١٥\١\٢٠١٩
چاند و فەرهەنگی
کوردان، دیلی دەست کاسبکارانی چازان!

هۆمەر
مێژووی
بازرگانیکردن بە بواری فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییەوە لە ئاستی
جیهاندا،دیرۆکێکی کۆن و دێرینی هەیە و سەدان کەس، لایەن، بنکە و
ناوەندی ناڕۆشنبیریی لەم ڕێگەوە سامانێکی بەرفرەوانیان بۆ خۆ گلێر
کردۆتەوە کە هەرگیز سەتی یەکی ئەو سەرمایە و داهات و سامانە لە پێناو
پێشخستن و گەشەپێدانی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییدا دەکار نەهێنراوە.
ئەم پرسە بە درێژایی مێژوو لە جیهانی سێیەمدا، زەقتر و هەژێنەرتر بووە
و لە نێو ڕووبەری چاندیی ئێمەی کوردیشدا بە زەقی دەبینرێت و کەم نین
ژماری ئەو کەس،لایەن،بنکە و ناوەندە ناڕۆشنبیرییانەی کە بەناڕەوا و لە
ڕێی جۆربەجۆرەوە،دەمێکە دەسەڵات و کلیلەکەی دەروازەی فەرهەنگیان گرتۆتە
دەست خۆ و لەمێژە لەم بوارەدا تەراتێن دەکەن و پارە و سامانێکی خەیاڵی
لە نێو تەنکەی گیرفان دەنێن.کەچی مخابن بۆ خۆ ئەوەندە پرسی فەرهەنگ و
چاندی کوردییان لا گرینگ نییە و تەنێ چاو لە دەسکەوتە مادییەکەی ئەم
بوارە دەکەن؛هەر بۆیە دۆخی فەرهەنگیی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردیی ئەوەندە
شپرز و ئاڵۆزە و کەمتر هەژان و تەکانێکی ڕاستینە بە خۆوە دەبینێت.
چونکە لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کەس،لایەن،بنکە و ناوەندانە،گەشە و
بەرەوپێشڤەچوونی پرسی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییان لا گرینگ نییە و پتر بۆ
خۆدەرخستن و ناوبانگدەرکردن و دەسکەوتە مادییەکەیەتی کە بە ناڕەوا دێنە
نێو گۆڕەپانەکەوە؛ مخابن نموونەکان لە نێو کۆمەڵی کوردییدا زۆر زۆرن.
تاڵتر لە هەمووان ئەوەیە کە هەندێکجار گەلێک نووسەر و ڕۆشنبیری کوردیش
دەکەنە دارەدەستی خۆ و وەک قەڵغان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەوت و لایەنە
سەربەخۆکان لە ساتەوەختی پێویستدا دەکاریان دێنن ئەگینا بۆ خۆ نە
خەمخۆری بواری فەرهەنگ و ڕۆشنبیریین و نەیش توانای نەخشاندنی دوو ڕستەی
پاکژی کوردییان هەیە.
ئەم پرسە هەنووکە بۆتە پرسێکی پڕمەترسی و هەڕەشە لە فەرهەنگ و چاندی
کوردی دەکات و مخابن ئەم چەشنە کەس،لایەن،بنکە و ناوەندانە، لە زۆربەی
بنکە و ناوەندە ڕۆشنبیریی و زانستییەکان هەتا کۆڕ و جڤین و فێستیڤاڵە
کوردییەکاندا تاقە بڕیاردەر هەر بۆ خۆن. هەر لەبەر ئەم پرسەیش،بە سەدان
سیما و لایەنی خەمخۆری کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی پەراوێز دەخرێن.
ڕاستە مێژووی ئەم دیاردە ترسناکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگەڕێتەوە
بۆ سەردەمی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بەڵام دوابەدوای سەرکەوتنی
شۆڕش،خێراییەکی سەیری بە خۆوە بینیوە و دەیان بەناو کەسایەتی،بنکە و
ناوەند و پەخشکاری کوردی، قارچکئاسا سەریان هەڵداوە و بوونەتە پێشەنگی
بواری ڕۆشنبیریی کوردی و هەسپی خۆ بەلەز لەم مەیدانەدا تاو دەدەن و
کەسیش لەبەر دەستڕۆییشتووییان،لێرە و لەوێ،ناوێرێت وەبەر لۆمەیان بدات.
لە بیرمە لە پێشانگەیەکی کتێبی کوردییدا،کاتێک چاوم لە بەرهەمی نوێی
شاعیرێکی دیار و ناسراوی کورد دەکرد و لاپەڕەی کتێبەکەم
هەڵدەدایەوە،دەبینم پەخشکار بە گەز و پێوانەی خۆی،بەشێکی ڕووبەری
کتێبەکەی قرتاندووە و مخابن هەمووانیش کتێبەکە دەکڕن و کەسیش فزەی
لەدەم دەرنایە. لێم پرسی ،کاکە بۆ وا دەکەن؟ پێی وتم: باشە تۆ کێیت؟ کە
وتم: خوێنەرێکی کورد، بە بێ وەستان لە وەرامدا وتی: وەڵڵاهی بەختت یار
بوو ئێرە زۆر قەرەباڵغە ئەگینا پڕشەقم دەکردیت! ئەمە سەرگورشتەی تاڵی
ڕەوشی بەناو ڕۆشنبیریی ئێمەی کوردە و لەمێژە کلیلەکەی بەناڕەوا کەوتۆتە
دەست ژمارەیەک کاسبکار و بازرگان کە تەنێ چاویان لە قازانج و ناوبانگی
ئەم بوارەیە و فەرهەنگ و چاندی کوردییان هەرگیز لا مەبەست نەبووە و
نییە.
داخراوبوونی بازنەی ڕۆشنبیریی کۆمەڵی کوردی گرێکە سەد هێندە ئاڵۆزتر
دەکات و ئەستەمە بەمزووانەیش چارەسەرێک بۆ ئەم ئارێشەیە بدۆزرێتەوە.
دەمێکە بەناحەق ژمارەیەک بت دروست کراون و لەبەر ئاستنزمیی ڕۆشنبیریی
کۆمەڵی کوردی،هەمووان هەر شوێنکەوتەی ئەو تاقمەن و گەر دە ساڵ
جارێک،دەنگێکی جیاواز دەربکەوێت و سووکە ڕەخنەیەکیان بەرەوڕوو
بکاتەوە،بە هەزار داخ و مخابنەوە،دەروێشەکانیان هووتەرەی بۆ دەبەن
و،سەدان ناو و ناتۆرەی بۆ چێ دەکەن و دەیبەستنەوە بەم لایەن و ئەو
لایەنەوە و شاربەدەر دەکرێت.
هەژاربوونی ڕەخنە لە نێو کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردییدا، یەکێکە لە هۆکارە
سەرەکییەکانی بەردەوامیی ئەم ڕەوشە و تا کاتێک ئاستی وشیاریی تاک و کۆی
کۆمەڵ بەرز نەبێتەوە،ئەم دۆخە هەر وا درێژەی دەبێت و بگرە ئاڵۆزتریش.
ئەم بازرگان و کاسبکارانە هەنووکە ئەوەندە لق و پۆیان بۆ نێو هەموو
بوارێکی فەرهەنگی شۆڕ بۆتەوە کە بنبڕکردنیان،کارێکی گەلێک چەتوون و
پڕزەحمەتە و پێویستیی بە هاریکاریی هەمەلایەنەی گرووپ و ئالی و
کەسایەتییە سەربەخۆکان هەیە و گەر هەر وا لە هەمبەر ئەم پرسە
هەستیارەدا کەمتەرخەم بین،دادێیەکی تاڵتر و ڕەشتر بۆ ڕووبەری ڕۆشنبیریی
خۆ دەنووسینەوە. بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو کەس،لایەن و بنکەیەکی
سەربەخۆیە پێکڤە لێرە و لەوێ ،کارنامە و فایلی ڕەشی ئەم کەس و لایەن و
بنکە و ناوەندانە ئاشکرا بکەین تا چیدی لە نێو ڕووبەری چاندیی کورددا
ڕمبازێن نەکەن.
زارووەکانی نێو پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی لە خوێنی گەشی گەل دەمژن و
بەری ڕەنجی میللەتێک بۆ خۆ دەچنەوە و ئەو سامانەیش بۆ بوارێک دەکار
دێنن کە هیچ فڕی بەسەر ڕاژە و خزمەت بە فەرهەنگ و چاندی کوردییەوە نییە
و زێتر سەرمایە و سامانی پێ خڕ دەکەنەوە؛بە واتایەکی ڕاستتر لە وردە
کاسبکارێکەوە،دەبنە گەورە بازرگان.
دووکانی ئەم جۆرە کەس،لایەن و ناوەندانە هەر لە تارانەوە تا بە هەموو
ستان و پارێزگە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو بۆتەوە و ڕوو لە هەر بنکە
و مەڵبەندێکی ڕۆشنبیریی و ناوەندێکی زانستیی دەکەیت، خودان ماڵ و
کاربەدەست و بڕیاردەر هەر خۆیانن و بەس. ئەم جۆرە کەسانە،ئەمڕۆکە
دزەیان کردۆتە نێو هەموو بنکە و ناوەندێکی ڕۆشنبیریی،ئەدەبیی و زانستیی
و لە هەموو شوێنیک،سەر و پۆتراکیان دەردەکەوێت و ئۆختاپووسئاسا،کۆنترۆڵ
و دەسەڵاتی هەموو شوێنێکیان لە بن چنگدایە.
ئەم کەس،بنکە و ناوەندانە،بەدوور لە چاوی خاوەن بەرهەم،زۆر جار سەرەڕای
لەچاپدانەوەی کتێب و بەرهەمی نووسەر و شاعیران،بە شێوازێکی نەشاز و
ناجوان،خۆ بە دەمڕاست و تریبۆن و بگرە جەمسەر بۆ کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی
ڕۆژهەڵات دادەنێن و کورد گوتەنی:" ئاوایی مەلای تیا نەبوو،کەڵەشێر
ئەبێتە بڵقاسم".
h_noryawi@yahoo.com
|