په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

14 / 7 هەنگاوێک پاشـــەکشـــە ، دەرســــــێک بۆ پێـشـــــڕەوی !!


تاهیـرحـەسـەن  


هەشت ساڵ بەر لەئێستا چەکدارەکانی (ی ، ن ، ک)، گەمارۆی بارەکاگانی کۆمیتەی ڕابەری ڕێکخراوی کوردستان و کۆمیتەی سلێمانی و بارەگای ڕادیۆی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقیان لەشاری سلێمانی دا. لەسەرەتاوە ئاوو کارەبای بارەگاکانیان بڕی!. پاشان کەوتنە دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەس و میوانانەی بۆ بارەگاکان دەچوون، تەنانەت منداڵیشیان لێ دەرنەکرد!.


بەهانەی سەرەکی و ڕاگەیەنراوی بەخەتی ڕەش لەسەر سپی نووسراوی یەکێتی بە ئیمزای (نەزەر عەلی ئەکبەر)، کەئێستا وێنەی لای دادگای سلێمانی و ئێمەش دەست دەکەوێت. ئەوەبوو کە: (حزبی ئێمە بۆسەربەخۆیی کوردستان تێدەکۆشێت و بەمەبەستی جیاکردنەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەکوردستان، ئیمزای پشتیوانی لەخەڵک کۆدەکاتەوە. ئەمەش یەکپارچەیی خاکی عێراق دەخاتە مەترسی!. حزبی ئێمە پڕۆژەی قانوونی یەکسانی تەواوی ژن و پیاوی وەک بەدیلێک بۆ قانوونی ئەحوالی شەخسی ڕژێمی بەعس بڵاوکردۆتەوە. ئەمەش دژی دەستووری عێراقیە، و دین و عادات و تەقالیدی کۆمەڵگەی کوردی دەخاتە مەترسیەوە!. بۆیە دەبێت دادگا بڕیاری قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی حزبی ناوبراو بدات!).


بەڵام یەکێتی نیشتیمانی نەک هەر لە ڕێگەی دادگاوە نەیتوانی هەڵسوڕانی حزبی ئێمە قەدەغە بکات و گوێگرێکی پەیدا نەکرد، بەڵکو پشتیوانی هێزێکی فراوانی ئەدیبان و ڕۆشنبیران و ئینسانە ئازادیخوازەکانی دەرەوەو ناوەوەی کوردستان لە کەمپەینی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی حزب، پاشەکشەیەکی سیاسی سەختی بەسەر یەکێتیدا داسەپاندو لەجێگای خۆی داینایەوە. بۆیە ئینجا خاوەنی ئێستای ( کۆمپانیای ووشە)، کە ئەوکاتی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بوو، ڕێگای ( گوللە) ی هەڵبژارد. لەماوەیەکی کەمدا تەواوی کوچەوکۆڵان و سەربانی ماڵەکان و جادەکانی دەوروبەری بارەگاکانیان بەسەدان چەکدار گەمارۆدا، تا لە 14/7 داولەناو جەرگەی شاری سلێمانیداو بەڕۆژی ڕووناک و بەپێش چاوی خەڵکەوە پێنج هاوڕێ ی ئێمە، کە لە نێو سەیارەیەکی لاندکرۆزەردا بوون و لە بازاڕ دەگەڕانەوە خەڵتانی خوێن کرد!. یەکێتی نەک هەر تەرمی هاوڕێیانی ئێمەیان وەک عورف وعادەتێکی نزیک لە ئینسانیەت نەدایەوە بە ئێمە وکەسوکاریان، بەڵکو هەر ئەو شەوەو لە ژێرچاودێری هێزێکی گەورەی چەکداردا تەرمەکانیان کردن بە ژێر گڵەوە!!. تەنانەت سەردانی گۆڕەکانی هاوڕیانیشیان لە کەسوکارو هاوڕێکانیان قەدەغە کرد!.


بەمەشەوە نەوەستان. پاشان هێرشیان کردە سەر بارەگای ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنان و وێڕای تاڵانکردنی بارەگاکە، تەواوی ئەو ژنانەی کەلە ترسی قەتڵی نامووسی پەنایان بۆ سەنتەر بردبوو و لەوێدا پارێزراوبوون، دەست بەسەر کرد. کە بەداخەوە چەند ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە ( نەسرین ) ناوێکیان لەلایەن کەسوکاریەوە گوللە باران کرا !. پاشان چوونە سەر سەنتەری پارێزگاری منداڵانی بێ سەرپەناو وێڕای تاڵانکردنی سەنتەرەکە، تەواوی منداڵەکانیان فڕێدایە سەر جادە!!.


ئەو کردەوەیەی سەرکردایەتی یەکێتی، ئەوەندە قێزەوون و دژی ئینسانی بوو، کە سەختە وێنەی لە کارنامەی ئەحزابی سیاسی لە ناوچەکەدا پەیدا بکەیت، هەر بۆیە دەیان ئەدیب و شاعیرو ئینسانی ئازادیخواز و ناسراوی کوردستان، کە ڕەنگە خۆشیان بەشەریکی بیرکردنەوەو ئامانجی حزبی ئێمە نەزانیبێ، ئەو کارەساتەیان پێ تەحەمول نەکراو چ بەشێوەی تاکە کەسی و چ بە کۆمەڵ بەدەرکردنی بەیاننامەی ناڕەزایەتی ئەو کردەوەیەی یەکێتیان مەحکوم و شەرمەزار کرد.


تا ئێرە بیرخستنەوەیەکی خێرای کارەساتی 14/7/2000 بوو، کە ڕەنگە بۆجیلێک لە لاوان کە لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا نەژیاون، یان دووراودوور و دەم بەدەم لێرەو لەوێ بیستوویانە بێ کەڵک نەبێت.


ئامانجی سەرەکی من لە کردنەوەی دووبارەی ئەم مەلەفە، تەنیا یادکردنەوەو وەفاداری و ڕێزگرتن لە گیان و خەبات و تێکۆشانی ئەو پێنج ئینسانە عەزیم وخۆشەویستە نییە. ئەوان بەشێکی بەرچاویان لە مێژووی ژیانی سیاسی و شەخسی ئێمەدا داگیرکردوەوهەمیشە لەگەڵمان دەژین و یادیان بەرز و بەڕێزە.


لە تەواوی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا، هەمیشە سووننەت وهەڵسوکەوت وقانوون و فەرهەنگی باوی ئەحزابی بۆرژوایی دەسەڵاتدار، ڕاستەوخۆ شکڵدەدات بە فەرهەنگ و هەڵسوکەوتی ئەحزابی ڕاستی ئۆپۆزسیۆنی خۆی، کە ئەمەش دەوروی کاریگەر دەگێڕێ لە شکڵدان و جێخستنی فەرهەنگێکی سیاسی کۆنەپەرستانە لە کۆمەڵگەدا. کە خۆی شۆڕ دەکاتەوە بۆ تەواوی مەیدانەکانی ژیانی خەڵک، لەهونەرو ئەدەب وشانۆوە بگرە، هەتا شیعرو گۆرانی و موزیک.


تەنیا نیگایەک لەدەسەڵات و شێوەی هەڵسوکەوتی حکومەتەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەکانی خۆیان، ڕەنگە بەس بێت. تا ئینسان لە فەرهەنگی سیاسی باوی وڵاتانی ئەو ناوچەیە تێبگات.


دەسەڵاتداریەتی وڕەفتارو هەڵسوکەوتی زیاتر لە 30ساڵی ڕژێمی دڕندەی بەعس، ڕەنگ و بۆی خۆی بەسەر تەواوی هەڵسوکەوت و فەرهەنگی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی خۆیەوە بەجێهێشتووە. نموونەی ئەحزابی قەومی کورد تەماشاکەن. ڕەفتاریان بەرامبەر بەخەڵک، ڕەفتاریان تەنانەت بەرامبەر ئەحزابی ڕاستی هاوشێوەی خۆیان، هەمان ڕەفتارێکە کە ڕژێم بەرامبەر بەخەڵک و خۆیان کردوویەتی. سەیر کەن ناتوانن تەنانەت تەحەموولی کەمترین مخالەفەتی نێو ڕیزەکانی خۆیان بکەن، چ جای مخالەفەتی خەڵکی دەرەوەی خۆیان!. لە هەڵبژاردنی تەنانەت نێو ڕیزەکانی حزبەکەی خۆشیاندا چەک لەیەکتری ڕادەکێشن و نارنجۆک فڕێ دەدەنە ماڵی یەکترەوە، شەخسیەتی یەکتری دەشکێنن و یەکتری ئەتک دەکەن، لەبەرامبەر ئەحزابی ڕاستی هاوشێوەی خۆیاندا، سەدان ئەسیری یەکتر بە دەستی بەستراوەوە گووللەباران دەکەن !. جا ئەگەر بێیتە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەت، ئەویش ئەگەر هەبوو، ئەوە هەر بە مەسخەرەی مێژوو دەگەیت!!. ڕەفتارو هەڵسوکەوت و سووننەت و فەرهەنگی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتانە، ڕیشەی لە پایەی چینایەتی وناسازگاری ئەو دەسەڵات و حزبانەدایە لەگەڵ ئینسان و ئینسانیەت و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی. ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا لەپاڵ فەرهەنگی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی دەسەڵاتی بۆرژوایی و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی خۆیدا، فەرهەنگێکی سیاسی مۆدێرن و ئینسانی بەدیکرا، تەنیا و بەتەنیا دەلیلی لەئارادابوونی ڕەوتێکی پێچەوانەو جیاوازی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی کرێکاریە لە نێو باڵانسی کێشمەکێشی سیاسی دەسەڵاتدا. نەک هیچ شتێکی تر.


لەڕاپەڕینی ئازاری ساڵی 1991دا، ئەو هێزە عەزیمە لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و ژنان و بەرەی ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیست کە خرۆشان و ڕژێمی بەعسیان لە ماوەیەکی کورتدا لەشارەکان وەدەرنا، وویستیان لە ڕێگەی شورای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئازادانەی نێو کۆبوونەوە گشتیەکانی خۆیانەوە، کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن. چارەنووسی خۆیان و منداڵەکانیان بەدەستی خۆیان دیاری بکەن، قانوون دابنێن و قانوون بەڕێوەبەرن. سەرئەنجام لە ڕێگەی شوراکانیانەوە ئیرادەیان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەو چارەنووسی خۆیاندا هەبێت. هێزێک خەریک بوو پێی دەنایە مەیدان کە ڕەوتێکی چینایەتی بە تەواوی جیا بوو، ڕەوتێک کە بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتی خۆی لە ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسیدا دەبینی، لەیەکسانی ژن و پیاودا دەبینی، لە بەشداریکردنی هەمووان لەبەرێوەبردنی گەڕەک وکارگا و دامەزراوە و حکومەت و دادگادا دەبینی. ئەم ڕەوتە خەریک بوولە گەڵ خۆیدا فەرهەنگێکی سیاسی تر، کە تا ئەوکات کۆمەڵگە بە خۆیەوە نەبینیبوو دەهێنا. یەکەمین کاردانەوەی ئەحزابی کوردایەتی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ بەرامبەر بە دەسەڵاتی شوراکانی خەڵک، بەکاربردنی هەمان دەستەواژەیەک بوو کە ڕژێمی بەعس دەمێک بە خۆیانی دەووت.( شوراکان مەشکوکن وئامرازی دەستی ڕژێمن!!). تا بتوانن لە ڕێگەیەوە فتوای داخستن و سەرکوتی بەزۆری هەر جۆرە جوڵانەوەیەکی ئازادیخوازانەو پێشڕەوانەی کرێکاران و دەستەنگانی کۆمەڵگە بدەن. ئەوان دەیانزانی و دەزانن کە بەهێزبوونی شوراکانی خەڵک و جێگاو ڕێگای کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەو سیاسەتدا، زمانی کرێکاران وزەحمەتکێشان ولاوان وژنان لەبەرامبەر بۆرژوازی کورددا دەکاتەوە وهەلومەرجی سیاسی کوردستان بۆ بزوتنەوەی کوردایەتی و مانۆڕی سەرانی ئەو بزووتنەوەیە تەنگ دەبێت. بۆیە شتێکی سەیر نەبوو کە بە تابووری پێنجەم و شەیتان و مەشکوک و داردەستی ئەموئەو ناومان بەرن. دەبوو هەر ئەوکات و پاشان لە درێژەی ڕەوتی هەڵسوڕانی دواترماندا ئەو هەڕەشەیەی بزووتنەوەی کوردایەتیمان بۆ سەر چەپ و کۆمۆنیزم و دەسەڵاتدارەتی و ئیرادەنواندنی خەڵک جدی بگرتایە. کە بەداخەوە بەکردەوە جدی نەمان گرت.


هێرشی 14/7 و گوللە بارانکردنی دواتری خۆپیشاندانەکانی قوتابیانی زانکۆکانی هەولێروسلێمانی و خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجەو کەلارو کفری و دەربەندیخان و ڕانیەو قەڵادزێ لە دژی گەندەڵی و ڕاوڕووتی دەسەڵاتداران، گۆشەگۆشەی یەک سیناریۆن.


هێرشی یەکێتی بۆ سەر ئێمە، تەنیا گۆشەیەک بوو لە هێرشێک بۆ سەر خەڵک و بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە. ئەمەش وەک ووتم لە کوردستان مێژوویەکی هەیەو لە 14/7 ەوە دەست پێناکات. ڕاگرتنی چارەنووسی ئێستای کوردستان بەدیار جەنگی تیرۆریستەکانەوە، غەرقبوونی کۆمەڵگە لەنێوزەلکاوی فەسادی ئیداری و گەندەڵی و دزی وتاڵان و بڕۆیی دەسەڵاتداراندا، نەبوونی هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک و بێ ئاووی و بێکارەبایی16ساڵە، کوشتن و قەتڵی نامووسی هەموو ڕۆژەی ژنان و........، هەموو ئەوانە تەنیاو بەتەنیا ئاکامی لە پەراوێزی سیاسەت ودەسەڵاتدا ڕاگرتنی خەڵکە، ئاکامی ڕێکخراونەبوونی ڕیزەکانی کرێکاران و لاوان و ژنان وبەشەکانی تری کۆمەڵگەیە. هێرشی دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان، چ بۆ سەر شوراکان و چ لە 14/7 دا بۆ سەر ئێمە تەنیا ئەو ئامانجەی بە شوێنەوە بوو، کە خەڵک لە حزبی پێشڕەوی خۆیان بێبەش کەن و ڕێگا لە بەرامبەر داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیاندا بکەنەوە. بەبڕوای من تێگەیشتن لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان هێرشی چەکدارانەی یەکێتی نیشتیمانی وچارەنووسی ئێستاوئایندەی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان، چ بۆ ئێمەو چ بۆ خەڵک، بۆ گرتنە بەری سیاسەتی دروست و هەڵبژاردنی ڕێگاچارەی ئینسانی بۆ دیاریکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان، چارەنووسسازە.


کۆتاییهێنان بە هەلومەرجی دژواری ئێستا، تەنیا لەگرەوی جیاکردنەوەی ڕیزەکانی کرێکاران و لاوان و خوێندکاران لە ڕیزەکانی ئەحزابی بۆرژوازی کوردو هاتنەمەیدانیان بەڕیزی سەربەخۆو ڕێکخراوی خۆیاندایە. لەو ڕێگەیەدا دەتوانن حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان وەک ئامرازی خەباتکارانەی خۆیان بەدەستەوە بگرن.


بەرز وبەڕێز بێت یادی هاوڕێیانی گیان بەختکردووی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم.

 

tahirhassan1@yahoo.com