|
٢٣\٦\٢٠٢٦
چالاکییەکانی ڕۆژی
جیهانیی پەنابەران
لە سلێمانی
بەڕێوەچوو.
ڕۆژی
شەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق - لقی
کوردستان، لە باخی گشتیی سلێمانی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران،
چەندین چالاکیی جۆراوجۆری بەڕێوەبرد.
لە سەرەتادا، داوای لێبوردن لەو بەڕێزانە دەکەین کە کاتژمێر ٤
سەردانیان کرد، بەڵام بەهۆی لێکتێنەگەیشتنێک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان،
چالاکییەکان بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواکەوت.
چالاکییەکان بریتی بوون لە:
پێشانگای فۆتۆگرافی: خستنەڕووی کارەسات و مەترسییەکانی ڕێگای کۆچی
نایاسایی.نامیلکەی هۆشیاری: دابەشکردنی زانیاری بۆ گەنجان دەربارەی
مەترسییەکانی کۆچکردن.گفتوگۆ و ڕاپرسی: گفتوگۆیەکی کراوە و گەرموگوڕ
لەگەڵ هاووڵاتییان دەربارەی کێشەکانی کۆچ و دۆزینەوەی چارەسەرەکان.
پەیام و هەڵوێستی فیدراسیۆن:
لەم ڕۆژەدا، پەیام و هەڵوێستی فیدراسیۆن خرایەڕوو کە: «ئازادی سەفەر و
هەڵبژاردنی شوێنی ژیانێکی ئارام، مافی سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە.».
هەروەها ڕەخنەی توند لە کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێم و عێراق گیرا، بەهۆی
نەبوونی هەلی کاروبێمافی هیرش بۆ سەرئازادیەکان، ناسەقامگیریی ئابووری
و خراپیی خزمەتگوزارییەکان، کە هۆکاری سەرەکیی کۆچی گەنجانن.
بە توندی سەرکۆنەی سیاسەتی دیپۆرتی زۆرەملێ و نەژادپەرستانەی
حکومەتەکانی ئەوروپا (بەتایبەت سوید، ئەڵمانیا و بەریتانیا) کرا، کە
پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا دەکەن.
شایەنی باسە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەم چالاکییەدا
بەشدارییان کرد.
لە کۆتاییدا، لقی کوردستانی فیدراسیۆن سوپاس و پێزانینی خۆی دەردەبڕێت
بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاریان کرد لە بەڕێوەبردنی ئەم چالاکییە، هەروەها
بۆ بەشداریی گەرموگوڕی هەڵسوراوان، گەنجان، کرێکاران و چین و توێژە
جیاوازەکان، کە بەشدارییان لە گفتوگۆ و ڕاپرسییەکاندا کرد.
هەروەها سوپاس بۆ ئەو بەڕێزانەی لە سەرەتای چالاکییەکەوە هاوکارییان
کرد لەگەڵ ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی چالاکییەکە بەڕێوەبچێت.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
/ لقی کوردستان
٢٠\٦\٢٠٢٦

|