١٤\٧
نەوشیروان
مستەفا پشوو بە..!

بەشدار عهلی
ئەو رێکەوتە،پشووى نەوشیروان مستەفا نیە بۆ بیرکردنەوە لە گۆڕان و
گۆڕانکارى و دورست کردنى هێزێکى ئۆپۆزسیونى کارا و پەرلەمانێکى زیندوو،
رۆژى دانانى بەرنامەیەکى مۆدێرن و پێشکەوتوو نیە بۆ هێنانە کایەى
پانتایەک بۆ بیروڕاى جیاواز و دەنگ و رەنگى جیاواز،رۆژى دەرکێشانى خەڵک
نیە لە بێ سیستەمى و فەوزایەک کە هەموو کایەکانى بەرێوەبردنى ئەو
مەملەکەتەى گرتۆتەوە،رۆژى گێڕانەوەى قودسیەت نیە بۆ تاکەکان(وەکو خۆى
ئیدعاى بۆ دەکات)،بەڵکو رۆژى دان نانە بە هەڵەیەکى مێژووى کە رێک (9)
ساڵە لەمەوبەر لە (14/7) لە سلێمانى ئەنجامدرا و تاوانەکەشى تاکو ئەو
ساتە سەرکردایەتى یەکێتى دەیخەنە پاڵ ئەوى کە بەرەسمى سکرتێر بوو،
تیایدا پێنج لە شەریفترین ئینسانەکانى دونیا خەڵتانى خوێن کران و
تەرمەکانیشیان نەدرایەوە کەس و کارەکانیان و لە شەوێکى ئەنگوستەچاودا
بە نهێنى بە خاکیان سپاردران.
هیچ مرۆڤێک بەدەر نیە لە کەموکوڕى و هەڵە و کارى نادورست ،بەڵام
دووبارەکردنەوەى هەڵە و دانەنان بە کەموکوڕییەکان و ئەو هەڵوێستانەى کە
دەبێتە هۆى تێکدان و کاوڵکردنى ژیان و چارەنوسى کەسێک و خێزانێک و
حیزبێک و کۆمەڵگایەک مایەى هەڵوێستە لەسەر کردنە و پەڵەیەکى رەشە بە
یەخەى ئەنجامدەرانیان، کاتێک نەوشیروان مستەفا شانى خۆى لە هەموو
کەموکوڕیەکات هەڵتەکاند و لە دەسەڵاتى سیاسى چۆتە دەرەوە و ئیدعاى
ئازادى و یەکسانى و دورستکردرنى ژینگەیەکى جیاوازتر لە ئیستا دەکات و
پێیوایە دەسەڵاتى سیاسى لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرامبەر و هێزە
جیاوازەکان دواکەوتوو بوە و کورتى هێناوە،دەبێت لە ساڵرۆژى ئەو
رووداوەدا بیسەلمێنێت و قەناعاتمان پێبکات رۆَلى ئەو چى بوە وەکو
سکرتێرى یەکێتى ئەو کات لەم رووداوە(چونکە تاڵەبانى بە سەفەرێک
لەدەرەوەى وڵات بوو) ئیستا چى دەڵێت. ئەگەر یەکێتى وەکو هێزێکى نا
مەدەنى و نا شەفاف ئامادە نیە دان بە تاوانى کوشتنى کۆمۆنیستەکان و
قەدەغەکردنیان لەسەر داواى جمهورى ئیسلامى بنێت و داواى لێبوردن لە کەس
و کار و هاورێیان و ئازادیخوازانى دونیا بکات و و قەرەبوى زەرەر و
زیانەکانیان بکاتەوە ،نەوشیروان مستەفا کە ئیدعاى شەفافیەت و مەدەنیەت
دەکات وەکو تۆمەتبارێکى سەرەکى لەم رووداوە ،پێویستە رووداوەکە وەکو
خۆى باس بکات و هەڵوێستى ئیستاى خۆى لەم بارەیەوە رۆشن کاتەوە،چونکە
دورشمە باق و بریقەکانى پولێکى قەڵپ ناهێنێت و ئەگەر رەفتار و کردەوەى
لەگەڵدا نەبێت.
لەلایەکى ترەوە، ئاشکرارکردنى نهێنی و ووردەکارییەکانى و پەیوەندییە
ژێرەو ژووریەکانى ئەو رووداوە لەلایەن نەوشیروانەوە شکاندنى ئەو
کەلتورە دواکەوتوە و تەقلیدییە کە دەسەڵاتى سیاسى کوردستان پەیڕەوى
دەکەن و ئیستا نەوشیروان لێى نارازییە و ئیدعاى گۆڕانکارى لەم کەلتورە
دەکات،ئەگەر ئەو کارە نەکات دەبێت چ خۆشباوەریەک بە بەرنامە و
ئەجنداکەى بکەین کە تەنها دورشم و مەرەکەبى سەر کاغەز بێت؟!
لە خوێن هەڵکێشانى پێنج لاوى دڵ پر لە هیواو و کوژاندنەوەى دونیایەک
حەز و خۆزگەى بەدینەهاتوو لەنێو دڵەکانیان،قەدەغەکردن و داخستنى بارەگا
و رادیویى حیزبى کۆمۆنیست لەسەر داواى جمهورى ئیسلامى ئێران و
سەرگەردانکردن و دەربەدەرکردنى سەدان ئەندام و کادیر لە ماڵ و
خێزانەکانیان ،کارێکى سادە و راگوزەر نیە و بە ئاسانى بەسەر سەرى
ئەنجامدەرانیان تێپەڕ نابێت و لە هزرى ئێمەش کاڵ نابێتەوە.
حیزبى کۆمۆنیست داواى ئازادى و یەکسانى و خۆشگوزەرانى و دەستڕاگەیشتنى
هەمووان بوو بە سەروەت و سامانى ئەو وڵاتە ،داواى کورتکردنەوەى دەستى
حیزبى دەکرد بەسەر ژیان و هەناسەى تاکەکان و دورستکردنى ودەوڵەتێکى
دامودەزگاى ،داواى یەکسانى ژن و پیاوى دەکرد و لەمبارەیەوە تێدەکۆشا و
سەنتەرى پارێزگارى کردبویەوە،داواى نەزم و نیزامێکى مەدەنى و یاسا و
دەستورێکى هاوچەرخ و مافە فەردى و مەدەنیەکانى تاکى دەکرد،... .
کەچى ئیستا ئەو کارانە بۆتە دورشم و بانگهشهی لیستى گوڕان کە
نەوشیروان مستەفا سەرۆکایەتى دەکات و تاکو ئەو ساتەش بەئەندازیارى ئەو
رووداوە تاوانبارە، واتە سەرکوتکردنى و ئازادى و خنکاندنى بیروڕاى
جیاواز ،ژێر پێنانى ماف و ئازادییەکانى تاک و دەست بەسەراگرتنى سەروەت
و سامانى خەڵک.
نەوشیروان مستەفا ئەگەر ئەو دوو ساڵە پشویەکى دابێت و عەقڵیەتى
کارکردنى چەندین ساڵەى خستبێتە کەنارەوە ،دەبێت لە ساڵرۆژى ئەو رووداوە
خوێناویە و دەیان رووداو و کارەساتى ماڵوێراتى تر کە لەسایەی یەکێتى
نیشتمانى کوردستان بوونەتە نسیبى خەڵک و ئەویش وەکو کاراکتەرێکى
بەدەسەڵات لەم حیزبە رۆڵى کاریگەرى هەبووە ،دەبێت لەمەودوا رووداوەکان
وەکو خۆى بۆ خەڵک رابگەیەنێت و هەڵوێستەکانى لە هەموولایەکەوە رۆشن
بکاتەوە و ئیحرائاتى قانونیان لەگەڵدا بکرێت،ئەگەرنا گۆڕان و گۆڕانکارى
گاڵتەجاریەکى ترە و فێڵێک بوو لە خەڵکى کوردستانى کرد و سەد خۆزگە بە
کفن دز !
Bashdar_net@yahoo.com
|