په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٦

    چارە چیە؟

کانی

شیتاڵ شیتاڵم بە تاژانی رەشەبای ئەوینتەوە!
تۆ کە لە دوورترین بەندەری دنیادا
لەنگەرت گرتوە و
هەموو کاتێ
بەلەمەکانت نوقمی هەڵمێکی نادیارن
چۆن توانیت وەکو ژەنەراڵێکی براوە
لە شەڕی جەردە دەریاییەکاندا سەرکەوی و
دڵی کڵۆڵی من بە تاڵان بەری؟
بمبوورە دڵ!
بمبوورە کە نەمتوانی دڵڕەقانە بتپارێزم
تا دەستی هیچ دەریاوانێک
نەگاتە مروارییەکانی ناوەوەت
بمبوورە گەر شەرمم نییە و
"ئاورە سوورە
هەموو دەمێک لە ئەو دوورە" و لە تۆ نزیک!
کاتێ ئەڤین
جگە لە بێدەسەڵاتیی و شەرمەزاریی
هیچی بۆ نامێنێتەوە
چارە چییە؟
نە دەتوانم خۆم بە کەزیەی خەونێکەوە هەڵواسم و دەربازببم!
نە دەتوانم بێمە دوورگەی چاوەکانت و
ببمە پەنابەرێکی بێ نیشان!
نزیک بە لێم ئەی دۆست
کاتێ دووری خەمێکی مۆر
لە ناو دڵما شکۆفە دەکا!
نزیک بە لێم
ئاوری بێ ئامان!
سەراپا بمکە بە خۆڵەمێش!
تا دواتر لە سووتماکی جەستەم
ژیلەمۆیەکی هەمیشەیی داگیرسێنم!
نــزیک بــە لێم
با هەموو دنیا و دەنگەکانی
مرۆڤەکان و ڕەنگاوڕەنگیان
ئازارەکان و جەنگەکان
هەموویانم بیرچێتەوە و
تەنیا دەنگی لێدانی دڵی تۆ ببیستم.


kanihemdemin@gmail.com


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک