په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

   جارێکىتر شەڕ و ئاشتى پەنجەکان .

                                               

                                            که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

1

لەنێوان پەنجە تەڕەکانی من و

پەنجەکانی ئەودا

پەنجەی ئەو بۆ شایەدی  تەحیات و

هی منیش

بۆ شیعرو ئەڤین

 

2

خەوی پەنجەکانی ئەو

لەسەر شابەردی نوێژ،

یا بەرماڵی خوداییە

هی من

لەسەر پەڕەیەکی سپی،

یا ڕوومەتی کچێک

 

3

پەنجە هەیە،

لەدنیای ژیانی ئێمەدا

لەگەروی مرۆڤ دەئاڵێ و دەیخنکێنێ

پەنجەش هەیە

پاروە نانێ ئەخاتە گەروی برسیەک و

مردنی لێ ئەستێنێ

 

4

پەنجەکانم لەپەنجەکانی ئەو ناچێ

پەنجەی ئەویش لەهی من ناکات

ئەوانەی ئەو دزی لەمن و

لەماڵی خواو

لەژیان دەکەن

هی من پارێزەری ژن و

شیعرو ژیانن

پەنجەکانی ئەو بکوژی خونچەو

جەلادی سەربڕینی کەنارین

هی من

فریشتەی باخچەکانی ئازادى و

کەناری سەردرەختەکانى ئەڤینن

 

5

پەنجەی کرێکارێک وشک وشک

نانێکی ڕەقی لەنێو دەستە

هی گەدایەک

چارەنوسی ژیانی من و

کرێکارێک و برسیەکی

تەوق کردووە

ئەوەی یەکەم خەون بەئاڵای نانەوە دەبینێ

تا توند لەدەستەکانی بگرێ و

هی دووەم بیری لەخەزێنەی خوێن و

نانی منە

 

6

گەر پەنجە فریشتەییەکانی تۆ

هێندەی پەنجەی شێخەکانی هەموو دونیا پیرۆز نەبێ

هێندەی خەونی مناڵێکی هەورامانم قەشەنگ نەبێ

وەک گوڵی سەرگڵکۆی شەهیدێک

بۆنی پڕ لەعەتری ئەوین نەبێ

ڕۆژی سێ جار

تەوقە ناکەم

بۆنی ناکەم

ماچی ناکەم

 

7

پەنجەکانی مۆسیقارێک ئاوازێک بۆ ڕۆح ئەژەنێ

پەنجەکانی نیگار کێشێک وێنەیەک بۆ چاو ئەنەخشێنێ

پەنجەکانی هونەرمەندێک

هونەر بۆ دڵمان و لەنێو دڵمان ئەچێنێ

ئاخ لەپەنجەی تیرۆریستێک

پەنجەی من و

پەنجەی مۆسیقارو نیگارکێش و هونەرمەندێک

ئەقرتێنێ

 

8

پەنجەکانی دیکتاتۆر

لەپەنجەکانی من ناچێ

هی ئەو لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگ و

فڕۆکەو زریپۆش

هی من لەسەر روپەڕو، قەڵەم بەدەست

هی ئەو

میحنەتی هەڵەبجە چێ دەکاو

دۆزەخی ئەنفال ئەخوڵقێنێ

هی منیش شیعر و

زامی هەڵەبجە و

خەمی ئەنفال.

 

Kazhal_3@hotmail.com