په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٢

چالاکییەکانی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان - لە نەرویج.


رەزا ساڵح       


لە شاری یەکێتی خوێندکارانی کوردستان بێرگن ـ کە دووەمین گەورە شاری ـ وڵاتی نەرویجە . لە ساڵی ( ١٩٨٢) دا لە لایەن پرۆفیسۆر ( حاجی ئەکمان ) ەوە دامەزراوە ، کە کوردێکی دڵسۆز و کورد و کوردستان پەروەری ناسراوە ، نەک ھەر لە نەرویجدا ، بەڵکو لە ئەوروپاشدا. وەکو حاجی ئەکمان خۆی بۆی گێڕاینەوە : " لەو ساڵەدا تەنھا خوێندکاری کورد بووم لە ( زانکۆی بێرگن )دا لە شاری بێرگن لە نەرویج . کە داوای دامەزراندنی (یەکێتی خوێندکارانی کوردستان)م .. مەرجیان ئەوەبوو ، کە لایەنی کەمەوە نابێ لە شەش خوێندکار کەمتربین .. شەش خوێندکاری نەرویجی لە زانکۆی بێرگندا ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە ببن بە ئەندام . بەم جۆرە تەنھا منی خوێندکاری کورد لەگەڵ ئەو شەش خوێندکارە نەرویجییەدا ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان) مان دامەزراند .. من سەرۆکی یەکێتی یەکە بووم .. چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان ئەنجامدا و بەپێی توانا خزمەتی دۆزی رەوای کوردمان کرد و ، ئەو تاوانانەی کە لە گەلی کوردمان کراون .. تا رادەیەک بە گەلی نەرویجیمان لەم شارەدا ناساند. " .


پرۆفیسۆر حاجی ئەکمان ئێستا مامۆستایە لەم زانکۆیەدا ‏، زانکۆی بێرگن .

ئەم یەکێتییەی کە حاجی ئەکمان بەردی بناغەی دانا .. خەبات و چالاکییەکانیان بەردەوامە .. ئێستا کۆمەڵێک خوێندکاری لاوی خوێنگەرمان ھەر لە زانکۆی بێرگندا ، کە نوێنەری ھەر چوار پارچەی کوردستانن و ، بە سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی بۆ کوردستان گۆشکراون و ، تا سەر ئێسقان کورد و کوردستان پەروەرن .. زیرەک و ژیر و بلیمەت و چاونەترسن .. بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و گیان لێبووردەییەوە ھاتوونەتە مەیدان و ، درێژە بە خەباتی نەبچڕاوەمان دەدەن، رۆڵی خۆیان دەگێڕن .. ئەمانن ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) بەڕێوە دەبەن . شایانی باسیشە ئەندامەکانی ئەم یەکێتییە ، تەنھا کورد نین .. بەڵکو چەند خوێندکارێکی نەرویجی و ئەڵمانی و پاکستانیش ئەندامن لە یەکێتی خوێندکارانی کوردستاندا .. زۆر بە دڵسۆزییەوە لە ھەموو چالاکییەکانیاندا بەشداری دەکەن .


ژمارەی ئەندامانی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان (٢٥) ئەندامن .. تا بێت ژمارەیان لە زیاد بوون دایە .. بەردەوامیشن لە خزمەت و چالاکییەکانیاندا .. زۆربەی ئەندامەکانیشیان خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرن یا بەردەوامن بۆ وەرگرتنیان .. بەزۆریش لە کچانی کوردمان پێک ھاتوون .

ژمارەی دەستەی بەڕێوەبەری ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) لە شاری بێرگن شەش خوێندکارن .. کە ئەم بەڕێزانەن :

( ١) کچە خوێندکار ( ڤەمان ئیسماعیل لینەڤای) خوێندکاری بەشی (کولتوورزان) لە زانکۆی بێرگن . سەرۆکی ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) ە .
( ٢) کچە خوێندکاری نەرویجی ( ئیلینە ئوبە گراڤە) لە ھەمان زانکۆدا .. جێگری سەرۆکی ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) ە .
( ٣) ئەم خوێندکارە کوڕ وکچە کورد و نەرویجیانەش ، کە لە کۆلێجەکانی زانکۆی بێرگندا دەخوێنن ، چوار ئەندامەکەی تری دەستەی بەڕێوەبەرن :
( بولینت کارتال ـــ شەیدا ئۆکای ـــ ریبەر ئیڤەرسون ـــ ڕێژین حاجی )‌

دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان) لە شاری بێرگن لە نەرویجدا .. سەر بە ھچ پارتێکی کوردیمان نییە .. رێکخراوێکی خوێندکارانی سەربەخۆیە و .. بو خزمەت کردن و ناساندنی کێشەی رەوای گەلەکەمان و خستنەڕووی داب و نەریتی رەسەن و کولتووری جوانی کوردیمان کاردەکەن .

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) دا ، خوشکە ( ڤەمان لینەڤای) بە کورتی ، باسی لە ھەندێک لە چالاکییە جۆراو جۆرەکانیانی کرد کە ئەمساڵ یەکێتییەکەیان ئەنجامی داون و، چالاکی زیاتریشیان بەڕێوەیە :

( ١) لە ( ٢٣ / ٣/ ٢٠١٢ ) بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردیمانەوە .. ئێوارە ئاھەنگێکی قەشەنگ و خۆشمان ، بە جلوبەرگی ئاڵاو واڵای کوردییەوە سازکرد .. لە ھەمان ھۆڵیشدا ھەر ئەو ئێوارەیە لادیوارەکانی ھۆڵەکەمان بە جلوبەرگی ھەمەچەشنەی رەنگاوڕەنگی کوردی ، ژنان و پیاوان رازاندەوە .. واتە ( پێشانگایەکی جلوبەرگی کوردی ) یشمان کردەوە ..کە جێی سەرنج راکێشانی میوانە نەرویجییەکانمان .
( ٢) لە (١٩ / ٢/ ٢٠١٢) لە ئێوارە نمایشێکی فلمی کوردی و نەرویجیدا ، کە چەندین کورد و نەرویجی ئامادەبوون .. فلمی ( مەم و زین ) مان نمایش کرد.
( ٣) لە رۆژانێ یەک شەممەی ھەموو ھەفتەیەکدا.. کۆرسی فێرکردنی ھەڵپەڕکێی کوردیمان ھەیە .. لاوانی کورد و نەرویجی فێری جۆرەکانی ھەڵپەڕکێی کوردیمان دەکەین و .. خۆمان بۆ بونە نەتەوایەتییەکانمان ئامادە دەکەین .
( ٤) لە (١٤/ ٣/ ٢٠١٢) لە ھۆڵی سەنتەری خوێندکارانی زانکۆی بێرگندا ، یەکێتییەکەمان ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) سیمینارێکمان بۆ پرۆفیسۆری ناسراوی نەرویجی ( فرانک ئورە برۆت )‌ سازکرد .. فرانک مامۆستایە لە زانکۆی بێرگن ، دۆستێکی کوردە ‌و ، تا ئێستا چەند جارێک سەر‌دانی کوردستانی کردووە ، بەتایبەتیش چۆتە باشووری کوردستان ، چاوی بە چەندین بەرپرس و کاربەدەستەکانی کوردستانمان کەوتووە .. نیازیشی وایە بەم زوانەش جارێکی تر بچێتەوە بۆ باشووری کوردستان و ، دەیەوێت چاوی بە چەند کاربەدەست و بەرپرسێکی باڵای ترمان بکەوێت .
(فرانک ئورە برۆت) لەم سیمینارەدا ، بە تێر و تەسەلی باسی لە کێشەی رەوای کوردمان لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا کرد ، بە تایبەتیش دەربارەی ئەمڕۆی باشووری کوردستان دوا .. کورد و نەرویجییەکی زۆر ئامادەی ئەم سیمینارە بوون و .. وەڵامی ئەو پرسیارانەشی دایەوە ، کە دەربارەی باسەکەی لێی کرا.
(٥) چالاکی داھاتوومان لە مانگی ئادار دایە .. یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ، لە رۆژی ( ٢٠/ ٤/٢٠١٢ ) سیمینارێک بۆ تێکۆشەر و سیاسەتمەداری گەلەکەمان ( مەھدی زانای ) ی ھاوسەری لەیلا زانا ، لا ھۆڵی زانکۆی بێرگندا ساز دەکەین . بابەتی سیمینارەکەش دەربارەی زیندانی ئامـەد ( دیاربەکر) ە.
( ٦) بۆ زیاتر زانین دەربارەی چالاکییەکانی ( یەکێتی خوێندکارانی کوردستان ) لە شاری بێرگن لە نەرویج ، دەتوانن سەردانی ماڵپەڕەکەمان بکەن ، بەم ناونیشانە:
Nett side : www.kurdistansu.net
Facebook : Kurdistan Student Union
Email : info @ kurdistansu.net


نەرویج - ٢٩\٣\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک