"چاک" ستایلێکی تری قه‌ومپه‌رستی .
حه‌مه‌غه‌فور
سه‌ره‌تای مانگی ڕابردوو له ووتارێکم‌دا به‌ناوی ("چاک"یش به‌ده‌ردی کۆمه‌ڵه‌و دیموکرات چوو)، بنجی قه‌یرانه‌کانی ناو ڕێکخراوی "چاک"م ده‌سنیشان‌کردبوو. باسم‌کردبوو ئه‌و شته‌ی که ناوی "چاک" بوو نه‌ماوه‌و ئێستا دیارنییه چی‌به‌سه‌ردێت. به‌وهۆیه‌وه که جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی به‌دوای گۆڕانی ڕه‌هه‌ندی ستراتیژی سیاسی‌و سه‌ربازیی ئه‌مریکا له عێراق‌دا، وه‌ک داریان کێشابێ به‌سه‌ری‌دا واقی‌ووڕماوه‌و ئه‌سڵ‌و فه‌سڵی هاوکێشه‌و ڕووداوه‌کان تووشی سه‌ره‌گێژه‌ی کردووه، یاخود باشتره بڵێین؛ به‌هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ناوخۆی عێراقه‌وه لوتفی ئه‌مریکاو ڕۆژاوا بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی ساردبۆته‌وه‌و که‌وتۆته‌وه ناو به‌رداشی فاشیزمی ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌رو سیاسه‌تی داگیرکاریانه‌وه، "چاک"یش وه‌کو زاده‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ئه‌م بێ‌مه‌رحه‌مه‌تییه‌ی غه‌رب لوولی‌داوه‌و تا ئه‌م ساتانه‌ش له‌و ده‌رده‌ی ڕزگاری‌نه‌بووه. ئێستا "چاک" به دووکه‌رتی یا وه‌کو دوو پارچه‌ی جیا ده‌بزوێ‌و ته‌نها به‌هۆی ئه‌و تێبینییه‌ی ژێر ڕاگه‌یاندن‌و شته‌کانیانه‌وه جیاده‌کرێنه‌وه که ده‌ڵێ؛ "هه‌رڕاگه‌یاندن‌و شتێک ئه‌م ناونیشانانه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێ ئێمه لێێ‌به‌رپرسیار نین".
هه‌رچه‌ند که‌رتێکی ئه‌م "چاک"ه ماوه‌یه‌که بانگه‌وازی کردووه گوایا کۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره سازده‌کات به‌مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه، به‌ڵام لایه‌که‌ی تر داوای لێ‌ده‌کات ناوی "چاک" به‌کارنه‌هێنێت. قه‌یرانی ئه‌م ڕێکخراوه هه‌روا باقی‌یه، به‌ڵام کاتێک هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورکیا بۆ له‌شکرکێشی‌کردن بۆسه‌ر کوردستان، له‌گه‌ڵ نه‌فره‌ت‌و ناڕه‌زایه‌تی‌و وه‌ستانه‌وه‌یه‌کی گشتی‌و جه‌ماوه‌ری‌دا ڕووبه‌ڕووبوویه‌وه، له‌پاڵ بێ‌ده‌نگی ئه‌حزاب‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا وه له‌باشترین حاڵه‌ت‌دا به‌ته‌نیشت گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ملدان‌و سازش له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی داگیرکاری ڕژێمی تورکیادا له‌لایه‌ن پارتی‌و یه‌کێتی‌یه‌وه، هه‌ر دوو لایه‌که‌ی "چاک" به که‌مێک جیاوازییه‌وه خۆیان فڕێ‌دایه ناو ئه‌م خرۆشانه‌وه. به‌ڵام ئه‌و نه‌خشه‌ی که جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی‌و حیزبه‌کانی نه‌یانوێراو نه‌یانتوانی بیگێڕن، یانی لێدانی نه‌عره‌ته‌ی قه‌ومپه‌رستی‌و بانگه‌واز بۆ خاکپه‌رستی‌و یاریکردن له‌سه‌ر وه‌ته‌ری گرژبوونی ده‌ماری میللی‌گه‌ری‌و کوردایه‌تی، ئه‌مان به زیادیشه‌وه ئه‌نجامیان‌دا بۆیان.
شتێکی سه‌لمێنراوه که کێشه‌و مه‌سه‌له‌ی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق به ئاسۆی ناسیونالیستی‌و باوه‌شێن‌کردنی نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌و خاکپارێزی چه‌واشه‌کارانه وه‌ڵامنادرێته‌وه. ده‌یان ساڵه سه‌رانی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی ئه‌م ڕێگایه ئه‌پێون‌و ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر موقه‌ده‌راتی ئه‌م خه‌ڵکه ژێرده‌سه‌ته‌و سته‌مدیده‌یه‌داو ئاکامه‌که‌ی ئه‌مه‌یه که ده‌یبینین. ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رتاپێ گه‌نده‌ڵ‌و تاڵانچی‌و نامه‌سئول که له‌پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا ئاماده‌ن هه‌موو سازشێک ئه‌نجامده‌ن بێ گوێ‌دان به خواست‌و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر. خه‌ڵکیش شازده ساڵه له ئۆردوگادا ڕاگیراون به‌به‌ڵێنی فیدراڵی موحتاجی ئاوی خواردنه‌وه‌و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایی کراون. ئه‌م خه‌ڵکه‌ی وا نه‌فره‌ت‌و بێزاریان له‌دژی ناسیونالیزمی کورد‌و ئاسۆی قه‌ومپه‌رستی به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتووه‌و خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، به‌شێوه‌ی گشتی‌و له‌ئاستی ملیۆنی‌دا خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی کوردستانن، چاک و هیچ که‌سێکی تر بۆی نییه به ڕیتم‌و ستایلێکی دیکه‌وه، به‌ئاوازو نه‌غمه‌یه‌کی جیاوازه‌وه خرۆشانی جه‌ماوه‌ری‌و گشتی خه‌ڵکی کوردستان دووباره به میللی گه‌ری‌و قه‌ومپه‌رستی بارگاوی بکاته‌وه‌و ڕایکێشێته‌وه بۆ ناو گێژاوی بێ‌ئاسۆیی ناسیونالیستی‌و قه‌ومپه‌رستانه‌وه ئه‌ویش له هه‌ل‌ومه‌رجێکی هه‌ستیاری وه‌کو ئه‌م ڕۆژانه‌ی وا ڕژێمی تورکیا به‌نیازه به‌بیانووی ڕاونانی (په‌که‌که)ه‌وه کوردستان داگیرکات.
له‌م خرۆشانه جه‌ماوه‌رییه‌ی دوایی‌دا له‌دژی تورکیا چاک زیاتر نوێنه‌رایه‌تی (په‌که‌که)ی ده‌کردو به‌ئاشکرا خۆشی‌و ئه‌ندامانیشی هێنده "گه‌ریلا"یان بۆ مه‌سه‌له‌و گرنگ بوو، چواریه‌کی ئه‌وه سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان به‌هێند وه‌رنه‌گرت! هێنده خه‌می چه‌کداره‌کانی (په‌که‌که) به‌رچاوی گرتبوون، کاره‌ساتێک که‌به‌هۆی هێرشی سه‌ربازی تورکیاوه ده‌بێته نسیبی خه‌ڵكی کوردستان بۆ ئه‌وان قابیلی درککردن نه‌بوو. ئه‌م به‌ڕێزانه تا جێگایه‌ک ده‌مارگیری میللی ڕایکێشاون که بارۆدۆخی ناوخۆی کوردستان له‌یادکه‌ن‌و بڵێن به خه‌ڵک "ئاو و شمه‌کی تورکی" بایکۆت بکه‌ن!! چاک به‌جۆرێک لکابوون به (قه‌ومپه‌رستی‌و گه‌ریلا لاوانه‌وه‌و پانکوردستانییه‌وه) له‌هۆشیان چووبوو که به‌رزانی‌و تاڵه‌بانی ده‌یان جار ووتوویانه؛ که کوردستان به که‌ل‌وپه‌لی تورکی‌و ئێرانی ده‌چێ به‌ڕێوه! داخرانی مه‌رزه‌کانی ئێران ئه‌م دواییانه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک، نرخه‌کانی به‌ڕاده‌یه‌ک برده سه‌ره‌وه که ترسی قه‌یرانی گه‌وره‌ی لێ‌ده‌کرا. هه‌ر ئه‌مه‌ش بیانووی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی بووه‌و هه‌میشه ووتوویانه؛ "سه‌ربه‌خۆیی کوردستان خه‌یاڵپڵاویه" چونکه ئه‌گه‌ر سنووره‌کان له‌سه‌ر کوردستانی سه‌ربه‌خۆ داخه‌ن، هه‌موو شتێک له‌بارده‌چێ.
به‌ڵام شتێکی سه‌یرو سه‌رنج‌ڕاکێش له په‌یوه‌ند به چاکه‌وه ئه‌وه‌یه کێشه‌و گرفتی ناوخۆی خۆی بۆ چاره‌سه‌رناکرێ(هه‌ر چاره‌سه‌رێک!)، که‌چی گه‌ره‌کییه‌تی خۆی له هه‌موو شتێک هه‌ڵقورتێنێ‌و واوه‌تریش بڕوا‌و به‌نیازه به‌م حاڵه‌یه‌وه‌و به‌ڕاگه‌یاندنی سه‌یرو بێبناغه خه‌ڵکی کوردستان بئاڵێنێته کۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌ی چوارپارچه‌و "کوردستانی گه‌وره"شه‌وه! له‌وه‌ش سه‌یرتر چاک پێی‌وایه ئابووری تورکیا له‌سه‌ر ئاوی خواردنه‌وه‌ی نێردراو بۆ کوردستان ڕاوه‌ستاوه. ئه‌وه‌شی له‌بیرچووه که به‌هۆی لامبالاتی‌و گه‌نده‌ڵی‌و بێ‌سه‌ره‌وبه‌ره‌یی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌یه‌وه ئاوی خواردنه‌وه‌ی شاره‌کانی کوردستان به‌هۆی بێ‌سیانه‌ییه‌وه تێکه‌ڵی زێرابه‌کان بووه‌و ئه‌زمه‌ی ئاوی خواردنه‌وه یه‌کێکه له گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی خه‌ڵکی. په‌تای سکچوون‌و کۆلێراش به‌ڵگه‌یه. به‌ڕێزان، ئه‌گه‌ر بکرێ له‌باتی ته‌بلیغ بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، باوه‌شێنی قه‌وپه‌رستی بکرێ، به‌ڵام ناکرێ له‌جیاتی ئاوی خواردنه‌وه نه‌ته‌وه‌په‌رستی ده‌رخواردی خه‌ڵکی بدرێ!
9/11/2007
|