٢١\٥\٢٠١٤
جارێکی تر یەک
هەڵوێستیی؟!

ستار محەمەد قادر
کورد نەنێو ماڵی خۆی پێ رێک دەخرێ و نەش دەتوانێ وێنەی یەک ریزی و یەک
هەڵوێستی پێشانی دەرەوەی خۆی بدات، دوای یازدە ساڵ لە روخانی بەعس و
بیست و سێ ساڵ لەحوکمڕانی، تازە بە تازە لە بەرنامەیدایە بۆ جارێکی تر
کێشە نێو خۆییەکانی بە پاکانەی ناوەند رەوانەی بەغداد بکات و وای پێشان
بدات ئەوە هەرگیز ئەمان نین کە لەسەر درووستکردنی حکومەتێک وا بۆ ماوەی
شەشە مانگ زیاترە رێک ناکەون، ئەمە گوایە حکومەتێکی نیشتیمانی بنکە
فراوان لە پێناوی نەک خزمەتگووزاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەڵکو
خۆشگووزەرانی پێک دەهێنن، دەی باشە ئەگەر بڕینی مووچە بایی ئەوە
نەبووبێت ئەوان موراجەعەی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لە حەقیقەتی ئەو گەمە
شەیتانیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق تێ بگەن و لە دەلاقەی ئەو سیاسەتە
نادرووستەی مالیکیشەوە لە ماهیەتی وڵاتی عێراق بگەن، نەک بڕینی مووچە
شتێکی ئەوتۆی لەلای هێزە سیاسیەکان درووست نەکرد، بەڵکو بەهۆی کێشەکانی
خۆیانەوە نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی شەرعی و درووست بەرگریش لە قووتی
خەڵکی بکەن!
یەک هەڵوێستی چییەو بۆ میللەتێکی وەکو کورد چی واتاو مانایەک دەبەخشێت؟
ئەمە بەڕاستی لە مەتەڵ دەچێت، هێزە سیاسیەکانی کورد دەبێت شەرم لەخۆیان
بکەن کاتێک باس لە یەک هەڵوێستی دەکەن، چونکە پێویستە لەسەر هەر هێزێکی
سیاسی رێز بۆ قوربانیەکانی ئەنفال و کیمیا باران دابنێت، یەک هەڵوێستی
بەرانبەر بەدۆست و نەیار، ئەرکێکی ئەخلاقیە بەر لە لەوەی سیاسی بێت،
هەر هێزێکی سیاسی پا بەندی نابێت، پێویست بە لاوانەوە ناکات، دەبێت ئیش
لەسەر ئاشکرا کردنی حەقیقەتی بکرێت، ئەگەر قوربانیەکانی ئەنفال و کیمیا
باران شتێکی ئەو تۆی لەلای ئەوان درووست نەکردبێت، کە کورد تەنها کوردی
هەیە، کە هەموو هێزە سیاسیەکان بێ ئەم گەلە رەش و رووتە ناتوانن ببن و
ناشتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن، کەواتە دەبێت لەپێناو بەرگریکردن لەکورد
ئەوان بێ کۆ بوونەوەو گرد بوونەوە یەک هەڵوێست ببن!
با جارێ واز لەیەک هەڵوێستی بهێنین، چونکە ئەگەر زاتێکی وەکو مالیکی
بیزانیبایە کورد یەک هەڵوێستەو شۆخی کردن بە مەسەلە چارەنوسسازەکانەوە
قابیلی سازشکردن نیە لای هێزە سیاسیەکان، بەهیچ شێوەیەک جورئەتی ئەوەی
نەدەکرد مووچەی خەڵکی ببڕێت؟ با بێین قسە لەسەر بەرنامەی کاری ئەم هێزە
سیاسیانە بکەین، با بزانین بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان چیە؟ بەرژەوەندی
گەل و نیشتیمان بریتیە لەوەی کە هەر هێزێکی سیاسی لە پێناو گەل و
خاکەکەی ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت قوربانی بە بەرژەوەندیەکانی خۆی بدات،
ئایا هێزە سیاسیەکان ئەمەیان کردووە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، باشە ئەگەر
لەتێڕوانینی ئەوانەوە شتێکی ترە، ئێ باشە با تەماشای ئەزموونی وڵاتە
پێشکەوتووەکان بکەن، با لەوانەوە ئەزموون وەربگرن، تا کەی دەیانەوێت
ئەم میللەتە بە لا رێدا بەرن؟ حکومەتی ئایندەیش دەبینین، هەڵوێستی
کوردیش روون و ئاشکرایە، ئەگەر لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنێک، ئێمە
ناکۆک ببین؟ ئەی چۆن لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان کۆک دەبین؟
پێویستە بەر لەوەی بە کۆ بوونەوە قسە لەسەر یەکڕیزی کورد بکەین، لەرووی
دەستووریەوە چوار چێوەیەکی بۆ دابنێین، چونکە حاڵی حازر ئەوە میزاجی
هێزە سیاسیەکانە بڕیار لەسەر پرسە نیشتیمانی و نەتەوایەتیەکان دەدات،
بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دۆخە بهێنین و هەر هێزێکی سیاسی ئاراستەی خۆی
بزانێت، پێویستە هەموو شتێک بەدامەزراوەیی بکرێت و هێڵە سوورەکان دیاری
بکرێن؟
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|