عەرەبیەوە" خەریکی ئەم چاکسازییەن بە قازانجی خۆیان و ھەر ئێستا باس لە فڕۆشتنی ھێڵەکانی ئاسن و ھەموو کەرتی تەندروستی و ھەموو ئەو کۆمپنایا دەوڵەتیانەشدان کە ماونەتەوە، بۆ ئەوەی چاکسازییەکەیان بەسەرەنجام بگەیەنن.


ھەر بۆیە چاکسازیی ئەوان و ئێمە، چینی کرێکار و سۆشیالیستەکان، تەواو جیاوز و دژ بەیەکە و لەو کێشمەکێشە چینایەتیەوە سەرچاوەدەگرێت. چینی کرێکار و پڕۆلیتاریای کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت چاکسازیی بکات دەبێت بتوانێت وەک چینێکی ڕێکخراو بە قەدوقامەی خۆیەوە و بە بوونی ئاگایی سۆشیالیستی خۆیەوە دەرکەوێت و بێتە مەیدان. بەھەر ڕادەیەک چینی کرێکار بتوانێت ھەنگاو ھەڵھێنێت بەرەوباشترکردنی باری گوزەران و ژیانی خۆی و بتوانێت لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا بووەستێتەوە بە ھەمان ڕادە دەتوانێت ھەنگاوێک لە خەباتی خۆی نزیکبێتەوە بە قازانجی چینەکەی خۆی و زۆرینەی کۆمەڵگا. ئەم کارەش بە بێ بوونی تێگەیشتن و ئاگاییەکی چینایەتی و بە بێ پڕوپاگاندەی کۆمۆنیستی بەردەوام و ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا لە شێوازە جیاوازەکانی ڕێکخستنی خۆیدا، ناتوانێت بە مەیسەر بگات. چینی کرێکار و سۆشیالیستەکان ناتوانن شوێن ئەو چاکسازییانە بکەون کە بورژوازی بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە بانگەشەی بۆ دەکەن چونکە دژ بە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانیانە. بۆیە پێویستە سیاسەتی سۆشیالیستیانەی خۆمان وەک چەکێکی فکری و سیاسی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا فەراھەم بکەین و چاکسازیی خۆمان وەک بەشێک لەو سیاسەتە سۆشیالیستیە بخەینەڕوو بۆ کۆمەڵگا کە خۆی لە وەستانەوە لە بەرامبەر چاکسازییەکانی ئەواندا بنوێنێت. یەکەم ھەنگاوی ئەم نەبەردە چینایەتیەش ئێستا دەبێت پێداگری بێت لەسەر دانی مووچەی تەواو بە ھەموو کرێکاران و کارمەندان و دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ بێکارەکان. بەدەستھێنانی ئەم خواستە دەتوانێت ھەنگاوێک و ئەڵقەیەک بێت لە ڕێگای دەرکەوتنی بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا وەک ‌ھێزیکی چینایەتی سەربەخۆو سەکۆیەک بێت بۆ نزیکبوونەوە لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی.لە ھەمانکاتدا توانایی و ووزەی ئەوە بە چینەکەمان دەبەخشێت کە ھەموو سیاسەتە قێزەون و چاوچنۆکەکانی ئەوان تووڕرھەڵدەین و لە گۆڕی نێین.
_________________________________________________

* ئەم نووسینەی ڕۆزا لۆکسمبۆرغ لەم سایتە وەرگیراوە و وەرگێڕانەکەی لە عەرەبیەوە بۆ کوردی خۆم ئەنجامم داوە:

https://revsoc.me/wp-content/uploads/%D8%A5%D8%B5%D9%84%D8%A7%D8%AD-%D8%A7%D8%AC%D8%AA%D9%85%D8%A7%D8%B9%D9%8A-%D8%A3%D9%85-%D8%AB%D9%88%D8%B1%D8%A9.pdf
* ئەم نووسینەی لینین لەم سایتەوە وەرگیراوە و وەرگێڕانەکەی لە عەرەبی یەوە بۆ کوردی خۆم ئەنجامم داوە:
https://revsoc.me/wp-content/uploads/%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%B3%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B5%D9%84%D8%A7%D8%AD%D9%8A%D8%A9.pdf

 

 

٩\٩\٢٠٢٠
kamil.ahmed.f@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک